ماڵی پەرتەوازەی کوردستانی؛ وەرچەرخاندنی هەل بۆ هەڕەشەی سەر هەرێم
2022-05-01 12:40:23
درەو:
راپۆرتی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی - رانانی ئاییندەیی ژمارە (10)
بە ڕوانین بۆ دۆخی گەرمی سیاسیی و ناجێگیریی و ناڕوونی ئایندەی نێوچەکە، ڕەنگە هیچ کات هێندەی ئێستا کورد پێویستیی بە یەکڕیزی و هاوشانی بۆ یەکخستنی تواناکان و کەمکردنەوەی هەڕشە ئایندەییەکان نەبووبێت، بەڵام پێچەوانەکەی لەسەر زەمینی واقیع دەبینرێت. ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە لەگەڵ باهۆزی هەڕەشە و نائارامییەکاندا، ماڵی کوردیش بەدەست شەپۆلە توند و لاوازەکانەوە ئاراستەکەی دەگۆڕدرێت و ئەوەشی نابینرێت یەکخستنی گووتار و دانانی ستراتیژ و کۆدەنگییە لەسەر ئامرازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و قۆستنەوەی دەرفەتەکانە.
هەنووکە چەند پرسێکی سەرەکی یەخەی ماڵی کوردییان گرتووە و ئاسۆی چارەسەریشیان بە گوێرەی جوڵەی هێزە پێکهێنەرەکانی کوردستان و دووری مەودای گوتارەکانیان، نادیار و ڕوو بە درزی زیاترە. هەندێکیان ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە نێوخۆی هەرێمەوە و هەندێکیشیان بەرهەمهاتووی ململانێ عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانن، لە گرنگترینیان:
١. پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان:
بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ١٩٩٢، چەند مانگێکی دیکە، کۆتایی خولی ئێستای پەرلەمانە و پێویستە لە مانگی (تشرینی دووەم)ی ئەم ساڵدا هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوو و بە ئێستاشەوە ڕێککنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر هەردوو پرسی هەمواری یاساکە و پێكهاتەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی، نەک ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکانیان پەکخستووە، بەڵکو نیوماڵی کوردیشی دوولەت کردووە و هەڕەشەی نوێی بۆ درووستکردووە، كە بێگومان كاریگەییان لەسەر بەشداری كورد لە حكومەتی نوێی عێراقدا دەبێت.
٢. پرسی شێوازی بەڕێوەبردنی سامانی سروشتیی هەرێم:
ئاشكرایە كە ئەم پرسە لە بنەڕەتدا یەكێكە لەتەوەرەكانی ململانێی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق، كە لە لایەك هەرێمی كوردستان بە ڕاڤەكردنی تاك لایەنەی خۆی بۆ هەندێك دەقی دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بەمافی خۆی دەزانێت لە سنوری خۆیدا نەوت بەرهەم بهێنێت و هەناردەی بكات، لەبەرامبەریشدا حكومەتی فیدراڵی عێراق، بەپێی چەند دەقێكیتر لە هەمان دەستور، پێداگری لەسەر دەسەڵاتی حەصری خۆی دەكات لەم بوارەدا. كەواتە ناكۆكیەكان لەم پرسەدا لەنێوان هەرێم و عێراقە، نەك لە نێو لایەنە كوردییەكاندا، بەتایبەت كە هەر لەسەرەتاوە یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات وەک پێکهێنەرانی سەرەکی حکومەتی هەرێم، بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت بە ڕێککەوتن و هاوبەشی هەردوولایان بووە و یەکدیدگاش بوون لە بەڕێوەبردنییدا، بەڵام ئەم دیدگا هاوبەشە لەئەگەری ڕێككنەكەوتنی ئەو دوو لایەنە لەسەر چۆنێتی بەشداریكردنیان وەك هێزە سەرەكییەكانی پێكهاتەی كورد لە حكومەتی ئایندەی عێراقدا، گرەنتی بەردەوامبوونی نییە، بەتایبەت لە دوای بڕیارەكەی دادگای فییدراڵی سەبارەت بە نادەستوریبوونی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، وا دەخوازێت كە هەرێم لەچوارچێوە ئەو پێشهاتە یاساییە نوێیەدا دەست بە گفتوگۆ و ڕێككەوتنی توكمەتر لەجاران لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بكات، ئەمەش وا پێوست دەكات ئەمجارە كورد دیدگایەكی بەهێزتر و یەكگرتووتر لەسەر مافی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەكانی ناو سنوری هەرێمەكەی خۆی لەبەرامبەر حكومەتی فیدراڵیدا بخاتەڕوو.
٣. پرۆسەی سیاسیی بەغدا و لێکەوتەکانی لەسەر ماڵی کوردستانی
پاش دوا هەڵبژاردنی عێراق (٢٠٢١)، پرسێکی نوێ کە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و دیاریکردنی سەرکۆمار و ترازان و جەمسەربەندیی نێو ماڵی شیعەیە، لەبری دروستکردنی هەل، بە پێچەوانەوە پرژی ململانێکە نێوماڵی کوردیشی گرتەوە و هەر لە پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکانەوە، هێزە کوردستانییەکان هەریەكەو بە ئاڕاستەی جیا بەرەو بەغدا بەڕێ کەوتن؛ هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە بە ڕێککەوتن لە بەرەی سێقۆڵی (بارزانی-صەدر-حەلبووسی)دا بوو. بەهۆی کاردانەوەی ئەم بەرەیە و پێداگری پارتی-یش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و تەحەفوزاتی یەکێتی لەسەر قاڵبی بەرە سێقۆڵییەکە، یەکێتی نیشتمانی (بە لێکگەیشتن و هاوهەڵوێستی نەک ڕێککەوتن) لە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیکبوویەوە و ئەوەی مایەوە کورسیەکانی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامییە وەک ڕێککەوتن لەگەڵ هیچ لایەک لەم جەمسەرانە ڕێککەوتنیان نییە، بەڵام بەپێی هاوکێشە و دۆخە کاتییەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی، هەماهەنگییان لەگەڵ تشرینییەکان و هەندێجار لەگەڵ هاوپەیمانی سێقۆڵی و بگرە چوارچێوەی هەماهەنگیشدا هەبووە.
لەهەموو ئەگەرەکاندا ئەوەی ڕوونە: ماڵی کوردی پەرتەوازەیە و هیچ کاتێک بەدرێژایی ١٩ساڵی پرۆسەی سیاسیی عێراق، هێندەی ئێستا بێ بەرنامەی هاوبەش نەبووە، لەکاتێکدا باشترین هەل و کات بۆ دەستکەوتی سیاسیی و شوناسی و نیشتمانی کوردستانی، هیچکات هێندەی ئێستا هەلی باشی بۆ کورد پێنەبووە. بەڵام دەبینرێت بە پێچەوانەوە ئەم هەلە بووەتە هەڕەشە و ماڵی کوردستانی لەتتر و دەستکەوتە ناتەواوەکانی ئەزموونی هەرێمیشی خستووەتە ژێر هەڕەشەوە.