رۆڵی دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئیران و بەریتانیا وەک نمونە

Draw Media

2021-09-18 13:44:35



بەهرە حەمەڕەش
کاراکتەرێکی سیاسی و سەرکردەیەکی روخۆشە بەوە ناسراوە، کە هەمیشە دیالۆگ و عەقڵ دەکاتە ئەلتەرناتیڤی هێزی رەق، لە کێشە ناوخۆیییەکانیشدا بە هەمان ئەندازە رەفتار لە گەڵ ناوماڵی کورد و پێکهاتەکانی عیراق دەکات. لە سیاسەتی دەرەوەشدا، هەمان دنیابینی و بیرفراوانی لێدەخوێندرێتەوە، لە کات و ساتە زۆر دژوارەکاندا، دەتوانێ بەم دیپلۆماسیەتە گرێ کوێرەکان بکاتەوە.
کاتێک خوێندنەوە لە سەر کاراکتەری سیاسی نێچیرڤان بارزانی دەکەین، لە ئێستا و رابردوودا هەڵگری کۆمەڵێک پڕۆژە و ئەجێندا و دنیابینی جیاوازە. ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع بە مەحاڵ دەبینرێت، ئەو دەتوانێ بیکاتە واقیع، بۆیە دەتوانین وەکو باڵیۆزی سیاسەتی کوردی لێی بڕوانین وەکچۆن باڵیۆزی هونەر و نیازپاکی و ئاشتی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە.
دوای کەوتنی سەدام/ ٢٠٠٣، کورد بە سەنگێکی زۆرەوە بەشداری لە حکومەتی بەغدا کرد، پۆستی سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و کۆمەڵێک پۆستی دیکەی سیادی لە ناو حکومەتی بەغدا، وەرگرت. لە سەر ئەم بنەمایە، کۆمەڵێك کورد بوونە باڵیۆز لە وڵاتان و دەوڵەتانی زلهێز قونسوڵخانەیان هێنایە هەولێر. تا ئەم ساڵانەی دوایی، کە لە کاتی سەردانی سەرکردەکانی کورد لە وڵاتانی دەرەوە بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازییان لێدەکرێت. دەتوانین هەموو ئەم هەنگاوانە، وەکو هێزی نەرمی سیاسەتی کوردی/ دیپلۆماسیەت لە قەڵەم بدەین.
لە پەیمانی سایکس بیکۆ (سیڤر/ ١٩٢٠ و لۆزان/ ١٩٢٣)، بە مقەستی فەرەنسی و بەریتانییەکان کوردستان پارچەپارچە کرا، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جێگای دڵخۆشییە، کە هەردوو وڵات ئاوڕی جددی لە کێشەی کورد دەدەنەوە لە کاتێکدا زۆر قسە و باس و پڕوپاگەندە هەیە، بە تایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەنفغانستان، کە لە وانەیە هەمان تراژیدیا لە کوردستان دووبارە بێتەوە. لە ساتەوەختی ئەم دڵەڕاوکێ و پڕوپاگەندەی هەیە، کە رەنگە بەشێکی ئەم مەترسییە جددی بێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێکی گرنگی نا، کە لەم دۆخە دژوارەدا جورئەت و دنیابینی دیپلۆماسی پێویستە، ئەم هەنگاوانەی نێچیرڤان بارزانی هەر لە هاتنی ماکرۆن بۆ لوتکەی بەغداو سەردانی تایبەت بۆ موسڵ لە نێوان هەژدە پارێزگای عێراق و باسکردن لەوەی، کە چۆن "دەروازەی ئۆڤاکۆ/ عیراق" بکرێتە ئەلتەرناتیڤێک بۆ "دەروازەی ئیبراهیم خەلیل/ کوردستان"، بەرهەمی ئەم عەقڵە دیپلۆماسییەیە، کە پێویستە کورد بە بایەخەوە لێی بڕوانێت و ئەوانەی، کە خەمی نەتەوەیی و قوربانیدانی نەتەوەییان هەیە، هاوکاری بەردەوامی و سەرکەوتنی ئەم عەقڵیەتە بن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، کاراکتەرێکی خاوەن ئەزمون و کاریزما و دیپلۆماسی بەهێزە، کە دەتوانی بە رۆحیەتی دیالۆگ مامەڵەی سیاسی بکات، سەردانی ئەو بۆ بەریتانیا و چۆنێتی پێشوازی لێکردنی، لێهاتوویی دیپلۆماسیەتی ئەو پیشان دەدات، هاوکات وەڵامێکە بۆ ئەو پڕوپاگەندانەی، کە دەڵین قەوارەی هەرێم لە بەردەم ناوچوونە!
بەر لە هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و بەریتانیا، کۆبوونەوەی هاوبەشی لە گەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان ئەنجامدا، لە کاتێکدا تەشەنوجاتی سیاسی و تای هەڵبژاردن لە ئارادایە و هەموان دەیانەوێ جۆرێک لە نواندن بۆ رای گشتی بکەن. ئەو توانی لە سەر مێزی گفتوگۆ کۆیان بکاتەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، هەوڵێکی جددی و بەرپرسیارانەی ئەم قۆناغە دەدات. لێرەدادەردەکەوێت کە کام لە پارتە سیاسییەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە مێژووییەدان، لە کاتێکدا ئەم کاراکتەرەسیاسییە، پردێکی سیاسی بەهێز لە ناوخۆ و دەرەوە بنیات دەنێت.
هەروەها کام لە دەزگا راگەیاندنەکان، پیشەیی و زانستییانە، کاریان کرد و کامیان نەیانتوانی بابەتی بن، لە روماڵکردن و خستنەرووی گرنگی و بایەخی ئەم جوڵانە دیپلۆماسییانەی سەرۆکی هەرێم، ئەوەش جێی رەخنەیە، کە هیچ لە کەناڵەکان مێزگرد و بەرنامەی بابەتییان بۆ ترافیکی سیاسی نەبوو، کە پێویستبوو چاودێرانی سیاسی و کەسانی شارەزا بۆ شیکردنەوەی بانگ بکەن و بۆ خەڵک روونبکرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand