سێ كۆمپانیای نەوت (83 ملیۆن) دۆلاریان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە

Draw Media

2021-01-31 07:10:28



درەو:
سێ كۆمپانیای نەوت كە لە پێنج كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كاردەكەن (83 ملیۆن) دۆلار و  شایستەی دارایی مانگی كانوونی یەكەمیشیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتوە،  كۆی بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو كێڵگانە ( 205 هەزار ) بەرمیلی رۆژانەیە و (45%)ی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن.  

دەقی ڕێكخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەكانی نەوت

سێ کۆمپانیا کە لە پێنج کێڵگە کاردەکەن ڕایانگەیاند کە شایستەی دارایی مانگی کانوونی یەکەمیان وەرگرتووە. شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:


١- کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور)
هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی کانوونی یەکەم بریتی بووە لە٤٣٫١ ملیۆن دۆلار، لەم بڕە ٣٢٫٦ ملیۆن دۆلاری پشکی دی ئێن ئۆ بووە و بڕی ١٠٫٥ ملیۆن دۆلارپشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی یە. دی ئێن ئۆ خاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٢٥٪ ی پشکەکانە. شایانی باسە شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەراورد بەمانگی پێشوو ڕێژەی ١٢٪ زیادی کردووە ڕێژەی ٢٧٪ بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم زیادی کردووە ئەوەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.

٢- کێڵگەی شێخان
لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە ١٨ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی کانوونی یەکەمیان وەرگرتووە، بە پێی بڵاوکراوەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، بڕی ١٤٫١ ملیۆن دۆلار پشکی ئەوان بووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ) دەبێت کە دەکاتە ٣٫٩ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ)پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. هەروەها بەپێی نوێترین زانیاری ئاستی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە زیادی کردووە و لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا گەشتووەتە ٣٩ هەزار بەرمیل و لە کانوونی یەکەمدا بۆ ٤٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە. داهاتی کۆمپانیاکان لەم مانگەدا بەڕێژەی ٦٥٪ بەراورد بە مانگی پێشو زیادی کردووە کە ١٠٫٩ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی تشرینی دووەمیان بووە.


٣- کێڵگەی ئەتروش
کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە ١٩٫٢ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شامارانی پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە و بڕی ٦٫٥ ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. ئەوی دەمێنێتەوە شایستەی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتییە کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە پشکی شایستە داراییەکەی دەکاتە ١٢٫٧ ملیۆن دۆلار. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ٤٦,١ هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٠٢٠/٣/٢٧ دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەڕێژەی ٣١٫٥٪ زیادی کردووە بەراورد بەمانگی پێشوو.


٤- کێڵگەی سەرتە
بۆ یەکەم جار کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی شایستەی دارایی مانگی کانونی یەکەمی کێڵگەی سەرتە وەردەگرن. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە ٢٫٩ ملیۆن دۆلار بووە و پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی ١٫٤ ملیۆن بووە و ئەو ١٫٥ ملیۆنەی دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیای شیڤرۆنی. ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنەری بازرگانی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی کێڵگەکە ٥٫٥٠٠ بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا. کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە.

٥ – کێڵگەی تەق تەق
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بەشێوەیەکی بەردەوام لە ڕابوردوودا شایستەاراییەکانی ڕاگەیاندووە ، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت چاوەڕێ دەکەین لە چەند ڕۆژی ئایندەدا شایستەی مانگی کانوونی یەکەم وەربگرین لەگەڵ ڕێکەوتن لەسەر خەرجی ٢٠٢٠ دا . بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت لەڕاگەیەنراوێکی تردا بڕەکەی ڕاناگەیەنین. گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە و کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٤% هەیە و بەیەکەوە کۆمپانیای (تی تی ئۆ پی سی ئۆ) پێکهێناوە وکۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەکە. بەرهەم لەم کێڵگەیە بۆ ٨ هەزار و و ٥٨٠ دابەزیوە لە کاتێکدا لە چارەکی سێهەمی ئەمساڵدا ١١,٢٦٠ بەرمیل بووە واتە بەڕێژەی ٢٤٪ بەرهەم کەمی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە زۆر کەمی کردووە بەراورد لەساڵی ٢٠١٥ کە ئەوکات ڕۆژانە ١٢٨ هەزار بەرمیل بەرهەمی بوو، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئاوێکی زۆر بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە بەرهەمی لە زۆر کەمی کرد و بەردەوامیش بەرهەمی بەکەم کردندایە.

هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێن HKN لە کێڵگەی سەر سەنگ و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم FORZA PETROLEUM لە کێڵگەی هەولێر لە ئێستادا شایستەکانیان بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم تائێستاڕانەگەیاندووە. زۆر جار ئەم دوو کۆمپانیایە بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی چالاکییەکان و شایستەکانیان ڕادەگەیەنن.
کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە و گازپرۆم لە گەرمیان دوو کۆمپانیان تائێستا بەهیچ شێوەیەک شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە.

کۆی شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایەنە لەو چوار کێڵگەدا وەریان گرتووە بریتییەلە ٨٣٫٢ ملیۆن دۆلار و کۆی بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو چوار کێڵگەیە دەکاتە ٢٠٥٫٦٥٠ بەرمیل کە بەیەکەوە نزیکەی ٤٥٪ ی بەرهەمی هەرێم پێک دەهێنن.

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ڕابوردودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا دە (١٠ )مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی کانوونی یەکەمە. وەهەر لە مانگی ئازاردا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاندووە کە شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ٢٠١٩ و کانوونی یەکەم و شوباتی ٢٠٢٠ دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە ٥٠ دۆلار. بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمپانیا نەوتییەکان لەم چەند مانگەدا چاوەڕێ دەکەن شایستە دواخراوەکانیان وەربگرنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand