حزبە كوردیەكان بەجیا دەچنە هەڵبژاردنی كەركوكەوە

Draw Media

2021-02-28 17:34:59



راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت 
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لە كەركوك عەرەب‌و توركمانەكان خۆیان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا كۆكردەوەتەوە، بەڵام كورد بە لایەنی جیاجیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، پارتی‌و یەكێتی رێكنەكەوتن، لە دەرەوەی ئەوانیش حزبەكانی تر دەیانەوێت بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری بكەن،  بازنەی یەك بۆ كورد و بازنەی سێ بۆ عەرەب یەكلابووەتەوە، ململانێی پێكهاتە جیاوازەكان لەسەر بازنەی دووی هەڵبژاردن لەكەركوك چڕبووەتەوە.

نەخشەی هەڵبژاردن لە كەركوك
بەپێی یاسای نوێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای كەركوك كە خاوەنی (12) كورسی پەرلەمانە، دابەشكراوە بەسەر (3) بازنەی هەڵبژاردندا، بازنەكانی هەڵبژاردنی دوو جۆر ململانێی دروستكردووە، ململانێیەك لەنێوان پێكهاتەكان‌و ململانێیەك لەناو هەر پێكهاتەیەكدا، تائێستا لایەنە كوردستانییەكان لەسەر میكانیزمی بەشداریكردنی كورد لەو پارێزگایە رێكنەكەوتوون. 
بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، زۆرینەی لایەنە توركمانییەكان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا خۆیان رێكخستووەتەوە، لایەنە عەرەبیەكانیش بەرەیەكیان پێكهێناوە، بەڵام لایەنە كوردییەكان رێكنەكەوتوون‌و هەر لایەنێك دەیەوێت بەتەنیا دابەزێتە ناو هەڵبژادنەكەوە. 

كورد لە هەڵبژاردنی كەركوكدا
یەكێتی كە ئێستا خاوەنی (6) كورسی كەركوكە لە پەرلەمانی عێراق، دەیەوێت لایەنەكانی كەركوك بەهاوبەشی بەشداری بكەن، بەڵام لەم هەنگاوەدا سەركەوتوو نەبووەو پارتی بەمە رازی نییەو دەیەوێت بەشداری هاوبەش لە هەموو ناوچە جێناكۆكەكان بێت، نەك بەتەنیا لە كەركوك.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتی كەسی یەكەمی خۆی لە كەركوك كە (رەوەند مەلا مەحمود)ە، دیاریكردووەو دەیەوێت سەربەخۆ بەبێ لایەنەكانی تر بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەشداری نەكرد، دەیەوێت ئەمجارە بەشێوەی سەربەخۆ لە كەركوك بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی نەیتوانی یەكێتی رازی بكات پێكەوە لە هەموو ناوچە جێناكۆكەكان بە یەك لیست بەشداری بكەن، پارتی (شاخەوان عەبدوڵا)ی بۆ كەسی یەكەمی هەڵبژاردنەكان لە كەركوك دیاریكردووە. 
لایەنەكانی دیكەش هەریەكەو بڕیاریان خۆیانداوە، كاندیدی سەربەخۆی خۆیان پێشكەش بكەن، حزبی شیوعی دەڵێن بەشداری هەڵبژاردن ناكەن‌و كاندیدیشیان نابێت، بەڵام بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداری دەكات‌و كاندیدی دەبێت.
بزوتنەوەی گۆڕِان‌و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و یەكگرتووی ئیسلامی، هەریەكەیان بەنیازن بەشێوەیەكی سەربەخۆ بەشداری بكەن‌و كاندید پێشكەش بكەن. 

بازنەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، كەركوك دابەشكراوە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە: 


بازنەی یەكەم: رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی كەركوك   
ئەمە گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوك، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (5) كورسی پەرلەمانی داهاتووی عێراق لەم بازنەیەدا یەكلادەبێتەوە، (4) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە كۆتا ژن دەیبات. 
ئەم بازنەیە، دەنگدەرانی خۆرهەڵاتی شاری كەركوك دەگرێتەوە، كە زۆرینەیان كوردن‌و بریتییە لە ناوچەكانی (رەحیماوە، عەرەفە، شۆریجە، موسەڵا، ئیسكان، بەشێكی قۆرییە، قادسیەی یەك‌، حورییە، پردێ، دوبز، لەیلان).
كورد چاوی لەوەیە هەر پێنج كورسیەكەی ئەم بازنەیە بباتەوە، چونكەی زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە ناوچەیە كوردن، بۆ زانینی ئاستی پێگەی جەماوەریی لایەنە كوردییەكان لەم بازنەیەدا، پەنا بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2014دا دەبەین‌و ئەنجامی دواین هەڵبژاردن وەرناگرین كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، بەوپێیەی ئەو هەڵبژاردنە بەتێكڕا لەسەر ئاستی عێراق گومانی ساختەكاری گەورەی لەسەر دانرا. 
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2014، لەم بازنەیەدا دەنگی پێكهاتەكانی كەركوك بەمشێوەیە بووە: 
•    كورد: 215 هەزار دەنگ
•    عەرەب: 16 هەزار دەنگ
•    توركمان: 10 هەزار دەنگ


 
بازنەی دووەم: قەزای ناوەند/ ناوەڕاستی شاری كەركوك    
ئەم بازنەیە بە دووەم گەورە بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك دادەنرێت، (4) كورسی پەرلەمانی عێراق لەم بازنەیەدا یەكلادەبێتەوە، (3) كورسی پیاو دەیبات‌و كورسییەكەی تریش بەشێوەی "كۆتا" بۆ ژنێك دەبێت. 
ئەم بازنەیە ناوچەكانی (تسعین یەك‌و دوو، داقوق، قۆریە - ئەڵماس‌، رێگای بەغدا، واستی، قادسیەی 2، تازە- رشاد 1، چەند ناوەندێكی موسەڵا، حەی عەسكەری، خاسە، سەورە، ریاز 3و یایچی) دەگرێتەوە، زۆربەی ململانێیەكانی لیستەكان لەسەر ئەم بازنەیەیە، بەوپێیەی توركمان ئەم بازنەیە بە پێگەی بەهێزی خۆی دەزانێت‌و چاوی لەوەیە زۆرینەی كورسییەكانی بازنەكە ببات، ئەمە لەكاتێكدایە پێكهاتەی عەرەب چاوی لە كورسییەكی ئەم بازنەیەیەو كوردیش دەیەوێت كورسییەك بۆ دوو كورسی بازنەكە ببات. 
لە هەڵبژاردنی 2014دا، دەنگی پێكهاتەكان لەم بازنە پڕكێشمەكێشە بەمشێوەیە بووە:
دەنگی كورد: 71 هەزار دەنگ
•    عەرەب: 47 هەزار دەنگ 
•    توركمان: 79 هەزار دەنگ

بازنەی سێیەم: حەویجەو ریاز   
ئەم بازنەیە بچوكترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوك‌و (3) كورسی بەردەكەوێت‌و یەكێكیان بۆ "كۆتا"ی ژنانە.
ئەم بازنەیە زیاتر باشورو باشوری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك دەگرێتەوەو پێكهاتووە لە (ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسی‌و زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشادو تازە).
ئەم بازنەیە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی عەرەبەو لایەنە عەرەبییەكان دەیانەوێت هەر سێ كورسییەكەی بازنەكە ببەن. 
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2014، دەنگی پێكهاتەكان لەم بازنەیەدا بەمشێوەیە بووە: 
•    كورد: 40 هەزار دەنگ
•    عەرەب: 90 هەزار دەنگ
•    توركمان: 3 هەزار دەنگ

 

 

 

پێشبینییەكان بۆ كەركوك
بەشێوەیەكی گشتی چاوەڕوان دەكرێت لەكۆی ئەو (12) كورسییەی كە بەر پارێزگای كەركوك كەوتووە، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كورد (6) كورسی مسۆگەر بكات، (5) كورسی بۆ یەكێتی‌و (1) كورسی بۆ پارتی، توركمانەكان (2) كورسی ببەن‌و پێكهاتەی عەرەبیش (4) كورسی مسۆگەر بكات.
واتە پێشبینی ناكرێت گۆڕانكاری گەورە لە پشكی پێكهاتەكانی كەركوك لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا روبدات. 

كەركوك لەدواین هەڵبژاردندا  
لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو،  لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی نەكرد، بەبێ پارتی ئەنجامی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بوو: 
لە كۆی (12) كورسی‌و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر: 
* یەكێتی نیشتیمانی: (6) كورسی‌و ( 177 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێنا
* هاوپەیمانی عەرەبی: (3) كورسی‌و (86 هەزارو 452) دەنگی بەدەستهێنا
* بەرەی توركمانی: (3) كورسی‌و (82 هەزارو 33) دەنگی بەدەستهێنا
* لیستی نیشتیمانی كە پێكهاتبوو لە (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی، كۆمەڵی ئیسلامی): (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە
* جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە
* حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە
* یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: (4 هەزارو 784) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە

كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا 
بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (750 هەزارو 795) دەنگدەرو (12) كورسی تەرخانكراوی پارێزگاكە، بەهای كورسی لە هەڵبژاردنەكەدا (47 هەزارو 566) دەنگ بوو، ئەنجامی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بوو:
•    یەكێتی: (209 هەزارو 964) دەنگی بەدەستهێنا‌و (6) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.
•    پارتی: (63 هەزارو 76) دەنگی بەدەستهێنا‌و (2) كورسی پەرلەمانی بردەوە كە یەكێكیان "كۆتا"ی ژنان بوو. 

كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010دا 
لە هەڵبژاردنی 7/3/2010ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی (557 هەزارو 37) دەنگدەری پارێزگاكە، لیستی هاوپەیمانی كوردستانیی كە لە (یەكێتی، پارتی‌و چەند پارتێكی دیكە) پێكهاتبوو، (206 هەزارو 542) بەدەستهێناو رێژەی (37% )ی كۆی دەنگەكانی كەركوكی برد، هاوپەیمانی كوردستانیی لە كۆی (12) كورسی كەركوك، لەم هەڵبژاردنەدا (6) كورسی بردەوە. 
لەدوای هاوپەیمانی كوردستانیی، لیستی عێراقییە (211 هەزارو 336) دەنگی بەدەستهێناو رێژەی (37.9%)ی دەنگی پارێزگاكەی برد‌و بوو بە خاوەنی (6) كورسی.
لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78 ) دەنگی بەدەستهێناو كورسییەكی "كۆتا"ی كەمینەكانی برد. 
•    لیستی گۆڕان: (36 هەزارو 554) دەنگی بەدەستهێنا
•    یەكگرتووی ئیسلامی: (24 هەزارو 274) دەنگی بەدەستهێنا
•    كۆمەڵی ئیسلامی: (7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنا
•    حیزبی شیوعی: (3 هەزارو 397) دەنگی بەدەستهێنا
دەنگی تێكڕای لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا لە كەركوك گەیشتە نزیكەی (70 هەزار) دەنگ، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێوەی سەربەخۆ بەشداربوون، دەنگەكانیان سوتاو كەسیان نەیاتوانی كورسی پەرلەمان ببەنەوە كە ئەو هەڵبژاردنە بەهاكەی (46 هەزارو 419) دەنگ بوو بۆ هەر كورسییەك.
بەوپێیەش دەنگی كورد لە كەركوك، لەنێوان 2005 بۆ 2010 لە رێژەی (63.4%)ی كۆی دەنگی پارێزگاكەوە بۆ (49.9%) دابەزیوە، واتا بە رێژەی (13.5%)ی دەنگەكانی كەمی كرد. 


     

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand