Draw Media

سەدر لە رۆژانی داهاتوودا قسەی دەبێت

سەدر لە رۆژانی داهاتوودا قسەی دەبێت

2022-05-04 12:57:24


(درەو):
پشووی رەمەزان كۆتایی هات، جموجوڵی سیاسی لە عێراق دەستیپێكردەوە، بنبەستی سیاسی عێراق كە ماوەی نزیكەی شەش مانگە بەردەوامە لەبەردەم شەپۆلێك دەستپێشخەریی نوێدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەریی خۆی راگەیاند، سەدرو بارزانیش بەنیازی دەستپێشخەرین. 

سەدر قسەی دەبێت 
سوهەیلە عەجرەش ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كوتلەی سەدری رایگەیاند، كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر لەگەڵ رێبەری رەوتەكەیان بابەتی چارەسەری بنبەستی سیاسی لەخۆگرتبوو. 
بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، قۆناغی داهاتوو دەستپێشخەرییەكی نیشتمانی بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی لەخۆدەگرێت‌و دەستپێشخەرییە دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە رادەگەیەندرێت كە  سەدر بە كوتلە سیاسییەكانی تری داوە بۆ پێكهێنانی حكومەت. 
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا موقتەدا سەدر بەیاننامەیەك لەبارەی پرۆسەی سیاسییەوە بڵاوبكاتەوە. 
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەو مۆڵەتە كۆتایی دێت كە سەدر بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوە، دوێنێ شەو لایەنەكانی چوارچێوە دەستپێشخەری خۆیان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگەیاند. 

جموجوڵی سیاسی دەستپێدەكاتەوە
دوای مانگێك بێدەنگی بەهۆی رەمەزانەوە، سەرلەنوێ جموجوڵی سیاسی لە عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستیپێكردەوە، حكومەتێك كە نزیكەی شەش مانگە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، نەتوانراوە دروست بكرێت. 
هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق (شیعە، سوننە، كورد) دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ (حەلبوسی‌و بارزانی)دا كردووە‌و ئەم بەرەیە ناوی لێنراوە "هاوپەیمانی سێقۆڵی"، بەرەكەی تر كە لە (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی‌و حەكیم پێكدێت‌و ناوی لەخۆی ناوە "چوارچێوەی هەماهەنگیی" نزیكایەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و هاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەكاندا هەیە، ئەم بەرەیە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت. 
ئەم دابەشبوونە رێگری كرد لەوەی لەوادەی دەستوریدا‌و دوای هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆك كۆمارو دواجاریش سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هەڵبژێردرێت‌و نیسابی دانیشتی پەرلەمان پەكی كەوت. 
سەدر وەكو سەرۆكی لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، بەر لە مانگی رەمەزاندا كشانەوەی خۆی لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت راگەیاند، دەرفەتی دایە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن، حكومەتێك كە سەدر خۆی بەشداری تێدا ناكات. 
هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەوابونی وادەی مۆڵەتەكەی سەدر، دوێنێ شەو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستپێشخەریی خۆیان بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی راگەیاند. 
دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پۆستی سەرۆك وەزیران پشكی پێكهاتەی شیعە، شیعەش گەورەترین پێكهاتەی كۆمەڵگای عێراقە، بەڵام داوا دەكات پەرلەمانتارانی سەربەخۆی پێكهاتەی شیعە كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكەن‌و كوتلەی گەورەی شیعەكان كاندیدەكە پەسەند بكەن. 
چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ جێبەجێبوونی ئەم دەستپێشخەرییە مەرجی ئەوەی داناوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بكرێن: 
•    یاسای هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەمەش پشتی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بەستووە كە داوای هەمواركردنەوەی یاساكە دەكات. 
•    كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گۆڕانكاری تێدا بكرێت. 
•    گرێبەست‌و قەرز‌و دامەزراندنەكان لەسەردەمی حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمیدا هەڵبوەشێندرێنەوە. 
ئەوەی تێبینی دەكرێت دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەدات، بەتایبەتیش كە لەماوەی رابردوودا رۆڵی ئەم پەرلەمانتارانە كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی (45) پەرلەمانتار، لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا رۆڵێكی یەكلاكەرەوە بوو. 
چوارچێوەی هەماهەنگی بەم دەستپێشخەرییە جارێكی تر جەختی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی "تەوافوقی" كردوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن هێشتا سورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی "زۆرینەی نیشتمانی". 

بارزانیش ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌بێت
دەنگۆ هەبوو سەدر لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەمانگی رەمەزاندا لەسەر چارەسەر بنبەستی سیاسی لە عێراق چوبێتە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام سەدرییەكان هەرزوو رەتیانكردەوە هیچ گفتوگۆیەكیان كردبێت.  
ئێستا كە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستپێشخەریی خۆی راگەیاندووە، بڕیارە سەدریش لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێشخەرییەك رابگەیەنێت، ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەهەمان شێوە نیازی راگەیاندنی دەستپێشخەریی هەیە بۆ لێكنزیككردنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و رەوتی سەدر. 

له‌م نێوه‌نده‌دا هێشتا هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ پیكهێنانی حكومه‌ت و كۆتایهێنان به‌ بنبه‌ستی سیاسی له‌ عێراق به‌دی ناكرێت، به‌مدواییه‌ نوری مالیكی سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند"مانگی حوزه‌یران مانگێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق"، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پیكهێنانی حكومه‌ت نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن بژارده‌ی به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش عێراق ده‌خاته‌ ناو كێشمه‌كێشێكی گه‌وره‌تره‌وه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ له‌لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ناكۆكن و شه‌قامی ناڕازیش پێشوازی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی تر ناكات.
بارزانی له‌كاتێكدا ده‌یه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ریی بۆ ده‌ربازكردنی عێراق له‌ بنبه‌ستی سیاسی رابگه‌یه‌نیت، پارتی‌و یەكێتی هێشتا لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار ناكۆكن‌و هیچ دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەریی ئەم ناكۆكییە لەئارادا نییە. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی  لە دەستپێشخەرییەكەی خۆیاندا داوا دەكەن پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand