ئێران و چین رێككەوتنی 25 ساڵەیان ئیمزا كرد

Draw Media

2021-03-27 11:44:51



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دوای نزیكەی پێنج ساڵ تاوتوێكردنی، ئەمڕۆ دواجار ئێران‌و چین رێككەوتنی 25 ساڵەیان ئیمزا كرد، رێككەوتنێك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، نەوتی ئێران لەژێر سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رزگار دەكات‌و چین-یش بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕ بۆ ماوەی 25 ساڵ نەوتی ئێران بۆ خۆی دەبات، ئەمە تەنیا رێككەوتنێكی ئابوری نییە، بەڵكو رەهەندی سیاسی‌و ئەمنیشی هەیە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

ئیمزاكرا
(وانگ یی) وەزیری دەرەوەی چین لە تاران رێككەوتنێكی (25) ساڵە لەگەڵ محەمەد جەواد زەریفی هاوتا ئێرانییەكەی ئیمزاكرد. میدیاكانی ئێران بەهای ئەم گرێبەستە بە (400 ملیار) دۆلار دەخەمڵێنن، كە پرۆسەی سەرمایەگوزارییە لە چەند پیشەسازییەكی ئێراندا لەوانە، نەوت‌و غازو هێڵی ئاسن‌و رێگا وشكانی و ئاوییەكان.
ئەمە دەكرێت بە رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە پەرەپێدان‌و ئاوەدانكردنەوە‌و دەربازبوون لە پەراوێزخستنی ئێران لەسەر ئاستی جیهان ناوببرێت.

لەبارەی رێككەوتنەكەوە
ساڵی رابردوو ئێران‌و چین گفتوگۆیان كرد لەبارەی ئیمزاكردنی رێككەوتنیكی هاوبەشی ئابوری‌و ئەمنیی بۆ ماوەی (25) ساڵ، ئەمە بەمەبەستی راكێشانی ملیارانی دۆلاری سەرمایەگوزاری چین بوو بۆ ناو ئێران، لە زەمەنێكدا كە سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بڕستی لە ئابوری ئێران بڕیوە.
هەواڵی رێككەوتنی درێژمەودای ئێران لەگەڵ چین، سەرەتای هاوینی رابردوو بڵاوبووەوە، ئەوكات لەناوخۆو درەوەی ئێران رەخنەی زۆر لە رێككەوتنەكە گیرا، هەرچەند باسلەوە دەكرێت پرۆژەی ئەم رێككەوتننامەیە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردانێكی (شی جین بینگ)ی سەرۆكی چین بۆ ئێران لە كانونی دووەمی 2016، بەڵام ئەوەی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەی خێراتر كرد، ئەو سزا ئابورییە سەختانە بوو كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاند.
2016 كە سەرۆكی چین سەردانی تارانی كرد، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران بڕیاریداوە پەیوەندییەكان لەگەڵ چیندا بەهێز بكات، هەر لەو ساڵەدا چین بڕیاریدا قەبارەی بازرگانی خۆی لەگەڵ ئێران لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بۆ (600 ملیار) دۆلار بەرزبكاتەوە.  
ئەوانەی رەخنەیان هەیە، پێیانوایە لەم رێككەوتنەدا ئێران دەستكەوتی بێسنوری بە چین داوە، تا ئەو رادەیەی ئەم رێككەوتننامەیە بە "رێككەوتننامەی تركمانچای نوێ" ناودەبەن، لەمەشدا مەبەستیان لەو رێككەوتننامەی "تركمانچای" نێوان ئێرانی قاجاریی‌و روسیای قەیسەرییە لە سەدەی نۆزدەهەمدا، كە بەپێی ئەم رێككەوتنە ئێران دەستبەرداری روبەڕێكی بەرفراوانی زەوییەكانی بوو لە قەوقاز، بۆ روسیا. 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە بەرپرسی فەرمی هاوكارییەكان بۆ ئیمزاكردنی ئەم رێككەوتننامەیە دەناسرێت، بەڵام باسلەوە دەكرێت عەلی لاریجانی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئێران و راوێژكاری ئێستا ئێران عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی رۆڵی سەرەكی هەبوو لەوەی ئێران و چین بەم رێككەوتننامەیە بگەن و بەتایبەتیش لەلایەن رابەرەوە راسپێردراوە بۆ ئەم كارەو رابەر خۆی پشتیوانی ئەم رێككەوتنە دەكات و ئاگاداری وردو درشتی رێككەوتننامەیەكە.
سەرەتای تەموزی رابردوو، مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران یەكەمین كەس بوو كە دەرباری رێككەوتنی 25 ساڵەی نێوان ئێران‌و چین قسەی كردو وتی ئەمە رێككەوتنێكی "نهێنی"و "دور لە چاوی گەلی ئێران لەگەڵ وڵاتێكی بیانیدا ئیمزا دەكرێت، بۆیە گەلی ئێران ئەو رێككەوتنە بەشێوەیەكی فەرمی ناناسێنێت".
تائێستا وردەكاری تەواوەتی ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكە نازانرێت، بەڵام گۆڤاری (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست) رۆژی 3ی ئەیلولی 2019 لە راپۆرتێكدا بەشێك لەناوەڕۆكی رێككەوتنناكەی 25 ساڵەی نێوان ئێران‌و چینی ئاشكراكرد، دواترو لە كاتێكی تردا رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی، رەشنوسی رێككەوتنەكەی بڵاوكردەوە كە (18) لاپەڕەبوو، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەبوەتەوە ئایا ئەمە كۆپی راستەقینەكەی رێككەوتنەكەیە یاخود نا.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست)، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتننامەیەدا چین بەبەهای (280 ملیار) دۆلار سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی نەوت‌و غازو بڕی (120 ملیار) دۆلار لە پیشەسازی گواستنەوە‌و گەیاندنی ئێراندا دەكات، لەبەرامبەر ئەمەدا ئێران ئەولەویەتی كاركردن لە پرۆژەكانیدا بە كۆمپانیا چینییەكان دەدات‌و چین (5 هەزار) سەرباز لە ئێران جێگیر دەكات بۆ پارێزگاركردنی لە پرۆژەكانی خۆی لەو وڵاتە.
(پترلیۆم ئیكۆنۆمیست) ئاماژەی بەوەكردبوو، لەچوارچێوەی رێككەوتننامەكەدا، چین بنكەیەكی سەربازی لە دورگەی "كیش"ی ئێران دروست دەكات كە دەكەوێتە سەر كەنداوی عەرەبی كە ئێرانییەكان پێی دەڵێن "كەنداوی فارس"، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەڵێن كۆماری ئیسلامی دورگەكەی داوە بە چین‌و وەكو فرۆشتنی بەشێك لە خاكی ئێران ناوی دەبەن، بەڵام بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئەم قسانە بەتەواوەتی رەتدەكەنەوە. 
راپۆرتی گۆڤاری (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست) دەڵێ" لە رێككەوتننامەكەدا باس لە جێبەجێكردنی پرۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان تاران‌و باكوری خۆرهەڵاتی مەشهەد كراوە كە درێژییەكەی 900 كیلۆمەترە‌و بڕیارە پرۆژەی شەمەندەفەری خێرا لەنێوان تاران‌و قوم‌و ئەسفەهان جێبەجێ بكرێت‌و ببەسرێتەوە بە تۆڕی باكوری خۆرهەڵاتەوە كە بە تەورێزدا تێدەپەڕێت".
هەمان راپۆرت ئاماژەی بەوەكردبوو، لەم رێككەوتنەدا، چین بە داشكاندنی 32% نەوت‌و غازو بەرهەمە پترۆكیمیاییەكانی ئێران دەكڕێت‌و سەرباری ئەمە تا ماوەی دوو ساڵ بۆی هەیە پارەی كڕینی ئەم بەرهەمانە نەدات بە ئێران‌و دوای بخات، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران راستی ئەم قسانەی رەتكردەوە. 

سودی رێككەوتننامەكە بۆ ئێران
ئەمە تەنیا رێككەوتنێكی ئابوری نییە، بەڵكو رەهەندی سیاسی گەورەشی بۆ ئێران هەیە، بەوپێیەی چین یەكێكە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە مافی "ڤیتۆ"ی هەیە‌و لە حاڵەتی بڕیاری شەڕدا، بۆ پارێزگاریكردن لە سەرمایەگوزاری خۆی چین ناچارە بەرگری لە ئێران بكات، سەرباری ئەمە وا لە چین دەكات رۆڵ ببینێت بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەنێوان ئێران‌و ئەمریكادا. 
لەلایەكی ترەوە بەم رێككەوتننامەیە، چین نەوت‌و غازی ئێران لەژێر سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رزگار دەكات‌و بەرهەمهێنانی نەوت‌و غاز لە سێ كێڵگەی سەرەكی ئێران زیاد دەكات، لەبەرامبەر ئەمەدا، وەكو باسدەكرێت چین بۆ ماوەی 25 ساڵ نەوتی ئێران بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی بۆ خۆی دەبات. 
هەندێك لە چاودێران، ئەم رێككەوتننامەیە لە چوارچێوەیەكی زۆر گەورەتردا وێنا دەكەن‌و وەكو بەشێك زیندوكردنەوەی "رێگای ئاوریشم" ناوی دەبەن كە چین كاری لەسەر دەكات بەمەبەستی بەهێزكردنی هەژمونی خۆی لە ناوچەكە، ئێرانیش لەم پرۆژەیەدا پێگەی گەورەی هەیە بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەیەوە كە دەكەوێتە سەر كەناری خۆرهەڵاتی ئاوەكانی كەنداو. 
رێككەوتننامەكە رەهەندی ئەمنیشی هەیە، باسلەوە دەكرێت رێككەوتنەكە، دروستكردنی لیژنەیەكی سەربازی هاوبەش لەنێوان ئێران‌و چین لەخۆدەگرێت، كە سەرپەرەشتی پیشەسازیی سەربازیی دەكات.
رێككەوتننامەكە ئیمزا كرا، بەڵام هێشتا ناچێتە بواری جێبەجێكردن، چونكە دەبێت دواتر هەردوو پەرلەمانی ئێران‌و چین بەزۆرینەی دەنگ پەسەندی بكەن، سەرباری ئەوەی، ئوسوڵگەراكان زۆرینەن لەناو پەرلەمانی ئێران‌و رێككەوتننامەكە رابەری باڵا پاڵپشتی لێدەكات، بەڵام هێشتا پێشبینی ناكرێت بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەمساڵدا، پەرلەمانی ئێران ئەم رێككەوتننامەیە پەسەند بكات، بۆ ئەوەی نەبێت بەبابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. 
رەنگە هەرگیز ئەم رێككەوتنە نەچێتە بواری جێبەجێكردن، بەوپێیەی هەندێك ئەم بابەتە وەكو كارتی فشاری ئێران لەسەر ئەمریكا دەبینن‌و پێیانوایە بەرپرسانی تاران دەیانەوێت لەم رێگەیەوە ئیدارەی بایدن رابكێشن بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەمەبەستی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی‌و هەڵوەشاندنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران.
قەبارەی بازرگانی چین لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی زۆر زیاترە لە پەیوەندییە ئابورییەكانی چین لەگەڵ ئێران، بۆیە وڵاتانی كەنداو فشار دەخەنە سەر چین بۆ كشانەوەی لەم رێككەوتنەی لەگەڵ ئێران، چینییەكان نایانەوێت لەبەر ئێران دەست لە وڵاتانی كەنداو بەربدەن، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە وەزیری دەرەوەی چین بەر لەوەی بێتە ئێران بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە سەردانی سعودیە‌و توركیا‌و كردو بڕیارە دوای سەردانەكەشی بۆ ئێران بچێتە ئیماراتی عەرەبی. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand