دوای گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت

Draw Media

2020-05-23 18:56:49



 ئاسۆ حاجی

راشکاویی و شەفافیەت خاڵی هەرە بەهێزی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت بوون،ئەو دوو خاڵە بیست و هەشت ساڵە داواکاری هەمووان بووە،بە خەڵک و هێزە سیاسیەکانەوە،هەر ئەوەشە کە بە هەنگاوی جدی و کاریگەر دادەندرێت لە روبەڕوبوونەوەی ئەو دۆخە خراپە داراییەی توشمان بووە.
ئەوانەی دڵخۆشن بەو قسانەی مەسرور بارزانی زۆرینەی خەڵکن کە بەدوای ئایندەیەکی باشتر بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دەگەڕێن لە دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ دەرباز کردنی ئەو قۆناغە هەستیارە،ئەوانەش کە بە قسەکانی قەڵس بوون و ناتوانن قبوڵی بکەن دوو جۆرن:

- ئەو سیاسیانەی کە دەستیان لە بینا قاقای ئابوری و دارایی کوردستان ناوە و لەو رێگایەوە خەڵکیان لەخۆ کۆکردۆتەوە و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان بەهێزتر کردوە،ئەوانە دەزانن ئەو گوتانەی سەرۆکی حکومەت دەستپێکن بۆ کارکردن بە ئاراستەی لێک هاوێرکردنی کاری حیزبی و سیاسی لەگەڵ کاری حوکمەتداری و ئابوری و پێشکەش کردنی خزمەت بە خاک و خەڵک.

- جۆری دووەمی ئەوانەی سیاسەتی راشکاو و راستگۆیانەی سەرۆکی حکومەتیان پێ ناخۆشە ژمارەیەکن لە قەڵەم بەدەستان و خاوەن پێگە و ماڵپەڕ و پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە دەزانن داهات و قازانجیان روو لە کەمبوونە و ئەو کاسبیەیان بەرەو نەمان دەچێ،چونکە ستراتیژیەتی سەرۆکی حکومەت ئەوەیە وەک لە گوتارەکە نیشانی دا کەلێنک و گۆشەیەکی شاراوەی حکومەت لە خەڵک نەمێنێت تا ئەو جۆرە کەسانە لەو کەلێن و گۆشانە چیڕۆک نەهۆنەوە و رای گشتی بە ئاراستەی نا دروست نەبەن.

ئەوانەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت بە نا ئومێدکەر لێکدەدەنەوە لەو دوو جۆرەی سەرەوەن کە هێز و ستراتیژیەتی دەرەکیان لە پشتەوەیە بۆ زیاتر بێ ئومێد کردنی خەڵکی کوردستان و هاندانیان بە ئاراستەی پشت کردن لە خەبات و قوربانیدانی زیاتر لە سەت ساڵی گەلی کوردستان لە پێناو و ئازادی و سەربەخۆیی.
گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت زانیاری و ژمارەی ترسێنەری تێدابوون کە هەموو لایەنەکان ناچار دەکات لە بەردەمیان هەڵوەستە بکەن و بیرێکی جدی لە ئایندەی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی بکەنەوە،ئایا دەستبەرداری مێژوو و قوربانیەکانی خەڵکی کوردستان دەبن و دەبنە هۆکاری زیاتر قوڵکردنەوەی کێشەکان و زەحمەتکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک،یان پێچەوانەکەی هەڵدەبژێرن و دەبنە بەشێک لە چارەسەر و پاڵپشتی دامەزراوە یاساییەکانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
گوتارەکەی مەسرور بارزانی هەر چۆن لێکدانەوەی بۆ بکرێ قۆناغێکی نوێی لە کار و سیاسەت هێناوە و جدیترین پرسیار ئەوەیە دوای ئەو گوتارە چ دەکرێ و چ بکرێ؟بەبۆچوونی من باشترین دەستپێک بۆ دەربازکردنی ئەو قۆناغە:

-جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و کارکردن بۆ هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی پەیوەندی بە یاسای خانەنشینی پەڕلەمانتارانەوە هەیە کە یان بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە یان لەگەڵ یاسای گشتی خانەنشینی رێکبخرێ.

- هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو خانەنشینیانەی بۆ کادیرانی سەرجەم حیزبەکان کراون لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێک هەروەها بڕینی ئەو پارەیەی لە حکومەتەوە بۆ دەزگاکانی حیزبی بە تایبەتی راگەیاندن دەچێ.

- پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت و هەقدەستی کۆمپانیاکان و دوورخستنەوەی کۆمپانیای حیزبەکان و سەرکردە سیاسیەکان لە کۆنتڕۆلکردنی بازرگانی نەوت و سووتەمەنی.

- هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەریەک لە چوارچێوەی دەستووری عێڕاقی لە گەل حکومەتی بەغدا.
- کەمکردنەوەی موچە و شایستەی دارایی هەموو پلە تایبەتەکان،کەمکردنەوەی خەرجیەکانی هەموو دامەزراوەکان.

- رەوانەکردنەوەی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی زیادەن و بەهۆی ململانێی حیزبی دامەزراون بۆ ماڵەوە و پێدانی نیوەی موچەکانیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.

- وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت کە لەلای خەڵکە بەتایبەتی بازرگانان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand