Draw Media

پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لەتەنیشت پاركی ئازادی راگیرا

پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لەتەنیشت پاركی ئازادی راگیرا

2022-04-24 17:15:19


(درەو): 
موڵكێك لەبەردەم پاركی ئازادی ناكۆكی خستوەتە ناو لقی سلێمانی یەكێتی مافپەروەرانەوە، هەندێك لە ئەندامانی یەكێتییەكە لەگەڵ كۆمپانیایەك رێككەوتوون موڵكەكە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوونی (29) نهۆمی، ئەندامانی تری یەكێتییەكە ناڕازی بوون‌و پرۆژەكەیان راگرتووە. 
كۆمپانیایەك بەناوی (خۆری ماردین) هەوڵیدا موڵكێكی لقی سلێمانی یەكێتی مافپەروەرانی كوردستان بكات بە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون. 
موڵكەكەی یەكێتی مافپەروەران دەكەوێتە كەرتی (مەڵكەندی- دەباشان) لەبەردەم پاركی ئازادی‌و بەرامبەر بە یانەی كۆمەڵایەتییەو بەردەمی شەقامی سەرەكیە. 
بۆ ئەم كارە، كۆمپانیاكە رەزامەندی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی یەكێتی مافپەروەرانی وەرگرتووە، بەڵام بەشێكی تری ئەندامانی ئەنجومەنەكە ناڕازیی بوون‌و سكاڵایان بردوەتە لای بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی. 
كۆمپانیاكە گرێبەستی پرۆژەكەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مافپەروەران كردووە، لەبەرامبەر دروستكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر موڵكەكەیان، ژمارەیەك شوقەیان بۆ دابین بكات، بڕیاربوو هەفتەی رابردوو گرێبەستەكە ئیمزا بكرێت، دواتر كۆمپانیاكە دەستبەكاركردن بكات‌و بینایەكی (29) نهۆمی لەسەر دروست بكات. 
دروستكردنی بینایەكی بەرز لەو ناوچەیەدا، جگە لە ناڕەزایەتی بەشێك لە مافپەروەران، ناڕەزایەتی خاوەن ماڵ‌و موڵكەكانی ئەو ناوچەیەشی لێكەوتوەتەوە‌و دەڵێن یاسا رێگە بە دروستكردنی بینای (29) نهۆمی لەم شوێنەدا نادات‌و تەنیا دەتوانرێت بینای (9) نهۆمی دروست بكرێت. 
بەهۆی ئەم ناڕەزایەتییانەوە، دروستكردنی پرۆژەكە راوەستاوە‌و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی دەستوەردانی كردووە بۆ راگرتنی كارەكە. 
موڵكەكە نوسراوی فەرمانگەی تۆماری خانوبەرەی سلێمانی هەیە، بەپێی ئەم تۆمارە رووبەڕی موڵكەكە (هەزارو 699) مەترچوارگۆشەیە‌و بە (15 ئۆلك) تۆماركراوە، هەر مەترچوارگۆشەیەكی ئەم موڵكە نرخەكەی بە (456 هەزار) دینار دیاریكراوە. 
لە تۆماری خانوبەرەدا، ئەم موڵكە بۆ یەكێتی مافپەروەرانی كوردستان لقی سلێمانی دابینكراوە‌و ئاماژە بەوەكراوە ئەم موڵكە هیچ جۆرە مامەڵەیەكی لەسەر ناكرێت بۆ مەبەستی دیاریكراو نەبێت. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand