عێراقچی دوێنێ و ڕیفراندۆمچی ئەمڕۆ. 

Draw Media

2021-12-07 16:55:48



بەیار عومەر عەبدوڵا

چەند ناشرینە مرۆڤ بۆ پارە خۆی بچوک بکاتەوە و  ١٥٠ هەزار هاوڵاتی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین بەسوک ناوبەرێت، لە کاتێکدا هاوڵاتیان لەتاو ناعدالەتی و بێدادی و بێکاری و ئەو زوڵمەی لەم دەڤەرە دەکرێت واژویان بۆ بەهەرێمکردنی کردوە.
بەهەرێمکردن مافێکی سەرەتایی هەموو پارێزگایەکە بەپێی دەستوری عێراق، کە سەرکردایەتی کورد تێیدا بەشدار بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، فیدرالیەت و دابەشکردنی داهات و دەسەڵات بەسەر پارێزگاکاندا، سیستەمێکی دیموکراسیانەی بەڕێوەبردنە و لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکاندا پەیڕەو دەکرێت.
بەداخەوە هەندێک لە ڕەمزەکانی شۆڕشی نوێ و یەکێتی، خۆیان و خەباتیان هەرزان فرۆش ئەکەن و بوون بە بەشێک لە ئەجێندای پارتی بۆ دروستکردنی ناکۆکی و بەکارتۆنیکردنی یەکێتی و سەرجەم حیزبەکانی تر.
خەلکی کوردستان ناهەقیان نیە گومان لە هەموو پیرۆزیەکان بکەن، کە دەبینن هەندێک شۆڕشیان کردوە بە پردێک بۆ گەیشتن بە پارە و دەسەڵات.
کەسی سیاسی لە تەمەنی خانەنشین بووندا، پێویستە ڕێز لە خۆی و خەباتی بگرێت و پارێزگاری لەو ڕێز و خۆشەویستیە بکات کە بەدەستی هێناوە، نەک ڕیسی خەباتی بکاتەوە بە خوری بەرژەوەندی و پارە.
ئەوانەی ڕاستەوخۆ بوون بە پارتی ڕاستگۆتر و بەنرخترن لەوانەی لەناو یەکێتیەوە کار بۆ پارتی دەکەن.
سیاسەتی پارتی ڕونە و بە تیرێک دوو نیشان دەپێکێت. یەکێتی و ڕەمزەکانی لە ناو خەلکدا ناشرین دەکات. هاوکات بە خەلک دەڵێت ئەم شۆڕشگێڕە دوای ٥٠ ساڵ خەبات و تێکۆشان لە یەکێتیدا، ئێستا لە بەرژەوەندی پارتی قسە دەکات. لە ڕێی ئەو بێئومێدکردنەوە هانی خەلک دەدات ڕاستەوخۆ ببن بە پارتی.
بەڵام لە کۆتاییدا، کەناڵەکانی پارتی سودێکیان هەیە... وەک فلتەر وان، شۆڕشگێڕە ساختەکان لە بێژنگ ئەدەن و ڕوی ڕاستەقینەیان پیشانی خەلک ئەدەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand