دێوزمەی کۆڕنا و ترس لە ڤاکسینەکە

Draw Media

2021-04-08 08:26:25



 هیوا سەید سەلیم
 ساڵێک و چەند مانگێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ تێدەپەڕێت، ئەو ڤایرۆسەی کە تەواوی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکرد، و زۆرترین زیانی گیانی لێکەوتەوە، هەروەها زانست و لە ناویشیاندا سیستەمی تەندروستی لەسەر ئاستی جیهان خستە ژێر تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە.
لەو ماوە زەمەنیەدا، تەواوی مرۆڤایەتی لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی چارەسەر، و پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە. لەو بارەیەوە لەسەر ئاستی جیهان کۆمپانیا ناودارەکان کەوتنە پێشبڕکێ لەگەڵ یەکتری،  تا هەرچی زووە وەک دەستکەوتێکی زانستی پێکوتەی ئەو ڤایرۆسە بدۆزنەوە و پێشکەشی هاوڵاتیانی بکەن.
  دوای ساڵێک لە تووشبوونی چەندین ملیۆن کەس بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، و مردنی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە تووشبوان لەسەر ئاستی تەواوی جیهان، و کاریگەری نەرێنی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لەسەر ژیانی هاولاتیان، لە بڵاوبوونەوەی ترس، و بێ کاری بە هۆی رێوشوێنەکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید١٩،  سەرەنجام بە هەوڵی کۆمپانیا جیهانیەکان چەندین جۆری پێکوتەی ئەو پەتایە دۆزرایەوە،  و ئیستا لە زۆرێک لە وڵاتان وەک بەشێک لە سیستەمی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا خەڵکی پێدەکوترێت.
لە هەرێمی کوردستانیش وێڕای رێوشوێنی توند لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، بەڵام هەرێم وەک هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان ئەو پەتایە زەفەری پێبرد، کە دەرنجامەکەشی بە مەرگی هەزاران هاوڵاتی و تووشبوونی ژمارەیەکی زۆر تەواو بوو.
شایانی باسە ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی جیهان جیادەکاتەوە دوو شتە: یەکەمیان نەبوونی هۆشیاری تەندرووستیە لای بەشی هەرەزۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. 
دووەمیشیان خرابی سیستەمی تەندرووستیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کە ئەویشیان بە هۆی تێکەڵاوی لە نێوان هەریەک لە سیستەمی گشتی و تایبەتە گرنگی نەدان بە سیستەمی گشتی. 
ئەم دوو هۆکارە  وایکردووە کە هاوڵاتیانی کوردستان کەمترین متمانەیان بە سیستەمی تەندرووستی هەرێم هەبێت.
وەک دەزانرێت نەبوونی متمانە لە لای هاولاتیانی کوردستان ئەرکی دەزگا تەندرووستیەکانی لە رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا زۆر قورسترکرد.
بۆیە سەرەتا رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان هەر متمانەیان بە پەتاکە نەبوو، هەروەها ئەو رێوشوێنە توندانەی کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی هەرێم وەرگیران، جۆرێک لە کاردانەوەی ئەرێنیان لای هاولاتیان درووستکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی لە زۆر شوێن خەڵک ناچاری پشکنینی بە کۆمەڵ و ئیجباری بکرێت، کەرەنتینە و پکخستنی ژیانی لێبکەوێتەوە.
لە ئێستادا کە هاوشێوەی جیهان لە نەخۆشخانەکان و ناوندە تەندروستیەکانی هەرێمی کوردستان پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەستە،  و بە خۆڕای لە هاوڵاتیان دەدرێت، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینی و هەڵوەستە لەسەرکردنە ئامدەنەبوونی خەڵکە بۆ وەرگرتنی ئەو پێکوتەیە.
بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن تەنیا لە نێو کەرتی تەندرووستی کە پێش هەر چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا مافی ئەوەیان پێدراوە کە پێکوتەکە وەرگرن،  تا ئێستا ٢٠٪ ئەو توێژە ئامادە نەبوونە ڤاکسینەکە وەرگرن، ئەم هەڵوێستەی ئەوان وایکردووە کە چین و توێژەکانی دیکەش متمانەیان بە ڤاکسینەکە نەبێت.
دێوزمەی پەتای کۆرۆنا و ئەو زیانە گەورەیەی کە بە مەرگی هاولاتیان لە کۆمەڵگای ئێمە کەوتەوە،  لە هەموو لایەک دەخوازێت کە نەکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی نازانستیانە.  چونکە جۆرەکانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،  وەک هەر پێکوتەیەکی دیکەی پەتا بەربڵاوەکانی دیکە، وایە،  و بەدەر نیە لە کاریگەری لاوەکی، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ساخ بۆتەوە ئەوەیە کە تەواوی ڤاکسینەکان بە رێژەی جیاجیا خزمەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەن.
دواجار دەڵێین بێ متمانەی خەڵک بە سیستەمی تەندروستی، و پڕوپاگەندەی نادرووست دژ بە ڤاکسینی کۆڕۆنا،  هێندەی دیکە وا دەکات دێوزمەی پەتای کۆڕۆنا زیاتر زەفەرمان پێببات، بۆیە تەنیا بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە و پەێڕەوکردنی سیستەمی تاکپارێزی هەموو لایەکمان پاریزراومان دەکات.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand