Draw Media

دەقی دەستپێشخەرییەكە

دەقی دەستپێشخەرییەكە

2022-05-04 00:34:14


(درەو): 
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر مۆڵەتەكەی موقتەدا سەدردا، دەستپێشخەریی خۆیان بۆ كۆتایهێنان بە بنبەستی سیاسی عێراق راگەیاند، داوای هەڵبژاردنی سەرۆك  وەزیرانێكی سەربەخۆو بێلایەن دەكەن، بۆ چارەسەری كێشەی كورد پێشنیازی دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەكەن.
دەقی دەستپێشخەرییەكە: 
1-    بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی دەستوریی‌و بۆ پاراستنی‌و بۆ پاراستنی رەوتی پرۆسەی دیموكراسی، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن‌و لەبارەی چارەسەرەكانەوە گفتوگۆ بكەن، بەبێ هیچ مەرج‌و كۆتوبەندێكی پێشوەختە، هەموو لایەنەكان بەرژەوەندی نیشتمان‌و هاوڵاتی لەبەرچاو بگرن. 
2-    سەرۆك كۆمار پێگەیەكی مەعنەویی گرنگ‌و بنەڕەتیی هەیە، بەوپێیەی پارێزەری دەستورەو سیمبولی یەكێتیی نیشتمان‌و سەروەرییەكەی‌و پارێزەری یەكێتی‌و سەلامەتی خاكەكەیەتی، پێویستە كەسی سەرۆك  كۆمار خاوەن توانا‌و راستگۆ‌و ئاكارو رەوشتی باش بێت، دەبێت حزبە كوردستانییەكان هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ لێكتێگەیشتن‌و رێككەوتن لەسەر كاندیدێك كە ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، لەچوارچێوەی كارپێكراودا. 
3-    لەبەر بایەخی پۆستی سەرۆك وەزیران، هاوتا لەگەڵ دەستور‌و بە لەبەرچاوگرتنی مافی زۆرینە، دەبێت پارێزگاریی لەمافی پێكهاتەی گەورەی كۆمەڵگە بكرێت، ئەمەش لەڕێگەی كوتلەی پێكهاتەی گەورە كە هاوپەیمانێتی دەكات بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینە، پاشان رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، هێزە بەشدارەكان لە حكومەتدا بەرپرسیارێتی شكست‌و سەركەوتن‌و لێپرسینەوەی لەئەستۆدەگرن، هەروەك بەڵێن دەدەن پاڵپشتی تەواوەتی لێ بكەن بەگوێرەی ئەو بەرنامە حكومییەی كە بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەمەش لە كۆنگرەیەكی گشتیدا رادەگەیەنن، بەمەرجێك كاندیدی ئەم پۆستە كەسێكی بەتوانا‌و پاك‌و خاوەن ئەزمونی سیاسی‌و ئابوری‌و تایبەتمەندییە داواكراوەكانی تری ئەم پۆستە بێت،  ئەمە وا  لە كوتلەی زۆرینە دەكات هەڵیبژێرێت‌و بڕوا بە بەرنامە سیاسییەكەی بكات‌و بەر لە نیشاندانی رەزامەندی لەسەری، هەڵسەنگاندن بۆ توانا‌و لێهاتوویی بكات. 
4-    لە باوەربونیەوە بە پێویستیی بەردەوامی پرۆسەی دیموكراتی‌و بۆ خۆبەدورگرتن لە بنبەستی سیاسیی، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاز دەدەنە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كاندیدێك پێشەكەش بكەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناغە هەستیارەی تەمەنی عێراقدا، كاندیدێك كە تایبەتمەندی لێهاتوویی‌و پاكی تێدا بێت‌و  قبوڵكراو و بێلایەن بێت‌و هەموو پێداویستییە داواكراوەكانی تێدا بێت، بۆ ئەوەی لەلایەن هەموو كوتلەكانی نوێنەری پێكهاتەی گەورەو ئەوانەوە كە كوتلەی زۆرینە پێكدەهێنن، پاڵپشتی بكرێت، ئەمە بەگوێرەی لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ماددەی (76)ی دەستور. 
5-    لەڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە بابەتی سێ سەرۆكایەتییەكە لەڕێگەی لێكتێگەیشتنی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك لەنێوان خۆیاندا یەكلادەكرێتەوە، هەموان مامەڵە لەگەڵ چەمكی زۆرینەی ئارەزومەندانەدا دەكەن لە بەشداریكردن یان ئۆپۆزسیۆنی ئارەزومەندانە بۆ چاودێریكردن، بۆ ئەوەی هەموو سەرۆكایەتییەكان بەیەك ئاڕاستەدا بڕۆن كە زۆرینەی ئارەزومەندانەیە‌و دڵنیایی بە هەموان دەدات رەتكردنەوەی هەر كاندیدێك لە  پێكهاتەكانی تر بەواتای بەریەككەوتن نییە لەگەڵ ئەو پێكهاتەیەدا، بەڵكو كردنەوەی دەرفەتە لەبەردەم ئەو پێكهاتەیەدا بۆ پێشكەشكردنی بژاردەیەكی تر، بەمە سێ سەرۆكایەتییەكە دەبن بە نوێنەری هەموان‌و پاڵپشتی‌و رێزی هەموان بەدەستدەهێنن. 
6-    دوركەوتنەوە لە سیاسەتی شكاندنی ئیرادە‌و نیشاندانی نەرمی‌و سازشكردن بۆ یەكتر، ئەمە لەپێناو گەیشتن بە هاوبەشە نیشتمانی‌و سیاسییەكان، بەلەبەرچاوگرتنی قورسایی هەڵبژاردن. 
7-    زۆرینەی دەسەڵاتدار بەڵێن دەدات چەتری ئارام بۆ ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی فەراهەم بكات‌و رۆڵی لە چاودێریكردنی ئەدای حكومەت‌و لێپرسینەوەیدا بەهێز بكات، ئەگەر سەلمێندرا كەمتەرخەمی كردووە، ئەمەش لەڕێگای پێدانی سەرۆكایەتی لیژنە كاراكانی پەرلەمان‌و دەستەكانی چاودێریكردن بە ئۆپۆزسیۆن‌و كەسایەتییە سەربەخۆكان، ئەوانەی كە  بەشدارییان لە پێكهێنانی حكومەتدا نەكردووە، هەروەك  پێویستە ئۆپۆزسیۆن بەڵێن بدات دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكناخات‌و بەشداری كارای دەبێت تێیاندا‌و دەرفەت لەبەردەم زۆرینەی دەسەڵاتداردا دەكاتەوە شایستە دەستورییەكانی پڕ بكاتەوە. 
8-    چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هێزە هاوپەیمانەكانی لیژنەیەكی دانوستانكار پێكدەهێنێت بۆ دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم دەستپێشخەرییە. 
9-    بژاردەی بەشداربوون لە حكومەتی داهاتوو یاخود ئۆپۆزسیۆنبوون وەكو بژاردەیەكی كراوە بۆ هەموو لایەنەكان بەجێدەهێڵدرێت، بەبێ سەپاندنی بەسەر هیچ كەسێكدا. 

پابەندبوون: 
هەموان بابەند دەبن بە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە لەم نوسراوەدا هاتووە كە ئەمانەن: 
1-    بەڵێندان بەوەی پێداچوونەوە بە هەموو ئەو گرێبەست‌و قەرز‌و دامەزراندنانەدا دەكرێت، كە حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە، لە رێكەوتی هەڵوەشتاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تاوەكو پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كردویەتی. 
2-    هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان بەگوێرەی بڕیاری دادگای فییدراڵی ژمارەی (159) لە رۆژی 27/12/2021 تایبەت  بە پابەندكردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە هەمواركردنی یاساكە، هەروەها بەڵێندان بە گۆڕینی كارمەندانی كۆمسیۆن‌و سەرلەنوێ دروستكردنەوە‌و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەو كەسانەی كە بەوە ناسراون شارەزاییان هەیە، لێپێچینەوە لەوانەی كە لەچوارچێوەی یاساكەدا كەمتەرخەمییان لەسەر دەسەلمێندرێت. 
3-    پارێزگاریكردن لەمافی كەمینەكان‌و پاراستنیان‌و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانیان لەرێگای دەرفەتی یەكسان‌و ئازادی بیروباوەڕو هەموو ئەو بابەتانەی تر كە لە دەستوردا هاتوون. 
4-    رێكخستنی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵی بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك كە بە شەفافیەتێكی زۆرەوە زامنی مافی هەموان بكرێت، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەگوێرەی دەستور بۆ هەموو پرسەكان، بۆ نمونە دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی‌و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سامانی وڵات‌و پشتیوانیكردنی هێزی پاسەوانی هەرێم‌و پێشمەرگە‌و پابەندكردنیان بە سەركردایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە. 
5-    ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان‌و چارەسەركردنی كێشەی ئاوارەكان كە لەئەنجامی تیرۆری داعشەوە دروستبووە، كاركردن لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی كە متمانە بە پرۆسەی سیاسی بەهێز دەكەنەوە، ئەمەش لەرێگەی حكومەتێكی چاودێر بەسەر هەمواندا. 
6-    دروستكردنی سندوقی پاڵشتی ئەو پارێزگایانەی كە هەژارن، ئەمە بەگوێرەی ئاماژە فەرمییەكانی وەزارەتی پلاندانان، بۆ ئەوەی پارەی پێویستیان بۆ تەرخان بكرێت لەچوارچێوەی بودجەدا بەمەبەستی دابینكردنی خزمەتگوزاری پەروەردە‌و فێركردن‌و تەندروستی‌و نیشتەجێبوون بۆ  پارێزگا هەژارەكان. 
7-    هەموو لایەنە سیاسییەكان بەڵێن دەدەن هەوڵەكانی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رەتبكەنەوە‌و رێگری لێبكەن. 
8-    دامەزراوەكانی چاودێریكردن‌و پەرلەمان كارا بكرێن، یاسای گونجاو بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەربكرێت‌و پارێزگاری لە هیچ كەسێك نەكرێت كە بەگوێرەی یاسا تاوانی لەسەر دەسەلمێندرێت. 
9-    پرۆگرامە وزارییەكان‌و بەرنامەی حكومەت بۆ قۆناغی داهاتوو بنوسرێتەوە، سەقفی زەمەنی واقعی بۆ جێبەجێكردنی دیاری بكرێت‌و پێوەرەكانی هەڵبژاردنی تیمی وزاری دیاری بكرێت‌و جەخت لەسەر لایەنی خزمەتگوزاریی بكرێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand