ئەوەی بە کەوچک کۆ کرابۆوە!

Draw Media

2020-05-23 19:50:45



رێبوار کەریم وەلی
وتاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا. ئەگەرچی شتێکی تازەی تێدا نەبوو، بەڵام ئەویش ٢٧ ملیار دۆلاری وەک قەرز ھەم لەسەر حکومەتی ھەرێم و ھەم لەسەر پارتی کردە ماڵ؛ دەرھاوێشتەی"چەوتییەکانی" کابینەکانی پێشوو بووە.
جارێ ئەو ٢٧ ملیارە ھەمووی قەرز نییە. بەشێکی ئیلتیزامی حکومەتە بەرامبەر مووچەخۆر، سەرمایەدار و بانکی ناوخۆیی کە خۆی لە نزیکەی ١٥ ملیار دۆلار دەدات و، کابینەی ٩ کە بە بەڵێنی گێڕاندنەوەی مووچەی پاشەکەوتکراو ھات، دەیتوانی ١٢ ملیار لەو ئیلتیزامە وەکو چێکی بانک بداتە مووچەخۆر و فەرمانبەران تا ئەوانیش ئەو پارەیە بۆ کارەبا، ئاو و خەرجیی دیکە بەکار بێنن. بۆ نەیانکرد؟
قەرزداری بانکەکان و سەرمایەدارانن؟ لەبری ئەوە زەوییان پێبدەن، لەباج و رسومات بیانبەخشن.
*
مەسەلەکە تەنھا پارە و موچە نییە. کابینەی ھەشتەمیش لەسەر لێواری ئیفلاس بوو، خەڵک لەسەر جادە بوو(نەدەگیران)، بایکۆتی خوێندنیان دەکرد مامۆستایان، بەڵام ئەوکات"ئومێدێک" ھەبوو. ئێستا نە ئەو ئومێدە ماوە و نەپارە.
*
دوای ریفراندۆم و ١٦ ئۆکتۆبەر، کوردستان کەوتە دۆخێکەوە کە کەس حەسودی پێ نەدەبرد.کەس ئامادە نەبوو وەڵامی تەلەفۆنێکیش بداتەوە. ھەموو دەستەکەوتە سیاسی، دیپلۆماسی و ئابورییەکان لە چاوترووکانێکدا بوونە بڵقی سەرئاو. کەس نەیبیست ئەو ٣٣ دەوڵەتەی کە ئامادە بوون دەستبەجێ دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا بنێن، چییان لێ ھات؟ سوپای داگیری شیعەش نەک بستێک، بگرە نیوەی کوردستانی داگیر کرد! ئەو رۆژە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، بەسەر وێرانەیەک کە بەرھەمی سەرکێشییەکان بوو، خەریکی سڕینەوەی جێ پێی ئەو بلدۆزەرە بوون کە ھەموو شتێکی راماڵی بوو.
*
جێی سەرسوڕمانە کە سەرۆکی حکومەت وەک کەسێک قسە دەکات کە ھەست دەکەی ئەو و ستافەکەی دوور و نزیک پەیوەندییان بە دوو دەیە لە حوکمڕانیی کوردستانەوە نەبووبێت! دەربڕینەکانی ئەو بە ئاراستەی چاکسازی لە بەڕێوەبردندا، دڵخۆشکەر نین؛ مێتۆدەکە راست نییە. ئەگەر قەرار بێت ھەرچی رووی داوە و روو دەدات ئۆباڵەكەی بخرێتە سەر ئەوانەی رابردوو، چ پێویستی دەکرد سەرۆکی حکومەت خۆی بخاتە ژێر ئەو ھەموو گوشارەوە؟ ھا ئەگەر مەسەلە رزگارکردنی پارتی بێت، کەواتا پارتی بەو ئیدارە خراپەی کابینەکانی پێشوو، نەدەبوایە کورسییەکانی زیاد بکات! لەگەڵ مەنتیقدا ناگونجێ حوکمڕانیی پارتی ھێندە خراپ بووبێت، بەڵام پارتی براوەی ھەڵبژاردن بووبێ!
*
ئەوە قەت دیفاع کردن نییە لە نێچیرڤان بارزانی، بەڵام ھەقیقەتێک ھەیە ئەویش ئەوەیە کە بە ھەموو کەموکوڕییەکانی لە ئیدارەدا، ھەمیشە زامنی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە. ئەو ئاشتییەش ئێستا لەبەردەمی ئەوە دایە بە نووکە شۆفڵێک رابماڵدرێت.
*
بەڵێنی سەرۆکی حکومەت بەوەی کە لە بەرەی خەڵکدا دەبێت، سەنگی مەحەکەکەی ئەوەیە کە خەڵک لەژێر زەڕەبینی ئەمنی و حوکمی پێشوەختە دەربێن تا بڕوایان بە حکومەت و سیاسەتەکانی ھەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand