" ناموسوڵمانەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەچەوسێنرێنەوە"
2018-05-30 15:41:11
(درەومیدیا):
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رۆژی سێشەممە راپۆرتی ساڵانەی دەربارەی دۆخی ئازادی ئاین لە جیهاندا بڵاوكردەوە، راپۆرتەكە هاوكات بوو لەگەڵ 70 یەمین ساڵیادی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی: " ئازادی ئایتی مافێكی مرۆیی جیهانییە و ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك تەماشاكەر نابێت و پاڵپشتی هەموو تاكێك دەكات هەوڵی ئازادی دەدات.
راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوە پشتی بەو زانیارییە سەرەتاییانە بەستووە كە باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لەسەرتاسەری جیهاندا كۆیانكردووەتەوە لە حكومەتە خۆجێیەتییەكان و گروپە ئاینی و رێكخراوی ناوحكومییەكان و رۆژنامەنوسان و چاودێرانی مافەكانی مرۆڤ و كەسانی ئەكادیمی و كەسی تر.
ئەمەش بەشێكە لەو راپۆرتە دەربارەی چەند وڵاتێكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا:
سعودیە
حكوتی سعودیە بەردەوامە لە رێگەگرن لە و كەسانەی موسوڵمان نین، تا پەیڕوی ئاینەكەی خۆیان بكەن، راپۆرتەكە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی كۆمەڵی مەدەنیی و میدیاكانی ئەمریكاوە گواستویەتییەوە كە ژمارەیەكە زۆر لە كەسانی ناموسوڵمان و بیانی و موسوڵمانی سعودیە كە سروتە و رەفتارە ئاینییەكانیان لەگەڵ بنەمی رەسمی سعودیەدا یەكناگرێتەوە، ناچارن دوور لەچاوی دەسەڵاتداران پەیڕوی ئاینی خۆیان بكەن و بەردەوام رووبەڕووی جیاكاری و دەستگیركردن وتەنگ پێ هەڵچنین دەبنەوە و هەتا دەگاتە ئاستی دەركردنیان لەو وڵاتە بۆئەوانەی هاوڵاتی سعودیە نین. و هێشتا سعودیە جگە لە مزگەوت رێگە بە كردنەوە و بونیادنانی هیچ پەرستگایەكی تر نادات.
بەحرەین
حكومەت بەردەوامە لە لێپرسینەوە و دەستگیركردن و دەستبەسەركردنی شێخەكانی شیعە و پەیڕەوكاران و سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن، راپۆرتەكە ئاماژەی بە كەیسی شێخ عیسا ئەلقاسم دیارترین سەركردەی شیعەكانی بەحرەین داوە، هەروەها لەسەر زاری چەند هاوڵاتییەكی شیعەمەزهەبی بەحرەینەوە گواستویەتیەوە كە جیاكارییەكی بەردەوان لەدژیان پەیڕەودەكرێت لە دامەزراندن لە فەرمانگەكانی حكومەت و پەروەردە و سیستمی دادوەریدا.
هەروەها راپۆرتەكە باسی لە بەردەوامی تۆمەتباركردنی ئۆپۆزسیۆنە شیعەكان لە تیرۆر كردووە، و بە وتەی گروپێكی ئاینی ناموسوڵمانیش، حكومەتی مەنامە دەستی وەرنەداوەتە مەراسیمی ئاینییەكانیان و كاریكردووە بۆ لێبوردەیی بەرامبەر دابونەریت و بیروباوەڕی كەمایەتیە ئاینییەكان.
عێراق
دەستور ئازادی ئاین و بیروباوەڕی بۆ موسوڵمانان و مەسحییەكان و ئێزدییەكان و سابیئە مەنداشییەكان گەرەنتی كردووە، بەڵام ئەم مافە دەستورییە پەیڕەوكارانی ئاینەكانی تر یان مولحیدەكان ناگرێتەوە و یاسە پەیڕەوكردنی ئاینی بەهایی یاساغكردووە.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەو زانیاریانەش كردووە كە باس لە وەدەكەن كە هێزەكانی عێراق یان میلیشیا شیعەكان و هاوكارەكانیان كەسانی دەستگیركراویان كوشتووە بەهۆی ئەوەی كە سوننەن، رێكخراوە ناحكومییەكانیش باس لەوەدەكەن كە دەسەڵاتداران یاسای بنبڕكردنی تیرۆر بەكاردەهێنن بۆ دەستگیركردنی خەڵك لە دەرەوەی یاسا.
بە گوێرەی راپۆرتەكە، مەسیحییەكان و ئێزدییەكان باسیان لەوە كردووە كە ژنانی مەسیحیی لە خاڵەكانی پشكنینی حەشدی شەعبی لە نەینەوا رووبەڕووی تەنگ پێهەڵچنین بوونەتەوە، هەروەها وتوشیانە كە حكومەتی ناوەندیی هانی گۆڕینی دیمۆگرافیا دەدات لە رێگەی ئەوەی زەویی و یەكەی نیشتەجێبوون لە ناوچە مەسیحیەكان دەدات بە شیعەكان.
ئێران
چەندین سەرچاوە باسیان لەوەكرد ئەو موسوڵمانانەی كە شیعەمەزهەب نین هەروەها شوێنكەوتوانی ئاینەكانی تر جگە لە ئیسلام بەتایبەتی بەهائییەكان روبەڕووی هەڵاواردن و فشار دەبنەوە، خاوەن كارەكانیش بەردەوام ڕوبەڕووی فشاری كۆمەڵایەتی دەبنەوە بۆ ئەوەی خەڵكانی بەهائی لای خۆیان وەرنەگرن، بەهائیییەكان باس لەوەدەكەن روداوەكانی تێكدان و سوكایەتیكردن بە گۆڕستانەكانیان لە زیادبوندان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتەكەیدا دەڵێ" زانیاری هەیە سەركوتكارییەكی نەخشەبۆداڕێژاو هەیە بۆ سەركوتكردنی خەڵك".
میسر
قیبتییەكان باسیان لە جیاكاری دەسەڵاتداران كرد لەبەرامبەریان بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەكاندا. راپۆرتەكە باس لەوەدەكات حكومەت بنیادنانەوەی 78 كلێسای تەواو كردووە كە بەهۆی كردەوە توندوتیژییەكانەوە لە 2013دا زیانیان پێگەیشتووە یاخود روخاون. بۆیەكەمجار دەسەڵاتداران مۆڵەتی هاوسەرگیری بەهائیییەكانیان دەركردووە بەبێ ئەوەی لەسەر پێناسەكانیان ئاماژە بە لایەنی ئاینییان بكرێت. حكومەت بەردەوامە لە هەوڵەكان بۆ پارێزگاریكردن لە كەلەپوری جولەكەكانی میسر.
جەزائیر
راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە دەسەڵاتدارانی جەزائیر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ سەدان كەس لە خەڵكی سەربە تائیفەی ئەحمەدیە كردووە و لە ژمارەیەك لە شارەكان دەیان كەسیان لێ دەستگیركردوون، ئەمەش بەهۆی ئەوەی سروتە ئاینییەكانی خۆیان جێبەجێكردووە.
ئاماژە بەوە دەكات، نوێنەرانی وەزارەتی كاروباری ئاینی لەناویاندا وەزیر بەردەوامن لەسەر لێدوان و هۆشداریدان لە "كاریگەری بڵاوبونەوەی ئاینە بیانییەكان"ی وەكو سەلەفیەت و وەهابیەت و شیعەگەری و ئەحمەدیە.
مانگی نیسان سەرۆكی دەستەی ئەركان داوای لە هاوڵاتیان كرد" وڵات لە شیعە و ئەحمەدی بپارێزن"، هاوكات ئەنجومەنی ئیسلامی بیروباوەڕی ئەحمەدی بە باوەڕێكی دور لە ئیسلام راگەیاند.
لەبارەی مەسیحییەكانیشەوە، راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات دەسەڵاتداران كڵێسایەكیان لە شاری وەهران داخستووە و هەوڵ بۆ داخستنی كڵێساكانی تر دەدەن، كۆمەڵە مەسیحییەكان باسلەوەدەكەن روبەڕوی ئاستەنگی ئیداری زۆر دەبنەوە بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتداران دانیان پێدا نانێن.
راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات، تەنانەت دوای ئەوەش كە سەرۆك بڕیارێكی دەركرد بۆ سوككردنی حوكمەكەی، دەسەڵاتداران بەردەوامن لەسەر دەستگیركردنی هاوڵاتییەك كە بووە بە مەسیحی و بەوە تۆمەتبار دەكرێت سوكایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام كردووە، حوكمی پێنج ساڵ زیندانیش بەسەر كەسێكی تردا سەپێندرا بەهۆی بڵاوكردنەوەی نوسین لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كە دەوترێت سوكایەتی بە ئیسلام كردووە، بەڵام دواتر لەچوارچێوەی لێبوردنێكی گشتیدا ئازادكرا.