لە مەرزەكان چی دەگوزەرێت ؟

Draw Media

2020-01-14 17:55:03



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
لە كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی باشماخ بڕی (233 ملیۆن) دینار دیارنەماوە، سێ كەس لەسەر ئەم دۆسیەیە دەستگیركراون‌و دادگایی دەكرێن، بەڕێوەبەری دەروازەكە دەڵێ بەڕێوەبەری گومرگ هەفتەیەك دوای دیارنەمانی پارەكە دەستیكردووە بە گرتنەبەری رێوشوێن، بەڕێوەبەری گومرگیش دەڵێ:" ئەو، رێوشوێنی گرتوەتەبەر، بەڵام بەڕێوەبەری دەروازەی ئاگادارنەكردووە تاوەكو كێشەكە بە ئارامی چارەسەربكات‌و بەر لەهەڵاتنی گومانلێكراوەكان، پارەكان بگەڕێنێتەوە"، ئەمە بەشی یەكەمی زنجیرەیەك دۆسیەیە لەسەر مەرزە سنورییەكان كە وەكو بەڵگەنامە دەست (درەو) كەوتوون‌و بڵاویاندەكاتەوە.

چی رویداوە ؟
بڕی (233 ملیۆن) دینار لە گومرگی دەروازەی باشماخ كێشەی دروستكردووە، شەش نوسینگەی مەنەفێستی ئۆتۆمبیل كە لە گومرگەكە كاردەكەن تێوەگلاون، بەرپرسی یەكێك لە نوسینگەكان‌و دوو كارمەندی گومرگ لەسەر ئەم دۆسیەیە دەستگیركراون.
بەپێی نوسراوێك كە لە كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی باشماخەوە ئاڕاستەی بنكەی پۆلیسی باشماخ كراوە‌و كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، سێ كەس كە دوانیان كارمەندی گومرگن بەناوەكانی (س م)‌و (پ. ) لەگەڵ كەسێكی تر بەناوی (ك ك ع) یاریدەدەری نوسینگەی ژمارە (22)ی مەنەفێستی ئۆتۆمبیل لەناو دەروازەكە، دەستگیركراون‌و چوار رۆژ بەر لە سەری ساڵی نوێی 2020، دۆسیەكانیان رەوانەی دادگا كراوە.
ئەو سێ كەسە كە ناوی تەواوەتییان لای (درەو) پارێزراوە، ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پێنجوێن دەستبەسەرن، ئەم كەسانە تۆمەتباركراون بەوەی پارەی (79) مەنەفێستی ئۆتۆمبیلیان وەرگرتووە‌و بەهاوكاری كەسانێك لەناو بانكی گومرگی باشماخ، نوسراوی رادەستكردن یاخود دانانی پارەكەیان مۆركردووە كە لە فەرهەنگی بانكیدا پێی دەوترێت (ایداع)، بەڵام پارەكەیان دانەناوە‌و نوسراوی رادەستكردنی پارەكەش لە سیستمی بانكەكەدا تۆمارنەكراوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، شەش نوسینگەی مەنەفێستی ئۆتۆمبیل لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون كە كۆی پارەكەی (233 ملیۆن) دینارە.

چۆن ئاشكرابوو ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئاشكرابوونی ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە هاتووە بەرپرسی یەكێك لە نوسینگەكانی مەنەفێست لەبەردەم لیوا مەریوان شێخ كامل قەرەداغی بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخ‌و شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ دانی بەوەداناوە بڕی (42 هەزار) دۆلاری وەكو بەرتیل بە هەریەكە لە دوو كارمەندی گومرگ داوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارە، ئەو دوو كارمەندەی گومرگ كە پارەكەیان وەرگرتووە، ئێستا دەستبەسەرن، یەكێكیان كارمەندی بەشی ئۆتۆمبیل‌و ئەوی تر كارمەندی دەروازەی سنورەكەیە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بانكی باشماخ بە (درەو)ی راگەیاند، ئاشكرابوونی دۆسیەی ئەو (233 ملیۆن) دینارە، دوای ئەوە هاتووە ناكۆكی لەنێوان ئەو كەسانەدا دروستبووە كە تێوەگلاون لە رادەستنەكردنی پارەكە بە بانك. 
كەسوكاری هەندێك لە دەستگیركراوەكان باس لە تێوەگلانی بەرپرسانی دەروازەكە دەكەن لە دۆسیەكەدا، بەڵام (درەو) ئێستا هیچ زانیارییەكی ئەوتۆی لەوبارەیەوە لەبەردەستدا نییە.  

بەرپرسانی دەروازەكە چی دەڵێن ؟
(درەو) پەیوەندی بە لیوا مەریوان شێخ كەمال قەرەداخی بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخەوە كرد، دەستگیركردنی ئەو سێ كەسە‌و دیارنەمانی پارەكەی پشتڕاستكردەوە.
لیوا مەریوان رایگەیاند، رادەستنەكردنی ئەو پارەیە بە بانك، فرتوفێڵێك بووە كە لەنێوان گومرگ‌و نوسینگەكانی مەنەفێست‌و بانكی باشماخدا رویداوە، ئەوان هەموو رێوشوێنێكیان گرتوەتەبەرو چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەن.
لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ یەكێك لە بەرپرسانی گومرگ تێوەگلاون لە دۆسیەكە، لیوا مەریوان وتی:" شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگ خۆی فرتوفێڵەكەی ئاشكراكردووە، بەڵام ئەگەر كەمتەرخەمیەك هەبێت لەوەدا بووە كە هەفتەیەك بووە ئەو رووداوە رویداوە، ئینجا دەستی كردووە بە گرتنەبەری رێوشوێن".
لەبەرامبەردا، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند:" ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئێمە‌و ئیخراجی بانكەوە هەیە، من خۆم ئەم بابەتەم ئاشكراكردووە، من سەیرم كرد هەندێك پارە هەیە كە نەدراوە، داوای هەندێك لە مەنەفێستەكانی خۆمانم كرد، مۆریان پێوەبوو، بە بانكمان وت ئەم نوسراوانە چۆن مۆركراوە، بەڵام پارە وەرنەگیراوە، پێیانوتین دەبێت كەمتەرخەمییەك هەبێت".
بەڕێوەبەری گومرگ دەڵێ:" ئێمە دەبوو سەرەتا پارەكان وەربگرینەوە، بۆیە لە قۆناغی یەكەمدا پارەكانمان وەرگرتەوە، بەڵام بەر لەوەی رێوشوێن بگرمەبەر، من بەڕێوەبەری گشتی گومرگ‌و دادوەری داواكاری گشتی پێنجوێن‌و وەزیری دارایم لە رووداوەكە ئاگاداركردوەتەوە".
ئەمە لەكاتێكدایە ئەوەی گومانی لای هەندێك لە كارمەندان‌و بەرپرسانی گومرگ دروستكردووە، ئەوەیە بەڕێوەبەری گومرگ دوای هەفتەیەك لە رووداوەكە بەڕێوەبەری دەروازەكەی ئاگاداركردووە، شاخەوان بەكر لە لێدوانەكەیدا بۆ (درەو) پشتڕاستیكردەوە، نزیكەی (8) رۆژ بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك بزانێت پارەكەی وەرگرتوەتەوە‌و لە بانك بە ئەمانەت دایناوە‌و ئەوكاتە لیوا مەریوان پەیوەندی پێوەكردووە‌و پێی وتووە دەڵێن رووداوێكی لەوجۆرە رویداوە، ئەو لە دەرەوە بیستویەتی‌و دەكرێت لە روداوێكی لەوجۆرەدا ئەو وەكو بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازە ئاگادارنەكرێت، بەوتەی خۆی شاخەوان بەكر پێی وتووە" بەڵێ دەكرێت، چونكە نەدەبوو ئەو بابەتەكە باس بكات‌و گومانلێكراوەكان هەڵبێن‌و پارەكە لەدەست دەربچێت".
بەپێی قسەی خۆی، بەڕێوەبەری گومرگ، دوای ئەوەی كە پارەكەی لەو نوسینگانە وەرگرتوەتەوە، لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەو كەسانە دروستكردووە كە تێوەگلاون، شەش كەسی رەوانەی دادگا كردووە، سیانیان بە كەفالەت ئازادكراون، سێ كەسی تریان دەستبەسەرن،  لەناو ئەوانەی كە دەستبەسەرن‌و دادگایی دەكرێن، دوانیان كارمەندی بەڕێوەبەری گومرگن. 
بەڵام بەپێی نوسراوێكی بانكی باشماخ كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، بڕی (220 ملیۆن‌و 927 هەزارو 250) دینار لەو شەش نوسینگەیە وەكو قەرەبووی ئەو پارەیە وەرگیراوە كە لە سیستمی بانكدا تۆمارنەكراوە، ئەم پارەیە وەكو (بارمتە) وەرگیراوە‌و بڕی (13 ملیۆن) دیناری كەمترە لەو پارەیەی كە دیارنەماوە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی لەكاتی خۆیدا ئەو پارانە لە نوسینگەكانی مەنەفێست وەرنەگیراوەتەوە، بەڕێوەبەری گومرگ دەڵێ:" هەندێك كێشەمان هەبووە لە حسابی بانكیدا، لەمانگی 10ی ساڵی 2019وە پارەكانیان لێوەرنەگیراوە، بەڵام ئێستا پارەكانیان لێوەرگیراوەتەوە"، لەمەشدا مەبەستی ئەو پارەیەیە كە وەكو بارمتەی دیارنەمانی (233 ملیۆن) دینارەكە لە نوسینگەكان وەرگیراوە‌و لە بانك دانراوە تا ساتی یەكلابونەوەی دۆسیەی تۆمەتبارەكان لە دادگا.
بەپێی قسەی خۆی، لیوا مەریوان بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازە سنورییەكە داوای لە بەڕێوەبەری گومرگ كردووە لیژنەیەك دروستبكات بۆ لێكۆڵینەوە لە كەمتەرخەمییەكان لەو رووداوەدا، ئێستا لیژنەكە دەستبەكاربووە.
لە دەروازەی سنوریی باشماخ زیاتر لە (100) نوسینگە هەن كە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە، بەڵام (85) نوسینگەیان كاران‌و كاردەكەن.

گەندەڵی لە مەرزەكان
بەمدواییە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە قسەوباس لەبارەی گەندەڵی مەرزە سنورییەكان دەستیپێكردووەتەوە، پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان باس لە هاوردەكردنی نایاسایی هەندێك كاڵای وەكو (ئۆتۆمبیل- دوگ- هێلكە) دەكەن‌و دەوترێت بەرپرسان لەپشت ئەم جۆرە بازرگانیانەوەن، دواین كەس كە قسەی لەسەر ئەم بابەتە كرد رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بوو.
بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە پەرلەمانتاران بەراشكاوی ناوی ئەوانەی نەهێناوە كە لە مەرزەكان یاسا پێشێل دەكەن، كارگەیشتووەتە ئەوەی، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم وتویەتی:" لە گومرگەكان داوا لە كارمەندان دەكرێت چاویان دابخەن، كە بارە نایاساییەكان تێپەڕدەبن ئەوجا چاویان دەكەنەوە".
لەم هەفتانەی كۆتایدا لە بازگەی "دێگەڵە" دەست بەسەر بارێك هێلەكەدا گیرا، بەرپرسانی بازگەكە باسیان لەوەكرد، هێلەكان لە مەرزی باشماخەوە هاتونەتە ناوەوە‌و بەسەرچوون.
ئەوەی زیاتر قسەی لەسەر دەكرێت مەرزەكانی باشماخ‌و پەروێزخانە كە بەڕێوەبردنی ئەم دوو مەرزە بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كە ساڵی 2014 ئیمزاكراوە، لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕاندا دابەشكراون، بەمشێوەیە:
دەروازەی باشماخ
•    بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەكە سەربە یەكێتییە
•    بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەكە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان 
لە دەروازەی پەروێزخان پۆستەكان پێچەوانە كراونەتەوە، بەمشێوەیە:
•    بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەكە لای بزوتنەوەی گۆڕانە
•    بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەكە لای یەكێتییە
هەردوو دەروازەكە دەكەونە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، بەمدواییە لەسەر سكاڵای ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان، كاری كۆمپانیایەكی دڵنیایی لە مەرزی پەروێزخان راگیرا، لەسەر ئەم دۆسیەیە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەكە كە هەر سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە بۆماوەیەك دەستبەسەر كرا‌و هێشتا دۆسیەی سەرپێچییە یاساییەكانی كۆمپانیاكە لە دادگا یەكلانەبووەتەوە، هەر ئەو كۆمپانیایە لە مەرزی پەروێزخانیش نوسینگەی هەیە‌و كاردەكات، كۆمپانیاكە تۆمەتباركراوە بەوەی لەدەرەوەی مۆڵەتی كاركردنی خۆی بەشێوەی زۆرە ملێ پارەی لە شۆفێرو سەرنشینان وەرگرتووە.
لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دوو مەرز هەن كە بریتین (حاجی ئۆمەران‌و ئیبراهیم خەلیل)، یەكەمیان دەروازەی هەرێمە بەڕووی ئێران‌و ئەوی تریان بەڕووی توركیادا، ئیبراهیم خەلیل گەورەترین دەروازەیە، چونكە تاكە دەروازەیە كە نەك هەرێمی كوردستان بەڵكو عێراق بەگشتی بە توركیاوە دەبەستێتەوە، لەم دەروازەیەوە نەوت بە تانكەر دەبرێتە توركیا، ئەمە لەكاتێكدا كوردستان بە هێڵی بۆری، نەوتی خوی بە توركیاوە بەستوەتەوە.
بەشێوەی فەرمی هەرێمی كوردستان تەنیا ئەم چوار دەروازە سنورییەی هەیە، كە سیانیان دەروازی سنورین لەگەڵ ئێران، ئێران بەمدواییە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكاوە لەناوخۆدا دوچاری قەیرانی دارایی‌و ئابوری هاتووە، قسەكردن لەسەر بەرفراوانبوونی گەندەڵی لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان دوای گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكان هات بۆسەر ئێران.
ئەمریكا كۆتایی ساڵی 2018 كشانەوەی تاكلایەنەی خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند، هاوكات دەستیكرد بە كاراكردنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران.
ئەمریكا تائێستا عێراقی بواردووە لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەی كە بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق هەمان بڕیار دەیگرێتەوە، ئێستا هاوكات لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە بەغداد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی ئابوری دەكات بەسەر عێراقدا ئەگەر لەم ململانێیەدا عێراق بەلای ئێراندا بشكێتەوە، یەكێك لە سزا هەرە لەپێشینەكان كە پێشبنی دەكرێت ئەمریكا بەسەر عێراقیدا بسەپێنێت ئەوەیە چیتر واشنتۆن، عێراق لە بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران نەبوێرێت‌و پابەندی بكات بە راگرتنی بازرگانی.
نیسانی ساڵی رابردوو ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر سەردانی گومرگی راپەڕینی كرد لە سنوری راپەڕین، كە گومرگێكی سنوریی هەرێمە لەگەڵ ئێراندا، كونسوڵ لەو سەردانەدا هۆشداریدا لەبارەی مەترسی خۆدزینەوە لەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand