Draw Media

لە 16ی ئۆكتۆبەر بێدەنگ بوو بۆ ساختەكاری بێدەنگی شكاند

لە 16ی ئۆكتۆبەر بێدەنگ بوو بۆ ساختەكاری بێدەنگی شكاند

2018-05-30 21:23:59


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
تەنها مانگێك ماوە بۆ تەواوبونی ویلایەتەكەی، دوای چوارساڵ بێدەنگی دواجار فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق بێدەنگی شكاند.
سەرۆك كۆماری عێراق ئەمشەو لە دوو نوسراودا بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ هەر جۆرە لێكۆڵینەوەیەك لە گومانەكانی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایار راگەیاند.
لە نوسراوی یەكەمدا فوئاد مەعسوم دژایەتی خۆی بۆ بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیاند كە داوای ئەژماركردنەوەی رێژەی 10%ی دەنگەكان و هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات و دەنگی ئاوارەكان دەكات.
فوئاد مەعسوم دەڵێ بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران نادەستورییە و لە دەستوردا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بە پەرلەمان نەدراوە.
لە نوسراوی دووەمیشدا كە ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی كردووە، بە ناڕاستەوخۆ دژایەتی خۆی بۆ كاری ئەو لیژنەیە نیشان دەدات كە ئەنجومەنی وەزیران پێكیهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە ساختەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن و بە هەمان شێوە پێكهێنانی ئەو لیژنەیەش بە "نادەستوری" دەزانێت.
بەپێی دەستوری عێراق سەرۆك كۆمار دەبێت "شەونخونی بكات بۆ پارێزەگاریكردن لە دەستور"، رەنگە نوسراوەكانی سەرۆك كۆمار لەژێر ئەم ناونیشانەدا نوسرابێت، بەڵام لەماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتییەكەیدا چەندینجاری تر دەستور پێشێلكراوە و ئەو بێدەنگ بووە.
هەر بەپێی دەستوری عێراق دەبێت سەرۆك كۆمار بێلایەنی خۆی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بپارێزێت، فوئاد مەعسوم بە دەركردنی ئەو دوو نوسراوە هێندەی وەك پارێزەری ئەو لایەنانە دەركەوت كە دژایەتی دووبارە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەكەن هێندە وەكو پارێزەری دەستور خۆی نمایش نەكرد.
نوسراوەكانی فوئاد مەعسوم دوای چەند كاتژمێرێك هات لە كۆبونەوەی لەگەڵ سێ جێگرەكەی (نوری مالیكی – ئەیاد عەلاوی- ئوسامە نوجێفی)، سێ جێگر كە تاڕادەیەك هەرسێكیان نیگەرانن لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆمار لەبارەی كۆبونەوەی سەرۆك كۆمار و سێ جێگرەكەی باسی لەوەدەكرد، لە كۆبونەوەكەدا جەختكراوە لەسەر " پێویستی رێزگرتن لە ئیرادەی راستەقینەی دەنگدەران و گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێكی پێویست بۆ پارێزگاریكردن لە سەلامەتی پرۆسەی دیموكراتی و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاكانی وڵات".
لە چوار ساڵی رابردوودا فوئاد مەعسوم بە بەهانەی ئەوەی بەپێی دەستور دەبێت ئەو بێلایەن بێت لە زۆربەی پرسە هەستیارەكاندا خۆی پاراستووە و هیچ قسەیەكی ئەوتۆی نەكردووە، بەڵام ئێستا كە زۆرێك لە لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە و دەڵێن ساختەكاری كراوە، ئەو بێلایەنی خۆی لەدەستدەدات و لەبری دۆزینەوەی رێگەی دەستوری و یاسایی بۆ لێكۆڵینەوە لە گومانەكانی ساختەكاری، رێگە نادەستورییەكان دیاری دەكات.
حزبەكەی فوئاد مەعسوم (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) یەكێكە لەو حزبە بەشدارانەی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار كە زۆرترین پەنجەی تۆمەتی ساختەكاری بۆ درێژ دەكرێت، ئەم تۆمەتانەش تەنیا لەلایەن لایەنە كوردییەكانی هەرێمی كوردستانەوە نییە، لایەنە توركمان و عەرەبەكانی كەركوكیش بەهەمان شێوە تۆمەتی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەدەنە پاڵ یەكێتی، رەنگە ئەمە هۆكارێكی تر بێت فوئاد مەعسومی ناچاركردبێت بێلایەنی لەدەستبدات و بكەوێتە سەنگەری بەرگری لە حزبەكەی.
فوئاد مەعسوم كە وەكو نوێنەری كورد لەسەر كورسی یەكێك لە بەرزترین پۆستەكانی بەغداد دانیشتووە، چاوەڕوان دەكرا لە پرسی ریفراندۆمدا رۆڵی گەورە و یەكلاكەرەوە ببینێت، بەڵام ئەو خۆی پاراست بە لێدوانێك هەردوولا بەغداد و هەولێری رازیكرد، ئەو لەبارەی ریفراندۆمەوە وتی: ریفراندۆم دەستورییە، بەڵام جیابونەوە لە عێراق نادەستورییە.
دوای ریفراندۆم و گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچە جێناكۆكەكان یان ئەوەی ناوی لێنراوە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بەهەمان شێوە فوئاد مەعسوم خۆی پاراست و هیچ قسەیەكی ئەوتۆ و كاریگەری لەسەر بارودۆخەكە نەكرد.

نوسراوەكانی فوئاد مەعسوم دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بانگەوازی فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمانی عێراق كە بە ئاشكرا داوایان لێكرد بێدەنگی بشكێنێت و رێوشوێن بگرێتەبەر دژی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن.
نوسراوەكانی فوئاد مەعسوم لەبارەی پرسی ساختەكاری و هەوڵدان بۆ رێگریكردن لە رێوشوێنەكانی پەرلەمان و حكومەت رەنگە هیچ شتێك نەبێت جگە لە رازیكردنی حزبەكەی بەتایبەتی بەكاتێكدا قسەوباس هەیە بیەوێت بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكاتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand