پەنابەران ساڵانە (600) ملیار دۆلار حەواڵەی وڵاتانی خۆیان دەکەن

Draw Media

2021-11-15 15:39:20



درەو:


دۆخی خراپی ئابوری گەورەترین هۆکاری پشت کۆچی نێودەوڵەتییەو بەپێی ئامارەکان ساڵانە زیاتر لە (3%)ی دانیشتوانی جیهان وڵاتەکانی خۆیان لە پێناو گوزەرانێکی باشتر جێدەهێڵن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی نێودەوڵەتی، پەنابەران ساڵانە زیاتر لە (600) ملیار دۆلار بەشێوەی فەرمی حەواڵەی وڵاتەکانی خۆیان دەکەنەوە.


ئامارەکانی کۆچ لەسەر ئاستی جیهان
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتانی جیهان بە هۆکاری (ئابوری و دارایی، جەنگ و سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەندروستی ...) وڵاتەکانی خۆیان جێدەهێڵن، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتان و جیهان ژمارەی کۆچبەرانی نێودەوڵەتیش هەڵدەکشێن، بۆ نمونە لە ساڵی (1970) ژمارەی کۆچبەران گەیشتووە بە سەرو (84) ملیۆن کەس لە جیهاندا و بە ڕێژەی (2.3%)ی دانیشتوانی جیهان.
بەڵام لە ساڵی (1995) ژمارەکە بەرزەوە بووە بۆ زیاتر (161) ملیۆن لە کۆچبەر بە ڕێژەی (2.8%)ی کۆی دانیشتوانی جیهان.
لە کاتێکدا ساڵی (2019) ژمارەی کۆچبەران گەیشتووە بە زیاتر لە (271) ملیۆن لە بە ڕێژەی (3.5%)ی دانیشتوانی گۆی زەوی (بڕوانە چارتەکانی ژمارە (1) و (2)) کە ژمارەو ڕێژەی کۆچبەرانی جیهان نیشان دەدات لە ساڵی (1970 - 2019).

 

کۆچبەران و قەبارەی ئالوگۆڕی دراو 
بەشێکی گەورەی کۆچبەران لە جیهاندا لە پێناو ژیانێکی ئابوری باشترو خۆشگوزەرانی زیاترە، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی نێودەوڵەتی تایبەت بەو حەوڵەو ئاڵوگۆڕە دراوە نێودەوڵەتییانەی کۆچبەران بەشێوەی فەرمی و تۆمارکراو ناردوویانەتەوە بۆ خێزان و کەس و کار و وڵاتە ئەسڵییەکانی خۆیان قەبارەیەکی گەورەی دراوە، بەشێوەی نەقدی و ئەلیکترۆنی هەناردەیانکردووە، سەرەڕای ئەو کۆت و بەندە یاساییانەی وڵاتان لەسەر ئەو پرسە گرتووییانەتەبەر تادێت قەبارەکەی گەورەتر دەبێت، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، بۆ نمونە لە ساڵی (2000) قەبارەی حەواڵەکردنی دراو لە لایەن کۆچبەران (پەنابەران)ەوە بە (126) ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی (2018) ئەو قەبارەیە گەیشتووە بە (689) ملیار دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)).

پێشەنگترین وڵاتانی جیهان لە ئاڵوگۆڕی دراوی پەنابەران
بەپێی ئامارەکان لە ساڵانی ڕابردوودا وڵاتی هیندستان زۆرترین حەواڵەی بۆ دەچێت لە لایەن هاوڵاتییەکانی خۆیەوە لە جیهاندا (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) کە (10) پێشەنگترین ئەو وڵاتانە نیشان دەدات کە لە ماوەی ساڵی (2005 - 2018) زۆرترین پارەیان بۆ حەواڵە کراوە.
هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمیشە لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە کە زۆرترین بڕی پارەی لێوە حەواڵە دەکرێت بۆ وڵاتانی جیهان (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) کە (10) پێشەنگترین ئەو وڵاتانە نیشان دەدات کە لە ماوەی ساڵی (2005 - 2017) زۆرترین پارەیان لەلایەن پەنەبەرانەوە لێوە حەواڵە کراوە. 


ئامارە فەرمییەکانی کۆچی پێچەوانە لە ڕێگەی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی
لەساڵی (1979)ەوە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی پرۆکرامێکەوە هەموو هاوکاریو پاڵپشتییەکی ئیداری و دارایی ئەو کۆچبەرانە دەکات کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.
لەساڵی (2005 - 2014) لە ڕێگەی ئەم پرۆگرامەوە ڕێکخراوەکە بە تێکڕای ساڵانە هاریکاری (34) هەزار کۆچبەری کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەم ساڵانەی دوایی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران ڕێکخراوەکە هاریکارییەکانی زیادکردووە. لە ساڵی (2017) ڕێکخراوەکە هاریکاری (72) هەزار و (176) پەنابەری کردووەو گەڕاندونیەتییەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
لە ساڵی (2018) هاریکاری (63) هەزار و (316) پەنابەری لە (128) وڵاتی جیهاندا کردووەو گەڕاندووەتەوە بۆ (169) وڵاتی بنچینەیی خۆیان کە (24%) ئافرەت و (22%) منداڵ پەنابەریان منداڵ بوونە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)).
 


سەرچاوە
•    المنظمة الدولية للهجرة، تقریر الهجرة في العالم، لعام 2020.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand