سوریا.. شەڕێکی نوێ لە هەناوی دەسەڵاتدا

2020-05-19 20:47:44

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
لەڕێگەی ژن و ژنخوازییەوە بوون بە هاوبەشی یەکتر، ئەم لە دەسەڵات و ئەوی تر لە ئابوریدا، ئەمە یەکێک لە نمونە دیارەکانی هاوسەرگیری دەسەڵاتە لەگەڵ سەرمایەدا، ئەم هاوسەرگیرییە ئێستا کێشەی تێکەوتووە، بنەماڵەی ئەسەدو مەخلوف لەسەروبەندی تەڵاقدان.

ئەسەد؛ مەخلوف بلۆک دەکات
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ حکومەتی سوریا بڕیارێکی دەرکردووە بۆ دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی رامی مەخلوف و خانەوادەکەی.
ئەمە بەپێی نوسراوێکە کە وەزیری دارایی سوریا ئیمزای لەسەرکردووەو نوسراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دەستدەگیرێت بەسەر موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەی مەخلوف و هاوسەرەکەیدا بۆ زامنکردنی وەرگرتنەوەی ئەو پارانەیە کە وەکو قەرز کەوتوەتەسەر کۆمپانیاکەی مەخلوف لە بواری پەیوەندییەکاندا.
رامی مەخلوف کە کوڕی خاڵی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریایە، رۆژی دووشەممە لەڕێگەی ئەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، نوسراوێکی بڵاوکردەوەو باسی لەوەکرد ئەو قسانەی کە دەستەی پەیوەندییەکان دەیکات لەبارەی ئەوەی کۆمپانیاکەی (کۆمپانیای سیرتێل بۆ پەیوەندییەکان) ئامادە نییە ئەو شایستە داراییانە بدات بە حکومەت کە کەوتووەتە سەری، راست نین.
مەخلوف باسی لەوەکرد، ئەو نوسراوە کە رۆژی ١٠ی ئایار تۆمارکراوە، دەریدەخات کۆمپانیای سیرتێل ئامادەیی نیشانداوە ئەو پارانە بدات کە داوای لێکراوە، بەڵام کۆمپانیاکەی داوایکردووە پرۆسەی پێدانی پارەکەو ئەو سودەی کە دەکەوێتەسەری، بۆ بکرێت بە قیست.
دەستەی پەیوەندییەکانی سوریا وەڵامی قسەکانی مەخلوفی دایەوەو رایگەیاند، ئەو قسانەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمپانیای سیرتێل کردوویەتی لەچوارچێوەی هەڵمەتی فڕوفێڵدایە بۆ خۆدزینەوە لە پێدانی ئەو پارانە بە خەزێنەی گشتی کە دەکەوێتە سەرشانی و مەخلوف ئامادە نییە دەسەڵات بە تیمی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەی بدات ئیمزا لەسەر رادەستکردنی پارەکان بکەن.
لە هاوینی ٢٠١٩وە رامی مەخلوف کەوتووەتە ناو ململانێیەکەوە لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، ئەمە دوای ئەوەهات دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەستیان خستە ناو کارەکانی (کۆمەڵەی البستان) کە رامی مەخلوف سەرۆکایەتی دەکات و بووە بە کەڤەرێکی مرۆیی بۆ کارە بازرگانییەکانی لەماوەی ساڵانی جەنگی ناوخۆیی لە سوریا، حکومەتی سوریا هاوکات گروپی چەکداری تایبەت بە مەخلوفی هەڵوەشاندەوە.
مانگی دێسەمبەر حکومەتی سوریا زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد بۆ دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی ژمارەیەک لە گەورە سەرمایەدارانی وڵاتدا، یەکێک لەوانە رامی مەخلوف و هاوسەرەکەی و هاوبەشە بازرگانییەکانی بوو.
حکومەتی سوریا ئەو سەرمایەدارانەی تۆمەتبارکرد بەوەی خۆیان دزیوەتەوە لە پێدانی باج و لەماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆیدا کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستیپێکرد، بەشێوەی نایاسایی قازانجێکی زۆریان کردووە.
رۆژی یەکشەممە رامی مەخلوف وتی:" دەوڵەت دەیەوێت رێژەی ٥٠٪ی قەبارەی کارە بازرگانیەکان ببات واتە رێژەی ١٢٠٪ی قازانج، ئەگەرنا مۆڵەت کارکردن لە کۆمپانیاکەمان وەردەگرێتەوەو دەستی بەسەردا دەگرێت".
رامی مەخلوف سەرباری ئەوەی کوڕە خاڵی بەشار ئەسەدە، بەدرێژایی ساڵانی جەنگی ناوخۆیی خۆی بەدورگرت لە شانۆ سیاسی و سەربازییەکان.
مەخلوف بەمدواییە باسی لەوەکرد دەسەڵاتداران داوا لە بڕی (١٨٥ ملیۆن) دۆلار لە کۆمپانیای سێرتێل دەکەن و، ئەو داوای لە بەشار ئەسەد کردووە دەستوەردان بکات و جارێکی تر خشتەی پارەکان رێکبخاتەوە.
دوای ئەمە، دەستەی رێکخەری پۆستەو گەیاندنی سوریا رایگەیاند، هەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی دەوڵەت کە لای کۆمپانیای سیرتێل-ە.
لەدوای گەیشتنی بەشار ئەسەد بە دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٠ دوای کۆچی دوایی حافز ئەسەدی باوکی، رامی مەخلوف بە یەکێک لە پایەکانی رژێمەکەی ئەژماردەکرێت.
رامی کە باڵی بازرگانی حافز ئەسەدی باوک بووە، چەند مانگێکە کەوتووەتە ململانێ لەگەڵ بەشار ئەسەدی کوڕیدا.

لەبارەی رامی مەخلوفەوە
رامی مەخلوف ساڵی ١٩٦٩ لەدایکبووە، گەورەترین سەرمایەداری سوریایە، کوڕی گەورەی سەرمایەدار محەمەد مەخلوفە کە لەسەردەمی حوکمڕانی حافز ئەسەددا بانکێکی خانوبەرەی بەڕێوەدەبرد.
پەیوەندییەکی بازرگانی بەهێز هەردوو خانەوادەی ئەسەدو مەخلوفی پێکەوە کۆکردووەتەوە، ئەمە سەرباری پەیوەندی ژن و ژنخوازیی کە بووە بە نمونەیەکی ڕوون بۆ هاوسەرگیری دەسەڵات لەگەڵ سەرمایەدا.
کۆتاییەکانی ٢٠١٩ رێکخراوی "گڵۆباڵ ویتنس" بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکرد، خانەوادەی مەخلوف کۆنترۆڵی رێژەی ٦٠٪ی ئابوری سوریایان کردووە.
سەرباری کۆمپانیای بواری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، خانەوادەی مەخلوف خاوەنی چەندین کۆمپانیای بوار بیناسازی و نەوتن.
بەپێی قسەی هەمان رێکخراو، بەبەهای (٤٠ ملیۆن) دۆلار خانو و موڵک و ماڵیان لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا هەیە.
ساڵی ٢٠١١ کە لەچوارچێوەی "بەهاری عەرەبی"دا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیش گەیشتە سوریا، خەڵک بەرلەوەی دروشمی روخانی رژێم بڵێنەوە، دروشمیان دژی بنەماڵەی مەخلوف دەوت و ئەوکات چەند ئۆفێسێکی کۆمپانیا سیرتێل لە شاری (درعا)ی لانکەی یەکەمی ناڕەزایەتیەکان، سوتێندران.
ئەوکات بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی خەڵک، رامی مەخلوف رایگەیاند، واز لەکاری بازرگانی دەهێنێت و خۆی یەکلادەکاتەوە بۆ کاری خێرخوازی.
تەلەفزیۆنی فەرمی سوریا لەزاری خۆیەوە رایگەیاند، رامی مەخلوف بەشێک لە پشکەکانی کۆمپانیای سیرتێل دەخاتە خزمەتی رەخساندنی هەلی کار و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە داهاتیان سنوردارە.
ساڵی ٢٠١١ یەکێتی ئەوروپا ناوی رامی مەخلوفی خستە ناو لیستی سزاکانییەوەو سەروەت و سامانەکەی لە دەرەوە بلۆک کردو گەشتکردنیشی بۆ خاکی ئەوروپا لێ قەدەغەکرد.
ئەمە لەکاتێکدا بوو پێشترو لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای ئابوری بەسەر مەخلوفدا سەپاندبوو، بەتۆمەتی تێوەگلان لە هەوڵی تێکدانی حوکمڕانی لە عێراق و لوبنان.
لەسەرەتای راپەڕینی سوریادا مەخلوف لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتی:" رژێمی سوریا تەسلیم نابێت و تا کۆتایی دەجەنگێت". باسی لەوەکرد دوای دروستبوونی قەیرانەکە دەستەبژێری دەسەڵاتداری سوریا زیاتر یەکگرتوو بوون و سەرباری ئەوەی قسەی کۆتایی لای ئەسەدە، بەڵام سیاسەتی گشتی وڵات بەبەشداری هەموان دادەڕێژرێت.

جەنگێکی نوێ لەناو دڵی رژێمەوە
ناکۆکی نێوان بەشار ئەسەدو رامی مەخلوف وەکو کوڕانی دوو بنەماڵەی هاوبەشی بازرگانیی، قسەوباسی جۆراجۆری دروستکردووە.
هەندێک دەڵێن ئەوەی رودەدات تەنیا کێشەیەکی خێزانییە کە هۆکارەکەی ناکۆکی ئابوری بچوکە، هەندێکی تر دەڵێن ئەمە بەڵگەی سەرەتای دەستپکردنی ناکۆکییەکی سیاسییە لەسەر دەسەڵات کە پەیوەندی بە میحوەری روسیاو ئێرانە هەیە بۆ دەستگرتن بەسەر سوریادا.
ماهیر شەرەفەدین کە یەکێک لە نوسەرەکانی سوریایە دەڵێ:" پەنابردنی رامی مەخلوف بۆ قسەکردن لەگەڵ بەشار ئەسەد لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەواتای ئەوەدێت چیتر لەلای ئەسەد رەتکراوەیەو هەموو رێگاکان لەبەردەمیدا بەستراوەو ناتوانێت ئەسەد ببینێت".
بەڵام رۆژنامەنوس مەعن خزر تێڕوانینێکی تری هەیەو پێیوایە ئەمەی رودەدات جۆرێکە لە ململانێ لەنێوان دوان لە دیارترین ئاڕاستەکانی ئابوری لە سوریا، کە یەکەمیان ئەسما ئەسدی هاوسەری بەشار ئەسەدو ئەوی تر بنەماڵەی مەخلوفە.
نوسەر ئیبراهیم کابن دەڵێ هەر ئەوەی کە جەمسەرەکانی رژێمی سوریا گەیشتونەتە قۆناغی بەریەککەوتن لەڕووی میدیاییەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت گەیشتونەتە حاڵەتی یەکترخواردن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand