دانە غاز بەنیازە پشكە داراییەكانی بۆ فرۆشتن بخاتەڕوو 

Draw Media

2020-04-24 19:31:53



(درەو):
"بەهۆی ئەو زیانانەی كردوویەتی كۆمپانیای دانە غاز بە نیازە پشكەكانی بفرۆشێت، ئەگەر دانە غاز هەوڵبدات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، ئەوا ئابوری هەرێم ڕووبەڕووی گورزێكی نوێ‌ دەبێتەوە، لەكۆتایی ساڵی 2019وە حكومەتی هەرێم دەستیكردووە بە دواخستنی گێڕانەوەی قەرزە شایستەكانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران، كۆمپانیای دانە غازو هیلال داوای 11 ملیار دۆلاریان لەحكومەتی هەرێم كرد وەك قەرەبووی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە، چاودێران پێشبینی دەكەن هەرێمی كوردستان دووچاری كورتهێنان بێت لەپێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش سەردەكێشێت بۆ توڕەیی زیاتری شەقام‌و ڕەنگە لەكۆتایدا ببێتە هۆی تەقینەوەی قەیرانێكی كۆمەڵایەتی فراوان" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێكی شیكاری ماڵپەری عێراقی 24.


دەقی راپۆرتەكەی عێراقی 24 
هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی گورزێكی ئابوری نوێ‌ دەبێتەوە، دانە غاز بەنیازە پشكە داراییەكانی بۆ فرۆشتن بخاتەڕوو 

كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی ڕایگەیاند، كۆمپانیاكەیان لەمیانی كۆبونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتی كۆمپانیاكە ڕەزامەندی پشكدارەكانی بەدەستهێناوە بۆ دەستكردن بە دیراسەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی سودەكانی جیاكردنەوەی كاری گەڕان‌و بەرهەمهێنان لە كۆمپانیایەكی سەربەخۆی نوێ‌، بەجۆرێك ئەویش بخرێتە چوارچێوەی بازاڕی ئەبوزەبی بۆ كاغەزی دارایی.
ئەوەش مانای وایە كۆمپانیاكە بەنیازە پشكە دارییەكانی( موڵكەكانی) بفرۆشێت، بەهۆی ئەو زیانانەی بەم دواییە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. كۆمپانیاكە لەبەیاننامەیەكدا كە لەپێگەی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: بەپێی ئەو ڕێوشوێنە پشكدارانی ئێستا پشكیان دەبێت لەهەردوو كۆمپانیا جیاوازەكە، كە یەكێكیان تایبەتمەند دەبێت بە كاری گەڕان‌و بەرهەمهێنان، كە پرۆسەكانی كۆمپانیاكە دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و میسر، كۆمپانیاكەی تریش تایبەتمەند دەبێت لەبواری گواستنەوەو چارەسەركردن، كە پرۆسەكانی پرۆژەی غازی ئیمارات لەخۆ دەگرێت‌و پەیوەستە بە پرسی ناوبژیوانی و قەرەبووكردنەوە.
دانا غاز كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەو لەبواری غازی سروشتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكات، لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2005دا دامەزراوە، لە ڕیزی كۆمپانیاكانی بازاڕی ئەبوزەبییە بۆ كاغەزی دارایی. 
كۆمپانیای دانا غازو هیلال داوای 11 ملیار دۆلاریان لەحكومەتی هەرێم كرد وەك قەرەبووی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە،  لەئەنجامی پێنەدانی شایستە داراییەكانی چەند ساڵی ڕابردوویان، هەروەك ئەو دوو كۆمپانیایە توانیان لەساڵی 2015 سكاڵایەكی تر لە حكومەتی هەرێم ببنەوە كە لە لەندەن تۆماریان كردبوو لەسەری. 
بەوپێیەش دوو ملیار دۆلاریان وەرگرت وەك قەرەبووی پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێم بە بڕگەكانی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئەو دوو كۆمپانیایە ئیمزای كردووە، كە لەبواری وەبەرهێنانە وزە لە هەرێم كاردەكەن.
حكومەتی هەرێم قەرزی كۆمپانیا ئیماراتییەكان بەشێوەی سولفە دەدات، بەڵام لەئێستادا زیانەكانی، كۆمپانیاكە ناچاری دەكات كە پشكەكانی بفرۆشێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانە بەردەوامەی لەساڵی 2007وە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
ئەگەر كارەكانی دانا غاز پەكی بكەوێت، یاخود هەوڵبدات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی كوردی ئەنجامیداوە، ئەوا ئابوری هەرێم ڕووبەڕووی گورزێكی نوێ‌ دەبێتەوە. 
پسپۆڕان پێیانوایە، هەرێمی كوردستان خاوەنی لاوازترین ئابورییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێك هیچ توانایەكی نییە لەپەنابردن بۆ سود وەرگرتن لە دراوی یەدەگی سیادی عێراق كە 60 ملیار دۆلارە‌و، باری شانی گران بووە بە قەرز كە لە 10 ملیار دۆلار تێپەڕدەكات‌و نزیكەی 70% تێكڕای بەرهەمی ناوخۆییەتی. هەروەها ناتوانێت دانوستان بكات بۆ بەدەستهێنانی قەرزی سیادی یان چەردەی هاوكاری. 
هەرێمی كوردستان لەكۆتایی ساڵی 2019وە دەستیكردووە بە دواخستنی گێڕانەوەی قەرزە شایستەكانی وەبەرهێنەران لەسەری بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە.
بانكی "البحر المتوسگ"یش، گورزێكی ئازاربەخشی ئاراستەی هەرێمی كوردستان كرد دوای سڕكردنی بڕی یەك ملیار دۆلار، كە هەرێم لەڕێی پرۆسەیەكی نایاساییەوە لە لوبنان گلیدابووەوە.
چاودێران وایدەبین،  هەرێمی كوردستان دووچاری دۆخێكی كارەستاوی ئابوریی ببێت، لەئەنجامی قەرزە كەڵەكەبووەكانی‌و، كۆمپانیا وەبەرهێنەكانیش داوای قەرزەكانیان بكەن، كە پێشبینی دەكرێت حكومەتی هەرێم نەتوانێت بیانداتەوە.
پێشترو لەدوو ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی فراوانی بەخۆوە بینی بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە، بەڵام هێزە كوردییەكان لەڕێی بەكارهێنانی توندوتیژییەوە ڕووبەڕووی بونەوە.
چاودێران پێشبینی دەكەن هەرێمی كوردستان دووچاری كورتهێنان بێت لەپێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش مانای توڕەیی زیاتری شەقام‌و ڕەنگە لەكۆتایدا ببێتە هۆی تەقینەوەی قەیرانێكی كۆمەڵایەتی فراوان.
سەرچاوە: عێراقی 24

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand