Draw Media

عێراق لە خراپترینەكانی جیهانە بۆ ئازادی رۆژنامەنوسیی

عێراق لە خراپترینەكانی جیهانە بۆ ئازادی رۆژنامەنوسیی

2022-05-03 19:15:25


راپۆرت: درەو
عێراق لەناو (10) خراپترین وڵاتی جیهاندایە بۆ كاری رۆژنامەنوسیی، رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور دەڵێ" لە عێراق، پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان دەزگاكانی راگەیاندن‌و حزبە سیاسییەكاندا هەیە‌و ئەوان كۆنترۆڵی هێڵی نوسینیان دەكەن.. بەهۆی كاریگەری سیاسیی لە دەزگاكانی راگەیاندندا، خەریكە هەواڵی سەربەخۆ نامێنێت.. لەپێناو دابینكردنی بودجەی خۆیاندا،  زۆرێك لە دەزگاكانی راگەیاندن دەستیان لە سەربەخۆیی خۆیان هەڵگرتووە"، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

خاكی بەپیتی زانیاری نادروست !
كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 1993 بڕیاریدا سالانە رۆژی 3ی ئایار بكرێت بە رۆژی جیهانیی "ئازادی رۆژنامەگەریی"، بۆئەوەی ئەم رۆژە بكرێت بە دەرفەتێك بۆ قسەكردن لەبارەی بنەما سەرەكییەكانی ئازادی رۆژنامەگەریی‌و هەڵسەنگاندنی لەسەر ئاستی جیهان‌و بەرگیركردن لە دەزگاكانی راگەیاندن لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی كە دەكرێتەسەر ئازادی كاركردنی. 
رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور كە بارەگا سەرەكییەكەی لە (پاریس)ی پایتەختی فەڕەنسایە، یەكێك لەو رێكخراوانەیە كە ساڵانە راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی ئازادی رۆژنامەگەریی لەسەر ئاستی جیهان بڵاودەكاتەوە. 
لە راپۆرتی ئەمساڵیدا، پەیامنێرانی بێسنور ئاماژە بە لێكەوتی كارەساتباری پشێوی زانیاریی دەكات لە ساڵی 2022دا، بۆ ئەمەش باس لە كاریگەریی  كەشوهەوای دیجیتاڵی دەكات كە بووە بە بابەتێكی جیهانی‌و بەشێوەیەكی نارێكخراو كاردەكات‌و بووە بە زەوییەكی بەپیت بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست‌و پڕوپاگەندە.   

عێراق لەناو خراپترینەكاندایە
بەپێی راپۆرتی پەیامنێرانی بێسنور، باشترین (10) وڵاتی جیهان بۆ كاری رۆژنامەوانی لە ساڵی 2022دا بریتین لەم وڵاتانە (نەرویژ- دانیمارك- سوید- ئیستوانیا- فنلەندا- ئایرلەندا- پرتوگال- كۆستاریكا- لیتوانیا- لیختنشتاین).
خراپترین (10) وڵاتی جیهانیش بۆ كاری رۆژنامەوانی بریتین لەم وڵاتانە (كۆریای باكور- ئەریتیریا- ئێران- توركمانستان، بۆرما، چین، ڤێتنام- كوبا- عێراق- سوریا). 
واتە عێراق لەڕووی دۆخی رۆژنامەنوسییەوە لەدوای هەندێك وڵاتی وەكو (یەمەن‌و بەنگلادیش‌و ئەفغانستان‌و توركیا‌و لیبیا‌و سۆماڵ‌و لوبنان‌و ئۆكراینا‌و روسیا)وەیە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا هیچ رۆژنامەنوسێك لە عێراق نەكوژراوە، بەڵام راپۆرتەكەی پەیامنێرانی بێسنور زیندانیكردنی (5) رۆژنامەنوسی تۆماركردووە كە گیراوانی بادینانن‌و هێشتا لە زیندانن‌و ئازاد نەكراون. 
ئێستا عێراق لەكۆی (180) وڵات، لە ریزبەندی (172)دایە، ئەمساڵ بەبەراورد بە ساڵی رابردوو عێراق (9) پلە پاشەكشێی كردووە، چونكە ساڵی رابردوودا لە پلەی (163)دا بووە.
لەسەر ئاستی جیهان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە (24) رۆژنامەنوس‌و (كەسێك) كە هاوكاری دەزگاكانی راگەیاندنی كردووە كوژراون، بەگشتیش لەسەر ئاستی جیهان لەئێستادا (480) كەس لە زینداندان، (461) كەسیان رۆژنامەنوسن‌و (19) كەسیان ئەوانەن كە هاوكارییان لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن كردووە. 

دۆخی رۆژنامەنوسی لە وڵاتانی ناوچەكە  
عێراق لەڕووی ئازادی رۆژنامەنوسییەوە، جگە لە ئێران، دەكەوێتە دوای هەموو وڵاتانی ناوچەكەشەوە، ریزبەندی وڵاتانی ناوچەكە  بەمشێوەیە: 
•    ئیسرائیل: لەڕووی ئازادی رۆژنامەنوسییەوە لە پێش هەموو وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە‌و لە پلەی 86دایە
•    توركیا: لە پلەی 149دایە
•    سوریا: لە پلەی 171 دایە
•    فەلەستین: لە پلەی 170 دایە
•    سعودیە: بەرەو باشبوون رۆیشتووە‌و ئێستا لە پلەی 166دایە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو لەپلەی 170دا بووە
•    یەمەن: یەمەن پارێزگاری لە ریزبەندییە خراپەكەی كردووە‌و ئەمساڵیش لەپلەی 169دا ماوەتەوە 
•    میسر: دوو پلە پاشەكشێی كردووە‌و ساڵی رابردوو 166 بووە ئێستا دابەزبوە بۆ 168 
•    عومان: لەپلەی 163دایە
•    كوەیت: زۆر پاشەكشێی كردووە لە پلەی (105)وە دابەزیوە بۆ (158) 
•    سودان: لە پلەی 151دایە
•    لیبیا: لە پلەی 143دایە
•    مەغریبی عەرەبی: لە پلەی 135دایە
•    جەزائیر: لەپلەی 134دایە
•    ئیماراتی عەرەبی: لە پلەی 131دایە
•    لوبنان: لە پلەی 130دایە
•    ئوردن: لە پلەی 120 دایە
•    تونس: لەپلەی 73دایە

بە چ پێوەرێك هەڵسەنگاندن كراوە ؟
هەڵسەنگاندنی ئازادی رۆژنامەنوسی بەپێی ئەو پێوەرەی كە رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور دیاریكردووە بریتییە لە "توانای كارایی رۆژنامەنوسان، بەشێوەی تاكەكەسیی بێت یاخود بەكۆمەڵ، لە هەڵبژاردن‌و بەرهەمهێنان‌و بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانەی كە دەچنە خزمەتی بەرژەوەندی گشتییەوە، ئەمەش بەشێوەیەكی سەربەخۆو دور لە دەستێوەردانی سیاسی‌و ئابوری‌و یاسایی‌و كۆمەڵایەتی، بەبێ هیچ هەڕەشەیەك دژی سەلامەتی گیانیی‌و بیركردنەوەیان". 
راپۆرتەكە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئازادی رۆژنامەگەریی لە هەر وڵاتێكدا (5) پێوەری دیاریكردووە كە ئەمانەن: 
1-    زەمینەی سیاسی كاری رۆژنامەنوسیی
2-    زەمینەی ئابوری كاری رۆژنامەنوسیی
3-    چوارچێوەی یاسایی كاری رۆژنامەنوسیی
4-    زەمینەی كۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیری كاری رۆژنامەنوسیی
5-    ئاسایش‌و سەلامەتیی

عێراق لەناو پێوەرەكانی ئازادی رۆژنامەنوسیدا 
راپۆرتەكەی پەیامنێرانی بێسنور، بەمشێوەیە پێوەرەكانی ئازادی كاری رۆژنامەنوسی بەسەر عێراقدا جێبەجێكردووە:
لەنێوان تیرۆرو ناسەقامگیری سیاسیی‌و خۆپیشاندانەكاندا، رۆژنامەنوسان لە هەموو لایەكەوە روبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی لاوازی دەوڵەت‌و دامەزراوەكانی كە ناتوانن رۆڵی خۆیان بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان بگێڕن. 

شانۆی میدیایی
لە عێراق، پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان دەزگاكانی راگەیاندن‌و حزبە سیاسییەكاندا هەیە‌و ئەوان كۆنترۆڵی هێڵی نوسینیان دەكەن. كەناڵی (فورات) نمونەیەكی روونە لەمبارەیەوە كە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراقدا هەیە (حزبێكی شیعەیە). هەروەك پێكهاتە ئاینییەكانیش مینبەری میدیایی تایبەت بەخۆیان هەیە وەكو كەناڵی (عەشتار) كە تایبەتە بە مەسیحییەكان، لەكاتێكدا كوردەكان بەشێوەیەكی زیاتر رێكخراوترن، بەجۆرێكە دەبینێت پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان دەنگی خۆیان هەیە كە گوزارشت لە زمانی حاڵی ئەوان دەكات، ئەمەش لەرێگەی كەناڵی ئاسمانییەكانی وەكو (NRT) كە نزیكە لە جوڵانەوەی "نەوەی نوێ"وە. 

زەمینەی سیاسی
بەهۆی كاریگەری سیاسیی لە دەزگاكانی راگەیاندندا، خەریكە هەواڵی سەربەخۆ نامێنێت، لەكاتێكدا راستیی لەنێوان جەمسەرگیرییەكاندا ون دەبێت، خەباتی خەڵكانی پیشەیی بۆ بەرگریكردن لە مافەكانیان بەردەوامە. لە ساڵی 2019وە بەهۆی روماڵكردنی خۆپیشاندانەكانی دژ بە گەندەڵی، زۆرینەی رۆژنامەنوسان روبەڕووی هەڕەشەی بەردەوام‌و دەزگاكانی راگەیاندنیش  روبەڕووی كردەوەی تاڵانكاریی بونەتەوە، هەندێك لە رەوتە سیاسییەكان ئەم خۆپیشاندانانە بە رێپێوانی دژ بە سیستمی سیاسی ناودەبەن، بەڵام لە كوردستان رۆژنامەنوسە رەخنەگرەكان تۆمەتبار دەكرێت بە "سیخوڕیكردن"‌و چارەنوسیان دەستگیركردن‌و زیندانیكردنە. 

چوارچێوەی یاسایی
ئەگەرچی دەستور لەڕووی تیۆرییەوە گرەنتی ئازادی رۆژنامەگەریی دەكات، بەڵام یاسا كارپێكراوەكان دژن لەگەڵ هەندێك لەماددەكانی دەستوردا، بۆیە زۆرجار كەسایەتییە گشتییەكان پەنا بۆ دادگاكان دەبەن بۆ چاودێریكردنی ئەو رۆژنامەنوسانەی كە لێكۆڵینەوە لە چالاكییەكانیان دەكەن، زۆرجار بەتۆمەتی ناوزڕاندن شوێنیان دەكەون، هەروەك پرۆژە یاسای تایبەت بە تاوانە ئەلیكترۆنییەكان كە بەشێوەیەكی سیستماتیك خۆی دەردەخات، بووە بە دەردەسەری بۆ خەڵكە خاوەن پیشەكە، ئەم یاسایە سزای زیندانی (تا دەگاتە زیندانی هەتا هەتایی) داناوە بۆ ئەو بڵاوكراوە ئەلیكترۆنییانەی كە "دەست بۆ سەربەخۆیی وڵات‌و یەكێتیی خاكەكەی یان بەرژەوەندییە ئابوری‌و سیاسی‌و سەربازی یاخود ئەمنییە  باڵاكان" ببات.

زەمینەی ئابوریی
پێدانی پارە بە دەزگاكانی راگەیاندن بەوە دەناسرێتەوە كە بەشێوەیەكی نادادپەروەرانەیە، پەیوەندی بەهێزی بە لایەنداری سیاسییەوە هەیە، هەركاتێك توانای دارایی حزبە سیاسییەكە گەورەتر بێت، مینبەرە میدیاییەكەی بەڕێژەیەكی زیاتر هەژمون بەسەر جەماوەردا دەكات، لەم چوارچێوەیەشدا زۆرێك لە دەزگاكانی راگەیاندن دەستیان لە سەربەخۆیی خۆیان هەڵگرتووە لەپێناو قەرەبووكردنەوەی لاوازی بودجەكەیان یاخود لەكۆتایدا زۆر بە سانایی چالاكییەكانی خۆیان راگرتووە، دەزگا راگەیاندنە سەربەخۆكان لەرێگەی سەكۆكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە توانیویانە بگەن بە جەماوەرەكەیان، ئەمە سەرباری ئەوەی لەپێناو مانەوەدا لە هەردوو رووەكەوە توشی دەردەسەری بوون. 

زەمینەی كۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیریی
هەندێك دامەزراوە‌و كەسایەتی ئاینیی خۆیان بە پیرۆز دەزانن بەجۆرێك كە ناكرێت رەخنەیان لێبگیرێت، لەمڕووەوە رۆژنامەنوسان‌و دەزگاكانی راگەیاندن روبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە، ئەمەش بۆ رێگرتن لە بڵاوكردنەوە‌و پەخشكردن بەتۆمەتی "سوكایەتیكردن بە سیمبولە نیشتمانی‌و ئاینییەكان". 

ئاسایش
ئەم ساڵانەی دوایی كوژرانی زۆرێك لە رۆژنامەنوسانی بەخۆوە بینینوە لەسەردەستی گروپە چەكدارەكان، رێكخراوە جیهادی‌و میلیشیاكان. ئەم تیرۆركردنانە بەبێ هیچ سزایەك تێپەڕ دەبن، لەكاتێكدا ئەو لێكۆڵینەوانەی كە بەدەگمەن لەبارەی ئەم تیرۆرانەوە دەكرێن، بەهیچ ئەنجامێكی جددی ناكرێن، هەروەك پرۆسەكانی رفاندن‌و هەڕەشەی كوشتن بووە بە مامەڵەیەكی بەربڵاو بۆ تۆقاندنی رۆژنامەنوسان‌و دەمكوتكردنیان. ئەم ترساندنە ئەگەر تاوەكو ئەمدواییە تەنیا لەو رۆژنامەنوسانەدا كورتبوبێتەوە كە كاریگەرو ناسراو بوون، ئەمڕۆ تەنانەت ئەو چالاكە میدیاییانەشی كردوەتە ئامانج كە ناسراو نین. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand