هەڕەشەم لێنەكراوەو بە ئیسراحەت دەخەوم

2021-09-18 11:34:36



 (درەو):
ئەم رۆژانە لە سلێمانی قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكرێت پێش 8ی تەموز دۆخەكە باش بوو یان دوای 8ی تەموز، بافڵ تاڵەبانی كە لەدوای 8ی تەموزەوە دەسەڵاتی یەكێتی گرتوەتە دەست دەڵێ پێش 8ی مانگ سەرمایەداران لەژێر فشاردابوون‌و هەڕەشەیان لێكراوە‌و سەرانەیان لێوەرگیراوە بەجۆرێك شەوان بەهۆی ئەو فشارانەوە خەونەچووەتە چاویان، بەڵام لاهور شێخ جەنگی دەڵێ لەدوای 8ی تەموزەوە هەڕەشە بۆسەر سەرمایەداران دەستیپێكردووەو خەو نەچووەتە چاویان.
 (درەو) دەیەوێت بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە بۆچوونی ژمارەیەك لە سەرمایەدارانی سلێمانی وەرگرێت، لە گفتوگۆیەكی كورتتدا لەگەڵ (درەو) فاروق مەلا مستەفا خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق دەڵێ من نە لە پێش 8ی تەموز نە لەدوای 8ی تەموز هەڕەشەم لێنەكراوە‌و بە ئیسراحەت دەخەوم و هەڕەشەش لە كەس قبوڵ ناكەم.

دەقی گفتوگۆكە:   
درەو: ئێستا رەوشی سەرمایەگوزاری‌و وەبەرهێنان لە سلێمانی چۆنە ؟
فاروق مەلا مستەفا: ئێمە بەردەوامین لەسەر كاروباری خۆمان‌و ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی پرۆژەی شارێكی گەشتوگوزاریی‌و شارێكی نوێین لە دوكان، ئێستا سەرقاڵی نوسینی گرێبەستێكین لەنێوان كۆمپانیاكەمان‌و حكومەتی هەرێم، كۆمپانیاكەمان كۆمپانیایەكی كراوە دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانەی بە پشك بەشداری تێدا بكەن، سەرباری ناكۆكی نێوان حزبەكان لە كوردستان كاروباری پرۆژەكەی ئێمە رانەوەستاوە، ئەم پرۆژە كاریگەری دەبێت لە پێشخستنی كۆمەڵگاكەمان لە هەموو رووەكانی پیشەسازی‌و گەشتوگوزارو نیشتەجێبوون بەشێوەیەكی شارستانی نوێ، بە كورتی دەتوانین بڵێین شارێكی نوێ كە هەموو مەرجەكانی ئەو شارانەی تێیدا بێت كە لە جیهاندا هەن، رۆڵێكی زۆر گەوەرەی دەبێت لە بەرەوپێشچوونی ئابوری وڵاتەكەماندا. چەند وڵاتێك هەیە لە جیهاندا كە داهاتی گەشتوگوزاریان زیاترە لە پارەی نەوت‌و غازی زۆر وڵاتی تر، ئەم شارە نوێیە كە ساڵانێكی زۆرە سەرقاڵی دروستی بكەین، ئێستا لە قۆناغێكی باشدایە.
درەو: هیچ كێشە بۆ ئەم پرۆژەی ئێوە دروستكراوە ؟
فاروق مەلا مستەفا: هیچ كێشەیەك نییە، بەڵام رەنگە وەكو هەموو پرۆژەیەكی گەورە هەندێك رۆتین كارەكانی دواخستبێت، بەڵام ئێستا بە گەرموگوڕی خەریكی ئامادەكردنی ئەو گرێبەستەین لەگەڵ حكومەتی هەرێم، لە لایەنی حكومتەوە بەڕێز قوباد تاڵەبانی سەرپەرەشتیاری پرۆژەدەكات، كاك قوباد بەجددی كار لەسەر پێشكەوتن‌و دامەزراندن‌و دەستپێكردنی ئەم پرۆژە گەورەیە دەكات لەگەڵماندا. 
درەو: واتە ئەو قسەوباسانە راست نین كە دەوترێت بەم دواییە ئیشوكارتان لە سلێمانی بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەوە یەكێتییەوە دوچاری هەڕەشە بوەتەوە ؟
فاروق مەلا مستەفا: نەخێر.. بەهیچ جۆرێك ئەو قسەوباسانە راستییان تێدا نییە، من لە كۆنەوە تائێستا نە هەڕەشەم لێكراوە، نە هەڕەشەش لە كەس قبوڵ دەكەم، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە هیچ هەڕەشەیەك نەكراوە، هەر بە نمونە ئەم پرۆژەیەی دوكان كە بۆم باسكردن، كاك قوباد‌و كاك بافڵ بەشێوەیەكی سەرسەختانە پشتیوانی جێبەجێكردن‌و تەواوكردنی دەكەن‌و هیچ جۆرە رێگرییەك بۆ ئەم پرۆژەیەو پرۆژەكانی تری ئێمە دروست نەبووە، من وەكو كەسێكی رۆشنبیر‌و پیاوێك كە رووداوە سیاسییەكان‌و دەورو زەمان بینیوە، هەرگیز بەشێك نەبووم لە ململانێی ناوخۆییەكانی ئەمدواییەی یەكێتی‌و ناشبم، تەنیا هیواخوازم بەشێوەیەكی ئاشتیانە‌و دیموكراتییانە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن‌و من خۆشم لەنێوان هەردوو جەمسەری كێشەكانی لەماوەی رابردوودا هەوڵی چارەسەرمداوە‌و خوازیارم كێشەكە بەجۆێك چارەسەر بكەن كە خەڵك پێی دڵخۆش بن.
درەو: ئەی كەواتە بۆچی ناوی تۆ دەخرێت پاڵ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە؟
فاروق مەلا مستەفا: ئەبێت ئەو پرسیارە لەو كەسانە بكەن كە ناوی من دەهێنن (بەپێكەنینەوە).
درەو: یەكێك لە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دەڵێت پێش 8ی تەموز سەرمایەداران لە سلێمانی لەژێر گوشاردا بوون، ئەوی تریان دەڵێ لەدوای 8ی تەموزەوە، بۆئێوە كام یەكێك لەم دوو چیرۆكە راستە ؟ 
فاروق مەلا مستەفا: هیوادارم بە بەبەڵگەو ژمارەوە ئەو هاوسەرۆكانە پێش‌و پاش 8ی تەموز دەستنیشان بكەن، بەڵام من وەكو خۆم نە پێش 8ی تەموزو نە لە دوای 8ی تەموزەوە گوشارێكم لێ نەكراوە كە شەو خەوم لێ نەكەوێت، هیچ گومانم نییە لەوەی ئەو كەسەی كە ناوی من دەخاتە ناو كێشەیەكەوە كە من تێیدا بەشدارم نیم، نیەتێكی باشی نییە‌و داهاتووش دەریدەخات هەڵوێستەكانی ئێمە نیشتمانپەروەرییە‌و میللەتپەروەرییە‌و بەهەڵە ناچمە ناو ناكۆكییەوە كە رۆڵی خراپم تێیدا هەبێت، من بەڵگەیەكتان پێدەڵێم لەبارەی خۆشەویستی من بۆ نیشتمان‌و گەلەكەم، من تاقە سەرمایەدارێكم كە هەموو پرۆژەكانم لە سلێمانییەو هیچ پرۆژەیەكی ئابوریم لە دەرەوەی كوردستان نییە.   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
ڕیکلام

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا
لادانی کاتیی ئێران؛ لەهەمبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراقدا
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand