Draw Media

نەوزاد شوانی بە نیازە سكاڵا تۆمار بكات

نەوزاد شوانی بە نیازە سكاڵا تۆمار بكات

2022-04-23 14:28:29


(درەو): 
نەوزاد شوانی راوێژكاری ئابوری لە پەرلەمانی عێراق بڕیارەكەی محەمەد حەلبوسی بە نایاسایی ناو دەبات و بە نیازە سكاڵا تۆمار بكات چونكە مەرسومی سەرۆك كۆماری هەیە، پارتی كەسێكی لە شوێنەكەی داناوە كە دەرچووی یاسایە‌و كراوە بە راوێژكاری ئابوری. 
نەوزاد شوانی راوێژكاری ئابوری پەرلەمانی عێراق رۆژی 18ی ئەم مانگە بە فەرمانێكی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پۆستەكەی لادراو (ئارام سەباح) برای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر پشكی پارتی لە شوێنەكەی دانرا. 
سەرچاوەیەكی نزیك لە نەوزاد شوانی بە (درەو)ی رایگەیاند" نەوزاد شوانی فەرمانی پەرلەمان‌و مەرسومی سەرۆكایەتی كۆماریشی هەیە، بۆیە گۆڕانكارییەكە نایاساییە،  بە نیازە سكاڵای یاسایی تۆمار بكات، ئەو كەسەی لە شوێنەكەی وەكو راوێژكاری ئابوری دانراوە، دەرچووی   بەشی یاسایە"
نەوزاد شوانی بەگوێرەی فەرمانەكەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، لەدوای لابردنی لە پۆستی راوێژكاری ئابوری پەرلەمان، گواستراوەتەوە بۆ نوسینگەی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پشكی پارتی. 
حەلبوسی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدرو پارتی هەیە‌و بەهۆی ئەم هاوپەیمانێتییەوە بۆ ویلایەتی دووەم پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتەوە، ئەو دوو جێگری هەیە، یەكەمیان سەربە رەوتی سەدر كە حاكم زاملییە، دووەمیشیان سەربە پارتییە كە شاخەوان عەبدوڵایە. 
بەمدواییە حەلبوسی پەیوەندییەكانی لەگەڵ جێگرە سەدرییەكەی تێكچووە، تێكچونێك كە پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) لێدەكرێت. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand