یهكێتی ههوڵی ئازادكردنی دهدات
2022-04-23 11:06:04
(درەو):
دادگای تاوانەكانی كەركوك لەسەر دۆسیەی فرۆشتنی (10) پارچە زەوی، حوكمی ساڵێك زیندانی بەسەر جەمال شوكر سەرۆكی پێشووی شارەوانی كەركوك لەسەر پشكی یەكێتی سەپاند، ئەمە دووەم سەرۆك شارەوانی یەكێتییە لە كەركوك لەسەر دۆسیەی گەندەڵی حوكمی بۆ دەردەچێت.
جەمال شوكر ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لەلایەن پۆلیسی كەركوكەوە دەستگیركراو لە زیندانی گرتنو گواستنەوەی كەركوك راگیراوە.
جەمال شوكر كە پێشتر سەرۆكی شارەوانی كەركوك بووە لەسەر پشكی یەكێتی، لەسەر دۆسیەی فرۆشتنی (10) پارچە زەوی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا لەوكاتەی كە سەرۆكی شارەوانی بووە، رۆژی 19ی ئەم مانگە لەلایەن دادگای تاوانەكانی كەركوكەوە حوكمی (ساڵێك) زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
لەسەر هەمان كەیس، دادگای تاوانەكانی كەركوك (2) فەرمانبەری تری شارەوانی سزاداوە كە ژنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشینەی تاوانكارییان نییە، دادگا جێبەجێكردنی سزاكەی لەسەریان هەڵگرتووە.
جگە لە سزادانی جەمال شوكر، بڕیاری دادگای تاوانەكانی كەركوك لەسەر دۆسیەی (10) زەوییەكە، ماف بە لایەنی سكاڵاكار دراوە، لەڕێی دادگای مەدەنییەوە داوای قەرەبوو بكات، لەدوای یەكلابونەوەی ئەم قەرەبووە، بڕیاری دادگا پلەی كۆتایی وەردەگرێت.
لەبارەی ئەم كەیسەوە، سایتی (كەركوك ناو) لەزاری سەرچاوەیەكەوە دەڵێ" بەر لە روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، شارەوانی ئەوكاتی كەركوك 10 پارچە زەوی خستۆتە زیادكردنی ئاشكراوەو بۆ 10 كەس دەرچووە كە نزیك بوون لە رژێمی ئەوكاتی بەعس، بەڵام شارەوانی كەركوك لە سەردەمی جەمال محەمەد شوكر-دا جارێكی تر زەوییەكانی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا فرۆشتووەو دەستكاریی نرخی سەر مامەڵەكانی كردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نرخی ئەوكاتو ئێستا زۆر جیاوازە".
جەمال شوكر لەزیندانەوە، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە (كەركوك ناو)ی راگەیاندووە" كۆی بابەتەكە ناهەقییە دژ بە من، لەگەڵ پارێزەرەكەم رۆژی یەكشەممە بەفەرمی تانە لە بڕیارەكە دەدەین، چونكە من هیچ تاوانێكم تیادا نییەو نازانم بۆچی من بە ئامانجگیراوم".
وتویەتی:" لە سەرەتادا واژۆم لەسەر نوسراوەكانی پەیوەست بە فرۆشتنی زەوییەكان نەكرد، بەڵام وەزارەتی شارەوانی زۆری لێدەكردم واژۆیان بكەن، كارەكەش كە كراوە نایاسایی نییە و لە ئایندەیەكی نزیكدا هەموو بەڵگەكان بڵاودەكەمەوە".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی یەكێتی ئێستا سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەكن بۆ دەربازكردنی جەمال شوكر لە زیندان، ترسیان هەیە بۆ بەسەربردنی حوكمەكەی رەوانەی بەغداد بكرێت، سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتی پزیشكین لەبارەی دۆخی تەندروستیی جەمال شوكرەوە.
جەمال شوكر دووەم سەرۆك شارەوانی كەركوكە لەسەر پشكی یەكێتی كە بەگەندەڵی تاوانبار دەكرێت، پێشتریش (عەبدولكەریم حەسەن) لەسەر دۆسیەی دامەزراندنی كارگەیەكی نایلۆن، لەلایەن دادگای كەركوكەوە (6 مانگ) حوكمی زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
رەوانەكردنی جەمال شوكر بۆ بەغداد، رەنگە دەرگای لەسەر كردنەوەی چەند دۆسیەیەكی نوێ لە سنوری شارەوانی كەركوك بكاتەوە. لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ پارێزگای كەركوك، ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری پارێزگاكە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی ساڵانی پێشووتر روبەڕووی دادگا كراونەتەوە لەوانە (بەڕێوەبەری پێشووی هاتوچۆ، سەرۆكی پێشووی زانكۆی كەركوك، بەڕێوەبەری پێشووتری پەروەردەی كەركوك).