خاشوقچی چۆن كاریگەری لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا‌و سعودیە دەكات ؟

Draw Media

2021-02-28 13:01:49



نوسینی: فرانك گاردنەر- پەیامنێری BBC بۆ كاروباری ئەمنی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت


راپۆرتی هەواڵگری ئەمریكا لەبارەی كوژرانی رۆژنامەنوس جەمال خاشوقچی، كە نهێنیبوونی لەسەر هەڵگیرا، گورزێكە لە دەسەڵات‌و شكۆ‌و پێگەی نێودەوڵەتی یەكێك لە بەهێزترین پیاوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەیە. 
رەنگە ئەم هەنگاوە بۆ چەند دەیەی داهاتوو، لێكەوتی لەسەر مامەڵەی خۆرئاوا لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودیەدا هەبێت. 
لەئێستاوە، سەلماندنی رۆڵی شازادەی جێنشین كە بە (MBS) ناسراوە، لەو تاوانە قێزەونەدا كە لە ساڵی 2018 رویدا، وادەكات سەركردەكانی خۆرئاوا سەختتر لە هەر كاتێكی تر بتوانن پەیوەندی ئاشكرا‌و كەسییان لەگەڵ شازادەدا هەبێت. 
لەگەڵ ئەمەشدا، لەدۆخێكی وەكو ئێستادا، رەنگە محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشین بۆ ماوەیەكی زیاتر بتوانێت هەژموون بەسەر تەختی سعودیەدا بكات. 
محەمەد بن سەلمان تەمەنی تەنیا (35 ساڵ)ە‌و خاوەنی جەماوەرێكی بەرفراوانە لەناوخۆی سعودیەدا، بەتایبەتیش لەناو چینی گەنجاندا، ئەمەش لە رەهەندێكەوە پەیوەندی بە نیشتیمانپەروەریی‌و لەلایەكی ترەوە پەیوەندیدارە بە بەرتەسككردنەوەی ئازادییە مەدەنییەكانەوە هەیە، بەجۆرێك تائێستا رەخنەگرتن لە شازادەی جێنشین بەشێوەیەكی ئاشكرا، كارێكی دەگمەنە. 
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكرد، ئەو دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیەدا بكات، نەك محەمەد بن سەلمانی كوڕی، بەڵام پادشاو كوڕەكەی بەشێوەیەكی زۆر هاوئاوازن، بۆیە ئەم جیاكارییە بەشێوەیەكی كرداریی تاڕادەیەكی زۆر، هیچ واتایەكی نییە.
شا سەلمان بن عەبدولعەزیز تەمەنی (85 ساڵ)ە، لە دۆخێكی تەندروستی خراپدایە، بەشێوەیەكی كرداریی سەرجەم دەسەڵاتەكانی خۆی رادەستی كوڕەكەی كردووە. 
لەرابردوودا پەیوەندی شازادەی جێنشین بە كوشتنی خاشوقچییەوە بۆ زۆرینەی ئاژانسە هەواڵگرییەكانی خۆرئاوا زانراو بوو، تەنیا ئەوە بوو جۆری پەیوەندییەكەی بە رووداوەكەوە رانەگەیەندرابوو. 

تۆمارێك كە لەرزاندی
جینا هاسبل كە سەرۆكایەتی ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگری ئەمریكای دەكرد لە 2018وە بۆ كاتێكی پێشتری ئەمساڵ، گەشتی كردبوو بۆ ئەنكەرەی پایتەختی توركیا، لەوێ گوێی لە تۆمارێكی دەنگیی تۆقێنەر گرتبوو كە لای هەواڵگری توركیا بوو، تۆمارەكە ئەو ساتە تۆقێنەرانەی نیشان دەدا كە خاشوقچی لەناو كونسوڵگەری سعودیەدا پێیدا تێپەڕیبوو، كە بەشێوەیەكی جەستەیی كۆنترۆڵكرابوو پاشان لەلایەن ئەو بەركێگیراوانەوە خنكێندرابوو كە لە ریازەوە نێردرابوون. 
سەرباری ئەوەی سیخوڕیكردن بەسەر دەستە دیپلۆماسییەكان كارێكە كە پێچەوانەی  نەریتی پەیڕەوكراوە، بەڵام توركیا ئەم بابەتەی پشتگوێ خستووە‌و ئەو تۆمارە دەنگییە نهێنییانەی كە لەبارەی رووداوەكانی ناو كونسوڵگەری سعودیە لەبەردەستیدا بووە، داویەتی بە دەزگا هەواڵگرییە خۆرئاواییەكان.
بەرپرسانی ئەمریكی دەڵێن ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریكا بە "پلەیەكی مامناوەند تا پلەیەكی باڵا" گەیشتوەتە ئەو باوەڕەی كە "محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین دەستی هەبوو لە كوشتنی خاشوقچی"دا. 
سەردەمێك كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە كۆشكی سپیدا بوو، راپۆرتەكەی دەزگای هەواڵگری ئەمریكای شاردەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانە نزیكەكەی لە ریاز شەرمەزار نەكات، بەڵام ئێستا ئیتر ئەو چەترە نەماوە كە ترەمپ رەخساندبووی. 

باشترین نییە لای واشنتۆن
شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە باشترین بژاردەی واشنتۆن نییە بۆ ئەوەی ببێت بە پادشای داهاتوو، باشترینی پیاوی ئەمریكا بۆ ئەم كارە شازادە (محەمەد بن نایف) بوو، كە كەسی دووەم بوو لە ریزبەندی تەختی شاهانەدا تا ئەوكاتەی كە ساڵی 2017 محەمەد بن سەلمان دوریخستەوە. 
وەكو ئەوەی زانراوە، محەمەد بن نایف ئێستا دەستبەسەرە بەتۆمەتی گەندەڵی‌و پلانگێڕان دژی شازادەی جێنشین، بەڵام خێزانەكەی ئەمە رەتدەكەنەوە. 
محەمەد بن نایف ماوەی ساڵانێكی زۆر گرنگترین هاوپەیمانی ئەمریكا بوو لەناو خێزانی شاهانەی سعودیەدا. 
محەمەد بن نایف ماوەی چەندین ساڵ پۆستی وەزیری ناوخۆی بەدەستەوە بوو، سەركەوتوو بوو لە لەناوبردنی چالاكییەكانی قاعیدە لەناو سعودیەدا، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا دروستكرد لەڕێگەی (سەعد جەبری)ی سەرۆكی هەواڵگرییەكەیەوە، كە ئێستا لە تاراوگەكەی لە كەنەدا دەژی، (جەبری)ی بەمدواییە سكاڵایەكی لەبەردەم دادگادا لەدژی محەمەد بن سەلمان بەرزكردەوە، تێیدا تۆمەتباری دەكات بەوەی تیمێكی ناردووە بۆ تیرۆركردنی، بۆیە شازادەی جێنشینی ئێستا تۆمارێكی دورودرێژەی لای دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا هەیە. 
هێشتا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێویستی بە پەیوەندییەكی كاركردنی باش هەیە لەگەڵ دیوانی شاهانەی سعودیەدا، ئەمەش بەهۆی هەڕەشەی بەردەوامی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی‌و تیرۆرەوە كە لە رێكخراوی قاعیدەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام ئەمریكا بەباشی دەزانێت مامەڵە لەگەڵ كەسایەتییەكی باوەڕپێكراو و سەقامگیری وەكو محەمەد بن نایفدا بكات لەبری كەسێكی وەكو محەمەد بن سەلمان كە ناتوانرێت پێشبینی بكرێت. 

دیارییەك بۆ ئێران
هەر شتێك كە شەراكەتی ستراتیژی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان‌و سعودیە لاواز بكات، وەكو دیارییەكە بۆ ئێران كە ركابەرێكی هەرێمایەتی سعودیەیە. 
سەرباری چەندین ساڵ سزا، پسپۆڕان بەمدواییە گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی كە ئێران خاوەنی دەستی باڵایە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەڕێگەی ئەو میلیشیایانەوە كە بەوەكالەت كاری بۆ دەكەن، هەژموونی ستراتیژی خۆی لە لوبنان‌و سوریا‌و عێراق‌و یەمەن فراوانكردووە‌و سعودیەی بە ئابلۆقەدراوی بەجێهێشتووە.  
كاتێك سەرۆك بایدن هەڵپەساردنی فرۆشتنی چەكی ئەمریكی بە سعودیە لە شەڕی یەمەندا راگەیاند، یاخیبووە حوسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، بەشێوەیەكی خێرا سودیان لەم بڕیارە وەرگرت‌و لە چەند بەرەیەكەوە چونە پێشەوە، چونكە زانییان قەدەغەكردنی چەك، توانای دوژمنەكەیان سنوردار دەكات. 
پێدەچێت هەموو ئەمانە وا لە سەركردایەتی سعودیە بكات، لەماوەیەكی درێژدا، بەرەو فرە سەرچاوەكردنی شەراكەتی خۆیان لە بوارەكانی بەرگری‌و ئاسایش هەنگاو بنێن، رەنگە دەرگای نوێ لەبەردەم روسیا‌و چیندا بكەنەوە. 
هەروەك وا لە ریاز دەكات پەیوەندی توندوتۆڵتر لەگەڵ ئیسرائیل بنیاد بنێت، كە هەردووكیان لە مەترسیی فراوانخوازی ئێران‌و بڵاوبونەوەی چەكی ئەتۆمیدا هاوبەشن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand