دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان و پرۆسەی نەوت
2022-04-28 17:06:13
درەو:
راپۆرتی: د. عزەت سابیر
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ناهاوسەنگ داهاتەكانی خەرجكردووە و ناعەدالەتی زۆر لە نێوان پارێزگاكانی سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆكدا كردووە،
بڕی (300) ملیار دینار بۆ شارەوانی زاخۆ تەرخانكراوە (4) ملیار دینار بۆ شارەوانی
چەمچەماڵ تەرخانكراوە، رێژەی (95%)ی بەرهەمهێنان لە كێڵگەنەوتیەكانی سنوری سلێمانی كەمیكردووە (94%)بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتیەكانی هەولێر و (67%)ی بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی دهۆك زیادیكردووە. ژمارەی خانەنشینانی پیشمەرگەی پارتی بریتیە لە ( 70 هەزار) خانەنشین، ژمارەی خانەنشینانی یەكێتی و سەرجەم حیزبەكانی تر بریتیە لە ( 36 هەزار) خانەنشین.
قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان
ماوەی هەشت ساڵە هەرێمی كوردستان توشی قەیرانی دارایی هاتووە كە خۆی لە دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆران و پێنەدانی سلفەی بەڵیندەران و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و وەستاندنی پێشینەكان و جێبەجێنەكردنی ئەو یاسایانەی كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە و وەزارەتی دارایی ناتوانی جێبەجێی بكات وەك ( یاسای خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان و یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیادكردنی دەرماڵەی مامۆستایانی زانكۆ و هتد.....)، لە گەڵ ئەوەشدا نەبوونی سیولەی نەقدی لە بانكەكانی هەرێمی كوردستان.
هۆكارەكانی دروست بوونی ئەم قەیرانە
• لەبەر ئەوەی 85% ی داهاتی هەرێمی كوردستان لە بەشە بودجەی بەغداوە دێت و حكومەتی بەغدادیش لە ساڵی 2014 وە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بە تەواوی نەناردووە، بۆیە هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دارایی و كەمی پارەی بانكەكان و دواكەوتنی مووچەی موچەخۆران هاتووە.
• حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك پێویست گرنگی نەداوە بە كەرتە ئابووریەكانی تری وەك ( كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری و هتد...) بۆ ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ دابینكردنی داهاتی ناوخۆیی بۆ پڕكردنەوەی خەرجیە گشتیەكانی حكومەت.
• لە دوای ساڵی 2003 وە كە ووڵاتی عێراق ئازادكرا، تا ئێستا پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغداد لە ڕووی سیاسیەوە پەیوەندیەكی تەندروست نەبووە كە ببێتە هۆی چەسپاندنی بەشە بودجەی حكومەتی هەرێم و مافە داراییەكانی خۆی بە بەردەوامی و بە بێ كێشە ساڵانە وەربگرێت، باشترین نموونەش مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەیە كە ماوەی 11 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بودجەی وەبەرهێنانی خۆی خەرجی دەكات.
• حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە وەك پێویست ژێرخانی ئابووریەكەی پتەو بكات بە شێوەیەك ئەگەر بەغداد بودجەی نەنارد خۆی بتوانێت بە بەرهەمی ناوخۆ و داهاتی ناوخۆ ئابووریەكەی بەڕێوە بەرێت.
حوكمڕانی ناهاوسەنگ و نایەكسان
ئەنجومەنی پارێزگاكان
• لە نوسراوی هاوپێچ حكومەتی عێراق لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی عێراق بڕی 44 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و تیایدا بڕی 18 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان كراوە بەڵام بە داخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان نیوەی پارەكە كە 9 ملیار دیناری ناردووە بۆ پارێزگای سلێمانی.
ناعەدالەتی لە پلە و مووچەی هێزی پێشمەرگە
• هاوپێچ دەردەكەوێت زۆرینەی هێزەكانی 80 و زێرەڤانی پلەی بەرزیان هەیە و هێزەكانی 70 پلەی نزمیان هەیە و ئەمەش وا دەكات بۆ لیوا هاوبەشكان و ئامر فەوجەكان و پلەدارەكان زۆرینەی لە پارتی بێت.
• لە لایەكی ترەوە ئەگەر زۆرینەی هێزەكانی هەشتا پلەی بەرزیان هەبێت ئەوا مووچەشیان زۆر دەبێت وەك چۆن لە خشتەی هاوپێچ دەبینین كە مووچەی هێزەكانی 80 زۆر زیاترە لە مووچەی هێزەكانی 70.
هێرشی هێزی هاوپەیمانان لە دژی داعش
• کوردستان دابەشکراوە بۆ( ٨ ) میحوەر ، ( ٤ ) میحوەر لەلای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ( ٤ ) میحوەر لە لای پارتی دیموکراتی کوردستان ، ژمارەی میحوەرەکانی ( ١،٢،٣،٤ ) لە ژێر سەرپرشتی یەکێتیدان ، ( ٤ ) میحوەرەکەی کەیان لە لای پارتین بە ژمارەکانی ( ٥،٦،٧،٨)، بۆردومانی هاوپەیمانان بۆسەر داعش لە ( ١٢\٨\٢٠١٤ ) بۆ ( ١٠\١\٢٠١٦ ) بەم شێوەیە بووە:
• ( %١٧ ) ی بۆردومانەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەی میحوەرەکانی یەکێتیدا بووە، ( %٨٣ ) بۆردومانەکان بۆ میحوەری پارتی بووە، هەر بۆیە دەبینین ( % ٨٣ ) ی شەهیدەکانی پیشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش سەر بە هێزەکانی یەکێتی بووبن.
بۆردومانی هەلیکۆپتەری عێراق لە شەری داعش
لە ڕۆژی ( ٧\٧\٢٠١٤ ) دەستی بە بۆردومانی ناوچەکانی تیرۆرستان کردووە تا ( ١٠\١١\٢٠١٦ ) ، (١٦) جار بۆردومانی لە میحوەرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردووە، ( ٢٦٦ ) جار بۆردومانی لە میحوەرەکانی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، چونکە لێپرسراوی ژووری ئۆپراسیۆنی شەڕی داعش سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
ناعەدالەتی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتیەكان
بودجەی پارێزگای دهۆك
• بۆدجەی پەسەندكراوی پارێزگای دهۆك بۆ ساڵی 2013 بریتیە لە 11.7 ملیار دینار، بەڵام 48 ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە.
• بۆ ساڵی 2014 بودجە پەسەند نەكراوە و بری 32 ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە.
• ساڵی 2015 و 2016 لەسەر بنەمای 100% ی خەرجی 2014 پارەی دهۆك خەرج كراوە.
• بەڵام بۆ پارێزگای سلێمانی بودجەكەی كەمكراوەتەوە بۆ 35%.
• بۆ پارێزگای هەولێر بودجەكەی كەمكراوەتەوە بەڵام لە پارەی نەوت 18.5ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجكراوە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی.
• كەواتە پارێزگای سلێمانی باجی گەورەی ئەم قەیرانە داراییەی داوە.
ناعەدالەتی لە خانەنشینی
• ژمارەی خانەنشینانی پیشمەرگەی پارتی بریتیە لە 70 هەزار خانەنشین.
• ژمارەی خانەنشینانی یەكێتی و سەرجەم حیزبەكانی تر بریتیە لە 36 هەزار خانەنشین.
ناعەدالەتی لە بودجەی ئەنجومەنی ئاسایش
• هاوپێچ بودجەی ساڵی 2013 ی ئەنجومەنی ئاسایش نیشان ئەدات كە 75% ی بودجەكە بۆ پاراستنە و 25% ی بودجەكە بۆ زانیاری و دژە تیرۆرە، لە كاتێكدا ناوچەیەكی فراوانی ئەم هەرێمی كوردستانە لەسەر دەستی دژەتیرۆر پارێزراوە.
كەرتی كارەبا
• كارەبای كوردستان بەم خراپیەی خۆی لەگەڵ ئەوەشدا ناعەدالەتی هەیە لە دابەشكردنی، غەدر لە سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەرین دەكریت، پارێزگای سلێمانی شایانی 42% ی كارەبای كوردستانە و تەنها 30% ی دەدەنێ، هەولێر شایانی 36% ی كارەبایە بەڵام 42% ی دەدەنێ، ئەم خشتەیەی خوارەوە بڕی كارەبای رۆژی 1-1-2016 یە.
پرۆسەی نەوت و گاز و كانزاكان لە هەرێمی كوردستان
• لە نەخشەی پێشوو بۆمان دەردەكەوێت كە گرێبەستەكانی نەوت لە ژمارە 1 تا ژمارە 15، واتە 15 گرێبەستی یەكەم لەسەر كێڵگە نەوتیەكانی دهۆك و هەولێر كراوە بۆ ئەوەی بەرهەمی ئەم كێڵگە نەوتیانە زۆر بە خێرایی زیاد بكات و ناوچەكانی سلێمانی و گەرمیان بە مەبەست هەوڵدراوە بەرهەمی كەم بێت. تەنانەت بەرهەمی كێڵگەی نەوتی تەقتەق لە كۆیە نەك زیادی نەكردووە لەم حەوت ساڵەدا بەڵكو كەمی كردووە بە ریژەی %90، لە كاتێكدا بەرهەمی كێڵگەی خورمەڵە لە هەولێر و تاوكێ لە زاخۆ بە رێژەی %100زیادی كردووە.
• شیكارێك بۆ ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ ووردبینی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و داهات و خەرجی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ سالێ 2019
كوردستان خۆی نەوت بفرۆشێت یان بودجەی بەغداد وەرگرین؟
شیكارێك بۆ ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ ووردبینی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و داهات و خەرجی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ سالێ 2019
سیستمی یەک بازنەیی و فرە بازنەیی لە هەرێمی کوردستان
• لە سیستمی یەک بازنەیی نا عەدالەتییەکی گەورەی تێدایە
• پارێزگایەک ژمارەی دانیشتوانەکه شی کەمبێت دەتوانێت زۆرترین نوێنەر بنێرێتە پەرلەمان بۆ نمونە وەک پارێزگاری دهۆک
• لەوەش زیاتر نا یەکسانییەکی زیاتر سەبارەت بە قەزاکان دەردەکەوێت لە سیستمی یەک بازنەیدا بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی ( ٢٠١٨ ) لە کۆی (١٣٥ ) قەزا لە هەرێمی کوردستان ( ١١٤ ) قەزا نوێنەرییان نەبووە لە پەرلەمانی کوردستان، خشتەی خواروە جیاوازی کورسییەکانی حیزبەکان دەردەخات لە سیستمی یەک بازنەیی و ٤ بازنەیی:
دۆخی دارایی ئیدارەی سلێمانی*
*ئیدارەی سلێمانی پێكهاتووە لە (پارێزگای سلێمانی+پارێزگای هەڵەبجە+ئیدارەی ڕاپەڕین+ئیدارەی گەرمیان+ئیدارەی كۆیە)
ڕوبەری پارێزگای سلێمانی بریتیە لە 21 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە و ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە 2,300,000 كەس، ژمارەی خێزانەكانی بریتیە لە 455500 خێزان و پێكهاتووە لە 16 قەزاو 45 ناحیە و 2248 گوند. ڕێژەی ئەو خیزانانەی كە خاوەنی خانووی خۆیانن بریتیە لە 82% ی كۆی خێزانەكان و ڕێژەی ئەو خێزانانەی كە كرێچین بریتیە لە 18% ی كۆی خێزانەكان و ئەوەی دەمێنێتەوە دانیشتوی خانووی كەس و كاری خۆیانن. سەرچاوەی سروشتی پارێزگای سلێمانی بریتیە لە نەوت و گازی سروشتی و ئاوی دوو بەنداوەكە و بەردی بە نرخی وەك بەردی كلس كە بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بەكاردێت و زەوی كشتوكاڵی دەشتی شارەزور و ناوچەكانی تری ، و سەرچاوەی داهاتی پارێزگای سلێمانی بریتیە لە داهاتی نەوتی خاوو و بەرهەمە نەوتیەكان و گومرگی خاڵە سنوریەكان و داهاتی فەرمانگە گشتیەكانی پارێزگای سلێمانی. ژێرخان و سەرخانی پارێزگای سلێمانی بریتیە لە قوتابخانەكان و نەخۆشخانەكان و فرۆكەخانە و زانكۆكان و بەنداوەكان و پاڵاوگەكان و كارگەكان ڕێگاوبانەكان و هتد.....
پارێزگای سلێمانی لە ڕووی جوگرافیەوە نزیكە لە وڵاتی ئێران و دوو خاڵی سنوری سەرەكی هەیە لەگەڵ ووڵاتی ئێران
( پەروێزخان و باشماخ)، داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی بریتیە لە داهاتی بەڕێوەبەرایتیە گشتیەكانی (كارەبا و ئاو، هاتووچۆ، بەرهەمە نەوتیەكان، تەندروستی و ناوخۆ و هتد....)، داهاتی هەناردەكردنی نەوتی خاوی شیواشۆك لە كۆیە و كوردەمیر و حەسیرە لە گەرمیان و كۆر مۆر و چەمچەماڵ و خەلەكان، لە كاتی بڕیاردان لە ئیدارەی سەربەخۆی پارێزگای سلێمانی بە بێ سوود وەرگرتن لە بودجەی بەغداد داهاتی پێویست دابین ناكرێت بۆ خەرجیەكەی.
لە ڕووی سامانی سرووشتیەوە
• ئیدارەی سلێمانی خاكێكی بە پیتی هەیە بۆ كشتوكاڵ وەك دەشتی شارەزور.
• 2 بەنداوی گەورەی هەیە (دوكان و دەربەندیخان) وەك سەرچاوەی ئاوو و سامانی ماسی.
• 33% ی سەرجەم كارگە پیشەسازیەكانی عێراق كەوتۆتە سنوری ئیدارەی سلێمانیەوە.
• دوو ویستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبای هەیە (چەمچەمال و بازیان) جگە لە بەنداوەكان.
• كەرەسەی خاوی زۆری هەیە بۆ چیمەنتۆ و چەندین ماددەی گرنگی تری هەیە.
• چەندین زانكۆ و پەیمانگای هەیە.
• 2 پاڵاوگەی گەورەی هەیە
• سەرچاوەیەكی مرۆیی زۆری هەیە.
لە ڕووی یاساییەوە
پشت بەستوو بە دەستوری هەمیشەیی عێراق هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی سەربەخۆیە لە عێراقێكی فیدڕالێ و پێك هاتووە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ حكومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی بكات،ئەویش ئەوەیە لە حاڵەتی ڕێكەوتنی هەولێر و بەغداد، هەولێر داهاتی نەوت بدات بە بەغداد و بەغدادیش بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دابین بكات و لەو بەشە بودجەیە 43% ی بدرێت بە ئیدارەی سلێمانی وەك ساڵەكانی 2004 تا 2010.
لە حاڵەتی ڕێكنەكەوتنی هەوڵیر و بەغداد، ئیدارەی سلێمانی داهاتی نەوتەكەی بدات بە بەغداد و ڕێژەی 43% ی كۆی بودجەی شایستەی هەرێمی كوردستان وەربگریت كە بە نزیكەیی دەكاتە 345 ملیار دینار لە مانگێكدا. كە زۆر زیاترە لەو داهاتی نەوتەی ئیدارەی سلێمانی.
ئەم 345 ملیارە لەوەوە هاتووە كە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2018 ی عَیراق بریتیە لە 9600 نۆ ترلیۆن و شەش سەد ملیار دینار بۆ ساڵێك، واتە مانگانە 800 ملیار دینار پشكی هەرێمی كوردستانە: 800 ملیار*43%=345ملیار دینار.
ئەو پرۆژانەی كە بە داهاتی 43% ی بەغداد جێبەجێكراون
1- زانكۆی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە و چەمچەماڵ.
2- تونێلی پێشڕەو.
3- سەرجەم ڕێگاگانی سلێمانی –دوكان-ڕاپەڕین-گەرمیان-پێنجوێن.
4- پاڵاوگەی بازیان.
5- تۆڕی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی بە بەهای یەك ملیار دۆلار.
6- 2 ملیار دۆلار وەك قەرزی خانووبەرە بۆ هاووڵاتیان.
7- خەستەخانەی 400 قەرەوێڵەی سلێمانی.
8- دروستكردنی چەندین بەنداوی بچووك.
9- پیدانی قەرزی خانوبەرە، ژنهێنان، كشتوكالی، گەشتیاری، پیشەسازی بۆ زیاتر لە 300 هەزار خێزان لە سنوری ئیدارەی سلێمانی.
10- بە نزیكەسی جێبەجێكردنی زیاتر لە 3000 پرۆژە لە سنوری ئیدارەی سلێمانی.
لە خشتەی پێشوو ئەگەر سەیری داهات و خەرجی مانگانەی پارێزگای سلێمانی بكەین (بێجگە لە مووچە)، دەبینین داهاتەكەی زیاترە لە خەرجیەكەی، بۆ نمونە تێكرای داهاتی مانگێكی لە سالێ 2015 دا بریتیە لە 41 ملیۆن دۆلار لە كاتێكدا تێكرای خەرجی مانگێكی بریتیە لە 36 ملیۆن دۆلار واتە 5 ملیۆن دۆلاری زیاترە لە خەرجیەكەی بەشی پارێزگای هەڵەبجەش دەكات، بۆیە گرنگە سیستەمی لامەركەزی ئیداری و دارایی لە هەرێمی كوردستان پەیرەو بكرێت و شارەكانی كوردستان گەشەیەكی باشتر دەكەن و بەشێكی زۆری ئەم قەیرانە چارەسەر دەبێت.
پێشنیار
1-پێشنیاری زۆر گرنگ و بەرهەمدار ئەوەیە زۆر ڕاشكاوانە بە پارتی بوترێت دەبیچت سەرجەم مووچەی هەموو كوردستان تەنها لە پارەی نەوت بدرێت بە تایبەتی لە ئێستادا نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی نزیكە لە 100 دۆلار، سەرجەم داهاتی نانەوتی بۆ پرۆژەكان و خەرجی و نسریەی دام و دەزگاكانی حكومەت خەرج بكرێت هەر پارێزگایەك بۆ سنورەكەی خۆی، ئەگەر لێیان زیاد بوو بەشداری بكەن لە پێدانی مووچە.
2- یان بە شێوەیەكی ڕاستەقینە 43% ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم و بودجەی بغداد و داهاتی نانەوتی هەموو هەرێمی كوردستان بدرێت بە ئیدارەی سلێمانی و سوپاسیان دەكەین.
3- یان 50% ی كۆی داهاتی سلێمانی بۆ مووچە تەرخان بكرێت و 50% ی تر بۆ پرۆژە و خەرجیەكانی تری حكومەت تەرخان بكرێت لە سلێمانی.