Draw Media

ململانێی شیعە ـ شیعە و کاریگەری لەسەرچەقبەستوویی  ئایندەی عێراق

ململانێی شیعە ـ شیعە و کاریگەری لەسەرچەقبەستوویی  ئایندەی عێراق

2022-04-28 14:05:27


درەو:

راپۆرتی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی - رانانی ئاییندەیی ژمارە (10) 
 
لەدوای هەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢١ و ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و دەرکەوتنی هاوپەیمانی سەدر وەک گەورەترین براوەی شیعەکان بە ٧٣ کورسی پەرلەمانی، ململانێیەکی توندی لە نێوان هێزە شیعەکان دروست بوو بە تایبەت لە نێوان هێزە شیعیەکان لەلایەك و ڕەوتی سەدر لەلاكەیەكەیتر، تا گەیشتن بەوەی کە هێزەکانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بدەن، بەڵام دواجار دادگای باڵای فیدراڵی بە بریارێک ئەم کەیسەی یەکلایکردەوە، لە گێمی یەکەمدا سەدرییەکان یارییەکیان بردەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕاستاندنی بۆ کرا و هەمووان ئەنجامەکەیان پەسەندکرد، گێمی دووەمی ململانێکە ئەو کات دەستی پێکردەوە کە دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندرا و سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە بە رێککەوتنێکی سێ قۆڵی: ڕەوتی سەدر، هاوپەیمانی سونە (عەزم و تەقەدوم) و پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەڵبژارد، ئەم ڕێککەوتنە درزێکی گەورەتری کردە نێو پێکهاتەی شیعەکانەوە، تا دروستکردنی دوو بەرەی جیاواز (هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی) لە بەرامبەر ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەی کە دواتر ناونرا (ڕزگاری نیشتمان- إنفاذ وطن). بەڵام لە دوای سێ دانیشتنی پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هاوپەیمانی سێ قۆڵی شکستی هێنا لە ئەنجامدانی دانیشتنی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار و ڕاسپاردنی لیستی یەکەم بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی( حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی).
لێرەدا گرنگە ئەو هۆکارانەی ڕۆڵیان هەیە لە تۆخکردنەوەی ململانێكانی نێوماڵی شیعە و بەبنبەستگەیشتنی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوانیان باس بکرێن:

یەکەم : ئاستەکانی هاوسەنگی نوێنەرایەتی و کارگێڕی
لەبەرئەوەی دابەشکاریی پۆستەکانی حکومەت و یەکە کارگێڕییەکان بە پێوەری پشکپشکێنەی پێكهاتەیی و حیزبی و ناوچەییە،  بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشێنرایەوە، کە هەردوو ڕۆڵی یاسادانان و چاودێری دەبینی لە سنوری یەکە کارگێرییەکاندا، ئێستا تاکە دەزگای نوینەرایەتی لۆکاڵی پارێزگایە لەرووی پێشکەشکردنی هەموو جۆرە خزمەتگوزاریییە گشتیەکانەوە، بۆیە شەڕی یەکلاکردنەوەی ئەم پۆستانە، یەکێکە لە هۆکارەکانی قوڵکردنەوەی ململانێکانی، بە تایبەت دوای ئەوەی هەردوو پارێزگاری نەجەف و ناسرییە بۆ ڕەوتی سەدر یەکلایی بووتەوە، ئەم گۆرانکارییە نەخشەی دابەشکردنی سیاسی گۆڕی، چونکە زۆربەی زۆری پارێزگاکانی باشوری عێراق لە پێشوودا لای هێزەکانی حیزبی دەعوە و ڕەوتی حیکمە و فەتح بوون.

دووەم: ململانێی چەکداری  حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی  
هەرچەندە زۆربەی هێزە سیاسییە شیعەکان لەهەردوو بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر خاوەنی هێزی ناڕێکخراون و لە چوارچێوەی فەرمیدا لە ژێر سێبەری حەشدی شەعبیدا ڕێکخراون، بەڵام بنچینەی ململانێکە لەم ئاستەدا ئەوەیە کەوا لە سەدر دەیەوێت لە ڕێگەی بانگەشەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان کۆنترۆڵی دەوڵەت بکات، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش ترسی گەورەیان ئەوەیە ئەم درووشمە بۆ لێپرسنەوە بێت. فاکتەرێکی تر لە پاڵ ئەم فاکتەرەدا بابەتی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانییە، کە نیگەرانییەکانی زیاتر کردوە، چونکە دەستوری عێراقی زیاتر لە ناوەڕۆکدا دەستورێکی تەوافوقییە، پێداگرییەکانی سەدر بۆ دروستکردنی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بە لێکدانەوەیەکی تر بەپەراوێزخستن و دورخستنەوە ئەوانی دی دەخوێنرێتەوە. 

ڕەنگە مێژووی پێکدادانی حکومەتی سەردەمی مالیکی لەگەڵ هێزەکانی سوپای مەهدی سەر بە ڕەوتی سەدر کاریگەریی بەرچاوی هەبێت لە چەقبەستنی زیاتری نێوان ئەم دوو ڕەوتە

سێیەم: دەسەڵاتی باوکایەتی
دوای ئەوەی ماوەیەکی درێژخایەنە مەرجەعی باڵای شیعەکان (عەلی سیستانی) خۆی بەدوور گرتووە لە هەموو ڕایەکی سیاسی، بەهۆکاری بێلایەنی و فاکتەری هەڵکشانی تەمەن و خۆتەرخانکردن بۆ کاری ئایینی، بۆشاییەکی سیاسی دروستبووە، ئەم بۆشاییە کاری کردووتە سەر لێکترازانی زیاتری هێزە شیعیەکان، ئەوەی لە فەزای شیعەکاندا دەتوانێت یارییەکە بگۆڕێت کۆمەڵێک فاکتەرە، شەڕی کاریزمای ئاینی و سیاسی، باکگراوندی سیاسی، سوودوەرگرتن لە میراتی مێژوویی بنەماڵە و پاشخانی کۆمەڵایەتی لە کاروبار ئاینی و سیاسەتدا، پشتگیری جەماوەری لەڕێگەی گوتاری پۆپۆلیستی، ئەم فاکتەرانە پیکەوە، بۆ کەسێکی وەکو موقتەدا سەدر ڕێگە خۆشکەرن کە چانسی زیاتری لە سەرکردە سیاسیەکانی تر دەبوو ئەگەر پلەکانی کاریزمای مەرجەعی ئاینی هەبوایە، لانی کەم لەڕووی پلەبەندی پێدانی ئەم نازناوە لە روانگەی مەزهەبی شیعیەوە. سەدر زیاتر لە جارێک بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دەبێت ئەو حکومەتەی سەدر دروستی دەکات باوکانە بێت، لە بەرامبەردا هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وا موقتەدا سەدر دەناسێنن کە تەنها سەرکردەیەکی سیاسییە نەک مەرجەعێکی ئاینی، چونکە سەدر بەرەی خۆی هەیە، بەیەک دووری لەگەڵ هەموو هێزەکان نییە. لەلایەکی ترەوە ئەو ململانێ مێژوییەی لە نێوان باڵەکانی حیزبی دەعوەی ئیسلامیدا هەبووە و چەندین جیابوونەوەی لە وێستگە جیاوازەکاندا بە خۆوە بینیووە، رۆڵی نەرێنی هەیە لە قووڵبوونەوەی ململانێکان، بە تایبەت کە بنەماڵەی سەدر خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی حیزبەکە دەزانن. بۆیە بەڕوونی ئەو ململانێ مێژووییە لە نێوان سەدر و مالیکیدا دیارە، ڕەنگە مێژووی پێکدادانی حکومەتی سەردەمی مالیکی لەگەڵ هێزەکانی سوپای مەهدی سەر بە ڕەوتی سەدر کاریگەریی بەرچاوی هەبێت لە چەقبەستنی زیاتری نێوان ئەم دوو ڕەوتە، چونکە سەدر ئەوەی نەشاردۆتەوە كە نایەوێت فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە حکومەتدا بەشداربن.
 

ڕانانى ئایندەیى ژمارە (١٠) ى ساڵى٢٠٢٢

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand