Draw Media

9 ساڵ حوکمڕانى لە تاریکیدا  

9 ساڵ حوکمڕانى لە تاریکیدا  

2022-04-25 16:56:11


(درەو):
نوسین و ئامادەکردنی: رێکخراوی ستۆپ ( به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکى (NED))
 

پێشەکی

ئامادەکردنی بودجە یەکێکە لە دەرهاوێشتەکانی دنیای مۆدێرنە، بۆ یەکەمجار کە لە بەریتانیا بودجە لە ساڵی 1698 لە پەرلەمان پەسەند کرا، دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو کە یەکێکیان سنوردار کردنی دەسەڵاتی پاشا بو لە سەپاندنی باج بە ئارەزووی خۆی، دووەمیان دابینکردنی پارەیەکی دیاریکراو بو کە پاشا دەسەڵاتی خەرج کردنی هەبو بەو مەرجەی دەستبەرداری هەموو داهاتەکانی تری بێت، واتە دەکرێت بڵێن ئامانجی بودجە لە مۆدێلی نوێی حکومڕانی سنوردارکردن و رێکخستنی چۆنیەتی بەدەستهاتن و خەرجکردنی داهاتی گشتی و چاودێرییە، کە قۆناغ بە قۆناغ شێوازی ئامادەکردنی گەشەی کردووە.
هەبوونی بودجە بۆ هەر حکومەتێک کە خاوەنی پلانی ستراتیژی بێت بۆ بەرێوەبەردن و هەوڵی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بدات لەماوەی کارکردنی پێویستیەکی بنەڕەتیە، چونکە بودجە واتە وەرگێرانی پلان بۆ سەر زمانی ژمارە و پارە، بەبێ ئەوەی بودجەیەکی ڕوون هەبێت کە دەستنیشانی ئەولەویەتی حکومەت بکات لەماوەی ساڵێکی دارایی هیچ حکومەتێک ناتوانێت پلانە ستراتیژیەکانی بەدی بهێنێت و بەڵێنەکانی جێبەجێبکات.
بۆ بونی بودجەیەکی باش داتا و زانیاری، پلان و بەرچاو ڕوونی، توانای پێشبینیکردن وهەماهەنگی نێوان دامەزراوەکان، گشتگیربوون و بەشداری هەموان. مکوڕبوون لەسەر شەفافییەت و بنەماکانی بەرێوەبردنی باش لە پێویستیە سەرەکیەکانن، ئەمانە هەبوو بەیەکەوە دواجار دەتوانن بودجەیەکی باش بهێننە بەرهەم کە لە خزمەت هێنانەدی ئامانجەکانی گەشەپێدانی وڵات بن.
دەتوانین بڵێین کاتی پەسەندکردنی بودجە وەک چۆن بۆ حکومەت گرنگە بەهەمان شێوە رۆژێکی گرنگیشە بۆ هاوڵاتیان چونکە لە بودجەکەدا رەنگ رێژی ساڵێکی دارایی وڵات دەکرێت و ئەرک و مافی هاوڵاتیانیشی تێدا جێگیر دەکرێت.
بۆچی پرسی بودجە لە هەرێمی کوردستان؟
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیەی کە ماوەی 9 ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لە گرنگترین ئەرکی ساڵانەی بواردووە و پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانەی ئاراستەی پەرلەمان نەکردووە کە خەریکە وەک حاڵەتێکی ئاسایی لێی دەڕواندرێت، نەبونی بودجە هەرێمی کوردستانی دوچاری کۆمەڵێک تەنگژەی ناڕوونی لە داهات و خەرجیەکان کردۆتەوە، هەروەها دەسەڵاتەکان روون نیە و وونبووە، ئاراستەی  سیستەمی ئابوری کوردستان دیار نییە کە ئایە بەتەواوی بەرەو سەرمایەداری دەبرێت، کە وەک دەبینین رۆژانە باج و رسومات زیاد دەکرێت، کەچی سەرەرای ئەو زیادبوونانە خزمەتگوزاریە گشتیەکان بەرەو پاشەکشەیە، تەندروستی و خوێندن لە پاشەکشەیە و برەو بە خوێندن و سیستەمی تەندروستی ئەهلی دەدرێت، هەبونی بودجە رێگایەکە بۆ ڕوونکردنەوەی ئاراستەی سیستەمی ئابوری کە وەک ئاماژەمان پێکرد یەکێکە لە کێشەکانی ئەمرۆی کوردستان.
ئێمە هەوڵدەدەین لەم راپۆرتە کە دەرەنجامی کۆمەڵێک فۆکەس گروپ و دیتنی خەڵکی پسپۆر و بەدواداچونە لەگەڵ دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە نەبونی بودجە لەکوردستان و مەترسی بەردەوامی ئەم پرۆسەیە لەسەر ئێستا و ئاییندەی هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو، هاوکات لە پاڵیدا کۆمەڵێک پێشنیاریش بۆ پەسەندکردنی بودجەیەکی باش و زانستی و سەردەمیانە بخەینە ڕوو.
بنەماى کارى راپۆرتەکە: 
رێکخراوی ستۆپ لە چوارچێوەی پرۆژەی (بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دەسەڵاتی یاسا) کە بە پاڵپشتى سندوقى نیشتمانى بۆ دیموکراسی NED ئەمریکى جێبەجێ دەکات. لەم وەرزەدا پڕۆژەکە بەشێکى تایبەتە بە کارکردن دەربارەى بودجەى لە هەرێمى کوردستان، کە تێیدا چوار چالاکى گفتوگۆى کراوە لە شارەکانى (هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە و دهۆک) ئەنجامدرا. 
کورتەى جێبەجێ کردن:
ئەو پرۆژەیە لە ئۆکتۆبەرى ٢٠٢١ دەستى پێکردووە و چالاکیەکانى تاوەکو سێپتێمبەرى ٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت. (رێکخراوەکەمان هەوڵدەدا لە ئایندەش وەک پرۆژەیەکى درێژخایەن چالاکى بەردەوامى دەربارەى بودجە  هەبێت). چالاکى یەکەم سلێمانى ١١/١٢/٢٠٢١ چالاکى دووەم دهۆک ١٨/١٢/٢٠٢١ چالاکى سێیەم هەڵەبجە ٨/١/٢٠٢٢ چالاکى چوارەم هەولێر ١٥/١/٢٠٢٢ ئەنجامدران، هاوکات ٧ چاوپێکەوتنى لەگەڵ شارەزایانى ئەو بوارە ئەنجامدراوە. ستافێکى پێنج کەسى لە رێکخراو سەرپەرشتى پرۆژەکەى کردوە.
ئامانجى کارکردن دەربارەى بودجە:
١. دروستکردنى فشار بۆ ئەوەى حکومەتى هەرێمى کورستان پرۆژە یاساى بودجەی ساڵانەی بخاتە بەرنامەى کاری و بباتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت. 
٢. بەمەبەستی چەسپاندنی شەفافیەت و رێگری لە گەندەڵی و دانانی بودجەیەکی پێشکەوتوو بۆ هەرێمی کوردستان.
٣. هێنانە پێشەوەى ئەزموونى بەشدارى هاوڵاتیان و رێکخراوەکان لە دارشتنى پلانى بودجەى ساڵانە، هەروەها چاودێرى کردنى.
ئامانجى گفتوگۆکراوەکانى شارەکان: 
یەکەم: لەو چالاکیانە دا نوێنەری حکومەت، پەرلەمان، ئەنجومەنی پارێزگا، رێکخراوەکان، مامۆستایانی زانکۆ، شارەزا پرسی بودجە بەشداربوونە و تاوەکو گفتوگۆیەکى زانستى لەسەر پرسی بودجە بکرێت. هاوکات تیمەک لە رێکخراوەکەمان سەرنج و راسپاردە و پێشنیارەکانى تۆمار دەکرد. 
دووەم:  تۆڕێکى چاودێرى لەو چوارچێوەیە گفتوگۆکراوەکانى شارەکان دروست بکرێت لە ئایندەدا کار دەربارەى بودجە بکات. لە هەر بەشێکى گفتوگۆکان تەوەرێک تایبەت کرا بۆ ئەوەى شێوازى رۆڵی رێکخراوەکان دیارى بکرێت وەک بەشێک لە پڵانى داڕشتنى سیاساتى گشتى بودجە.
کۆکردنەوەى زانیارى:
هاوکات بەمەبەستى کۆکردنەوەى زانیارى دەربارەى ئاستەنگەکانى بەردەم بودجە لە هەرێمى کوردستان و ئامادەکارى راپۆرت ٧ چاوپێکەوتن لەگەڵ شارەزایانى ئەو بوارە ئەنجامدرا، لە پەرلەمان، بەرپرسانى حکومى، مامۆستاى زانکۆ و چالاکوان.
لە چوارچێوەى گفتوگۆکراوەکانى شارەکان و چاوپێکەونى شارەزایانى بودجە و خوێندنەوەى چەندین توێژینەوەى زانستى و راپۆرتى رێکخراوەیی و میدیایی، بوون بە بنەماى ئامادەکردنى ئەو راپۆرتە.
ناوەڕۆکى کارى راپۆرت:
لە راپۆرتەکەدا گرنگى بودجە لە چەسپاندنى شەفافیەت و پێشخستنى حوکمڕانى و گەشەى ئابوورى روونکراوەتەوە، هاوکات زیانەکانى 9 ساڵ حوکمڕانى بەبێ یاسای بودجە باسکراوە، دیاریکردنى مۆدیلى گونجاو بۆ پێشخستنى بودجە لە هەرێمى کوردستان. کۆتایی راپۆرتەکە بە دەرئەنجام و راسپاردەکان دێت. راپۆرتەکە کۆمەڵێک پرسیارى گرنگى دەربارەى بودجە و گرنگى بۆ هەرێمى کوردستان کردووە و بەدواى وەڵامەکانى داچووە. 


بەشی یەکەم
بودجە لەنێوان هەبوون و نەبونیدا
 پێناسەی بودجە و خەسڵەتەکانی 

بودجە لەنێوان هەبوون و نەبونیدا
 پێناسەی بودجە و خەسڵەتەکانی 
بودجەی گشتی: بریتیە لە سیستەمێک کە تیایدا پێشبینی داهات و خەرجیەکانی ساڵی دارایی داهاتوو تیایدا بەشێوەی خشتەی ژمارە دەخرێتە ڕوو، کە رەنگدانەوەی ئامانج و ویستەکانی حکومەتە کە دەیەوێت بیانهێنێتە دی کە خۆی دەبینیتەوە لە ئامانجی سیاسی، ئابوری و  کۆمەڵایەتی، هەروەها وەک یەکێک لە ئامرازەکان دادەندرێـت بۆ چاودێری حکومەت.
واتە بودجە بریتیە لە داهاتی گشتی لەدەستی حکومەت کە پێویستە بۆ بەرژەوەندی گشتی بەشێوەیەکی ڕوون و گشتگیر بەکاریبهێنێتەوە، دەکرێ بلێین ئەم پرۆسەیە لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت، چۆن داهاتی گشتی دەستدەخرێت، چۆن بەرێوەدەبرێت، دواتر چۆنیش دابەش دەکرێت.
بەدەر لەوە حکومەت ناتوانێت بەرچاو ڕوونی پێویستی هەبێت لەبارەی داهاتەکان و سەرچاوەکانی بەشێوەیەکی شەفاف و هەروەها چۆنیەتی خەرجکردنی کە بتوانێت بەرژەوەندی هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکان رەچاوبکات.
خەسڵەتە سەرەکیەکانی بودجە
١. یەکانگیری:
 بەمانای ئەوەی هەموو بەشەکانی داهات و خەرجی گشتی پێویستە لە یەک خشتە و بەڵگەنامەی یەکگرتوو بێت بەبێ هیچ لێدەرکردنێت، ئەم بنەمایە یارمەتی لایەنەکان دەدات بەتایبەت دەسەڵاتی یاسادانان کە بە ئاسانی بگاتە زانیاری پێویست لەبارەی داهات و خەرجیەکان بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە و پەیوەندی بەشەکانی بەیەکترەوە، هاوکات زانیاری پرۆژە و پلانی حکومەت لەهەموو بوارەکان.
ئەم بنەمایە لە دوو ڕوو سودی دەبێـت: یەکەمیان لەڕووی دارایی، مەرکەزیەت و بەرچاو ڕوونی دارایی بۆ دەوڵەت و حکومەت دروستدەکات، دووەمیان دەبێتە هۆى ئاسانکاری بۆ پسپۆران و شارەزایانی ئابوری بۆ هەڵسەنگاندنی  داهات و خەرجیەکان و جیاوازی لەنێوانیاندا.
٢. ساڵانەیی بودجە:
وەک نەریتێک بودجە بۆ ماوەی یەک ساڵ ئامادە دەکرێت، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی هەندێک بنەمای دارایی و سیاسی، لەبارەی ئابوریەوە  ماوەی یەک ساڵ دادەندرێت بەوەی باشترین کاتە بۆ ئەوەی مەزندەی داهات  و خەرجی بکرێت، چونکە لەماوەی یەک ساڵدا کردە داراییەکان دووبارە دەبنەوە، لەڕووی سیاسیشەوە ماوەی ساڵێک کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی یاسا دانان بتوانێت چاودێری حکومەت بکات و لە حاڵەتی هەبونی کەموکوڕی دەتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات.


٣. گشتگیری: 
بەو مانایەی چۆن پێویستە بودجە بەبێ هیچ لێدەرکردنێک هەموو داهات و خەرجیەکان لەخۆی بگرێت، لەهەمانکاتدا بابەتێکە پەیوەندی بە هەموو هاوڵاتیان هەیە، بۆیە پێویستە بەر ژیانی هەمووان بکەوێت و هەمووان بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆیانی تێدا ببینەوە، وەک چۆن ئەرکیان دەکەوێتە سەر لەرێی پێدانی باج و رسومات بەهەمان شێوە پێویستە مافیشیان پێبدات، بۆ ئەوەش دەبێت زانیاری تەواو لەبەردەست دابێـت لەبارەی ژمارەی دانیشتوان، چین و توێژەکان، بێکاران، پێویستیەکان، پێویست دەکات لە کۆکردنەوەی داهات و دابەشکردنی خەرجیەکان دادپەروەری و هاوسەنگی رەچاوبکرێت، بەمانای ئەوەی هیچ چین و توێژێک لەسەر حیسابی ئەوانی تر زیاتر سودمەند یان زەرەرمەند نەبێت.
٤. هاوسەنگی داهات و خەرجی:
مەبەست لێی رەچاوکردنی هاوسەنگی بڕی ئەو داهاتەیە کە دەکەوێتە دەست حکومەت لەگەڵ خەرجیەکانی، کەمتر حاڵەتی زیادە ڕوو دەدات، بەڵام زیاتر کورت هێنانە.
ئەگەرچی تێگەیشتنێکی تریش هەیە  بۆ هاوسەنگیەکە پێیان وایە مەبەست لێی هاوسەنگی ئابورییە، کە لەو ڕوانگەوە دەکرێت  کورت هێنانی بە ئامانج هەبێت لە بودجەکە، لەپێناو هێنانەدی پرۆسەیەکی فراوانتری ئابوری و پێشخستنی لە دوور مەودا.
هەبونی کورتهێنان لە بودجە بەشتێکی ئاسایی دادەندرێت ئەگەر هاتوو لەپێناو ئامانجێکی درێژ خایەن بێت، کە زۆرینەی جار لەرێی قەرزەوە هەوڵی پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە دەدرێت. 
بەگشتی ئەوەی گرنگە لەم بنەمایە، هاوسەنگیە، بەجۆرێک لەداهاتوو حکومەت بەهۆی کورتهێنانەوە نەخرێتە ژێر قەرزێک کە توانای دانەوەی نەبێت یاخود دوچاری کێشەی ئابوری و سیاسی بکاتەوە.
 

هەرێمی کوردستان و بودجە
لەدوای راپەرینەوە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1993  تا 2013 بەشێوەی پچڕ پچڕ ساڵانە یاسای بودجەی پەسەند کردووە،  ئەم ماوەیەش بۆ دوو قۆناغی سەرەکی دابەش دەبێت، قۆناغی یەکەم ساڵانی 1993 تا 2009 لە خۆ دەگرێت کە لەم قۆناغە پرۆژە یاساکان زۆر بە کروچ و کاڵی ئامادە کراون، زۆرینەی خەسڵەتە بنەڕەتیەکانی بودجە لە خۆ ناگرێت، باسی سەرچاوەکانی داهاتی تێدا نیە، چۆنیەتی خەمڵاندنی داهات ڕوون ناکاتەوە، کە ئەمە بەشێکی سەرەکی بودجەیە، بەڵکو تەنها بەشی دیاریکردنی ئەو لایەنانەی مافی خەرجیان هەیە و داهاتی خەمڵێنراوی تێدایە. لەو ماوەیەش (١٢ ساڵ) بودجە پەسەند نەکراوە.
هەرچی قۆناغی دووەمە کە 2010 تا 2013 لە خۆ دەگرێت، ئەو پرۆژە بودجانەی ئامادەکراون، داهاتەکانیان لە خۆگرتبوو و تاڕادەیەک بەشێوەیەکی وردتر ئامادەکراون.

 

-    هەرێمى کوردستان لە ساڵانى ١٩٩٢ تاوەکو ٢٠١٣ تەنها ١٠ ساڵ بودجەى هەبووە. 
-    هەرێمى کوردستان لە ساڵانى ٢٠١٤ تاوەکو ٢٠٢١ بودجەى نەبووە کە ئەمە بە درێژترین ماوە دادەندرێت تیایدا هەرێمی کوردستان بەبێ بودجە بێت.


9 ساڵ حوکمڕانى لە تاریکدا
بەراگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ەوە حکومەتی هەرێم هیچ پرۆژە یاسایەکی بودجەی ئامادە نەکردووە و بۆ پەرلەمانی کوردستان نەناردووە، واتە لەو ماوەیە خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی یاسا ئەنجام دراون، سەرچاوە و بڕى داهات ناڕوون بووە. کە ئەمەش پێشێلکاریەکی ڕوونی یاسایە، نەبوونی بودجە لەچەند ڕووێکەوە زیان بە حکومەت و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت:
١. پەرتبوونی سەرچاوەکانی داهات:
بەو پێیەی یەکێک لە خەسڵەتەکانی بودجە بریتیە لە گشتگیری، واتە پێویستە هەموو سەرچاوەکانی داهات بچێتە ناو یەک خشتە لەوێ دوبارە بڕیار لە خەرجیەکان بدرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئێستا وەزارەتی سامانەسروشتیەکان بە بڕێک لە داهات تەمویلی مووچە دەکات واتە سەرجەم داهاتەکانی بۆ ناگەرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕوونی لە سەرچاوە و بڕی داهات. هەروەها دروست بوونى ژمارەیەک سندوقی لە وەزارەتەکان، واى کردوە داهاتەکان نەگەڕێتەوە.
٢. کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی خەرجی و فەرامۆش کردنی لامەرکەزیەت:
یاسای بودجە دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە دابەش دەکات، لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەت و دامەزراوە جیاجیاکان، بەڵام کاتێک ئەم پرۆسەیە بەگوێرەی یاسا رێک نەخرابێت ئەم دەسەڵاتە زۆرینەی دەگەڕێتەوە ئەنجومەنی وەزیران و کاری دامەزراوەکان سست دەکات.
٣. نا هاوسەنگی لە خەرجیەکان:
ئامانجێکی سەرەکی بودجە دروستکردنی هاوسەنگیە لە خەرجیەکانی حکومەت، بەو مانایەی هەموو چین و توێژ و سێکتەر و ناوچە جوگرافیەکان سوودمەند بن لە داهاتی گشتی، ئەم ئامانجەش بەبێ بوونی بودجە، کە بریتیە لە یەکخستنی داهات و خەرجی بەدی نایەت، وە ڕوون نابێتەوە کە چۆن خەرجیەکان دانراون و بنەمای هاوسەنگی و دادپەروەری تێدا جێکراوەتەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەرەتای ئەم کابینەیە رایگەیاند کە مووچەخۆران تەنها 25% خەڵکی کوردستان پێکدەهێنن، بۆیە نابێت حکومەت لەدابەشکردنەوەی داهاتی گشتی تەنها مووچەخۆران ببینێت، بەڵکو پێویستە بەرژەوەندی ئەوانی تریش رەچاو بکات، کە ئەمە تەنها لە دارشتنی بودجە بەدیدێت.
٤. لاوازکردنی رۆڵی پەلەمان و دامەزراوەکانی چاودێری:
هەبونی بودجە یەکێکە لە ئامرازەکانی چاودێریکردنی حکومەت، پەرلەمان یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانى دەرکردنى پرۆژە یاسای بودجە  کە ئەرکێکی راستەوخۆیەتی، چونکە بودجە پێویستی بە پشتراستکردنەوە و بە یاسایی کردن هەیە کە ئەمە ئەرکی پەرلەمانە، لەهەمانکاتدا رۆڵی چاودێری کردنیشی دەبێت، بۆیە کاتێک ئەم بودجە نەبێت ئەم پرۆسەیەش نامینێت، لەهەمان کاتدا لاوازکردنی رۆڵی دیوانی چاودێری داراییشە کە بەبێ بونی یاسای بودجە ناتوانن بەشێوەیەکی دروست چاودێری داهات و خەرجیەکانی حکومەت بکەن.
٥. دەرفەتی گەندەڵی و ناشەفافییەت زیاتر دەکات:
هەبونی بودجە واتە دەرهێنانی هەموو داهاتەکان و خەرجیەکان لە تاریکی بۆ ڕوناکی، هەموو ژمارەکان ڕوون دەکرێتەوە، سەرچاوەکانی داهات و خەرجیەکان، پێویستە بەشێوەیەکی شەفاف بخرێنە ڕوو، کاتێک ئەم پرۆسەیە نابێت واتە ژمارەکان لە تاریکی دەمێننەوە، ئەمەش چاودێریەکی باش ئەستەم دەکات و دەرگا بۆ گەندەڵی دەکاتەوە.
٦. نەمانی متمانەی خەڵک بە داتاکانی حکومەت:
کاتێک بەڕوونی لە بودجە سەرجەمی داهات و خەرجیەکان نەخرێتە ڕوو، حکومەت بەڵگەی پێویست نەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی رای گشتی باوەر بە ژمارەکان بکەن، پەرلەمان و دامەزراوەکانی توێژینەوە و کۆمەڵی مەدەنی و میدیا بەشێوەیەکی ورد نەیخەنە ژێر هەڵسەنگاندن، دواجار خەڵک بەرامبەر هەر ژمارەیەکی حکومەت بەگومان دەبێت و باوەڕی پێناکات.

٧. نەمانی دیاریکردنی ئەولەویەت کە وەڵامدەرەوەی پێویستیەکان بێت:
بەو پێیەی بودجە تەنها گوزارشت نیە لە خشتەیەکی بێ رۆح و  پێشینە نیە، بەڵکو پرۆسەیەکی دوور و درێژە و لەچەندین ئاست دامەزراوەکان بەشداری تێدا دەکەن، دەکرێت تادارەیەکی باش وەڵامدەرەوەی پێویستیەکان و رەنگدانەوەی واقیع دەبێت، بەڵام کاتێک ئەم پرۆسەیە فەرامۆش دەکرێت و لەسەرەوە بڕیار لەسەر چۆنیەتی خەرجیەکان دەدرێت، ئەوکات ناتوانێت وەڵامدەرەوەیەکی واقیعی خواستی چین و توێژەکان بێـت.
٨. بەربەست لەبەردەم  جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژیەکانی حکومەت:
بودجە تەرجەمەی ژمارەیی پلانەکانی حکومەتە، کاتێک حکومەتێک بیەوێت گرنگی بەکەرتێک بدات زیاتر لە کەرتەکانی تر و ئەولەویەتی پێببەخشێت، پێویستە ئەم گرنگیپێدانە لە پرۆژەی بودجە رەنگ بداتەوە، بۆ نمونە حکومەتی هەرێم لە کارنامەی کابینەی نۆیەم سێ کەرتی کردۆتە ئەولەویەتی خۆی، (پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار)، بەڵام کاتێک بودجە نەبێت، حکومەت ناتوانێت بەرچاوی ڕوون بێت بە چ فۆرمێک گرنگی بەم کەرتانە بدات بۆ ئەوەی پێشیان بخات، بۆیە جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژی بەبی بونی بودجە ئەستەم دەبێت.
٩. لاوازبوونی پەیوەندی دامەزراوەکان بەیەکەوە:
بەو پێیەی پرۆسەی داڕشتنی بودجە پرۆسەیەکی گشتگیرە، لەنێوان دامەزراوەکان لە پەرلەمان و حکومەت و وەزارەت و پارێزگا یەکە جیاجیاکان و دەستە چاودێریەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیا و هاوڵاتیانیش، لەم پرۆسەیە یەکە کارگێڕییەکان وادەکات دامەزراوەکان ئاگاداری پلانی یەکتر بن و یەکتر تەواو بکەن، وادەکات دامەزراوەکان لەناوخۆیاندا گرنگی بە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری بدەن بۆ دارشتنی پلان و پرۆژەکانی خۆیان، تا بتوانن قەناعەت بە سەرووی خۆیان بکەن کە پرۆژە و پلانەکانی ئەوان پێویستە و دەبێت لە بودجە جێبکرێتەوە.
١٠. لاوازبونی بەرێوەبردنی دارایی گشتی:
پرۆسەی داڕشتنی بودجە پرۆسەیەکی زانستیە و بنەمایەکە بۆ گەشى ئابوورى، لە مۆدێلە پێشکەوتوەکانی دنیا بەردەوام لە نوێبونەوە و هێنانە پێشی تەکنیکی نوێیە، لەپێناو ئەوەی بودجە بە باشترین شێوە وەڵامدەرەوەی پێویستیەکان بێت، کاتێک لە بنەڕەتدا پرۆژەی دارشتنی بودجە فەرامۆش بکرێت، ناتواندرێت سوود لە ئەزمون و تەکنیەکە نوێیەکان وەربگیرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی بەرێوەبردنی دارایی گشتی بەهێزتر بکرێت، بەجۆرێک کەمترین خەرجی و زۆرترین بەرهەم بەدی بهێنێت.
١١. نادڵنیایی لەبارەی کەرتی باج و ڕسومات:
بەو پێیەی داهات بەشێکی گوزارشتە لە کۆکردنەوەی باج و ڕسومات، لە بودجە بۆ سەرجەم بەخشەرانی باج و رسومات ڕوون دەبێتەوە کە ئەو پارەی ئەوان دەیدەن بە ناوی باج  و رسومات کە دەچێتە خەزێنەی گشتی چۆن جارێکی تر لە بوارە جۆربەجۆرەکانی خزمەتگوزاری بەکاردەهێندرێتەوە، ئەم پرۆسە وادەکات پرۆسەی پێدانی باج و رسومات رێکبخرێتەوە، هەر زیاد کردن و کەمکردنێک تیایداندا بەچەندین پرۆسە تێدەپەرێت و دڵنیایی دروستدەکات، کە بۆچی لەکەرتێک باج یان رسومات زیاد دەکرێت، نەبونی ئەم پرۆسەیە وادەکات هاوڵاتی و باجدەر بەهۆی ئەوەی متمانەی بە چارەنوسی ئەم باجە یان رسوماتە نیە، هەوڵدەدات خۆی لێبدزێتەوە، بۆ نمونە لە وەرگرتنی رسوماتی رێگا و بان و ژینگە لە شوفێران، بەگوێرەی بەدواداچون داهاتەکانیان لەم بوارانە خەرج ناکرێتەوە.

پاساوەکانی نەبونی بودجە لە هەرێم
لە دوای قەیرانەکانی ساڵی 2013 و بڕینی بودجە و پاشان لە 2014 شەڕی داعش، حکومەتی هەرێم کردیە پاساوی ئەوەی چیتر پرۆژە یاسای بودجە ئامادە نەکات، بەو پێیەی بەرچاو ڕوونی نەبوە بۆ بڕی داهاتەکان بەتایبەت ئەوەی لە بەغداوە دەهاتە هەرێمی کوردستان.
بەڵام ئەم پاساوە بەگوێرەی یاسا قبوڵکراو نیە، زیاتر لەوە پسپۆران پێیان وایە لەکاتی هەبونی قەیران بونی پرۆژەی بودجە زۆر پێویستترە، بۆ ئەوەی حکومەت بەشێوەیەکی تۆکمەتر بتوانێت داهاتەکانی رێکبخات و خەرجیەکانی ئاراستە بکات.
حکومەتی هەرێم لەم ماوەیە بەهۆی نەبونی بودجە هەموو خەرجیەکانی لە دەرەوەی یاسا بووە، لە ٢٠١٤ تا ٢٠٢٠  راگەیەنراوی دارایی (بیان مالی) لەجیاتی (حیساب ختامی) ئاراستەی پەرلەمان کردووە، جگە لە راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت لەبارەی وردبینی لە داهاتی کەرتی نەوت، ئەگەرچی لەگەڵ کابینەی نۆیەم گۆڕانکاریەک لەم ڕوە ڕوویدا، حکومەت هەنگاوی هەندێک ناوە بە ئاراستەی خستنە ڕووی  داهاتەکانی، بەڵام ئەمەش چەند کێشەیەکی هەبوە:
    تا ئێستا زانیاری لەبارەی ئەوە نیە کە ئەو ژمارانەی وەک داهات حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت سەرجەمی داهاتە بەدەستهاتوەکانی هەرێمە؟ بەهۆی ئەوەی نەخراوەتە یاسای بودجە و پەرلەمان و دامەزراوەکانی چاودێریش نەیانتوانیوە بەدواداچونی پێویست بکەن لەبارەی بڕ و سەرچاوەکانی داهات لە هەرێم.
    بەهۆی مانەوەی کاریگەریەکانی دوو ئیدارەیی تا ئێستاش بەشێکی داهاتی خاڵە سنورییەکان ناگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی وەک لە لێدوانی بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمانتاران رەنگدەداتەوە.
    تا ئێستاش هەموو داهاتەکانی هەرێم ناگەڕێنەوە وەزارەتی دارایی وەک ئەوەی لەسەرەتای ئەم کابینەیە جەختی لێکرایەوە، بەڵکو بۆ مووچە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان مانگانە بە بڕێک پارە تەمویلی وەزارەتی دارایی دەکات بۆ خەرجیەکان.


بەشى دووەم 

مۆدیلە تازەکانى بودجە 
هەرێمی کوردستان پێویستی بە چ جۆرە بودجەیەکە

مۆدیلە تازەکانى بودجە 
هەرێمی کوردستان پێویستی بە چ جۆرە بودجەیەکە؟
بەگوێرەی ئەم شیکاریەی لە بەشى یەکەم دەربارەى بودجە کردمان، هەبونی بودجە پێویستیەکی حەتمیە بۆ پێشخستنی حکومرانی باش لە هەر ناوچەیەکی حکومرانی، بۆیە هەرێمی کوردستانیش کە ماوەی 9 ساڵە بە قەیرانێکی درێژ خایەنی ئابوری و دارایی تێدەپەرێت، نەبونی بەرچاو ڕوونی لەبارەی داهات و خەرجیەکانی و چۆنیەتی ئیدارەدانی پرۆسەکە وای کردوە  کێشەکانی قوڵتر بێتەوە، بۆیە ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجە دەکرێت یەکێک بێت لە دەرچەکانی دەرباز بوون لەو قەیرانە درێژخایەنە، بەو مەرجەی بنەماکانی دارشتنی بودجەیەکی باش رەچاو بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش بەگوێرەی توێژینەوەی ئێمە ئەم پرۆسەیە پێویستی بەچەند قۆناغێک هەیە بەم شێوەیە:
شێوازى پەیڕەوکراوى ئامادەکردنى بودجە لە هەرێمى کوردستان
بودجەى بنود: دەستپێکردنی پرۆسەی داڕشتن و پەسەند کردنی بودجە
ئەو فۆرمەی داڕشتنەی بودجەی هەرێمی کوردستان کە تا ساڵی 2013 بەردەوام بوو، دەکرێت بڵێین کۆنترین شێوازی ئامادەکردنی بودجەیە، کە لە دوای دروستبونی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ پشتی پێبەستراوە، کە بە (بودجەی بنود) ناسراوە، لەم فۆرمە کۆمەڵێک خشتەی ئامادە هەیە، ساڵانە حکومەت داهات و خەرجیەکانی خۆی تێدا دادەرێژێت، بە پشت بەستن بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی رابردوو، بەسروشتی خۆی ئەم فۆرمە ساڵانە کەمترین گۆڕانکاری تێدا ڕوودەدات.
فۆرمی دارشتنی بودجە لەم مۆدێلە لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە، لەسەر بنەمای بەشداری لایەنەکان بۆ دیاریکردنی داهات و خەرجیەکانیان، بە گۆڕانکاریەکی کەم، کێشەی ئەم فۆرمە ئەوەیە وەک پێویست ناتوانێت وەڵامدەرەوەی پێویستیەکانی گەشەپێدانی ئابوری بێت، بەڵکو زیاتر لە بەرێوەبردنی سادەی خەرجی و داهاتە. 
واتە لەم فۆرمە حکومەت ناتوانێت گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە داهات و خەرجی ساڵانەی خۆیدا بکات، بەڵکو پابەندە بە کۆمەڵێک خشتەی دیاریکراو کە دەبێت ساڵانە پڕ بکرێتەوە، لایەنەکانی خوارەوەش کە بەشداری لە دارشتنی دەکەن بەهەمان شێوە پابەندن بە کۆمەڵێک خشتەی پێشوەختە.
لەم شێوازەدا کەمتر دەتواندرێت گۆڕانکاری ریشەیی لە بودجەی ساڵانە بکرێت بە قازانجی پلانە نوێیە ستراتیژیەکانی حکومەت، بەڵکو زیاتر تەواوکاری دەبێت بۆ بودجەی ساڵی پێش خۆی. هەرچەندە بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی باش دەبێت، بۆ ئەوەی دوبارە دەست بە پرۆسەی دارشتنی بودجە بکرێتەوە، دواتر هەنگاو بە هەنگاو بەرەو فۆرمە نوێیەکانی ئامادەکردنی بودجە هەنگاو بنرێت بە پشتیوانی و هاوکاری دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و ناوخۆییەکان و پسپۆرانی بوارەکە.
بۆ پێشخستنى ئەو شێوازە چەند تێبینیەک دەخەینەڕوو:
•    پێویستە بودجەکە گشتگیر بێت سەرجەم داهات و خەرجیەکان لەخۆ بگرێت.
•    پابەندبوون بە کاتی تێدابێت لە پێشکەشکردن و پەسەندکردن، هەروەها ژمێرەی کۆتایی.
•     بنەمای لامەرکەزیەت لە دارشتنیدا رەچاو بکرێت.
•    بەشداری چین و توێژەکان و لایەنەکان لە دارشتنی رەچاو بکرێت.
•    بەر مەبنای ئەولەویاتەکانی پرۆژە ستراتیژیەکانی حکومەت بێت.
مۆدیلە تازەکانى بودجە
١. بودجەی بنەما سفری
ئەم فۆرمەی دارشتنی بودجە بەتەواوی جیاوازە لە فۆرمەکانی تری، بەشێوەیەک کە بودجەی پێشوو ناکرێتە بنەما بۆ دارشتنی بودجەی نوێ، بەڵکو بەشێوەیەکی تەواو سەربەخۆیانە دادەرێژرێت، بەجۆرێک دەبێت هەموو خەرجیەک پاساو و هۆکاری خۆی تێدا ڕوون بکرێتەوە، ئەم فۆرمە لە دارشتنی بودجە دەرفەتی ئەوە دەرەخسێنێت هەموو بوارەکان سەر لەنوێ هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێتەوە، گۆڕانکاری ریشەیی لە بودجە بکرێت، بەگوێرەی تێگەیشتنی نوێ و پێویستیە نوێیەکان.
ئەم فۆرمە چەند گرنگیەکی هەیە:
1.    هەموو ئەو خەرجیە یەکلابوەوانە لادەبێت کە ساڵانە بەبێ هەڵسەنگاندن دووبارە دادەندرێنەوە، بەڵکو ئەولەویەت دەدات بەوانەی پێویستن و لابردنی ئەوانەی گرنگ نین.
2.    دەرفەت دەدات بۆ ئەوەی ئازادانە هەر مۆدێل و شێوازێک لە پرۆژەی بودجە رەچاوبکرێت کە لە خزمەت بەرژەوەندی گشتی دایە.
ئایە گونجاوە بۆ هەرێمی کوردستان؟
خاڵی لاوازی ئەم مۆدێلە ئەوەیە کە کات و توانایەکی زۆری پێویستە بۆئەوەی دابرێژرێت و پرۆسەیەکی ئاسان نیە، لەهەمان کاتدا بەو پێیەی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوازی بودجەی بنود راهاتووە و زۆرینەی خەرجیەکانی جێگیرە بۆ نمونە بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵى 2013 دا، بودجە ٦٩% بۆ بوارى بەگەڕخستن؛ مووچە رۆیشتوە، بودجە ٣١% خەرجیەکان بۆ بوارى وەبەرهێنانە. سودێکی ئەوتۆ لەو مۆدێلە نابینێت، کاتێک نەبێت گۆڕانکاری ریشەیی لە خەرجیەکانی ڕووبدات ئەمەش کاتی پێویستە.

٢. بودجەی ئەولەویەت پێدان
بەیەکێک لە تیۆرە هەرە گرنگەکانی دارشتنی بودجە دادەندرێت، کە تیایدا دوای ئەوەی داهات و خەرجیەکان هەڵدەسەنگێندرێت، هەوڵدەدرێت لە دارشتنی پرۆژەی بودجە ئەو ئەولەویەتە زۆر پێویستانە دیاری بکات کە بخرێنە بودجەی ساڵەکە. دیاریکردنی ئەولەویەتەکانیش پێویست دەکات پرۆسەیەکی گشتگیر بێت و دەرەنجامی داتا و زانیاری و شیکاری و بەشداری چین و توێژ و لایەنەکان بێت.
لەم پرۆسەیە تەرکیز دەکەوێتە چۆنیەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان بەجۆرێک هۆکارەکانی تێدا ڕوون دەکرێتەوە لەگەڵ تێچوون و کات لەکۆتایشدا سودەکانی دەخرێتە ڕوو، لەسەر ئەم بنەمایە پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری پێش دەخرێت و یەکێکی تر دوادەخرێت، واتە لە دەرەوەی میزاجی شەخسی و بڕیاری تاک لایەنە و رەچاونەکردنی جەدوایە.
ئەم شێوازە لە دارشتنی بودجە یارمەتیەکی زۆری حکومەت دەدات بۆ ئەوەی بودجە وەڵامدەرەوەی پێویستیەکانی هاوڵاتیان بێت، بتوانێت پلانە ستراتیژیەکانی خۆی لەبواری پەرەپێدانی ئابوری جێبەجێ بکات، جۆر و ئاستی خزمەتگوزاریەکانی پێشوو هەڵسەنگێنێت و بیکاتە بنەما بۆ پرۆژەکانی داهاتوویی.
گرنگترین بەشی ئەم فۆرمە لەدارشتنی بودجە ئەوەیە، ئەوەندە چاوی لەسەر دەرەنجامی پرۆژەکانە کەمتر فۆکەسی لەسەر خەرجیەکانە، وەک ئەوەی لە شێوازە تەقلیدیەکەی دارشتنی بودجە دەبینرێت.
ئایە گونجاوە بۆ هەرێمی کوردستان؟
بەلەبەرچاوگرتنی ئەم تایبەتمەندیەی کە لەم فۆرمەی دارشتنی بودجە هەیە، بەتێگەیشتنی ئێمە گونجاوترینە لە ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان، پێشنیاردەکەین حکومەتی هەرێم پلانی بۆ دابرێژێت بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ  پەیڕەوی بکات و بیکاتە بەرنامەی خۆی. ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی ئەم راستیانەی خوارەوە:
•    ئەم فۆرمە گەرەنتی زۆرترین بەشداری چین و توێژ و دامەزراوە و لایەنەکان و هاوڵاتیان دەکات لە دانانی ئەولەویەتەکانی حکومەت، ئەوەش دەرفەت دەدات متمانەی نێوان هاوڵاتى و حکومەت بەهێز بێت.
•    دەرفەت دەرەخسێنێت تا حکومەت بتوانێت ئەولەویەتەکانی کارنامەکەی جێگر بکات، لە بودجە دا وەریگێڕێتە سەر پرۆژە و ژمارە.
•    هۆکارێک دەبێت جەدوا و دەرەنجامەکانی پرۆژەکانی حکومەت زیاتر چاوی بخرێتە سەر لە ڕووی ئاستی جێبەجێکردنی خواستەکان و وەڵامدەرەوەی پرۆژەی پێشخستنی ئابوری.
•    دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لە فۆرمە تەقلیدیەکەی بودجە، کە نەیتوانیوە وەک پێویست وەڵامی داخوازیەکانی قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان بداتەوە.

٣. بودجەی بەشداری
بۆچی داڕشتنی بودجەی بەشداری بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە؟
ئامادەکردنی بودجەی بەشداری دەکرێت بەیەکێک لە ئامرازە باش و پێشکەوتوەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی لە رێیەوە هاوڵاتیان بتوانن بەشداری لە بڕیارەکانی دابینکردنی هەموو یان بەشێکی بودجە بکەن بۆ کەرتێکی دیاریکراو، ئامادەکردنی بودجەی بەشداری پرۆسەیەکی تەواو دیموکراسیە و گشتگیرە کە رێگا بە هاوڵاتیان دەدات بەشداری لە گفتوگۆکانی ئامادەکردنی بودجە و سیاسەتە گشتیەکان بن، بەجۆرێک بەشداری هاوڵاتیان لە بابەتە گشتیەکان تەنها لە هەڵبژاردن کورت نابێتەوە، بەڵکو دەبێتە پرۆسەیەکی بەردەوام، کە لەلایەک دەبێتە هاوکار بۆ حکومەت بۆ دیاریکردنی ئەولەویەتەکانی لە بودجە هەروەها ئامرازێکیش دەبێت بۆ چاودێری گشتی لەسەر حکومەت.
ئەم پرۆسەیە بۆ یەکەمجار لە بەرازیل لە شاری پۆرتۆ ئەلیگیری دەستی پێکرد، بەجۆرێک تا ساڵی 1993 زیاتر لە 8 هەزار هاوڵاتی لە پرۆسەکە بەشداریان دەکرد، ئەویش لە دەروازەی تایبەت بە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە هاوڵاتیان بەشداریان پێدەکرا، دواتر ئەم ئەزمونە بەهۆی سەرکەوتنی بۆ هەر پێنج ویلایەتی بەرازیل 100 شاری وڵاتەکە گوازرایەوە.
لەم مۆدێلە هاوڵاتیان بە ڕوونی هەست بە کاریگەری بۆچونەکانیان لەبارەی پرۆژەکانی خزمەتگوزاری لەناوچەی نیشتەجێبوونی خۆیان دەکەن، ئەوکات پرۆژەکانی حکومەتیش واقیعی تر دەبێت و وەڵامدەرەوەی پێویستیەکانی خەڵک دەبێت.
سودەکانی بودجەی بەشداری:
1-    زیاتر کردنی شەفافییەت لە بەرێوەبردنی گشتی و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری
2-    هاندانی هاوڵاتیان بۆ بەشداریکردن لە پرسە گشتیەکان و دابینکردن و چاودێری داهاتی گشتی.
3-    دیاریکردنی ئەولەویەتەکانی حکومەت بە بەشداری هەمووان بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی خواستی زۆرینە بێت.
4-    زیاترکردنی متمانەی نێوان حکومەت و هاوڵاتی لەبارەی بەرێوەبردنی داهاتی گشتی و ئەو داتا و زانیاریانەی حکومەت بڵاویان دەکاتەوە.
مەرجەکانی جێبەجێکردنی بودجەی بەشداری:
•    هەبونی ئیرادەی لەلایەن حکومەت و دروستکەرانی بڕیار و لایەنە بەرپرسەکان لەسەر ئاستی ناوچەکان و قەزا و ناحیەکان تا ئاستی سەرەوە.
•    دانانی کۆمەڵێک بنەمای مۆدێرن بۆ چۆنیەتی بەشداری کردنی هاوڵاتیان و جێبەجێکردنی راسپاردەکان.
•    بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی هاوڵاتیان لەبارەی گرنگی پرۆسەکە و هاندانیان بۆ بەشداریکردن.
•    بڵاوکردنەوەی زانیاری و شەفافییەتی حکومەت لەبارەی داتا و زانیاریەکان بۆ هاوڵاتیان.


 

ئەو پرۆژانە چین کە دەشێت هاوڵاتیان پێشنیاریان بکەن و داواى جێبەجێ کردنیان بکەن؟ سروشتى ئەو پرۆژانە چۆنە؟ دەچنە چوارچێوەى چ سێکتەرێک و چۆن پۆلێن دەکرێن؟ دەشێت ئەو پرۆژانە لە چورچێوەى پەرەپێدانى کۆمەڵگەیی دابندرێن.  پەیوەندى راستەوخۆیان بە ئەولەویاتى هاوڵاتیانەوە هەیە پێداویستى ژیانى رۆژانەیان پڕدەکەنەوە. لە نێو کەرتە خزمەتگوزارییەکانى وەک تەندروستى و پەروەردە و ژینگە و خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان و پڕۆژە کشتوکاڵیەکان و.... هتد. گرنگە کۆمەڵگەى خۆجێی بەشداربێت لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنیان و بەشداربێت لە هێنانەدی پەرەپێدانى خۆجێى بەردەوام.
چۆن لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت؟
بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، پێشتر جەختمان لەسەر گرنگی تیۆری ئەولەویەت پێدان لە دارشتنی بودجە کردنەوە، بۆ ئەوەش بەگرنگی دەزانین لە ئێستاوە پلانی حکومەت بۆ ئەوە بێت بەشداری گشتی هاوڵاتیان و دامەزراوەکان لە ئاستە جیاجیاکان بەهێزتر بکرێت، بۆ ئەمەش دەتواندرێت، چەند سودێکی هەبێت:
•    بەهێزکردنی متمانەی نێوان خەڵک و حکومەت لەبارەی داتا و زانیاریەکان، بەو مەرجەی حکومەت سەرجەم زانیاریەکانی لەبارەی داهات و خەرجیەکانی بڵاوبکاتەوە.
•    دیاریکردنی ئەولەویەت بەگوێرەی خواستی هاوڵاتیان، ئەمەش وادەکات پرۆژەکانی حکومەت واقیعی تر بێت.
•    بەهێزکردنەوەی بەشداری گشتی هاوڵاتیان لە پرسە گشتیەکان، وەک دەزانین لەم چەند ساڵانەی کۆتایی بەشداری هاوڵاتیان بەرێژەیەکی زۆ دابەزیوە، ئەمەش لە هەلبژاردنەکان بە ڕوونی دەرکەوت ، ئەم جۆرە پاشەکشەیەش بەگوێرەی زۆرینەی ئەزمونەکان وڵات بەرەو توندوتیژی و ناسەقامگیری دەبات.

کێشەى یاسایی بودجە لە هەرێمى کوردستان
هەرێمی کوردستان یاسایەکی بنەڕەتی نیە بۆ پرسی دارایی، کە تیایدا کۆمەلێک بنەمای بچەسپێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دارایی گشتی و هەروەها هێلە گشتیەکانی بودجە، بەپێچەوانەی عێراق کە لە ساڵی 1924 ەوە  لەگەڵ دەرچونی سیستەمی ئیدارەی دارایی تیایدا کۆمەڵێک رێکاری بۆ چۆنیەتی ئامادەکردن وجێبەجێکردن و چاودێری کردنی بودجە دەستنیشان کردووە.
 هەروەها لە دەستوری ساڵی 1921ی عێراق تیایدا بە ڕوونی دەسەڵاتی داوەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی گفتوگۆی پرۆژە یاسای بودجە بکات و پەسەندی بکات، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبونی دەستور، هیچ بنەمایەکی دەستوری نیە بۆ چۆنیەتی ئامادەکردن و گفتوگۆ لەسەرکردن و چاودێریکردنی بودجە.
ئەمەش کەموکوڕیەکی ڕوونە بۆ بواری قانونی بۆ پەسەند کردنی بودجە، ئێستا حکومەتی عێراق بۆ پرسی پەسەندکردنی بودجە پشت بە یاسای ژمارە (6)ی  ساڵی 2019 کە بە یاسای بەرێوەبردنی دارایی ناسراوە دەبەستێت، کە تیایدا کۆمەڵێک رێکار و پێوەری دیاریکردووە بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵانە، بەڵام تاکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان ئینفازی نەکردووە و هیچ جێگرەوەیەکیشی بۆ دیارینەکردووە، ئەمەش بونی بۆشاییەکی زەقە لەم بوارەیەوە، لەکاتێکدا زۆربەی دامەزراوە گەورەکانی بواری دارایی لە جیهان لەنێویاندا بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جەخت لە گرنگی هەبونی ئەو یاسا دەکەنەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک رێکار و بنەمای تایبەت بە بودجە هەبێت کە گەرەنتی پابەندبوون و  شەفافییەت و رێگری لە گەندەڵی و بەرپرسیاریەتی و چاودێری بکات، هاوکات دەسەڵاتەکان پەیوەندیدار بە بودجە لەنێوان حکومەت و پەرلەمان رێکبخات و بەرژەوەندی هەمووان رەچاو بکات، مۆدێلێە پێشکەوتوەکانی دارشتنی بودجە بەگونجاندیان لەگەڵ دۆخی ناوخۆیی جێگیربکات.
بودجە و پەرلەمان
ئەوەی جێگیرە لە پرسی بودجە لە هەرێمی کوردستان تەنها لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانە، کە تیایدا مادەی 9ی بۆ ئەم پرسە تەرخان کردووە، بەپێی پەیرەوەکە پێویستە پەرلەمانی کوردستان لە مانگی (10) هەموو ساڵێک بودجەی ساڵی داهاتوو بەمەبەستی پەسەندکردن بنێرێتە حکومەتى هەرێمی کوردستان، بەڵام بەسەرنجدان لەو ساڵانەی حکومەت بودجەی بۆ پەرلەمان ناردووە هیچ ساڵێک حکومەت پابەندی کاتی خۆی نەبوە، هەروەها پێویستە لە مانگی نیسانی هەموو ساڵێک حکومەت ژمێرەی کۆتایی ئاراستەی پەرلەمان بکات، بەڵام بەهەمان شێوە حکومەت پابەندی ئەم برگەیەش نەبوە.

 

پەیرەوی ناوخۆ ماف دەداتە پەرلەمان بڕی تەرخان کراوی بودجە هەڵبوەشێنێتەوە، یان کەمی بکات، یاخود بیگوازێتەوە لە دەروازەیەک بۆ دەروازەیەکی تر. بەهیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نەداوەتە پەرلەمان بودجە زیاد بکات، هەروەها مافی ڕەت کردنەوەی پێنەداوە.

بەشى کۆتایی

دەرئەنجام و راسپاردەکان

دەرەنجامەکان
•    پاساوەکانی پشتگوێ خستنی ئامادەکردنی پرۆژەی بودجە و ناردنی بۆ پەرلەمان لاوازن، هەموو ئەو خەرجیانەش کە لە دەرەوەی یاسای بودجە کراون لەماوەی ئەو 9 ساڵە نایاسایین.
•    بەهۆی نەبونی پرۆژەی بوجە، ناڕوونی لە داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی 9 ساڵی رابردوو زیاتر بوە. بەگوێرەى ئەنجامى راپرسیەکى رێکخراوەکەمان کە پرسیار لە هاوڵاتیان کراوە، ئایا متمانەت بەو داتا و زانیاریانە هەیە کە حکومەت لەبارەی داهاتەکانی (نەوت، ناوخۆ، خاڵە سنوریەکان) بڵاویدەکاتەوە؟ لە کۆى بەشداربوانى راپرسیەکە ٧٧.٧% بە نەخێر وەڵامىداوەتەوە، باوەڕى بەو داتایانە نییە.
•    ئەم مۆدێلەی پێش 2014 پەیڕەوکراوە لە دارشتنی بودجە مۆدێلێکی کۆنە و وەک پێویست ناتوانێت رۆڵی لەپێشخستنی ئابوری هەبێت.
•    نەبونی پرۆژە یاسای بودجە رۆڵی پەرلەمان و دامەزراوەکانی چاودێری بۆ بەدواداچونی چۆنیەتی خەرجکردنی داهاتی گشتی زۆر لاواز کردووە.
•    بەهۆی نەبونی بودجە تا ئێستا داهاتەکانی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە ناو یەک خەزێنە کە وەزارەتی داراییە.
•    بەگوێرەی دان پێدانانی بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمان هەموو داهاتەکانی هەرێم ناگەرێتەوە و بەشێکی دەستی بەسەردا دەگیرێت.
•    نەبونی پرۆژەی بودجە بۆتە هۆی وەستانی بەشێکی زۆری پرۆژە خزمەتگوزاریەکان، هەروەها پاشەکشەی گەورە لە سێکتەرە گشتیەکان بەتایبەت خوێندن و تەندروستیش ڕوویداوە.
•    سەرەڕای زیادبونی باج و رسومات بۆ سەر چین و توێژەکان، بەهۆی نەبونی پرۆژەی بودجە هاوڵاتیان نازانن بۆچی بەکاردەهێندرێتەوە، ئەمەش متمانەی نێوان خەڵک و حکومەتی لاوازتر کردووە.
•    کابینەی نۆیەم ئەگەرچی لەڕووی بڵاوکردنەوەی داتا و زانیاری هەنگاوی زیاتری ناوە لە حکومەتی پێش خۆی،  پرۆژەی بودجەشی ئامادەکردووە، نەناردنی بۆ پەرلەمان وای کردووە نەتوانێت بەڵێنی زیاترکردنی شەفافییەت وەک خۆی جێبەجێ بکات.
•    نەبونی ئیرادەی سیاسی و مانەوەی پاشماوەکانی دوو ئیدارەیی و ئاشکرانەکردنی هەموو داهاتەکان هۆکاری سەرەکی نەناردنی بودجەیە بۆ پەرلەمان.
•    نەبوونى یاسای بودجە لەساڵانى رابردوو لە هەرێمى کوردستان، هۆکارێکە بۆ چارەسەر نەبوونى کێشەی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا.
•    نەبونی بودجە بۆتە هۆی دروستبونی ناڕوونی لە دیاریکردنی ئەولەویەتی حکومەت لە گرنگیدانی بەکەرتەکان، تەنها ئامانجی ئەم چەند ساڵە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بووە.
•    نەبونی پرۆژەی بودجە بۆتە هۆکاری ئەوەی زۆربەی دەسەڵاتەکانی خەرجی بگەرێتەوە ئەنجومەنی وەزیران، بنەمای لامەرکەزیەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی خەرجکردن پشتگوێ بخرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەدای دامەزراوەکان هەبووە.
•    لە خاڵى سێیەمى و چوارەمى راسپاردەکانى راپۆرتی ئەمساڵی شەفافییەتی نێودەولەتی کە بەمشێوەیە:
سێیەم: بەهێزكردنی دامەزراوەكانی چاودێری و سیستەمی چاودێری دامەزراوەكان بەسەر یەكترەوە.
چوارەم: ڕوون بونی خەرجیەكانی حكومەت.
لەبارەی بەهێزکردنى دامەزراوەکانى چاودێرى و خەرجیەكانی حكومەتی هەرێم، کەچى پەرلەمانى کوردستان وەک بەرزترین دامەزراوەى چاودێرى و کە یەکێک لە کارە هەرەگرنگەکانى دەرکردنى پرۆژە یاساى بودجەیە، بەڵام ماوەی ٩ ساڵە هەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بودجە بەرێدەكات، ئەوەش پێشێلكاریەكی زەقی یاسایە و ناكرێت حكومەت هیچ خەرجیەك لە دەرەوەی یاسا بكات. نەبوونى پرۆژە یاساى بودجەى ساڵانە وەک هەڕەشەیەک لەسەر ئایندەى کیانى هەرێمى کوردستان لێدەکەوێتەوە، کە واى لێدەت مامەڵەى حکومەتى فیدراڵى لەگەڵ هەرێم وەک پارێزکانى لێدێت.


راسپاردە و پێشنیارەکان
•    پێویستە ئەنجومەنی وەزیران پابەند بێت بەناردنی پرۆژەی بودجە لە کاتى خۆیدا بۆ پەرلەمانى کوردستان، هیچ پاساوێک نەکرێتە رێگر بۆ ئەم هەنگاوە.
•    بۆ رێگری لە نەبونی بودجەى گشتى ساڵانەى حکومەت، پێویستە لە دەستور و یاسایەکی بنەڕەتی بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ دارایی گشتی و بودجە دابنرێت. هەروەها پابەندکردنی حکومەت بەناردنی پرۆژەی بودجەی ساڵانە بۆ پەرلەمان لە پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان.
•    دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەتمەند یان لیژنەیەکى لاوەکی بێت لە لیژنەى دارایی بۆ بەبەدواداچون و چاودێرى پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانە و داهاتی گشتی لە پەرلەمانی کوردستان جێگیر بکرێت. هاوکات فشارەکانى پەرلەمانى کوردستان لەسەر دەسەڵاتى جێبەجێکردن زیاتر بکرێت بۆ ناردنى پرۆژە یاسای بودجە ساڵانە.
•    هەرێمی کوردستان بەرەو جێبەجێکردنی مۆدێلی بودجەی ئەولەویەتپێدان ببرێت لەجێگای ئەم فۆرمەی پێشووی بودجە کە بە بنود ناسراوە.
•    پێشنیاردەکەین هەموو خەوشەکانی دوو ئیدارەیی و کێشە سیاسیەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داهات هەڵبگیرێت و لایەنەکان ئاسانکاری بکەن و چیتر رێگر نەبن.
•    دەبێت وەک چۆن لە هێلەگشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم هاتووە هەموو داهاتەکانی هەرێم بگەرێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی پێویستە جێبەجێبکرێـت.
•    پێویستە لە سەپاندنی باج و زیادکردنی رسومات لە پرۆژەی بودجە ساڵانە رەچاوی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان بکرێت لە زیادکردن و دەستکاریکردنی، هەروەها شوێنی بەکارهێنانیشیان بەگوێرەی یاساکان رێکبخرێت.
•    پێویستە لە پرۆژەی یاسای بودجە ئەولەویەتی حکومەت بۆ گرنگیدان بەکەرتە بنەرەتیەکانی خوێندن، تەندروستی، کارەبا و رێگاوبان دیاریبکرێت، ئەم کەرتانە چیتر لەبەرژەوەندی بە ئەهیلیکردنی خزمەتگوزاریەکان پشتگوێ نەخرێن.
•    پەیڕەوکردنی بنەماکانی لامەرکەزیەت و بەشداری هاوڵاتیان لە دارشتنی بودجە، بۆ ئەمەش پێشنیار دەکەین بەشێکی داهاتی دامەزراوە خزمەگوزاریەکان بەکارهێنانی بگەرێتەوە دەسەڵاتی ئەم دامەزراوانە و ئەوانیش لەرێی بەشداری هاوڵاتیان ئەولەویەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان دیاریبکەن.
 

سەرچاوەکان

١. تۆمارى سەرنج و راسپاردەکانى گفتوگۆى کراوەى شارەکان کە رێکخراوى ستۆپ بەمشێوەیە رێکیخستبوو، چالاکى یەکەم سلێمانى ١١/١٢/٢٠٢١ چالاکى دووەم دهۆک ١٨/١٢/٢٠٢١ چالاکى سێیەم هەڵەبجە ٨/١/٢٠٢٢ چالاکى چوارەم هەولێر ١٥/١/٢٠٢٢ ئەنجامدران، هاوکات ٧ چاوپێکەوتنى لەگەڵ شارەزایانى ئەو بوارە ئەنجامدراوە. ستافێکى پێنج کەسى لە رێکخراو سەرپەرشتى پرۆژەکەى کردوە.
٢. سەردار عەزیز، بودجە و بودجەگەرایی.
٣. د. نسرین بروارى، دلیل إرشادی للموازنة التشارکیة، معهد الولایات المتحدة للسلام، ومنظمة سند لبناء السلام، وشبكة تحالف الأقليات العراقية.
٤. پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٣ هەرێمى کوردستان.
٥. ئامادەکردنى بوودجەى گشتى، پرۆژەى حکومڕانى بۆ کارامەیی و بەرپرسیاریەتى لە عێراق (تکامل)، USAID، ئەیلولی ٢٠٢١.
٦. راپۆرتى پێویستە پەلەبکرێت لە ناردنى پرۆژە بودجەى ٢٠٢٠ بۆ پەرلەمانى کوردستان، پرۆژەى گەشەپێدانى بودجەى هەرێمى کوردستان (بودجەى جێگرەوە ٢٠٢٠) ٢٠١٩.
٧. ماڵپەڕى پەرلەمانى کوردستان.
٨. عبدالقادر عل پيرداود، مفهوم الموازنة العامة )الاعداد، التصديل، التنفیذ والرقابة(، مرکز البحوث فی برلمان کوردستان.
٩. د. ئەمین فەرەج، حوکمڕانێتی باش لە هەرێمی کوردستان.
١٠. گلۆسەرى چەمک و زاراوەکانى گەندەڵى و حکومرانى باش، رێکخراوى ستۆپ.

 

 

ناساندن
رێکخراوی ستۆپ  بۆ چاودێری و پەرەپێدان SOMD-: رێکخراوێکی کوردستانیە بەگوێرەی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١ لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان تۆمارکراوە، رێکخراوی ستۆپ لەبواری بەدامەزراوەیی کردن و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی‌ و بەهێزکردنی بواری لێپرسینەوە‌ و شەفافیەت لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، لەرێگای پاڵپشتی بۆ بەهێزکردنی دامودەزگاکانی تایبەت بە چاودێری ‌و لێپرسینەوە و نەهێشتنی گەندەڵی ‌و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵیان، هاوکات چاودێریکردن ‌و بەشداری کردن لە فشارە مەدەنیەکان ‌و جێبەجێ کردنی پرۆژەی درێژخایەن لەو بوارە. ئۆفیسی سەرەکی رێکخراو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە.

 
سندوقی نیشتمانی ئەمریکی بۆ دیموکراسی - NED: دامەزراوەیەکى تایبەتی قازانج نەویستە (نابازرگانی)یە کە لەساڵی١٩٨٣ دامەزراوە بە ئامانجی گەشەکردن و زیاتر بەهێزکردنی دیموکراسی لەسەرانسەری جیهان. بەشێوەیەکی سەرەکی لە لایەن کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شایستە دارایەکان لە بودجەی وەڵات بۆ دابین دەکرێت. ئەم دامەزراوەیە ساڵانە زیاتر بە (١٢٠٠) بەخشین لە (٩٠) وڵاتی جیاواز   پاڵپشتی لەو پرۆژانە دەکات کە لایەن ئەو رێکخراو و گروپ ناحوکومییە - سەربەخۆکان پێشەکەش دەکرێن کە  ئامانج و کارکردنی بڵاوکردنەوەی و چەسپاندنی دیموکراسییە. دەزگاکە لەلایەن ئەنجوومەنێک بەرێوەدەبرێت کە کەسایەتی ناودار و پسپۆر و شارەزای چەندین بواری جیاوازی تێدایە کە سەربەخۆن لە بریاردان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand