شیعەكان لەسەر كاندیدی وەزارەتی نەوت ناكۆكن

Draw Media

2020-05-20 12:10:19



 (درەو):
شیعەكان لەسەر كاندیدی پۆستی وەزارەتی نەوت ناكۆكن، نزیكەی پێنج ناو كاندیدكراون بۆ پۆستەكە، بەڵام هێشتا هیچ یەكێكیان یەكلانەبونەتەوە.
سایتی سۆمەریەنیوز لەزاری سەرچاوەیەكەوە رایگەیاند، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی زەیدون ساعدی كاندید بكرێت بۆ پۆستی وەزارەتی نەوت.
سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، ساعدی پسپۆڕی لە بواری نەوتدا نییە‌و بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە گونجاو نییە، زۆرینەی كوتلە سیاسییەكانی شیعە كاندیدكردنی رەتدەكەنەوە.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، كوتلە سیاسییەكانی شیعە هەڕەشەیان كردووە ئەگەر زەیدون ساعدی بۆ پۆستی وەزارەتی نەوت كاندید بكرێت، لە پەرلەمان متمانەی پێنادەن.
رۆژی دوو شەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتارێكی لە رۆژنامە عێراقییەكاندا بڵاوكردەوە، لە بەشێكی وتارەكەیدا باسی لەوەكرد، هەندێك لە لایەنەكان لە پشتی پەردەوە دەستوەردان دەكەن پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكاندا، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر بەڵنیان پێداوە ئازادبێت لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا.
كازمی هۆشداریدا لەوەی دەستوەردانی ئەو لایەنانە رەنگە ئاستەنگ بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییە بەتاڵەكان دروست بكات.
زەیدون خەلەف ساعدی سەرۆكی كۆڕبەندی داهێنەرانی عێراقە‌و هاوكات بەرپرسی بەشێكە لە وەزارەتی نەوت.
جگە لە ساعدی ناوی چەند كەسێكی تر دەهێنرێت كە كاندیدكراون بۆ پۆستی وەزارەتی نەوت، لەوانە:
•    مەحمود عەباس یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای پرۆژە نەوتییەكان
•    ئەحمەد خەزعەل یاریدەدەری بەڕێوەبەری كۆمپانیای گواستنەوە
•    عەبدولكەریم ساعدی، ئەم پیاوە لە وەزارەتی نەوت كاریكردووە‌و دەوترێت لەسەر تێوەگلانی لە گەندەڵی دورخراوەتەوە 
پێنج پۆستی وزاری لە كابینەی مستەفا كازمی بەبەتاڵی ماونەتەوە‌و بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن، پۆستەكان بریتین لە:
•    وەزارەتی دەرەوە: ئەم پۆستە یەكێكە لە پۆستە باڵاكان‌و پشكی پارتییە، پەرلەمانتارانی پارتی باسلەوەدەكەن فوئاد حسێن كاندیدە، هەندێكی تر باسلە كاندیدكردنی (فەوزی هەریری)ی دەكەن.
•    وەزارەتی نەوت: ئەم پۆستە یەكێكە لە پۆستە باڵاكان‌و پشكی پێكهاتەی شیعەیە، لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدەكەی ناكۆكن، پەرلەمانتارانی سەربە پارێزگای بەسرە دەڵێن دەبێت كەسێكی پارێزگاكەی ئەوان بۆ پۆستەكە كاندید بكرێت، بەوپێیەی زۆربەی نەوتی هەناردەكراوی عێراق نەوتی بەسرەیە.
•    وەزارەتی داد: ئەمە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری پێشووتری كەركوكی بۆ كاندیدكرا، بەڵام لە پەرلەمان متمانەی وەنەرگرت‌و هێشتا یەكێتی كاندیدی خۆی یەكلانەكردوەتەوە.
•    وەزارەتی رۆشنبیری
•    وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران
•    وەزارەتی بازرگانی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand