Draw Media

تورکیا و ئەمریکا لەسەر چارەنوسی مەنبەج رێککەوتون؟

تورکیا و ئەمریکا لەسەر چارەنوسی مەنبەج رێککەوتون؟

2018-05-30 13:58:06


( درەو میدیا):
هەفتەی رابردوو گروپی كاری توركیا – ئەمریكا بۆ تاوتوێكردنی شارۆچەكەی مەنبەج لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە، بە گوێرەی میدیاكانی توركیا، ئەمریكا و توركیا لەسەر دۆخی شاری مەنبەج گەیشتونەتە رێككەوتن و نەخشەرێگەیەكیان داناوە بۆ بەڕێوەبردنی مەنبەج و دوورخستنەوە هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان و بڕیاریشە چواری حوەزیرانی داهاتوو، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكا و توركیا لە واشنتۆن بە رەسمی رێككەوتنەكە رابگەیەنن.
وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەجیش رەتیدەكاتەوە ئەمریكا و توركیا لەسەر چارەنوسی مەنبەج رێككەوتبن و دەڵێت وەفدێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج دووپاتكردوەتەوە.


قۆناغەكانی رێككەوتنەكە
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیی ئەمریكا و توركیا لەسەر نەخشە رێگایەك دەربارەی شاری مەنبەج رێككەوتون،  قۆناغی یەكەمی نەخشتەرێگاكە خۆی لە دوورخستنەوەی هێزەكانی  سوپای دیموكرات و  پەیەگە و پەژەدا خۆی دەبینێتەوە لە خۆرئاوای فورات لە ماوەی یەك مانگدا.
ئەنادۆڵی ئاشكراشیكردووە  رێككەوتنی كۆتایی ئەو نەخشەرێگایە رۆژی چواری حوەزیرانی داهاتوو لە میانی كۆبوونەوەی مەولود چاوەشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن رادەگەیەنرێت و جێبەجێكردنیشی دوای هەمان كۆبوونەوە دەستپێدەكات.
ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت دوای دەرچوونی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان لە مەنبەج و عەین عیسا، لە قۆناغی دووەمدا سوپای توركیا و هەواڵگری توركیا و ئەمریكا دوای 45 رۆژ لە كۆبوونەوەی 4ی حوەزیران ئەركی چاودێریكردنی مەنبەج دەگرنە ئەستۆ.
لە قۆناغی سێیەمیشدا لە ماوەی 60 رۆژ دوای 4ی حوەزیران ئیدارەیەكی خۆجێی بۆ بەڕێوەبردنی شاركە پێدەهێنرێت و هەردوو ئەنجومەن خۆجێی و سەربازی شارەكە بەڕێوەبردنی شارەكە و ئاسایشی بەڕێوەدەبەن.
یەپەگە: نەكشاوینەتەوە
شەڕڤان دەروێش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند بەجێهێشتنی مەنبەج دوورە لە راستییەوە و هەندێم لایەن هەوڵدەدەن بە رێگەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ و ناڕاستەوە ئاسایش و سەقامگیری مەنبەج بە ئامانج بگرن.
شەڕڤان دەروێش لە لێدوانێكیدا بۆ " هاوار نیوز" رەتیكردەوە هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج شارەكیان چۆڵكردبێت بۆئەوەی سوپای توركیا جێگەیان بگرێتەوە، وتیشی:" هەماهەنگی نێوان ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامە."
وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج راشیگەیاند ئاگاداری كۆبوونەوەكەی هاوپەیمانان و توركیا و جەختیشیكردەوە كە هەردوولا لەسەر چارەنوسی مەنبەج نەگەیشتونەتە رێككەوتن و رۆژی 29ی ئایار وەفدێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەردانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەجیان كردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەنجومەنەكە دووپاتكردوەتەوە.


ئەمریكا  روونكردنەوە دەدات
بە پێچەوانەی توركیاوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هێزەت ناوێرت رەتیكردەوە واشنتۆن و ئەنكەرە لەسەر چارەنوسی مەنبەج گەیشتبنە رێككەوتن.
هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی: "رێكەوتنێكمان لەگەڵ توركیا نییە، پێشووتر رامانگەیاندووە كە كۆبوونەوە ھەبووە لەسەر نەخشە رێگەیەك لەنێوان ھەردوولا، بۆئەوەی بگەنە چارەسەر بەردەوام دەبین، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو كێشەیە و كێشەكانی دیكەی سووریا و كێشە ھاوبەشەكانیش تا نەخشە رێگەك دروست بێت لەسەر مەنبج و ناچەكانی دیكە. لەسەر ئەو كێشەیەش وەزیری دەرەوەی لە مانگی  حوەزەیران پێشوازی لە ھاوتا توركیەكەی دەكات".

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand