كرێكارو ئەندازیارانی ئۆتوبانی بابان نیگەرانن
2022-04-30 12:18:34
(درەو):
كۆمپانیای قەیوان لەدوای پشووی جەژنی رەمەزانەوە، ماوەی كاركردنی كرێكارانی لە پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لە رۆژێكدا كردووە بە (10) كاتژمێر ، بەپێی یاسای كار ماوەی كاركردن 8 كاتژمێرە لە رۆژێكدا.
ئیدارەی كۆمپانیای (قەیوان) كە جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی "ئۆتوبانی بابان"ە، بە فەرمانێك ماوەی كاركردنی رۆژانەی كرێكارو ئەندازیارانی پرۆژەكەی كردووە بە 10 كاتژمێر لە رۆژێكدا.
ئەم بڕیارە هەندێك لە كرێكارانی پرۆژەكەی نیگەران كردووە، لە هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا پەرلەمان یاسای كاری پەسەند نەكردووەو بۆ مامەڵەی كرێكاران پشت بە یاسای كاری ژمارەی (71)ی ساڵی 1987ی عێراقی دەبەسترێت، ئەم یاسایە ماوەی كاركردنی رۆژانەی كرێكاری بە (8) كاتژمێر دیاریكردووە.
بەپێی فەرمانە نوێیەكەی كۆمپانیای جێبەجێكاری شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی، لەدوای پشووی جەژنی رەمەزانەوە كاركردنی كرێكارو ئەندازیارانی پرۆژەكە بەمشێوەیە دەبێت:
• دەوامی ئۆفیس لە كاتژمێر (8:00)ی بەیانی بۆ كاتژمێر (5:00)ی عەسر لە رۆژی یەكشەممە تاوەكو پێنج شەممە دەبێت.
• دەوامی ستافەكانی ئالیاتو ئەندازیارانو روپێو لەكاتژمێر (7:00)ی بەیانی بۆ (5:00)ی عەسر لە رۆژ شەممە تا پێنج شەممە دەبێت.
كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی پێشتر نانی بەیانیو نیوەڕۆی بۆ كرێكارو كارمەندانی پرۆژەكە دابین دەكرد، بەڵام بەگوێرەی بڕیارە نوێیەكەی كۆمپانیای قەیوان لەدوای پشووی جەژنەوە تەنیا نانی نیوەڕوان ئامادە دەكرێتو نانی بەیانی هەڵگیراوە.
سەرباری ناڕەزایەتی لەم بڕیارانە، هەندێك لە كرێكارانی پرۆژەكە گلەیی تریان هەیەو بەپێی ئەوەی (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، كۆمپانیای جێبەجێكار پاداشتی كاركردنی زیادەیان بۆ خەرج ناكاتو كارمەند هەیە لەماوەی مانگێكدا (50) كاتژمێر كاری زیادەی كردووەو كۆمپانیاكە پارەكەی بۆ خەرج نەكردووە.
رۆژی 11ی تەموزی 2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی جێبەجێكردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانا، ئەم پرۆژەیە كە ناوی لێنراوە "شاڕێی بابان"، بە گوژمەی (400 ملیار) دینار لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە جێبەجێ دەكرێت.
ئەمە بەشی یەكەنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانییە كە درێژییەكەی (32 كیلۆمەتر)ە، بەشی دووەمو سێیەمی پرۆژەكە هیچ گرێبەستێكی بۆ نەكراوەو رەنگە هیچ كاتێك جێبەجێ نەكرێت.
رۆژی 12ی ئازاری ئەمساڵ كۆمپانیای قەیوان كارەكانی خۆی لە پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی راگرت، بەهۆی ئەوەی لەلایەن حكومەتەوە شایستە داراییەكانی بۆ خەرج نەكراوە، راگرتنی كاركردنی لە پرۆژەكە هاوكات بوو لەگەڵ تێكچوونی پەیوەندییەكانی كۆمپانیای قەیوان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی.