موحسین ئەدیب دەچێتە شوێنی بابەكر دڕەیی

Draw Media

2021-09-16 10:30:26



(درەو): 
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، دوێنێ محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری ئیمزای لەسەر نوسراوی دەستبەكاربوونی (موحسین ئەدیب) لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری‌و هونەری سلێمانی كردووە. 
بڕیارە رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو، لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری، موحسین ئەدیب لە پۆستەكەیدا دەستبەكار دەبێت. 
موحسین ئەدیب لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی، رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2020 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كاندیدبوونی موحسین ئەدیبی پەسەندكرد‌و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا وەزیری رۆشنبیری كە سەربە یەكێتییە، ئیمزای لەسەر دەستبەكاربوونی نەكرد. 
ئێستا یەكێتی‌و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەیەكەوە‌و لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بەشداری دەكەن، ئەم هاوپەیمانێتییە پەیوەندی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی كردوەتەوە‌و بەوهۆیەوە بەمدواییە گۆڕان چەند پۆستێكی خۆی لە سنوری سلێمانی پڕكردوەتەوە. 
بەگوێرەی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كە ساڵی 2014 لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕاندا ئیمزاكراوە، پۆستی بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوت، بابەكر دڕەیی لەسەر پشكی گۆڕان پۆستەكەی پڕكردەوە، بەڵام دڕەیی لە رۆژی 20ی حوزەیرانی 2020 دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە‌و لەوكاتەوە پۆستەكە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێت‌و گۆڕان پڕی نەكردوەتەوە. 
بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی یەكێك لەو دامەزراوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە چاودێری دارایی دۆسیەی گەندەڵی لەسەر كردوەتەوە، دۆسیەكە پەیوەندی بە چۆنیەتی خەرجكردنی بڕی (20 ملیار) دینارەوە هەیە كە ساڵی 2013 وەزارتی دارایی لەژێر ناوی (بودجەی بنیادنانی ژێرخانی رۆشنبیری) بۆ سلێمانی تەرخانیكردووە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand