سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق

Draw Media

2022-01-02 11:24:39



راپۆرت: درەو 
تەنیا هەفتەیەك ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، هێشتا شیعەكان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، سوننە لەسەر كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، كورد لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار رێكنەكەوتوون، سوننە تاوتوێی ناوی (4) كاندید دەكات، كاندیدەكانی شیعە پەنجەكانی دەست تێدەپەڕێنن، كوردیش زیاتر لە (5) كاندیدی هەیە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

پۆست لەپێناو رێبەرایەتی سوننەدا !
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی 9ی ئەم مانگەی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد. 
بەگوێرەی ماددەی (55)ی دەستوری عێراق، لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەماندا، دوای ئەوەی ئەندامە نوێیەكانی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن، دەبێت پەرلەمان سەرۆكێك‌و دوو جێگر بۆخۆی هەڵبژێرێت.
تا ئەوكاتەی پەرلەمان بە دەنگدان سەرۆك و جێگرەكانی هەڵدەبژێرێت، یەكەمین دانیشتن بەتەمەنترین ئەندامی خولی نوێی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە پێی دەوترێت "سەرۆكی تەمەن"، ئەم چانسە ئەمجارە بەر مەحمود مەشهەدانی كەوتووە، مەشهەدانی كە پێشترو بۆ ماوەی خولێك سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بووە، لەدایكبووی (1/7/1948)ە‌و بەتەمەنترین ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقە‌و سەربە پێكهاتەی سوننەكانە. 
بەپێی ئەو عورفەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003وە پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی پێكهاتەی سوننەكانە، وەك چۆن پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ شیعە‌و پۆستی سەرۆك كۆماریش هەر بەپێی ئەم عورفە بۆ كورد یەكلابوەتەوە. 
لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەناو پێكهاتەی سوننەدا هاوپەیمانی (تقدم)ە كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ماوەتەواوبووی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات (37 كورسی)، حەلبوسی چاوی لەوەیە بۆ ویلایەتی دووەم جارێكی تر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێتەوە، بەڵام چ لەناوخۆی پێكهاتەی سوننەكاندا‌و چ لە دەرەوەی پێكهاتەكەش روبەڕووی نەیارێتی بوەتەوە. 
لەسەر ئاستی دەرەوەی پێكهاتەی سوننە، لایەنە شیعە دۆڕاوەكان دژی نوێكردنەوەی ویلایەتی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقن‌و پێیانوایە سێ سەرۆكایەتییەكە دەستیان لە گەمەی هەڵبژاردندا هەبووە‌و ئەنجامی هەڵَبژاردنیان لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلاكردوەتەوە، ئەم بۆچونە خزمەت بە مانەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەماندا ناكات. 
لەسەر ئاستی ناوخۆی پێكهاتەی سوننەكان، خەمیس خەنجەر كە پیاوێكی سەرمایەدارەو سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەك دەكات بە ناوی "عەزم"، براوەی دووەمی هەڵبژاردنە لەدوای حەلبوسی‌و شەڕی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكات.
حەلبوسی‌و خەمیس خەنجەر بۆ گەیشتن بە ریككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، سەردانی مەسعود بارزانیان كرد لە هەولێر، بەڵام ئەمە دادی نەدان، دواتر پێكەوە سەردانی ئیماراتی عەرەبییان كرد، سەرباری ئەم سەردانانە‌و چەندین كۆبونەوەی دوو قۆڵی هێشتا یەكلانەبونەتەوە لەسەر ئەوەی كامیان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرن (حەلبوسی نزیكە لە ئیماراتی عەرەبی، خەمیس خەنجەر نزیكە لە توركیا). 
بەپێی قسەی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی تەمەنی یەكەمین كۆبونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانی عەزمی خەمس خەنجەر دەیەوێت ئەمجارە ئەو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، بەڵام هێشتا لەسەر هیچ ناوێك رێكنەكەوتوون بۆ ئەوەی وەكو كاندید بیخەنە بەردەم كوتلە سیاسییەكانی تر.
پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەناو پێهاتەی سوننەدا كاریگەری گەورەی هەیە، ئەو كەسەی ئەم پۆستە وەردەگرێت، دەبێت بە رێبەری سوننەكان لە عێراق، لەدوای روخانی سەددامەوە وا هاتووە، هەركەسێك سەرۆكی پەرلەمان بوبێت، كارەكتەری پلەیەكی پێكهاتەی سوننە بووە لە عێراق، لەناو پێكهاتەی شیعە‌و كورددا ئەم حاڵەتە بەدی ناكرێت، پۆستی سەرۆك وەزیران كە پشكی شیعەكانە، كەسی لەناو شیعەكاندا لە قاڵبی خۆی گەورەتر نەكردووە، بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش كە پشكی كوردە، تەنانەت كاتێكیش كە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆمار بووە، كارەكتەری پلە یەكی كورد نەبووە‌و هەمیشە بارزانی هاوبەشی بووە.
بەهۆی ناكۆكی حەلبوسی‌و خەنجەرەوە، پێشبینی ناكرێت لە یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەماندا كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكانی هەڵبژێردرێت، ئەمە وادەكات هاوشێوەی خولەكانی تر، دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بە كراوەیی بهێڵدرێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن. 
لەناو سوننەكاندا بیرۆكەیەك هەیە بۆ چارەسەری كێشەی نێوان حەلبوسی‌و خەمیس خەنجەر، بیرۆكەكە ئەوەیە، حەلبوسی بۆ ویلایەتی دووەم پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە‌و لەبەرامبەردا پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بدرێت بە خەمیس خەنجەر (دانانی جێگر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار خۆیدایە، بەرهەم ساڵح جێگری بۆ خۆی دانەنا)، بەڵام هەندێك لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی (عەزم) ئەم بیرۆكەیە رەتدەكەنەوە‌و نایانەوێت جارێكی تر حەلبوسی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە. 
ئەوانەی كە دژی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانن لەلایەن محەمەد حەلبوسییەوە، ناوی سێ كاندیدی تریان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشنیاز كردووە كە بریتین لە هەریەكە لە: 
•    مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمان‌و سەرۆكی یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق (سەرۆكی تەمەن)، ئەم پیاوە پاڵپشتی گەورەی لەناو لایەنە عێراقییەكاندا نییە. 
•    خالید عوبێدی وەزیری پێشووی بەرگری عێراق، دەوترێت نزیكە لە شیعەكان‌و كەسایەتییەكی بەهێز نابێت كە نوێنەرایەتی سوننە بكات
•    سابیت عەباسی (مشتومڕی لەسەرەو دەوترێت سەربە پێكهاتەی توركمانە‌و نوێنەرایەتی رەسەنی پێكهاتەی سوننە ناكات)
لەمشتومڕی حەلبوسی‌و خەمیس خەنجەردا پێشبینی دەكرێت لە كۆتایدا، كەسێك لە چینی مامناوەندی سیاسی سوننەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكرێت، كەسایەتییەك لە باڵی "هەڵۆ"كانی ناو پێكهاتەی سوننە نەبێت‌و بە وەرگرتنی پۆستەكە ببێت بە رێبەری سوننەكان، هەروەك كەسایەتیەكیش بێت لە باڵی "كۆت"رەكان نەبێت كە هێندە لاوازبێت، لایەنە بەهێزەكانی تری عێراق یاری پێبكەن. 
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەگەر خەنجەر قایل ببێ بەوەی حەلبوسی بۆ ویلایەتی دووەم پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە، هاوپەیمانی "عەزم" هەڵوەشێتەوە، چونكە بەرەی نەیارانی حەلبوسی لەناو هاوپەیمانێتییەكەی خەنجەردا بەهێزن. 
لەپاڵ هەموو ئەم كێشانەدا، یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەستراوەتەوە بە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی حكومەتەوە، ئەو لایەنانەی كە كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان پێكدەهێنن، ئەوان كاندیدی سێ سەرۆكایەتییەكە دادەنێن، كوتلەی گەورەش هێشتا دروست نەكراوە‌و ناو ماڵی شیعە دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەبێ رێككەوتنی ناو ماڵی شیعە، ئەستەمە پێكهاتەی كورد‌و سوننە بچنە ناو هیچ بەرەیەكەوە. 

گەڕێكی تری ململانێی سەرۆك كۆمار
بەپێی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە یەكەمین كاریدا كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت، سەرۆك كۆمار دوای هەڵبژاردنی یەكەمین ئەرك لە ئەستۆیدا ئەوەیە، كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت. 
بەپێی ئەو عورفەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە عێراق پەیڕەو كراوە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، لەناو كوردیشدا بەگوێرەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی سەرۆك كۆمار دراوە بە یەكێتی، ئەمە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا بوو بۆ پارتی.
دوای شكستی ریفراندۆم‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، لە كۆتاییەكانی ئۆكتۆبەری 2017دا مەسعود بارزانی دوای 12 ساڵ مانەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەستبەرداری پۆستەكەی بوو. 
ساڵی 2018 كاتێك هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەتاڵ بوو، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ئەوكات دابەشكرابوو بەسەر سەرۆكایەتی حكومەت‌و پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەریدا، واتە هاوكێشەی (پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی‌و پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی) كێشەی تێكەوتبوو، بۆیە كاتێك گفتوگۆ لەسەر پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كرا، پارتی داوای پۆستەكەی دەكرد‌و مەرجی بۆ یەكێتی هەبوو، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوكاتی پارتی هاوشێوەی ئێستا ئەوە بوو، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماردا، یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بدات بە پارتی، سەرباری ئەمە هاوشێوەی ئێستا ئەوكاتیش بارزانی تێبینی لەسەر بەرهەم ساڵح هەبوو، داوای دەكرد كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەناو فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق یەكلابكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتنە رێككەوتن، هەریەكەیان بە كاندیدی خۆیانەوە چونە بەردەم پەرلەمانی عێراق، یەكێتی (بەرهەم ساڵح)‌و پارتیش (فوئاد حسێن)ی كاندید كردبوو، ریفراندۆم كە كاردانەوەی خراپی لەسەر بارزانی لەناو لایەنە عێراقییەكان دروست كردبوو، سودی بە بەرهەم ساڵح گەیاند‌و وەكو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا.  
ئێستا كە جارێكی تر، پارتی‌و یەكێتی دەچنەوە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، دۆخەكان بەبەراورد بە 2018 هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، چونكە ئێستا ئیتر پارتی لە قۆناغی دوای ریفراندۆمدا نییە‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئاسایی كردوەتەوە، پۆستی سەرۆكی هەرێم ئێستا بەتاڵ نییە‌و هەر لای پارتی ماوەتەوە، بەڵام پۆستی پارێزگاری كەركوك لە هەمان دۆخی جاراندایە‌و هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ كورد. 
ئەمریكا‌و ئێرانییەكانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەن، هێشتا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پشكی یەكێتییە، هێشتا یەكێتی بە فەرمی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلانەكردوەتەوە، بەرهەم ساڵح دەیەوێت بۆ ویلایەتی دووەم خۆی كاندید بكاتەوە، لەتیف رەشید‌و مەلا بەختیاریش چاویان لە پۆستەكەیە، ناوی (عەدنان موفتی)ش هاتە ناوانەوە، بەڵام هەر زوو خۆی رەتیكردەوە پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت.
هاوشێوەی ساڵی 2018، بەرهەم ساڵح چانسی لای پارتی خراپە، تۆمەتباری دەكەن بەوەی دەستوەردانی لە هەڵبژاردندا كردووە‌و لەرێگەی دەستەی دادوەرانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە دوو كورسی پارتی بردووە بۆ یەكێتی. 
ئەگەر پارتی‌و یەكێتی بە تەوافوق پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكەنەوە، بەرهەم ساڵح چانسی لە مەلا بەختیار یان هەر كەسێكی تر كەمتر دەبێت.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پێشنیازی ئەوەی كردووە، كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك بە تەوافوق لەنێوان پارتی‌و یەكێتی دابنرێن‌و ناویان لێ بنێرێت "كاندیدی كورد". 
ئەگەر پارتی‌و یەكێتی نەگەن بە تەوافوق لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، پێشبینی دەكرێت هاوشێوەی 2018 هەردوولا بە دوو كاندیدی جیاوازەوە بچنە بەردەم پەرلەمانی عێراق. 
بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە حاڵی دروست نەبوونی ئیتیفاقدا، پێشبینی دەكرێت پارتی ئەمجارەیان بە ژمارەیەكی قورستر بچێتە ناو ململانێكانی پەرلەمانی عێراق‌و (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی هەرێم كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە ئەو بابەتەیە كە پارتییەكان دەڵێن "بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەمجارە موفاجەئەمان دەبێت". 

كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران ؟
دوای هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، یەكەمین كاری سەرۆك كۆماری نوێی عێراق ئەوەیە، كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمان راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. 
بەپێی عورفی سیاسی عێراق، ئەو كەسەی كە دەبێت بە سەرۆك وەزیران، دەبێت سەربە پێكهاتەی شیعە بێت،  هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری پەرلەمانی عێراق، ماڵی شیعەی دابەشكرد بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەكدا، موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن (73) كورسی، لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (هادی عامری، فالح فەیاز، قەیس خەزعەلی، نوری مالیكی، حەیدەر عەبادی، عەممار حەكیم) لەبەرەكەی تر، بەرەی دووەم كە ناویان لێنراوە "بەرەی ئێران"، دۆڕاوی هەڵبژاردنەكە بوون، ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن‌و دەڵێن ساختەكاری كراوە، بەڵام كاتێك دادگای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەسەند كرد، پابەندبوونی خۆیان راگەیاند. 
كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە "كوتلەی گەورە"، لایەنە شیعەكان دروستی دەكەن، ئەمە ئێستا لەبەردەم (چوار) سیناریۆدایە: 

سیناریۆی یەكەم: 
رەوتی سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بگەنە رێككەوتن‌و پێكەوە لەگەڵ كورد‌و سوننەدا كوتلەی گەورە دروست بكەن، ئەمە روودانی هەندێك سەختە بەتایبەتی لەكاتێكدا موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن دروستكردنی حكومەتی "تەوافوق"ی رەتدەكاتەوە‌و داوای حكومەتی "زۆرینەی نیشتمانی"، سەرباری ئەمە سەدر بەهیچ جۆرێك ئامادەی تەوافوق نییە لەگەڵ نوری مالیكیدا.

سیناریۆی دووەم: 
كوتلەی سەدری وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەگەڵ كورد‌و سوننە رێككەوتن بكات‌و كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان دروست بكەن، ئەمە بەهۆی نەیارێتی ئێرانەوە ئەگەری سەركەوتنی قورسە، بەتایبەتی كە بەمدواییە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد سەردانی لایەنە كوردییەكانی كرد‌و داوای لێكردن دەستوەردان لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعە نەكەن‌و نەچینە بەرەیەك دژی بەرەكەی تری شیعە. 

سیناریۆی سێیەم: 
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان‌و لایەنەكانی سوننەدا رێككەوتن بكەن‌و كوتلەی زۆرینە پێكبهێنن‌و موقتەدا سەدری براوەی هەڵبژاردن ئاوت بكەن، ئەم سیناریۆیە لە حاڵی جێبەجێبوونیدا عێراق‌و بەتایبەتیش ناو ماڵی شیعە روبەڕووی شەپۆلێكی نوێی گرژی دەكاتەوە كە رەنگە دواجار چارەنوسی حكومەتەشیان روبەڕووی هەمان چارەنوسی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر سەدرییەكان ببن بە ئۆپۆزسیۆن. 

سیناریۆی چوارەم: 
سەدرو بەشێك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (بەبێ نوری مالیكی) رێككەوتن بكەن بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینە لەگەڵ كورد‌و سوننەدا، ئەمە سیناریۆیەكی چاوەڕوانكراوە، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، لەناو رەوتی دانوستانەكاندا، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەریەك هەڵوەشێنن‌و هەریەكەیان لە پێگەی بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە بچێتە دانوستان لەگەڵ سەدردا، لەم سیناریۆیەدا (نوری مالیكی) دەبێتە قوربانی‌و جارێكی تر خەونی گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەخرێتەوە ژێر گڵ.
لەناو ئەم ململانێ‌و سیناریۆیانەدا، هەندێك كارەكتەری سیاسی شیعە، ناویان وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دەهێنرێت، لەوانە: 

یەكەم: مستەفا كازمی
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبووی عێراق، كە لە بنەڕەتەوە كاندیدی تەوافوقی ناو ماڵی شیعەی عێراق‌و هاوكات كاندیدی ئێران‌و ئەمریكاش بوو، سەرلەنوێ چانسی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران بمێنێتەوە.
لایەنە دۆڕاوەكانی شیعە لە هەڵبژاردندا، دژی دانانەوەی كازمین لە پۆستی سەرۆك وەزیران‌و تۆمەتباری دەكەن بەوەی لەپشت ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنەوە بووە، بەڵام لە حاڵی شكستهێنانی گفتوگۆكانی ڤیەننای نێوان ئەمریكا‌و ئێران لەبارەی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی، كازمی چانسی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران زیاتر دەبێت، چونكە كاندیدی تەوافوقی نێوان ئێران‌و ئەمریكایە، سەرباری ئەمە، لەو ماوەیەی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا بووە، كازمی رۆڵی هەبووە لە لێكنزیكردنەوەی ئێران‌و سعودیە، ئەمەشی لەلای ئێرانییەكان بە خاڵێكی بەهێز بۆ دەنوسرێت. 

دووەم: كاندیدەكانی تر
ناوی چەند كەسێكی تر وەكو كاندیدی چاوەڕوانكراوی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەهێنرێت، لەوانە: 
•    ئەسعەد عیدانی
•    عەلی شوكری 
•    حەیدەر عەبادی
•    محەمەد شیاع سودانی
•    محەمەد تۆفیق عەلاوی


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand