هەرێم و بەغداد رێكدەكەون؟

Draw Media

2020-06-24 22:08:26



راپۆرت:درەو
رەنگە وەفدی حکومەتی هەرێم بە دەستی بەتاڵەوە لە بەغدادەوە بگەڕێنەوە بۆ کوردستان، بەڵام ئەمجارە وەزیری پلاندانان هێدفۆنەکەی بەدەستەوە نابێت، چونکە پەشیمانەو چاوەڕێی کاردانەوەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی نەکردووە، حكومەتی هەرێم دەیەوێت داهاتی نەوت رادەست بكات، عێراق داوای پرۆسەی تەواوەتی نەوت دەكات، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆی وەفدی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەخاتەڕوو.

ئەندامانی وەفدەکە لەکوێ دەمێننەوە ؟
شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوو رۆژە لە بەغدادە، قوباد تاڵەبانی و وەزیرە یەكێتییەكانی ناو وەفدەکە لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار لای سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح و وەزیرە پارتییەكانی وەفدەکەش لەبارەگای نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد لای (فارس عیسا) نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، واتا وەفدەکە خەرجییان نیە.
وەفدی حکومەتی هەرێم لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا دوو كۆبونەوەی كردووە:
•    رۆژی یەكەم لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكی وەزیرانی عێراق کۆبووە.
•    رۆژی دووەم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە.
•    سبەینێ وەفدەکە كۆبونەوەیەكی تر دەكات، لەو کۆبونەوەیەدا وەزیری نەوتی عێراق بەشدار دەبێت.
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكانی (درەو) لەو دوو کۆبونەوەی کە وەفدی حکومەتی هەرێم لە دوو رۆژی رابردوودا لە بەغداد کردویەتی، تا ئێستا نەگەیشتوەتە هیچ ئەنجامێك، ئەوەی قسەوباسی لەسەرکراوە تەنیا خستنەڕووی ئەو زانیارییانە بووە كە حكومەتی عێراق لە شاندی حكومەتی هەرێمی ویستووە.
شاندی حكومەتی هەرێم دوو فایلی ئامادەكردووەو لەگەڵ خۆی بردویەتی بۆ بەغداد:
•    فایلی تایبەت بە موچەو بودجە 
•    فایلی تایبەت بە نەوت و ووزە   

رێككەوتنێكی ئاڵۆز
لە دوو رۆژی رابردوودا وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ویستویەتی ژمارەیەكی دەستبكەوێت بۆ ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ بكات، شاندەكەی هەرێم ئەوەی خستوەتە بەردەم بەرپرسانی عێراق کە:
٭ هەرێم (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو (50%)ی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد دەکات ئەگەر لەبەرامبەر ئەوەدا بەغداد مانگانە بڕی (700 ملیار) دینار بە هەرێم بدات، وەڵامی بەرپرسانی عێراق بۆئەم پێشنیازە ئەوەبووە كە ئەوان ناتوانن هیچ ژمارەیەك بخەنەڕوو چونکە بارودۆخی دارایی عێراق خراپە، ئەوان بەپێی ئەو داهاتەی دێتە بەردەستیان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكەن.
لەبارەی پرسی دەروازە سنورییەکانەوە، بەرپرسانی عێراق بە وەفدی هەرێمیان راگەیاندووە، دەروازەیەكی نوێی نێودەوڵەتی لەنێوان توركیاو عێراق دەكەنەوە، ئەو دەروازەیە دەكرێت بە دەروازەی راستەوخۆی نێودەوڵەتی لەنێوان هەردوولادا.
چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ بەبێ رێککەوتن وەفدەكەی حکومەتی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، ئەگەر لە کۆبونەوەی سبەینێدا بگەنە ئەنجامێک، واژووكردنی رێككەوتنەكە جێدەهێڵن بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، پێشتر مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئەگەر بەغداد نیەتی رێككەوتنی هەبێت لەگەڵ هەرێم، ئەوا خۆی سەردانی بەغداد دەكات.
سەرچاوەیەك لە وەفدی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند، رێككەوتنی ئەمجارە زۆر ئاڵۆزە، چونکە:
•    لایەنە شیعەكان و شەقامی عێراقی فشاری زۆر توندیان لەسەر مستەفا كازمی سەرۆک وەزیران دروستكردووە نابێت بەئاسانی و وەك كابینەكانی پێشوو لەگەڵ وەفدی هەرێم رێكکەوتن بکات، چونكە شاندی هەرێم تەنها بۆ پارە دێتە بەغدادو حکومەتی هەرێم دەستی دەستی بە بەغداد دەكات و هەركات قەیرانەكەی تێپەڕاند، رێككەوتنەكە جێبەجێ ناكات.
•    حكومەتی عێراق جدیە لەوەی دەبێت رێككەوتنەكە هەمیشەیی بێت و بناغەیەیەكی پتەوی هەبێت، بۆ ئەوەی كێشەی نێوان هەرێم و بەغداد بەتەواوی چارەسەر بكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت رێككەوتنەكە كاتی بێت و بۆ ماوەیەكی دیاری كراو بێت.
•    حكومەتی هەرێم دەیەوێت داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات و دۆسیەی نەوت هەر لەدەستی خۆیدا بمێنێتەوە، بەڵام بەغداد دەیەوێت پرۆسەی نەوتی هەرێمی بەتەواوەتی رادەستبكرێت، نەوت بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نیشتمانی نەوتی عێراق "سۆمۆ"دا بێت، بۆ ئەوەی خۆی لەسەر ئێشەی كۆمپانیاكان و گەندەڵی نەوت رزگار بكات.
•    پرۆسەی نەوتی هەرێم رەگوڕێشەی درێژو جیاوازی هەیەو هەموو سەرەداوەكان لەدەستی هەرێمدا نیە، بەشێكی لای كۆمپانیای "رۆزنەفت"ی رووسیە، بەشی زۆری سەرەداوی نەوت لەدەستی توركیایە، لە كرێی كۆمپانیاو كرێی گواستنەوەی بۆری نەوت و قەرزی نەوتی توركیا، واتا بەبێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن توركیاوە، رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد مەحاڵە، پێشبینی دەکرێت دواجار بەغداد لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە خۆی رێككەوتن لەگەڵ توركیا بكات و نەوتی لە دەستی هەرێم دەربهێنێت.
•    ئەمریكا دەیەوێت هەرێم و بەغداد رێككەوتن بكەن، ئەمریكا دەیەوێت حكومەتەكەی كازمی سەركەوێت، بەڕوونی بە بەرپرسانی هەرێمی وتووە تەنیا دەروازەی رزگاربوونی هەرێم لەم بارودۆخەدا رێككەوتنەكە لەگەڵ بەغداد. 

هێدفۆنەكەی وەزیری پلاندانان
وەفدی هەرێم بە فڕۆکەیەکی سەربازی چونە بەغداد، کاتێک ئەندامانی وەفدەکە لە فڕۆکەکە دابەزین، (دارا رەشید) وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان "هێدفۆن"ێکی بەدەستەوە بوو، دیمەنی هێدفۆنەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی قسەوباسی دروستکرد، وا لێکدرایەوە وەزیر هێدفۆنی ناو فڕۆکە سەربازییەکەی لەگەڵ خۆی بردووە، لەکاتێکدا ئەوە تەنیا بۆ ناو فڕۆکەو بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاوی دەنگی فڕۆکە سەربازییەکان بەکاردەهێنرێت.
بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هێدفۆنەكەی وەزیری پلاندانان بلوتوز بووە، كاتێك خۆی ئامادە کردووە بۆ گەشتەکەی بەغداد، هێدفۆنەكە لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ئەوەی لەناو فڕۆكەكە گوێ لە بەرنامەیەکی دۆكیۆمێنتەریەكی كەناڵی (BBC) بگرێت تایبەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی سەرژمێری و ئامار لە بەریتانیا،
بەڵام دوای دابەزینی لە فڕۆكەكە لەبیرچووە بیخاتە ناو جانتاكەی و هەر بەدەستیەوە بووە.
دارا رەشید ئاماژەی بەوەکردووە، بیری لەوە نەکردوەتەوە هیدفۆنەکەی بەوشێوەیە كاردانەوەی لێكەوتوەتەوە، وتویەتی" شەڵڵا هەر نەمبردایە لەگەڵ خۆم".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand