عوسمانی حاجی مەحمود داوای لە گۆڕان كردووە مەسعود حەیدەر دەربكرێت
2018-05-29 23:33:38
(درەو میدیا):
بەپێی دوو بەڵگەنامە كە دەست " درەو میدیا" كەوتووە و کە لە دوو کاتی جیادا ئاراستەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە، عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی راپەراندن و سكرتێری كاروباری باژێرەكان، داوایکردووە بەهۆی ئەوەی كە مەسعود حەیدەر پابەندی بنەماكانی بزوتنەوەی گۆڕان نەبووە بۆیە پێویستە لە ریزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەربكرێت.
لە بەڵگەنامەی یەكەمدا كە لە رۆژی 3/7/2018 ئاراستەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە عوسمانی حاجی مەحمود رایگەیاندووە" بەهۆی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی هەردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و كوردستان ، پێشنیاز بۆ بەرێزتان دەكەم، توندترین سزای پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر بدرێت كە بریتیە لە دەركردنی لە ئەندامی فراكسیۆن و ئەندامی بزووتنەوەكە، بەشدارو پشتیوانی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان دەبم"
دواتر و لە بەڵگەنامەی دووەمدا كە لە رۆژی 28/5/2018 ئاراستەی رێكخەری گشتی وخانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە عوسمانی حاجی مەحمود نوسیویەتی" دوای ئەوەی پەرلەمانتار ( مەسعود حەیدەر رۆستەم) لە هەردوو كۆبوونەوەی 24-26/5/2018 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری نەكردووە، ئەمەش پێچەوانەی بریارو هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەیەتی لە پەرلەمانی عێراق بۆیە پێشنیاز دەكەم سزا بدرێت بە دەركردن لە ریزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان"
بەپێی ئەو دوو بەڵگەنامەیە بێت، دەركردنی پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر لە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر داوای عوسمانی حاجی مەحمود بووە، بۆیە لە شەوی 28/5/2018 لە رونكردنەویەكدا خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە كۆی دەنگ پەرلەمانتار مەسعود حەیدەری لە ریزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەركرد، لەبەرامبەر دەركردنیدا، لە رونكردەوەیەكیدا مەسعود حەیدەر رایگەیاندووە، كە ئەو "پێش ٤٠ ڕۆژ لەو بڕیارە دەستی لەكاركێشاوەتەوە بەڵام لەلایەن بزوتنەوەكەوە پەسەند نەكراوە".