بە درۆن هێرشكرایە سەر سەربازگەیەكی توركیا لە هەرێمی كوردستان
2022-05-01 19:07:54
درەو:
كاتژمێر (4)ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە درۆن هێرشكرایە سەر سەربازگەی (بامەڕنێ)ی سەربە ناحیەی بامەڕنێ و كوژراوو بریندار هەیە لە ریزی سوپای توركیا.
سەرچاوەیەكی سەربازی بە (درەو) راگەیاند ئەمڕۆ لە رێگەی (درۆن)ی بۆمرێژكراوەوە هێرشكراوەتە سەر سەربازگەی توركیا لە بامەڕنێ كە هاوكات فڕۆكەخانەی سەربازی توركیایە لە هەرێمی كوردستان.
بە پێی زانیارییەكان بەهۆی بۆردومانەكەوە كوژراوو بریندار هەیە لە ریزی سوپای توركیا بۆیە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی تەندروستی پێشمەگەر چونە بە هانای بریندارانی سوپای توركیا بەو پێیەی لیوای چواری پیادەی پێشمەرگە لەو ناوچەیە نزیكن و بەهانای سوپای توركیاوە چوون.
سەربازگەو فڕۆكەخانەی (بامەڕنێ) گەورەترین بنكەی سەربازی توركیایە لە هەرێمی كوردستان لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری میت هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێری پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن.
ئەم سەربازگەیە كە فڕۆكەخانەی سەربازی توركیای لێیە لەدوای رووداوەكانی ساڵی 1966 هێزی توركیای لێجێگركراوە.