شەنگال لە بەرداشی هێزە ناوخۆی و هەرێمایەتیەکاندا
2022-05-04 06:20:22
لە عەرەبییەوە؛ درەو
ڕاپۆرتی: ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان
سەرەتا
ئەو ڕاستییەی کە ناشارێتەوە، سروشتی ئاڵۆزی ئەو ناکۆکیانەیە ئەمڕۆ لە ناوچەی شەنگال ڕوو دەدەن، هەندێکیان هەڵقوڵاوی سروشتی دۆخی ناوخۆیی عێراقن، کە پێکهاتوون لە ململانێی نفوز و کۆنتڕۆڵی نێوان گروپە چەکدارەکان لە شەنگال، هەندێکی تر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بەشێکە لە ململانێیەکی ناوچەیی تورکیا و ئێران و لە شەنگال ڕەنگی داوەتەوە، بەشێکی پەیوەندیدارە بەو هەڵکەوتە جوگرافیایەی ناوچەکە هەیەتی، کە کەوتووەتە سەر لێواری سێگۆشەی عێراق، تورکیا و وەکو پشتوێنەیەکی جوگرافیش درێژ دەبێتەوە بۆ بەستنەوەی ناوچەکانی باکوری عێراق بە سوریاوە.
بەشێک لە لایەنە عێراقیی و نا عێراقییەکانیش پێیان وایە ژینگەی ئەمنی لە شەنگال زۆر ئاڵۆزە، بوونی ئەو هێزە چەکدارەی ئێستا لەو ناوچە باڵادەستە کە (پەکەکە)یە و کۆمەڵێک کێشەو گرفتی بۆ عێراق دروستکردووەو لە ئایندەشدا ئاڵنگارییەکی گەورە لە بەردەم ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروست دەکات.
بۆیە بەشێک لە چاودێران و لایەنە عێراقییەکان و تەنانەت حکومەتی عێراقیش بە بڕوایە گەیشتوون دۆخی ئاسایشی ئەو ناوچەیە سەرەڕای ڕزگارکردنی لە دەستی "داعش" بەڵام هێشتا لە بەردەم ئاڵنگاری ئەمنیدایە، جگە لە ناسەقامگیری سیاسی و دۆخی کۆمەڵاتی، سەرباری ناسەقامگیری هەیکەلی ئابوری و ئەمنی، کە زۆرجار بووە بەهۆی دەستێوەردانی هێزی ناوخۆی و وڵاتانی هەرێمی لەو قەزایەداو قەیرانی گەورەی لێکەوتووەتەوە، ئەویش لاوازبوونی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە بە سەر قەزاکەوە.
تێوەگلانی هەریەک لە تورکیا و ئێران لە گەمەی نفوز و کۆنترۆڵدا لەو ناوچەیە، ئاماژەیە بۆ بوون و ڕۆڵ و قەبارەی ئاڵۆزی قەیرانێکی گەورە لەو قەزایە، کە بەشی زۆری دەگەڕێندرێتەوە بۆ بوونی ئەو هێزە سیاسیەی لە ئێستادا فەرمانڕەوایی ئەو ناوچەیە دەکات.
یەکەم: دۆخی ئاسایش و ئیداری شەنگال
دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی (2003) پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) توانی لە شەنگال ئامادەیی سەربازی خۆی بونیاد بنێت، لە ئەنجامی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە عێراقدا، سەرباری ئەوەی "هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان" بەشێک لەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچەیە و بەشێکی دیکەی لە ناوچە جێناکۆکەکان پڕکردەوە، بەڵام ئەمە ڕێگریی نەکرد لەوەی (پەکەک) بەرەو شەنگال بپەڕێتەوە. بەڵام پەرەسەندنی ناکۆکی لەسەر پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی شەنگال بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کرد بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو ناوچانە لە دەستی "داعش" ڕزگار کرا، چونکە چیتر ئەو ململانێیە بە سنوورداری نەمایەوە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و (پەکەکە)وە، بەڵکو هاتنە ناوەوەی حەشدی شەعبی بازنەی ململانێکانی لەسەر هەژمون و دەسەڵات لەو ناوچەیە بەرفراوانتر کرد، ئەمەش بارودۆخی ئەمنی شارەکەی خراپتر کردووە، سەرباری سەرهەڵدان و دروستکردنی گروپە چەکدارەکان لە پێکهاتەی ئێزدییەکانی نزیک لە (پەکەکە)، کە دیارترینیان یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و یەکینەکانی ژنانی ئێزیدخانە، کە لەو شارەدا بڵاوەیان پێکرا.
بۆیە شەنگال بووەتە گۆڕەپانێکی سەرەکی گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان و حەشدی شەعبی، بەشی سەرەکی هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی عێراق بەسەر دۆخی ئەمنی شارەکەدا. (بڕوانە نەخشەی ژمارە (1)) دابەشبوونی هێزە چەکدارەکانی شەنگال نیشان دەدات.
نەخشەی ژمارە (1)
دابەشبوونی هێزە چەکدارەکانی شەنگال
هەروەها ناسەقامگیریی ئەمنی و ئیداریی لە قەزاکەدا بەستراوەتەوە بە گۆڕاوێکی ترەوە؛ کە ئەویش دەستکەوتەکانی قۆناغی دوای "داعش"ە، کە بووە هۆی لێکەوتنەوەی زۆری لایەنی ئیداری و سەربازیی ئەو هێزانەی کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کرد لە دوای ڕزگارکردنی. دەرەنجامەکەشی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی لێ بەرهەم هات. ناوچەکەی ڕوبەڕووی گۆڕانی دیمۆگرافی و ململانێی ئەمنی و دەستتێوەردانی ئیداری کردەوە، بەشێکیش پێیان وایە ئەم دۆخە بەهاتنە ناوەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ئاڵۆزتر بوو. وەک لایەنێک بۆ نێو هاوکێشەی نفوز و دەسەڵات لە شەنگالدا، چونکە ڕێگەخۆشکەربوو بە دووبارەبوونەی ڕۆڵگێرانی تورکیاو ئێران لەو ناوچەیە.
هاوکات پەرەسەندنەکانی بەرەی باکوری سوریا وایکردووە کە قەزاکە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی زۆر قورس ببێتەوە، لەسەر ئاستی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداری تێیدا.
جگە لەوەی حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر لەسەرەتای ڕزگارکردنی ناوچەکەوە لە دەستی "داعش" ناکۆکن لەسەر دەسەڵاتە ئیدارییەکانی ئەم قەزایە، تەنانەت ئەم ململانێیە دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی "داعش"یش، چونکە شەنگال دەکەوێتە ناو ئەو ناوچانەی کە مادەی (140)ی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 بەناوچە جێناکۆکەکان ناویبردوون
ئەوەشی دۆخەکەی ئیدارییەکەی ئاڵۆزتر کرد، کۆنترۆڵکردنی شارەکە بووە بە زەبری هێزی چەکدار و لێکەوتنەوەی دوو ئیدارەی خۆجێی لە قەزاکەدا ئەوانیش بریتین لە؛
1. ئیدارەی قەزای شەنگال، کە لەلایەن (مەحما خەلیل)ەوە بەڕێوەدەبرێت، وەکو قائیمقامی شەنگال و لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دەرەوەی شارەکە بەدیاریکراویش لە پارێزگای (دهۆک)ەوە مومارەسەی ئەرکەکانی دەکات.
2. دەستەی بەڕێوەبردنی شەنگال: کە لەلایەن (حامد عومەر)ەوە بەڕێوەدەبرێت، وەک بەشێک لە ئیدارەی خۆجێیی دیموکراتی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ناوەندی قەزاکە کاروبارەکانی ڕایی دەکات و پاڵپشتی یەکینەکانی ئێزیدیی و لایەنێک لە دەستەی حەشدی شەعبی هەیە.
لەگەڵ پێشڕەوییەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ شەنگال، لە دوای ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە 25ی ئەیلولی 2017، پاشەکشەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەشێک لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق کۆنترۆڵی ئەمنی تەوای ئەو ناوچانەی نەکردووە، لە نێویشیاندا قەزای شەنگال، سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەندا لە 9ی ئۆکتۆبەری 2020، لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو ناسەقامگیرییە ئەمنییەی لە قەزاکەدا هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ نەکراوە.
دووەم: حکومەتی عێراق و ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال
سەرۆک وەزیرانی عێراق (مستەفا کازمی) لە 9ی ئۆکتۆبەری 2020 ڕایگەیاند کە هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند، بە ڕێککەوتنێکی "مێژوویی" گەیشتوون. لە پێناو سەرلەنوێ گێرانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، ئەمەش یەکێکە لە دیارترین بەرەوپێشەوەچوونی سیاسی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم، لەبارە چارەسەرکردنی بارودۆخی شەنگالەوە، کە شارەکە لەڕووی ئەمنییەوە ناساقمگیرە بەهۆی فرەیی هێزە چەکدارەکانی ئەو ناوچە جوگرافییە، بەتایبەت لەدوای ئازادکردنییەوە، سەرباری ئەوەی هاوسنورە لەگەڵ سوریادا کە بەردەوام هەڕەشەی چەکدارانی داعشی لەسەرە. جگە لەوەی تورکیا ژمارەیەک خاڵی چاودێری و بنکەی سەرەربازی لەو نزیکە کردووەتەوە، لەدوای ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە 15ی حوزەیرانی 2020 بەدواوە، بۆیە ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە لە تا بە سەرکەوتن بگات.
لەم چوارچێوەیەدا، دەکرێت بوترێت دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەم سەرکەوتنی ڕێککەوتنی شەنگالن تا ئێستا بریتین لە؛
1. جێگیربوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دەرەوەی قەزاکەو بوونی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە لە ناوەوەی قەزاکە.
2. ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو ئیدارە خۆجێییەکە (ئیدارەی قەزای شەنگال و دەستەی بەڕێوەبردنی شەنگال)، لە بەڕێوەبردنی قەزاکە و نەگەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ قەزاکە لە ڕووی ئیدارییەوە.
3. بێمتمانەیی بەردەوام لە چوارچێوەی پەیوەندی نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر، بەتایبەتی سەبارەت بەداهاتووی قەزاکە، کە ئایا دوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخی شارەکە، شەنگال دەبێتە هەرێمێکی سەربەخۆ؟ یان دەبێتە پارێزگایەکی پەیوەست بە حکومەتی ناوەندەوە؟ یان دەبێت بە بەشێک لە هەرێمی کوردستان؟
4. ئێزدییەکان پێشوازییان لەو ڕێککەوتنە نەکرد و خۆیان ئیدارەیەکی ناوخۆیی و هێزی سەربازییان پێکهێناوە، سەرباری ڕەتکردنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە ئەمەش هێندەی دیکە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
5. هێزە سیاسییەکانی عێراق بەتایبەتی هێزەکانی نزیک لەئێران ڕێککەوتنەکەیان ڕەتکردەوە، بە تایبەتیش ئەو بەشەی کە پەیوەندیدارە بە دەرکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە قەزاکە.
6. تورکیا ڕەتی کردەوە کە هێزەکانی پەکەکە ببرێتە ناو قوڵایی تورکیاوە، وەک مەترسییەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا لێکیدایەوە، بۆیە تورکیا خواستی کۆتایی هێنانە بە نفوزی (پەکەکە) لەناوخۆی شەنگالدا، نەک گواستنەوەی ململانێکان بۆ نێو تورکیا.
سێیەم: لێکتێگەیشتنی ئەمنی لە نێوان ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەنگال
لەوانەیە لێرەدا پرسیارێکی گرنگ بێتە ئاراوە: ئایا ئێران متمانەو پەیوەندی نزیکی لەگەڵ (پەکەکە) هەیە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا سەرەتا دەکرێت بوترێت، کە پەیوەندییەکی تاکتیکی لە نێوان ئێران و پەکەکەدا هەیە، بەڵام ئەم پەیوەندیە سنوری ئەو ناوچەیە تێپەڕ ناکات.
بەڵکو پەیوەندییەکە زیاتر بۆ (وەبەرهێنانە لە دوژمندا)، لەو پێناوەی ئامانجە ستراتیژییەکان بە تێچوونی سیاسیی کەمترەوە بەدەست بهێنن.
پرۆسەی هەماهەنگی ئەمنی نێوان (ئێران و پەکەکە) لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نهێنی بووەو لەنێوان هەردوولادا ئیمزا کراوە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چالاکییەکانی ئەو حیزبە قەدەغە دەبێت لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەسەر سنووری ڕۆژئاوا، هەروەها ڕێگریکردن لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی کورد لە دژی ڕژێمی سیاسی ئێران. لە بەرامبەر سوود وەرگرتنی ئەو پارتە لە هاوکاری و پشتیوانی ئێرانییەکان بەتایبەتی لە عێراق، تەنانەت چوونە ناوەوەی پرسی (پەکەکە) بۆ نێو لکتێگەیشتنەکان و کاریگەری دانان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەیەکدا کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات.
هەروەها لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەدا؛ چرکردنەوەی دەزگای هەواڵگریی پاسەوانی شۆڕش لە ڕێگەی "قەرارگای ڕەمەزان"ەوە لە شاری (کرماشان)ی ئێران لەسەر سنووری عێراق و ئێران، هەماهەنگی لەگەڵ (پەکەکە) دەکات بۆ ڕێگریکردن لە نائارامی لە کوردستانی ئێران، وەکو چۆن ئێران هانی لایەنگرەکانی ئەو حیزبەیدا کاربکەن بۆ لە هەڵوەشانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی پار ساڵی شاری سلێمانی لەڕێگەی لاینەگرانی ئەو حیزبەوە کە (چیای خواکورک)ن، بۆ ئەوەی ڕێگەنەدرێت پریشکی ئەو خۆپیشاندانانە بۆ شارە کوردییەکانی ئێران بگوازرێتەوە، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا خۆپیشاندانی بەرفراوانیان بەخۆوە بینیوە.
دەزگای هەواڵگری پاسەوانی شۆڕش پەیوەندیەکی زۆر متمانە ئامێزو نزیکی لەگەڵ (جەمیل بایک - ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پەکەکە) هەیە، لە ژێر کاریگەری ئەو پەیوەندییانە، ئێران توانیویەتی پرۆسە ئابووری و بازرگانییە دەرەکییەکانی لە سنورەکانی شەنگال و خۆبەڕێوەبەریی کورد لە باکوری سوریا ئەنجام بدات تا لەوێوە بگات بە تورکیا و ئەوروپا، ئەو پرۆسانەش دەرگایان بۆ ئێران ئاوەڵا کردووە ملیۆنان دۆلار بەدەستبخات لەکاتێکدا لەژێر سزای قورسی ئەمریکادایە.
لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت بوترێت هەردوو لایەن هۆکاری زۆریان هەیە بۆ هاریکاری، کە گرنگترینیان دوژمنایەتییەکی هاوبەشە بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، هەروەها جوڵانەوە چەکدارییەکانی کورد لە سوریا بە تایبەتی هێزی سوریای دیموکرات کە هەموو فەرمانەکانی لە چیاکانی قەندیل وەردەگرێت، چونکە ئێران باکووری سوریا دابەش دەکات، لەنێوان پارتی یەکێتی دیموکراتی و باڵی سەربازی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد، وەک چۆن (پەکەکە) ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەفسەرانی سوری و ئێرانی کار دەکەن و تاران و دیمەشقیش ڕاستەوخۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان دەکەن لە کوردستانی سوریادا، سەرباری گۆڕینی دیمۆگرافیا و دابەشکردنی ناوچە کوردییەکان بۆ چەند (کانتۆن)ێکی ئەمنی و ئیداری.
چوارەم: ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە شەنگال
ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، کە لە باکوری عێراق کە لە 15ی حوزەیرانی 2020ەوە دەستیپێکرد، ئامانجی گرنگی جێگیرکردنی چەند خاڵێکی سەربازی بوو لەسنووری عێراق کە دواینیان کۆنترۆڵکردنی لوتکەی (چیای خامتیر) بوو لە پارێزگای دهۆک، هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکانی لە چەند پێگەیەکی سەربازی گرنگ کە پێشتر بەکارهاتبوون لەلایەن چەکدارانی (پەکەکە)وە. هاوکات ئەنقەرە دەڕوانێتە ئەو ئامانجانەی بەدەستهاتوون لەو ئۆپەراسیۆنانەدا وەک بەشێک لەستراتیژییەکی درێژخایەنتر کە لە داهاتووی سوریاو عێراقدا ڕەنگدەداتەوەی دەبێت لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە.
نەخشەی ژمارە (2)
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە شەنگال
ستراتیژی تورکیا لە ناوچەکە لە زاخۆوە درێژ دەبێتەوە تا شەنگال، بە قووڵی (109) کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراق، ئەو ناوچەیە کۆڵەکەی سەرەکی پشت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بوو لە شەنگال، بۆ ئەوەی چەندین ئامانج بەدەست بهێنێت، دیارترینیان:
1. ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕێگەی عێراق و سوریاوە بۆ تورکیا تاڕادەی بنجبڕ کردن.
2. لەناوبردنی ناوەندەکانی فەرمان و کۆنتڕۆڵی حزبەکە لە شەنگال.
3. هێشتنەوەی بنکە کاتییەکانی خۆی لە هەموو ناوچەکانی باکوری عێراق تا سەرەتای سنووری سوریا.
4. پاراستنی سنووری عێراق و تورکیا بە تەواوی، کردنەوەی دەروازەی سنووری نوێ (ئۆڤاکۆی - فیشخابوور- تەلەعفەر- موسڵ)، کە لە بەغدادەوە درێژ دەبێتەوە بۆ باشوری پارێزگای بەسرە، زیادکردنی دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا لەم هێڵە جوگرافییە و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئابووری تورکیا تێیدا.
5. پڕۆژەی ناوچەی ئارام تەواو بکات کە تورکیا لە ساڵی 2019ەوە لە باکوری سوریا دایمەزراوە، کەوا خوزیارە لە شاری دێریکی سوریاوە دەست پێبکات بۆ شەنگال، بەدرێژایی سنووری عێراق و باکوری سوریا.
6. دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ژێر ناوی"چنگی قوفڵ" کە لە 18ی نیسانی 2022 دەستی پێکرد، پێدانی ڕەهەندێکی زیاترە بە ئامانجەکانی تورکیا لەباکوری عێراق، بەو پێیەی ئۆپەراسیۆنەکە دوو ڕۆژ دوای ئەوە هات کە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان (مەسرور بارزانی) سەردانی ئەنقەرەی کرد، بەمەبەستی پرسی پرۆژەی دانانی بۆری گاز لە سلێمانییەوە بۆ هەولێرو دهۆک و لەوێشەوە بۆ تورکیا، وەک پێشتر تورکیا ڕایگەیاندبوو، کە بەدوای دەستهەڵگرتن لە گازی ئێران و سوود وەرگرتن لە گازی هەرێمەوەیە.
ئەم ئۆپەراسیۆنەش بەمەبەستی لابردنی چەکدارانی (پەکەکە)یە لە ناوچەکانی ڕێڕەوی ئەو بۆریانە بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی غازی هەرێم بۆ تورکیا.
زیاتر لەوەی ئاماژەی بۆ کرا، لە پشت ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکەوە چەندین پاڵنەر هەیە بۆ دووبارەبوونەوە، دیارترینیان:
1. هەوڵی ڕەجەبی تەیب ئەردۆغان - سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ مەبەستی سیاسی و ڕاکێشانی هەستی هاوڵاتیانی ناوخۆی وڵاتەکەی، بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن و دەرکەوتنی هێزی ناڕازی لە ناوخۆی تورکیادا.
2. بەستنەوەی دەستکەوتە سەربازییەکان لە شەنگال بە نسبەتی سوریاوە، جێهێشتنی کاریگەری لەسەر بژاردە سیاسییەکان بۆ کوردانی سوریا، کە خوازیارن ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سوریادا دووبارە بکرێنەوە.
3. گۆڕانی دینامیکی لە گۆڕەپانی سوریادا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوور، کە تورکیا لە ڕێگەیەوە هەوڵی بەدیهێنانی دەدات لەدوای (حەلەب)ەوە، لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە دەریای سپی ناوەڕاست، بۆیە لەڕووی جوگرافییەوە واقیعی تورکیا بەپێویستی دەزانێت بەزووترین کات زاڵ بێت بەسەر ئەو ناوچەیەدا.
لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا تورکیا لە هەڵوێستی بەرامبەر شەنگال ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری دەبێتەوە، ئەوانیش؛
1. لەسەر ئاستی ژینگەی ناوخۆی تورکیا، هەڵوێستی سەرجەم حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە دژ بە تێڕوانینەکانی ئەردۆغانە لەم بارەیەوە، چونکە تورکیا لە ئێستادا بە هەلومەرجێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێیان وایە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە لەناوخۆدا گرنگترە لەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دیکە بلەناو خاکی عێراقدا.
2. تاکە هێزی کوردی کە داوای دەرکردنی پەکەکە دەکەن لە شەنگال، پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەمەش دژە بە هەڵوێستی سەرجەم هێزە کوردییەکانی دیکەی عێراق.
3. ئێران کە یارمەتیدەرێکی گەورە و پشتیوانی پەکەکەیە لە عێراقدا، بەتایبەت لە ناوخۆو دەرەوەی شەنگال، زیاتر لەوەش ئێران توانی لە ڕێگەی ناوچەکانی ژێر دەستی ئەو حیزبەوە بگاتە سوریا، بۆیە هەر سەرکەوتنێک کە تورکیا لە شەنگال بەدەستی بهێنێت ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر مافە هەرێمییەکانی ئێران دەبێت کە ئەویش تەحەدایەکی راستەقینەی گەورە دەبێت لە بەرامبەر ئێران.
پێنجەم: ئاڵنگارییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق
بوونی پەکەکە لە شەنگال چەندین ئاڵنگاری بۆ ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروستکردووە، ئەوانیش؛
1. ئاڵنگاری ئەمنی؛ لاوازی ئامادەبوون و بڵاوبونەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەنگال بووە بەهۆی دروستبوونی واقیعێکی ئەمنی ناسک لە شەنگال، بەتایبەتی لەسەر سنووری عێراق و سوریا، بەو پێیەی ئەم سنوورە گۆڕدراوە بۆ پەناگەیەکی ئارام بۆ گروپە شەڕکەرەکانی کورد لە سوریا و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی شەڕڤانان و چەک، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕووبەڕووی گرفتێکی جدی بوونەتەوە، بە بوونی هێزی چەکداری حیزب لە شەنگال، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان چەندین دەستدرێژیی ئەمنییان کراوە تەسەر. جگە لەوەی چەندین کوژراو و بریندارییان هەبووە بەهۆی تۆپبارانە بەردەوامەکانی سوپای تورکیاوە بۆ سەر شارەکە.
2. ئاڵنگاری ئابوری؛ بەهۆی بوونی باڵادەستی حیزبەوە لە شەنگال دیاردەی "ئابوری ڕەش، یان سنوور بە سنوور" سەریهەڵداوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕادەیەکی گەورە لە لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، قاچاخچێتی، سەرهەڵدانی چالاکی بازاری ئاودیوکردن، بازرگانی نایاسایی، ئاسانکاری بۆ پرۆسەی تێپەڕاندنی کەلوپەل و کاڵاو خزمەتگوزارییەکان لە دەرەوەی دەسەلاتی حکومەتی ناوەند. دیارترینی ئەو دەروازانەش سمێلکاو فیشخابور و ڕێگەی ناوچەی خانەسۆر لە نێوان سنووری سوریا و ناوچەی شەنگال کە بە یەکێکە لە دیارترین ئەوسنورانەی بۆ قاچاخچێتی بەکارهاتوون.
3. ئاڵنگاری سیاسی؛ جگە لەو ئاڵنگارییە سیاسیە هەرێمی و ئیدارە حیزبییەی لە شەنگال بوونی هەیە. ناوچەکە ڕۆڵی هەیە لە داڕشتنەوەی سنوورەکانی عێراق و سوریا، ئەمەش پێگیەکی جیۆپۆلەتیکی پێ بەخشیەوە، بەڵام ئیدارەدانی لەلایەن حزبەوەو بێ دەسەڵاتی حکومەتی عێراق واقیعێکی سیاسی بەرهەم هێناوە کە بە ڕای بەشێک لە چاودێران جۆرێک لە نادڵنیایی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر و ئایندەی ناوچە جێناکۆکەکان.
بۆیە بەشێک لە لایەنە عێراقیی و نا عێراقییەکانیش پێیان وایە ژینگەی ئەمنی لە شەنگال زۆر ئاڵۆزە، بوونی ئەو هێزە چەکدارەی ئێستا لەو ناوچە باڵادەستە کە (پەکەکە)یە و کۆمەڵێک کێشەو گرفتی بۆ عێراق دروستکردووەو لە ئایندەشدا ئاڵنگارییەکی گەورە لە بەردەم ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروست دەکات.
بۆیە بەشێک لە چاودێران و لایەنە عێراقییەکان و تەنانەت حکومەتی عێراقیش بە بڕوایە گەیشتوون دۆخی ئاسایشی ئەو ناوچەیە سەرەڕای ڕزگارکردنی لە دەستی "داعش" بەڵام هێشتا لە بەردەم ئاڵنگاری ئەمنیدایە، جگە لە ناسەقامگیری سیاسی و دۆخی کۆمەڵاتی، سەرباری ناسەقامگیری هەیکەلی ئابوری و ئەمنی، کە زۆرجار بووە بەهۆی دەستێوەردانی هێزی ناوخۆی و وڵاتانی هەرێمی لەو قەزایەداو قەیرانی گەورەی لێکەوتووەتەوە، ئەویش لاوازبوونی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە بە سەر قەزاکەوە.
تێوەگلانی هەریەک لە تورکیا و ئێران لە گەمەی نفوز و کۆنترۆڵدا لەو ناوچەیە، ئاماژەیە بۆ بوون و ڕۆڵ و قەبارەی ئاڵۆزی قەیرانێکی گەورە لەو قەزایە، هەموو ئەمەش بۆ بێ دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند دەگەڕێتەوە لەو ناوچەیەو زۆرجاریش بووە بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکە.
سەرچاوە؛
د. فراس إلیاس، معچلە سنجار .. حزب العمال الكردستانی واڵامن الوگنی العراقی، مركز البیان للدراسات والتخگیگ؛
https://www.bayancenter.org/2022/04/8377/