یەكریزی ماڵی كوردی

Draw Media

2022-01-24 11:17:22



سەردار قادر
                                                                                           
ئەم زاراوەیە زۆر دەمێكە بوونی هەیه، زۆرینەیەك لە سەركردەكان هەمیشە بۆ رازاندنەوەی وتەكانیان باسیان لە یەكڕیزی ماڵی كوردی كردووە، ئەوەندەی باس ئەكرێت، ئەوەندە تاكی كوردی نایبینێ، یەكڕیزی ماڵی كوردی بە دەرئەنجام رێككەوتنی بەرژەوەندی بووە جیا لە مانای چەمكەكە؟ یان ئەكرێت بوترێت رێككەوتن بووە بۆ بەشكردنی پەرژەوەندییەكان.

یەكڕیزی ماڵی كوردی لەنێوان بەشكردنی پۆستەكان و بەرژەوەندییەكان زیاتر مانایەكی نەبووەو خۆی نەداوە لە پلانی هاوبەش بۆ خەمی گشتی. یەكڕیزی ماڵی كوردی لەنێوان شەری ناوخۆو ئیتیفاقی ستراتیجی خۆی بینیوەتەوە !!!

هەموو كات بۆ چوونە بەغداد، باس لە یەكڕیزی ماڵی كوردی ئەكرێت، وەفدی هاوبەش دروست ئەكرێت و دێن و ئەرۆن. دەرئەنجامیش زۆرێك لە گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد وەك خۆی ئەمێنێتەوه، نە مەسەلەی بەشە بودجەی هەرێم و سیاسەتی نەوتی و كێشەی پێشمەرگەو ناوچە ناكۆكییە لەسەرەكان، چارەسەر ئەكرێت بەردەوام وەك گرفت ئەمێنێ .. كابینەی بەغداد بە تەوافوق دروست كرێت یان حكومەتی زۆرینە ، ماڵی كوردی وەك خۆی مامەڵە ئەكات و گرفتەكان وەك خۆی بەردەوام ئەبێت.

ئەم دێو جامەیەی یەكریزی ماڵی كوردی تائێستا تاكی كوردی نەیبینی گرفتەكان چارەسەر بكات. گەر ئەم جارە ماڵی كوردی بە بەشكراوی لەگەڵ لایەنەكانی بەغداد بكەوێتە دانوسان، ئایا هەمان دەرئەنجام دێتە دی و گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد وەك خۆی ئەمێنێت یان دۆخەكەی ئەگۆرێت ؟؟؟

ئێستا بەغداد لەنێوان دوو ئەگەردایە، ئەوانیش پێكهێنانی كابینەیە لەسەر چەمكی زۆرینە كە بزاوتی سەدری و سونەو بارزانی رێككەوتنیان لەسەر كردووه، یان گەڕانەوە بۆ حكومەتی تەوافوق كە رێككەوتنی دەستە جەمعی بۆ بكرێت.لەم كاتەدا كە باس لە بەشبوونی ماڵی شیعی ئەكرێت، ماڵی كوردی وەك وابەستەیەك بەو بارودۆخە بەشبوونێكی پێوە ئەبینرێت. ماڵی كوردی بەشبوونەكەی لە پۆستی سەرۆك كۆماردا دەرئەكەوێت و رۆیشتنە بۆ زۆرینەی پەرلەمانی، ئەوەی پرسیارە ئەم چەمكە سەرەتایە بۆ هەرێمیش ؟؟

ئایا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئیتر زۆرینە ئەبێتە پێوەر یان ئیتیفاقی ستراتیجی ؟ گەر ئێستا هەژموونی شەڕی ناوخۆ بەسەرچوو بێت ئەكرێت بوترێت بەشبوونی ماڵی كوردی سەرەتایە بۆ جیاوازی لەنێوان زۆنی زەردو سەوز ؟ ئەكرێت باس لە دوو ئیدارەیی نەبێتە تۆمەت؟ ئەكرێت لە زۆنێكدا ئەمنیەت و خزمەتگوزاری ببینرێت ؟ ئەكرێت ئازادی فەراهەم بكرێت بۆ قەڵەمە ئازادەكان و زیندانەكان چۆڵ بكرێت و ژیانی ئاسودە بۆ هەموان فەراهەم بكرێت ؟ ئەكرێت لە هەرێمدا باس لە لامەركەزیەتی ئیداری و شۆڕبونەوەی دەسەڵات و بەشكردنی دەسەڵات نەبێتە شارچێتی؟؟

بە لایەكی تردا زۆنەكان نابێتە ئابڵۆقە دانان بەسەر یەكتردا؟ نەترسین دیسانەوە ژمارەی زاڵگەكان زۆر بكرێنەوە لەنێوان زۆنەكاندا، نەترسین لە قەیرانەكان ؟ داهاتووی ماڵی شیعی گەر كرانەوەو رێككەوتن بوو ئایا ماڵی كوردی ئەبێتەوە زاراوەی باو ؟ هەموو ئەمانە و زۆری تر لە پرسیارەكان ئەمێنێ بۆ رەوتی رووداوەكان ئەوەی ئەمێنێت بۆ تاكی كوردی خەمی گشتییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand