ئاشتی هەورامی روبەڕووی دادگا قورسەكە دەبێتەوە

Draw Media

2020-10-19 14:07:00



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
جگە لە (شێخ باز)، ناوی دوو كەسی تر لەسەر مێزی گفتوگۆیە بۆ ئەوەی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرن، مەسرور بارزانی كەوتوەتە نێوان فشاری عێراق‌و هەڕەشەی توركیاوە، ئەمریكاش داوا دەكات هەرێم كەسێكی شارەزای بواری (غاز) بكات بە وەزیری سامانە سروشتییەكان، یەكێتیش لەسەر پۆستی جێگری وەزیری نەوت لە عێراق كەوتوەتە ناو كێشمەكێشمێكی نوێ، عیزەت سابیر چوەتە بەغداد بۆ ئەوەی پۆستەكە وەربگرێت، لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر لەبارەی چارەنوسی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم‌و پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق بڵاودەكەینەوە.
 
پۆستە بەتاڵەكەی حكومەت
زیاتر لە ساڵێك‌و سێ مانگە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەكە هێشتا پۆستێكی وزاری گرنگی لەناو كابینەكەی پڕنەكردوەتەوە كە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانە. 
رۆژی (5)ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا لەبارەی ئەوەی بۆچی تائێستا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە، وتی:" خۆم حەزم دەكرد لە وردەكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاگادار بم، بۆیە پۆستەكەم پڕنەكردوەتەوە".
مەسرور بارزانی باسی لەوەكرد، بەدوای كەسێكدا دەگەڕێت كە جێگەی متمانەبێت بۆ ئەوەی دۆسیەكە بەڕێوەببات، پێشنیازی دوو كەسی كردووە بۆ ئەوەی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرن.
مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەماندا ناوی ئەو دوو كەسەی ئاشكرانەكرد كە پێشنیازی بۆ كردوون پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەندێك كێشمەكێشی نوێ لەبارەی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دروستبووە.

لەبارەی چارەنوسی وەزارەتەكەوە 
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حكومەتی هەرێمەوە دەست (درەو) كەوتوون، ئێستا كاندیدەكانی پارتی‌و مەسرور بارزانی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بریتین لە دوو كەس:
•    كاندیدی یەكەم: شێخ باز
ئەم پیاوە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای (كار)ە، كۆمپانیاكەی خاوەنی رێژەی 40%ی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، سەرباری ئەمە كێڵگەی "خورمەڵە" كە گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمە لای كۆمپانیاكەی شێخە، گروپێك لە بەرپرسانی پارتی پاڵپشتی لە شێخ باز دەكەن بۆ ئەوەی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرێت، لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە، مەسرور بارزانی چەندجارێك شێخ بازی بردە ناو كۆبونەوەكانی حكومەت‌و چەندجارێكیش لەگەڵ وەفدی هەرێم ناردی بۆ بەغداد، ئەمە وا لێكدرایەوە مەسرور بارزانی دەیەوێت شێخ باز بكات بە وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەڵام لەراستیدا هێشتا بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە.
•    كاندیدی دووەم: كەمال ئەتروشی 
ئێستا لەناو پارتیدا ناوی كەسێكی تر بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان هاتوەتە پێشەوە، كە ئەوەش پیاوێكە بەناوی (كەمال ئەتروشی)، زانیاری زۆر لەبارەی كەمال ئەتروشی لەبەردەستی (درەو)دا نیە، تەنیا ئەوە نەبێت دەوترێت (پێشتر راوێژكاری كۆمپانیایەكی كوەیتی بواری نەوت بووە).

ئاشتی هەورامی لە مەترسیدایە !
پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005وە دروستكراوە، لەوكاتەوە تاوەكو مانگی تەموزی ساڵی رابردوو كە دەكاتە (14 ساڵ) ئەم وەزارەتە تەنیا لەلایەن پیاوێكەوە بەڕێوەدەبرا بەناوی (ئاشتی هەورامی).
مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، بەڵام بەتەواوەتی دەستی لەناو دۆسیەی نەوتی هەرێمدا نەبڕی، مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی حكومەتی هەرێمدا، پۆستێكی نوێی بەناوی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت لە دەرەوەی یاسا كارپێكراوەكان داتاشی، ئاشتی هەورامی كرد بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە‌و سامانە سروشتییەكان.
ئاشتی كە پێشتر بینای نەبوو، دۆسیەی سامانە سروشتییەكان لە جەنتاكەیدا هەڵگرتبوو، دوای دورخستنەوەی لە پۆستەكەی، وەزارەتەكەی بردە ناو بینایەك لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بیناكە دەكەوێتە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەناوچەیەك لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، ئاشتی لەم بینایەدا ژمارەیەك فەرمانبەری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و راوێژكاری بیانی لەگەڵدایە‌و هێشتا دۆسیەی نەوت بەڕێوەدەبات، لەمەشدا دەسەڵاتی لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وەرگرتووە، ئەوەش بەپێی فەرمانێك كە رۆژی 24ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی بە نهێنی‌و بە زمانی ئینگلیزی بۆی دەركردووە. (لێرە كلیك بكە بۆ زانینی زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو نوسراوە)
سەرباری ئەوەی مەسرور بارزانی دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەخشی بە ئاشتی هەورامی، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە مەسرور بارزانی بەتەواوی پاشەكشێی لە ئاشتی هەورامی كردووە، بەتایبەتیش دوای ئەو سكاڵا نوێیەی كە لەلایەن كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لە دادگای لەندەن لەسەری تۆماركراوەو ئەنجامەكانی بڕیاری دادگاكە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو، رەنگە بە قورسی لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم بشكێتەوە.
بەمدواییە ئاشتی هەورامی روبەڕووی دۆسیەیەكی تری یاسایی بوەتەوە، (درەو) زانیویەتی هەفتەی رابردوو، دادگای ساختەكارییە قورسەكان لە لەندەن كە بە "Serious fraud office" ناسراوە، ئاشتی هەورامی بانگهێشتكردووە، تۆمەتباری كردووە بەوەی لە پرۆسەی ساختەكاری گەورە تێوەگلاوە.
ئەوانەی شارەزای كاروباری ئەم دادگایەن دەڵێن:" لە بەریتانیا هەر كەسێك كاری بكەوێتە ناو ئەم دادگایە، رزگاربوونی زەحمەتە، چونكە ئەم دادگایە زۆر بەهێزە‌و تەنانەت بەبێ نوسراوی دادوەر دەتوانێت پشكنین بۆ ماڵی هەر كەسێك بكات كە گومانی لەسەری هەبێت".
ساڵی رابردوو، ئەم دادگایە سزای قورسی بەسەر دوو كەسدا سەپاند، بەپێی ئەوەی سەرچاوە ئاگادارەكان بە (درەو)یان راگەیاندووە، ئەگەر تۆمەتەكان لەسەر ئاشتی هەورامی ساغ ببێتەوە، دادگاكە سزای (25 ساڵ) زیندانی بەسەردا دەسەپێنێت، لەمە مەترسیدارتر ئەوەیە كەسانی تر لە دۆسیەكانی ئاشتی هەورامیدا تێوەبگلێن.

هەڕەشەكەی ئەردۆغان !
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو حكومەت دەست (درەو) كەوتوون، بەمدواییە مەسرور بارزانی توركەكانی بینیوە، پێی وتوون:" عێراق فشار دەخاتە سەرمان بۆ ئەوەی نەوتەكەی رادەست بكەین"، لەوەڵامی ئەم قسەیەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا زۆر توڕە بووە‌و هەڕەشەی كردووە پەلاماری كوردستان بدات ئەگەر نەوتەكەی رادەستی عێراق بكات.
لەدوای هەڕەشەكەی ئەردۆغانەوە، مەسرور بارزانی پەنای بۆ ئەمریكییەكان بردووە‌و بەتەلەفۆن لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریكا قسەی كردووە‌و ئاگاداری كردووە لە بارودۆخی هەرێم لەنێوان فشاری عێراق‌و هەڕەشەكانی توركیادا.
وەزیری وزەی ئەمریكا چەند پێشنیازێكی داوە بە مەسرور بارزانی، كە دیارترینیان ئەمانە بوون:
•    بەزوترین كات پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕبكاتەوە، كەسێك لە پۆستەكەدا دابنێت كە شارەزای بواری (غاز) بێت، ئەمریكییەكان دەیانەوێت لەدوای قەیرانی كۆرۆناوە ستراتیژیەتی خۆیان لە نەوتەوە بگۆڕن بۆ غاز.
•    ئەمریكییەكان داوایان لە مەسرور بارزانی كردووە یەكێتی نیشتمانی بەشدار بكات لە بڕیارەكانی تایبەت بە نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، رەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت لە عێراق سێ زۆنی (غاز) هەیە، یەكێك لەو زۆنانە لە سنوری یەكێتیدایە، دوانەكەی تر یەكێكیان لە ناوچەی سوننە‌و ئەوی تر لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی شیعەكاندایە، ئەمریكییەكان چاویان لە غازەكەی سنوری یەكێتییە.

ئامانج رەحیم كاندیدە
هاوشێوەی كابینەكانی پێشووی حكومەت، پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لای پارتی دیموكراتی كوردستانە.
ئەگەر دۆخەكە بەوشێوەیە بڕوات‌و پارتی كەسێكی شارەزای بواری غازی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە دەست نەكەوێت، یاخود پابەند بێت بە داواكارییەكەی ئەمریكاوە، پێدەچێت كەسێكی یەكێتی دڵخوازی پارتی بۆ پۆستەكە كاندید بكات.
سەرچاوەیەك لەناو یەكێتی لەبارەی ئەم بابەتەوە بە (درەو)ی راگەیاند، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە سەربە یەكێتییە، وەكو كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان ناوی دەهێنرێت.
ئامانج رەحیم نزیكەی (10 ساڵ)ە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە، یەكێك لەو كەسانەیە كە زۆرترین كات لە پۆستەكەی لەناو ئەنجومەنی وەزیران ماوەتەوە، ئامانج لەوانەیە ناچێتە ناو كێشمەكێشە سیاسییەكانەوە، هەم دڵی یەكێتی‌و هەم دڵی پارتیشی راگرتووە، بۆیە دور نیە دواجار بازەكە لەسەر شانی بنیشێتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا وردبینترین كەسی ناو ئەنجومەنی وەزیرانە‌و ئاگاداری وردەكاری دۆسیەكانی نەوت‌و غازە.

یەكێتی‌و پۆستەكەی بەغداد
پۆستێكی تری بواری وزە هەیە كە هاوشێوەی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی تێدایە، ئەم پۆستە پشكی یەكێتییە لە حكومەتی عێراقدا.
چەند رۆژێكە مشتومڕ لەسەر پڕكردنەوەی پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق لەناو یەكێتی نیشتمانی گەرمە، ئەمە یەكێكە لەو پۆستانەی كە لەدوای روخانی سەددامەوە لای یەكێتی بووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەستی كەوتووە، چەند كەسێك خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كاندید كردووە، یەكێك لەوانە (عیزت سابیر) پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتییە لە پەرلەمانی كوردستان كە لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا.
عیزت سابیر كاندیدی قوباد تاڵەبانی‌و شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، (درەو) زانیویەتی، عیزەت چووەتە بەغداد‌و چاوپێكەوتنی تایبەت بە وەرگرتنی پۆستەكەی كردووە، عیزەت سابیر بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئابوریدا هەیە.
لەپاڵ ئەمەدا (پەروین بابەكر) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی یەكێكە لە كاندیدەكان  بۆ پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق، پەروین پێشتر لە بواری نەوتی تایبەت بە كۆمپانیای (نۆكان)ی یەكێتی كاریكردووە، ماوەیەكیش وەزیر بووە لە حكومەتەكەی سلێمانی یەكێتیدا.
پۆستی جێگری وەزیری نەوتی لە عێراق پێشتر لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتییەوە پڕدەكرایەوە، رۆژی (17)ی ئەم مانگە كۆسرەت رەسوڵ كە ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە، نوسراوێكی ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی كرد‌و داوای لێكردن سنورێك بۆ قاچاخچێتی دەروازە سنورییەكان دابنێن، ئەگەر نا ئەو دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاردەهێنێت.
هەندێك لە یەكێتییەكان، ئەو نامەیەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ هاوسەرۆكەكان وەكو كارتێكی فشار لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق لێدەدەنەوە، پێیانوایە كۆسرەت رەسوڵ بەو پەیامە دەیەوێت ئاگاداریان بكاتەوە ئەو پۆستی جێگری وەزیری نەوتی عێراق پشكی ئەوە‌و دەبێت خۆی كاندیدەكەی دیاری بكات. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand