ئێرانییەكان بۆ وەرگرتنی دواین وەڵام سەردانی پارتی دەكەن
2022-04-22 18:16:06
(درەو):
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدی باڵای ئێران سەردانی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات و وەڵامی ئەو حزبە بۆ دۆسیەی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ (سەدرو حەلبوسی) وەربگرێت.
سەرچاوەیەكی باڵای سەرچاوەكەی لە مەكتەبی سیاسی پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا مەكتەبی سیاسی پارتی كۆببێتەوەو دواین بڕیاربدات لەبارهی پرسەكانی (هاوپەیمانێتی سێقۆڵی، پرسی سەرۆك كۆمار، ههناردهكردنی غاز، پرسی ناوخۆیی هەڵبژاردن و دوو ئیدارەیی)، كۆبونەوەكە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەبێت.
بهگوێرهی قسهی سهرچاوهكهی پارتی، وەفدەكەی ئێران بۆ وەرگرتنی وەڵامی كۆتایی پارتی سهبارهت به هاوپهیمانیتییه سێقۆڵییهكه سهردانی ههولێر دهكات و لهسهر بنهمای وهڵامی پارتی لهسهر ئهم بابهته پرسەكانی دیكەش یەكلادهكریتهوه، چونكە ئێستا ئەولەویەتی ئێرانییەكان پرسی ناو ماڵی شیعەیەو پێیانوایە بەهۆی هاوپەیمانێتیە سیقۆڵییەكەوە مەترسی لێكترازانی هەیە.
سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی بە (درەو)ی وت: ئەگەر پارتی رازی بێت بە داخوازیی ئێرانییەكان، ئێران چەند پرسێك بۆ پارتی یەكلادەكاتەوە لەوانە:
• چارەسەركردنی پرسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێمی كوردستان.
• پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار كە دڵخوازی پارتی و خودی مەسعود بارزانی دەبێت.
• پرسی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ لێكنزیككردنەوەی پارتی و یەكێتی لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكان.
خۆ ئەگەر پارتی رازی نەبێت بە داخوازییەكانی ئێران و لەناو هاوپەیمانێتیە سێقۆڵیەكە بمێنێتەوە، ئەوا چەند ئەگەرێك چاوەڕێ دەكرێت:
• كێشەكانی ناوخۆی هەرێم ئاڵۆزتر دەبن و ئەگەری دوو ئیدارەیی زیاتر دهبێت.
• بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەتەواوی دەچنە بواری جێبەجێكردنەوەو قەدەغەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەكرێت.
• یەكێتی بەتەواوی لەگەڵ سۆمۆ رێكدەكەوێت و غازی ناوچهی خۆی لەرێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت.
سەرچاوەكە ئەوهی بۆ (درەو) ئاشكراكرد، سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ توركیاو بەریتانیا بەشێكی بەدەستهێنانی پشتیوانییە لە سیاسەت و ئەجێنداكانی پارتی تا نەكەونە ژێر فشاری ئێرانییەكان، چونكە پارتی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و موشەكبارانكردنی هەولێرو هەڵوێستەكانی یەكێتی، بە بەشێك لە فشارەكانی ئێران دەزانێت بۆئەوەی پارتی سازش بكات و لە هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە بكشێتەوە، بارزانی چەندجارێك ئەوەی بەو كەسانە كە سەردانیان كردووه وتووه" هەرگیز مڵ بۆ فشارەكان دانادات"و بێمنەتیشی لە دوو ئیدارەیی نیشانداوه.
رۆژی 10ی ئەم مانگە وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی (حەسەن دانایی فەرد) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق، لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە، ئامانجی سەردانەكەیان بۆ رازیكردنی پارتی بوو بەوەی لە هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەكە بێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی حكومەتێكی دڵخوازی ئێران له عێراق پێكبێت.