“ بە تەمەنترین پیاوی جیهان" دەیەوێت واز لە جگەرەكێشان بهێنێت
2018-05-30 12:17:31
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
فرێدی بلوم جوتیارێكی ئەفریقای باشوورە و هەموو تەمەنی لەسەردەمی رژێمی پاكتاوی رەگەزیدا لە كێڵگە و وەرشەیەكدا بەسەربردووە و بەمزوانە ناوی بەوەك بەتەمەنترین پیاو لە جیهاندا تۆماردەكرێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە دەستبەرداری خواردنەوەی مەی و خواردنەوە كحولییەكان بووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە لە جگەرەكێشان.
فرێدی دەڵێت:" هەموو رۆژێك دوو یان سێ جگەرە دەكێشم، بەدەستی خۆم جگەرەكان دەپێچمەوە، ئارەزووم بۆ جگەرەكێشان بەهێزە، هەندێكجار دەڵێم وازی لێدەهێنم، بەڵام دواتر بۆم دەردەكەوێت كە درۆ لەگەڵ خۆمدا دەكەم، شتێك لە دڵمایە پاڵمپێوەدەنێت كە جگەرەبكێشم، جگەرەیەك دەپێچمەوە، لۆمەی شەیتان دەكەم، ئەو زۆر بەهێزە".
ناوبانگ و سەردانی وەزیرەكان
یەكەم شت كە سەرنجت ڕادەكێشێت كاتێك ئەم پیاوە دەبینیت كە تەمەنی 100 ساڵی تێپەڕاندووە، باشی باری تەندروستی جەستەیەتی، ئەو باڵایەكی بەرز و جەستەیەكی پتەوی هەیە و بەبێ گۆچان دەڕوات، هەرچەندە هێواشە لە رۆیشتندا، بەڵام هیچ كەموڕییەكی جەستەیی نییە جگە لەوەی تۆزێك گوێی گرانە.
فرێدی هەشتی ئایاری رابردوو تەمەنی بوو 114 ساڵ و بە بەتەمەنترین مرۆڤی جیهان دادەنرێت، هەرچەندە بە رەسمی ئەوە لە كتێبیی گینس بۆ ژمارە پێوانییەكان تۆمارنەكراوە و پێشتر بە تەمەنترین كەس نازناوی ژنێك بوو بەناوی ڤیۆلیت مۆ براون، بەڵام 15ی ئەیلولی 2017 لە تەمەنی 117 ساڵیدا كۆچی دواییكرد و ئێستا دامەزراوەی گینیس رێوشوێنی دەستپێكردووە بۆ دیاریكردنی بەتەمەترین كەس لە جیهاندا.
فرێدی نهێنی درێژیی تەمەنی ناشرێتەوە و دەڵێت :" هیچ نهێنییەك نییە، تەنها خوای گەورە نەبێت، هەموو هێزێك لە دەستی ئەودایەن من هیچ شتێكم نییە، دەكرێت لەهەر ساتێكدا بكەم و هەڵنەستمەوە، بەڵام ئەو پشتیوانمە."
فرێدی بەدەنگێكە بەرز و بە زمانی ئەفریكانز دەڵێت:" هەست بە تەندروستییەكی باش دەكەم، دڵم بەهێزە، تەنها لاقەكانم بێهێزبوون، ئێستا وەك رابردوو ناتوانم بڕۆم."
ئێستا فرێدی بووە بە یەكێك لە پیاوە بەناوبانگەكان، خەڵێكی زۆر سەردانی ماڵە سادەكەی دەكەن لە شاری كیپ تاون، لەنێوشیاندا وەزیرەكانی حكومەت، ئەو زۆر بەم بایەخپێدانە دڵخۆشە و لە ساڵیادی لە دایكبوونیدا كۆمپانیایەكی بازرگانی كێكی لەدایبكوونی پێشكەشكردووە.
كاركردن تا 80 ساڵی
جانیتای هاوسەری كە 29 ساڵ لە فرێدی تەمەنی كەمترە، و ماوەی 48 ساڵە لەگەڵیدا دەژی دەڵێت :" فرێدی تەندروستییەكی زۆر باشی هەیە و چەندین ساڵە تەنها یەكجار چووەتە نەخۆشخانە ئەویش بۆ چارەسەری كێشەیەك لە ئەژنۆكانیدا ".
جانیتا دەشڵێت چەندین كەس گومانیان بە تەمەنی فرێدی هاوسەری بردووە، كاتێك داوای ناسنامەیان لێكردووە، بەڵام برازایەكی چووە خۆرهەڵاتی لەندەن و بڕوانامەی لەدایكبوونی بۆ دەرهێنا و پێشكەشی فەرمانگەكانی كرد."
وتەبێژی دامەزراوەی كاروباری كۆمەڵایەتی كیپ تاون سیهلی گۆبیز دەڵێت:" حكومەت ناسنامەی بۆ فرێدی دەركرد كە رۆژی هەشتی ئایاری ساڵی 1904 لەدایكبووە."
بەبێ گۆچان دەڕوات
فرێدی لە تەمەنێكی زوودا گوندەكەی ئەدیلاییدی بەجێهێشتووە و چووە بۆ شاری كیپ تاون، خوێندنەوەی نوسینی نەزانیوە، چونكە لە هەموو تەمەنیدا نەچووەتە قوتابخانە، بەڵام كاتێك بیری منداڵی دەكاتەوە دەڵێت:" حەزم دەكرد زوو لەماڵ بچەمە دەرەوە بۆئەوەی چۆلەكە راوبكەم، هەستم بە شانازی دەكرد، كاتێك لە راو دەگەڕامەوە وچەندین نێچیرم بە پشتوێنەكەمەوە هەڵدەواسی."
فرێدی سەرەتا یەكەمین كاری لە كێڵگەیەكدا دەستدەكەوێت و پاشان دەچێتە كۆمپانیایەكی ناوخۆی بۆ بواری بیناسازی بەناوی " فیبراكیت" بۆ دروستكردنی دیوار" لە هەموو شاردا دیوارمان دروستدەكرد، ماوەیەكی زۆر لەو كۆمپانیایە كارم كرد هەتا لە تەمەنی 80 ساڵێدا خانەنیشین بووم."
فرێدی لە كیپ تاون لە ناوچەی دیلفت دەژی كە تاوان و گروپی مافیا زۆر تێیدا بڵاوە، بە بڕوای ئەو ژیان لەو چەندین ساڵەی ئەو تێیدا ژیاوە زۆر گۆڕاوە :" ژیان زۆر ئارامتر بوو لە رابردوودا، كاتێكی جوان بوو، تاوانی دزی و كوشتن نەبوو، هیچ كەسێك رووبەڕووی ئازاردان نەدەبوەوە، ئەو شتانەی هەرگیز نەبوون، دەتنوانی بە درێژایی رۆژ لەسەر جێگەكەت بخەویت و كاتێكیش بە ئاگادەهاتیتەوە كەلوپەلەكانت وەك خۆیان بوون و كەس لێیان نزیك نەدەبوەوە."
فرێدی هیچ شتێك دەربارەی گۆڕانكاری سیاسی كە لە ئەفریقای باشوور روویدا و رژێمی هەڵاواردنی رەگەزی لە یاد نییە و دەڵێت:" من لە كێڵگەدا كارمدەكرد، كاتم نەبوو بۆئەوەی بایەخ بە شتێكی تر بدەم، شتێكی كەممان لە بارەی سیاسەتەوە دەبیست."
ئەمە وەك حاڵەتێكی نامۆ دەردەمەوێت، بەڵام ئەم حدۆخی هەموو ئەو كەسانەبووە كە وەك فرێدی كاریان كردووە، ئەوان زۆربەیان نەخوێندەوار بوون، ژیانیان هەر بریتی بووە لە كاركردن و لە جیهانی دەرەوە دابڕاون، و كرێكارە رەشپێستەكان لە دۆخێكی زۆر قورسدا لە كێڵگەی سپی پێستەكان كاریان دەكرد، و رێگەیان نەدەدرا سەرقاڵ بن بە سیاسەتەوە و بچنە نێو سەندیكاكانەوە.
" تەلەفزیۆنی بێ كەڵك"
هاوسەرەكەی فرێدی دەڵێت، خواردنێكی دیاریكراو ناخوات، هەموو ژەمێك حەزی لە گۆشتە، بەڵام رێژیەكی زۆر سەوزەش دەخوات.
بەوتەی هاوسەرەكەی هێشتا فرێدی دەتوانێت خۆی پۆشاكەكان بگۆڕێت، بەڵام لەپێكی پێڵاو كەمێك زەحمەتە بۆی و هەندێكجاریش لە ریش تاشیندا پێویستی بەهاوكاری نەوەكەی هەیە.
فرێدی لەماوەی كاركردنیدا كاتژمێر چوار و نیوی بەیانی لە خەو هەڵساوە، بەڵام ئێستا درەنگ هەڵدەستێت و كارێكی ئەوتۆ ناكات لە ماڵەوە و دەڵێت:" ناتوانم هیچ شتێك بكەم، ناتوانم بەسەر پەیژە و قادرمەدا سەربكەوم، بۆخۆم دادەنیشم، و هیچ كاتم بۆ تەلەفزۆنی بێ كەڵك نییە."
فرێدی لەجیاتی سەیركردنی تەلەفزیۆن، لەدەرەوەی ماڵەكەی دادەنیشێت و جگەرەیەكی تر دەپێچێتەوە و جارێكی تر شەیتان فریوی دەداتەوە.
سەرچاوە: بی بی سی