«شاسوار عەبدولواحید» ئەتوانێت چی بکات؟

Draw Media

2020-02-17 08:51:55



هادی حەمە رەشید 

سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو یەكێك لە بەرپرسی پارتە کوردییەکان پێشنیارێکی کردبوو، دەوروبەرەکەی وتبوویان: قوربان ئەی چی بە جەماوەر بڵێین؟
وتبووی: جەماوەر چییە؟! جەماوەر و سەماوەر!

جا ئەو بەرپرسە بە سروشتی خۆی کەیفی بە بەکارهێنانی «سەجع» دێت لە لێدوان و وتارەکانیدا، سەردەمانێك وامئەزانی هەر بۆ سەجع و وەزن و قافیەی شیعریی و ئیقاعی مۆسیقیی ئەو دوو وشەیەی داوەتە پاڵ یەکتر، دواتر هێواش هێواش تێگەیشتم «جەماوەر و سەماوەر» خزمایەتییەکی زۆر نزیکیان پێکەوە هەیە(لایەنی کەم لێرە لە کوردستان جمك و دووانەی هاوشێوەن!)

دووانەن چونکە «سەماوەر» ئاوێکی زۆری تێدایە لە ڕێگای پڵیتە و ئاگرێکی کزەوە بە ئەسپایی کەی بتەوێت ئەیهێنیتە جۆش و چەپۆکان، کەی بتەوێت بە خامۆشکردنی ئاگرەکەی گەرمیی لە ئاوەکەیدا ناهێڵیت و سارد و ئارام!

لە بەرامبەردا «جەماوەر» عەینی تاس و عەینی حەمام، ئەگەر بیانەوێت بە کۆمەڵێك وردە بۆڵەبۆڵ دێتە کوڵ و هەیەجان، هەندێ جاریش سەبری ئەیوبی هەیە و دنیا لە نادادیدا نقوم ببێت ئەو مێشێك میوانی نیە!

وا دیارە ئەمجارە مەشخەڵ لە دەستی شاسواردایە و نیەتی لێهێناوە، (هەرچەندە لە ڕووی بونیادییەوە قسەی زۆرم لەسەر ئەو ئۆپشنە هەیە و لەسەر ئاستی جیهان خۆپیشاندان هەڵگری کۆمەڵێك ئیشکالیی قوڵە) بەڵام وەك پێشمەرجێکی گریمانەکراو ئەگەر شاسوار توانی ئەم هەنگاوانە هەڵگرێت، ئەوا لایەنی کەم بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە ئەرخەیان ئەبن کە هیچ نەبێت ئەوەی خۆی ناوناوە ئۆپۆزسیۆن لەگەڵیاندا هەنگاو بە هەنگاو لە تەنیشتیانەوەیە.

یەکەم: بەشێوەی مەیدانیی لەگەڵ خەڵکییدابێت و شان بداتە بەر هەموو دەرئەنجامێك، لە میسر بەم دواییانە کە مەیدانی«ڕابیعەی عەدەویی» جمەی ئەهات لە خەڵکیی، پاڵنەری سەرەکیی ئەوە بوو کە زیندانەکان پڕ بوون لە سەرکردەکانی ئەو حیزبەی کە داوای خۆپیشاندانیان ئەکرد.

دووەم: واز لە خۆ نواندن بهێنێت، بە پۆشاك و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و لە کۆشك و تەلاری شاهانەوە شۆڕش(بە هەموو ڕەنگەکانیەوە، ڕەش و سپی و پرتەقاڵیی و ئەرخەوانی) ئاراستە ناکرێت، هیچ نەبێت با هێندەی د.فاروق ڕەفیق بە قژی ئاڵۆسکاو و پۆشاکی شێواوەوە بیبینین!

سێیەم: لە هەولێرەوە دەست پێبکات، تکایە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی ٩ساڵ لەمەوبەر لەم زۆنەدا تاوانێکی گەورەیە نەك تەنیا هەڵەیەکی سیاسیی، دەرئەنجامەکەشی وەك مانگی چواردەشەو ڕوونە!

چوارەم: بەڕێزیان لە «هانداننامە»کەیاندا بە جوانیی بەراوردی 17ی شوباتی 2011ی لەگەڵ ئێستادا کردووە، فیعلەن نکولی نەکراوە کە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی لە ئێستا لەبارتر بوو، کەچی هێشتا خەڵك هاتنە سەر شەقامەکان.
بەڵام بیری چووە پێمان بڵێت کە دۆخی ڕێکخستنی بەرەی ناڕازایی هەزاران جار لەئێستا لەبارتر و متمانەی خەڵك بە ئۆپۆزسیۆن لە پلەیەکی زۆر باڵادا بوو، بەهاری عەرەبیی فیعلەن هێشتا بەهار بوو نەبووبوو بە پایز، تەنیا سەیرێکی خۆی بکات و بیرێکیش لە سەرکردە و کاریزمایی خەڵکیتر بکاتەوە، بەجدیی ئەم داروپەردووە بەرگەی چی ئەگرێت کە قەڵای پتەو و لەشکان نەهاتووی کەسانیتر بەرگەی نالەباریی دۆخەکەی نەگرت؟!

... شتی تریش!!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand