Draw Media

توركیا داوای لێخۆشبوونی قەرەبوو، خەرجی نۆژەنكردنەوە لە بەغداد دەكات

Draw Media

2023-08-24 18:47:36



درەو:
وەزیری نەوتی عێراق چووە توركیا، ئەمڕۆش وەزیری ووزەی توركیا لە هەولێربوو، توركیا داوا دەكات عێراق خەرجی نۆژەنكردنەوەی بۆری نەوتی عێراق لەناو خاكی توركیا بگرێتە ئەستۆ، بەغداش داوا دەكات بەر لە دانوستانەكان توركیا وەك نیاز پاكیەك هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك دەستپێبكاتەوە.
رۆژی 22ی ئەم مانگە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنكەرە لەگەڵ وەزیری وزەی توركیا كۆبووەوە، گفتوگۆیان كرد لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، راگەیەندراوی كۆبونەوەی دوو وەزیرەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دوای تەواوبوونی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە‌و پشكنینی بۆرییەكان لەناو خاكی توركیا، هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە، بە بیانووی ئەوەی بەهۆی بومەلەرزەكەی شوباتی ئەمساڵی توركیاوە بۆری نەوتی عێراق لەناو خاكی توركیا زیانی بەركەوتووە، دوای دوو رۆژە لە كۆبوونەوەی وەزیرانی نەوتی عێراق و وزەی توركیا، ئەمڕۆ وەزیری وزەی توركیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی كۆبووەوەو گفتوگۆیان لەسەر پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
بەپێی وتەی سەرچاوەكان توركیا داوای ئەوە دەكات عێراق خەرجی نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكانی نەوت لەناو خاكی توركیا بگرێتە ئەستۆ، بەڵام بەرپرسانی عێراق لەسەر ئەو بنەمایەی توركیا هەرناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوكی راگرتووە، ئەم داواكارییەی رەت كردووەتەوە، بەغداد داوا دەكات بەر لە دەستپێكردنی دانوستان لەبارەی ئەو قەرەبووەی كە دادگای ناوبژێوانی لە پاریس بەسەر توركیایدا سەپاندووە كە بڕەكەی ( ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلارە توركیا وەك نیاز پاكی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.
(درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق كرد، سەبارەت بە زیانی بۆرییە نەوتەكەی عێراق لەناو خاكی توركیا، ئەو بەرپرسە رایگەیاند، بۆری نەوتی عێراق لەناو خاكی توركیا بەهۆی بومەلەرزەكەوە هیچ زیانێكی بەرنەكەوتووە بەڵام تەنیا یەك تانكی خەزانی نەوت لە بەندەری جەیهان زیانی بەركەوتووەو ئەویش هیچ كێشەیەك درووست ناكات و نەیكردووە، چونكە لە بەندەری جەیهان (15) تانكی گەورەی خەزانی نەوت هەیە كە (6) ملیۆن بەرمیل نەوت دەگرن، بەڵام بۆری نەوتەكە هیچ كێشەیەكی نیە، بەو بەڵگەیەش لەدوای بۆمەلەرزەكە كە لە 6ی شوبات روویدا لە 8ی شوبات هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێكردەوە، بەردەوام بووە هەتا 25ی ئازار واتا بۆ ماوەی نزیكەی (50) رۆژ لەدوای بۆمەلەرزەكەوە بەردەوام بوو، ئەو بۆرییە نزیكەی (2) مەتر لەژێر زەویدایەو هیچ كێشەیەكی نیە تا هەردوو وڵات كێشە درووست بكەن بۆ نۆژەنكردنەوەی، ئەو سەرچاوەیە پێی وابوو مەسەلەی نۆژەنكردنەوە بیانووە بۆ ئەوەی هەرلایەكیان مەرجی خۆیان بسەپێنن، عێراق دەیەوێت قەرەبووەكەی ( ملیارێك و 500ملیۆن) دۆلار لە توركیا وەربگرێت و توركیا پابەندی تەواوی ئەوە بێت كە بەبێ رەزامەندی بەغداد نەوتی هەرێم رەوانەنەكرێت لە رێگەی توركیاوە،  ئەنقەرەش دەیەوێت عێراق دەستهەڵبگرێت لە قەرەبووەكە ( ملیارێك و 500ملیۆن) دۆلارەكەی دادگای ناوبژێوانی لە پاریس، ومەسەلەی پەكەكەو ئاساییشی سنورەكان لەگەڵ عێراق یەكلا بكاتەوە.
بۆری نەوتی عێراق لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەناو خاكی توركیا درووست كراوە، دوو بۆریە یەكێكیان (40) ئینجەو توانای رەوانەكردنی (700) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، ئەوی تریان (46) ئینجەو توانای رەنەوانەكردنی (900) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بەهەردووكیان رۆژانە توانای ( ملیۆنێك و 500) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بەهۆی شەڕی عێراق-ئێرانەوە، حكومەتی عێراق رۆژانە ( ملیۆنێك و 500 هەزار) بەرمیل نەوتیان لێوە رەوانە كردووە.
بۆری نەوتی عێراق لەناو خاكی توركیادا (675) كیلۆمەترە ئەو بۆرییە تا 25ی ئازاری رابردوو رۆژانە نزیكەی (400) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و نزیكەی (80) هەزار بەرمیل نەوتی عێراقی پێدا رەوانە دەكرا.
بە پێی راپۆرتی دیلۆیت لە چارەكی یەكەمی 2023 واتا لە 1/1/2023 تا 25/3/2023 هەرێمی كوردستان (32 ملیۆن و 307) هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆری نەوتی توركیاوە رەوانەكردووەو كۆی داهاتەكەی ( 2 ملیار و 177 ملیۆن) دۆلار بووە، (ملیارێك و 253ملیۆن) دیناری بۆ خەرجی كۆمپانیاكان و (946 ملیۆن) دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆری نەوتی كوردستانی درووستكردو لە 2017دا فرۆشتی بە ( ملیارێك و 700 ملیۆن) دۆلار، بەڵام لە سەرەتای 2019 تا ناوەڕاستی 2021 ( ملیارێك و 744 ملیۆن) دۆلاری داوە بە كرێی بۆری نەوت.
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 2021دا (4 ملیار و 108 ملیۆن) دۆلار بووە، ( ملیارێك و 725 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەت بووە و (454 ملیۆن) دۆلاری تەنیا داوە بە كرێی بۆری كە دەكاتە رێژەی (11%).
راپۆرتی پەیوەندیدار تایبەت بە (بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان)

https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9734

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand