40 كەس لە ستافی سەرۆكی هەرێم كەرەنتینە كراون

Draw Media

2020-06-27 13:50:05



 (درەو):
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (40) كەسی لە ستافی تایبەتی خۆی لە هۆتێلێك لە هەولێر كەرەنتینە كردووە‌.
رۆژی 20ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی سەردانی بەغدادی كرد‌و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبونەوەی كرد، سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغداد دوو رۆژی خایاند.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی (40) كەس لە ستافەكەی كە لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد هاوڕێیەتییان كردووە رەوانەی كەرەنتینە كردووە لە هۆتێل (رۆتانا) لە شاری هەولێر. 
(درەو) زانیویەتی، یەكێك لە پاسەوانەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق توشی كۆرۆنا بووە، نێچیرڤان بارزانی گومانی هەیە بەركەوتن لەنێوان ئەو پاسەوانەو ستافەكەیدا لەكاتی كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق رویدابێت، بۆیە ستافەكەی رەوانەی كەرەنتینە كردووە.
بەپێی وێنەیەك كە چالاكوانانی كورد لە دەرەوەی وڵات بڵاویانكردوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی  لەگەڵ ئەحمەد حەسكۆ  سكرتێریدا لەبەردەم بانكێك لە شاری ژنێڤی سویسرا بینراوە، هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەكەن كە ەو وێنەیە كۆنەو ساڵی رابردووە كە نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونی ئیدریسی كوڕیداكرد لە سویسرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand