هەرێم پارەکەی دۆڕاند بەڵام سەروەریی بردەوە

Draw Media

2021-03-31 16:39:40



(درەو):
دوای زیاتر لە چوا ر مانگ مشتومڕ، دواجار ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی ٢٠٢١ی پەسەند دەكات، ماددەی (١١)ی یاساکە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک تێپەڕێندرا، کە هەرێم لەڕووی داراییەوە پارەیەکی ئەوتۆی دەستناکەوێ، بەڵام لەوەدا براوە بوو کە حکومەتی هەرێم سەروەری بەسەر نەوتدا ماوەتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر هەموو ئەو دۆسیە یاساییانە دەبێت کە لە داگاکانی دەرەوە لەبارەی نەوتەوە لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکراون.

هەرێم چی بەعێراق دەدات ؟
بەپێی لێكدانەوەی خێرای رێككەوتنی هەرێم و بەغداد لە بودجەی 2021دا، هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی شایستەی دارایی خۆی لە بودجەی ئەمساڵی عێراق وەربگرێت، دەبێت ئەم داهاتانە بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە:
هەرێم دەبێت داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ + نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكان مانگانە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراق بگەڕێنێتەوە. 
هەرێم دەبێت مانگانە قەرزی بانكی بازرگانی عێراق بداتەوە، کە مانگانە (14 میلیارو 45 ملیۆن) دینارە.

عێراق چی بە هەرێم دەدات ؟
لەبەرامبەردا عێراق بۆ تێكڕای ساڵەكە بڕی (9 ترلیۆن و 581 ملارو 718 ملیۆن) دینار دەداتە هەرێمی کوردستان، واتا مانگانە بەغداد بڕی (798 ملیار) دیناری بۆ هەرێم تەرخانکردووە.

ئەنجام چی دەبێت ؟
بەهای (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ مانگێك بە نرخی سۆمۆ كە (60) دۆلارە، دەكاتە (450 ملیۆن) دۆلار، واتا (652  ملیار) دینار.
لەپاڵ ئەمەدا هەرێم دەبێت مانگانە نزیکەی (١٠٠ ملیار) دینار داهاتی دامەزراوە فیدڕاڵییەکان بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە.
بەتێکڕا دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە (٧٥٢ ملیار) دینار بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە.
بەغداد مانگانە (٧٩٨ ملیار) دینار بە هەرێم دەدات، بەڵام هەرێم دەبێت بڕی (٧٥٢ ملیار) بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، ئەگەر ئەم دوو بڕە پاکتاو "مقاصه" بکرێت، هەرێم مانگانە تەنیا بڕی (٤٦ ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە.
لەم (٤٦ ملیار) دینارەش دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی (١٤ ملیار) وەکو قەرز بگەڕێنێتەوە بۆ بانکی بازرگانی عێراق کە پێشتر قەرزی لێوەرگرتووە، بەمەش پوختەی ئەو پارەیەی کە مانگانە لە بودجەی عێراق بۆ هەرێم دەمێنێتەوە تانیا (٣٢ ملیار) دینارە.

"هیچ بەرامبەر بە هیچ"
ئەمە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادە لەسەر نەوت و بودجە کە دەتوانرێت ناوی لێبنرێت رێککەوتنی "هی بەرامبەر بە هیچ" واتا هەرێم هیچ بە بەغداد نادات و بەغدادیش هیچ بۆ هەرێم نانێرێت.

دەقی مادەی 11 لەپرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی ساڵی 2021

یەكەم:دەستبكرێت بەڕێككردنەوەی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان لە2004ەوە تاوەكو 2020، پاشان دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بەوردبینیكردنی ئەو زانیارییانەو ئاشكراكردنی ژمێریاری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵەوە، لەڕێگەیەوە بڕی داهاتی بەدەستهاتوو و خەرجییەكان دەخرێنەڕوو، دوای ئەوەی خەرجییە سیادییەكانی لێ دەردەكرێت، ئەو بڕەش دەستنیشان دەكرێت كە لەچوارچێوەی خەرجییە حاكمەكاندا بەر هەرێم دەكەوێت. 

دووەم: 

أ- دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت كە رۆژانە بڕێك نەوت بەرهەم بهێنێت كە رێژەكەی نابێت لە 460 هەزار بەرمیل كەمتر بێت و بڕێكی پێویستی لێ دەردەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاش ئەوەی زانیاری پێویست لەبارەوە پێشكەش دەكرێت، هەروەها بڕێكی بۆ بەكاربردنی نێوخۆ دەبێت و بڕێكیشی وەك پشكی هەرێم لەپترۆ دۆلار دەبێت، دەبێت داهاتی فرۆشی رۆژانەی 250 هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆ بداتە حكومەتی فیدڕاڵ.

ب- بڕگەی (أ) بەهەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.

ج-دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی بەخەزێنەی وڵات، پاڵپشت بەیاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵ، دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان وردبینی لەو زانیارییانەدا دەكەن كە پەیوەستە بەو داهاتانەوە.

د- دەبێت پرسی سەرجەم ئەو پارانە چارەسەر بكرێت كە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە لە بنەڕەتدا پارەی بانكی بازرگانی عیراقەو لەلای بانكەكانی تری حكومەت و تایبەت هەڵگیراوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیش لەساڵی دارایی 2021ەوە و بۆ ماوەی 7 ساڵ و مانگانە ئەو قەرزانە لەبڕینی پشكی هەرێم وەردەگرێتەوە.

د- دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (ا،ب،ج،د) ئەم مادەیە جێبەجێ دەكات، ئەوا حكومەتی فیدڕاڵی پابەند دەبێت بەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەك لەم یاسایەو خشتە هاوپێچەكانیدا هاتووە.

سێیەم: هەرێمی كوردستان پابەندكراوە كە تاوەكو 30-6-2021، زانیاری لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران، جا چ فەرمانبەری شارستانی بێت یاخود سەربازی بدات بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دوای ئەوەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینییان بۆ دەكرێت، زانیارییەكانیش بەپێی پلەو ناونیشانی پیشەیی و رەگەز دابەشكراون، ژمارەی فەرمانبەرانیش بەگوێرەی خشتەی هێزی كار دەستنیشان دەكرێت.

چوارەم: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەو پارەیەی لەناو بودجەی هەرێمدا وەك (قەرەبووی فەرمانبەران) بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت لەناو بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 مووچەی فەرمانبەران لە پێش هەرچی خەرجییەكی ترەوە دابنرێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand