یەكەم مانۆڕی هاوسەرۆكەكان

Draw Media

2020-02-17 07:36:39



 
رێبوار کەریم وەلی

(1)
سەرباری نامەی توند و تاڕاددەیەكیش هەڕەشەئامێزی كۆسرەت رەسوڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی بۆ راگرتنی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەنجوومەنەكە دوو جاری دیكەش دانیشت و كاری تێپەڕاندنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی كۆتایی پێهێنا. هەموو ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆ هەمواركرانەوە و هەندێ بڕگەشیان هێشتنەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا، خاڵی كۆتاییان لەسەر دابنێن. هەر لە ئاستانەی تەواوبوونی دانیشتنەكان و تەنانەت هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان، دوو هاوسەرۆكەكە (لاهوور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی) زۆر زیرەكانە سەردانی كۆسرەت رەسوڵیان كرد بۆ ئەوەی وای پێشانبدەن كە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپێگرتنیان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و، داوایان لێكرد رۆژی شەممە سەرۆكایەتی كۆبوونەوە بكات بۆ هەڵپەساردنی دانیشتنەكان تا دەگەنە رێككەوتنێك! كۆسرەت رەسوڵ بەشداریی كرد و دانیشتنەكان هەڵپەسێردران، بەڵام جەوهەری كێشەكان هەر وەكو خۆیەتی.
 
هەنگاوی دووەمی هاوسەرۆكەكان بریتییە لەوەی هەوڵی پاراستنی ئەو دەسەڵاتانە بدەن كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاری لێدراوە. رەنگبێ وەكو ئەوەی كە خاوەنی زۆرترین دەنگەكانی كۆنگرە و زۆرترین ئەندامن لە ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا، ئامادە نەبن مساوەمە لەسەر زۆر شت بكەن، بەڵام بە شێوەیەكی كاتی و بۆ قۆناغێكی راگوزەر، ئامادەییان تێدا دەبێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەندێك میكانیزمی دیكەی بڕیار (وەكو مەكتەب سیاسی و دەستەی كارگێڕی) بۆ یەكێتی زیاد بكەن. تەنانەت دەسەڵاتێكی زۆریش بدەن بە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی. چونكە پلانەكە وایە كە تەمەنی ئەم ئەنجوومەنە لەگەڵ تەمەنی كۆسرەت رەسوڵدایە و لەڕاستیدا لەویش زیاتر حیساب بۆ هیچ كەسێكی دیكە ناكەن.
 
ئەزموونی سیاسیی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دەریخستووە كە تەنانەت ئەگەر پارتیش پشتی نەگرێت، سڕینەوەی كۆسرەت رەسوڵ لە هاوكێشە سیاسییەكان و ململانێی هێز لەناوخۆی یەكێتی و كوردستان هێندە كارێكی ئاسان نییە و دوایین بەربەستی بە بنەماڵەییكردنی موتڵەقی یەكێتییە. هەر بۆیەشە رەنگبێ نەسیحەتكاران ئەوەیان بەگوێدا چرپاندبن كە تا ئەو كاتەی بارەكەیان لە پردەكە دەپەڕێننەوە، بە كۆسرەت رەسوڵ بڵێن (مامە)!
 
ناوەندی بڕیار زیندوو دەبێتەوە؟
 
(2)
راستییەكەی ئەنجامی دانوستاندنەكان بگاتە هەر كوێیەك، چ یەكێتی دوو هاوسەرۆكی هەبێ یان زیاتر، یان ئەوەتا دەستەی سەركردایەتی بێت یان ترۆیكا (سێ قۆڵی)، گرنگ ئەوەیە دەسەڵاتی كۆتایی لای بنەماڵەی تاڵەبانییە. لە كۆتایی 2012 كە تاڵەبانی نەخۆشكەوت، ئێرانییەكان پێشنیازی ترۆیكایان بۆ كردن (هێرۆ برایم ئەحمەد، بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ) بۆ ئیدارەدانی یەكێتی. فەشەلی هێنا چونكە 1ی ئەیلولی 2016 هەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی، ناوەندی بڕیاریان لە دژی ماڵباتی تاڵەبانی پێكهێنا. نووسەری بەیاننامەی ناوەندی بڕیار، بێئاگایی زۆرینەی سەركردایەتیی یەكێتی و جێگرانی سكرتێری گشتیی لە سەروەت و سامان و ئیدارەدانی یەكێتی راگەیاند. رەنگبێ دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی، ئەوە گەورەترین تەحەددای ناڕازییەكان بووبێت كە عەرشی ماڵباتی تاڵەبانیی هەژاند.
 
بۆیە بۆ بەرتەرەفكردنی ئەو هەوڵە، لە نووسەری بەیاننامەكەوە دەستیانپێكرد و رێككەوتنێكیان بۆ لەباربردنی ناوەندی بڕیار لەگەڵدا ئیمزا كرد، هەر بۆیەش قەڵای ناوەندەكە كە ئومێدێكی زۆری لەسەر هەڵچنرابوو، لەناوەوەڕا فەتح كرا. ئەمە كاریگەرترین حەملەی ماڵباتی تاڵەبانی بوو بۆ لاوازكردنی پێگەی كۆسرەت رەسوڵ، هەنگاوەكانی دواتری ناڕازییەكان پتر پەیوەست بوون بە جێبەجێنەكردنی ئەو وەعد و بەڵێنانەی كە لە رێككەوتنە ژێربەژێرەكان دەدران و كاردانەوەی كاتی بوون.
 
پشتیوانیی كۆسرەت رەسوڵ لە ریفراندۆم، درووستكردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و تەنانەت 16ی ئۆكتۆبەریش دەرهاوێشتەی ململانێی ناوخۆی یەكێتی بوون بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی موتڵەقی بنەماڵەی تاڵەبانی لەناو یەكێتیدا.
 
ئێستا كۆنگرە، دواهەمین هەنگاوی بۆ هێنانەدی ئەو خەونە لەسەر سینییەكی زێڕ پێشكەشی بنەماڵەی تاڵەبانی كردووە. ئەو دوو ئامۆزایە دەتوانن لە داهاتوودا پێكەوە هەڵبكەن، یان پێویستیان بە ناوەندی گوشار دەبێ بۆ عەیاردانی یەكتری ئەوە قسەیەك و باسێكی دیكەیە، بەڵام ئەوەی روون و ئاشكرایە، ئەوەیە كە ئیتر ناوەندی بڕیار خودی بنەماڵەی تاڵەبانین.
 
لە جیاتی كارەبا، غاز و نەوت!
 
(3)
درووستكردن، وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی هەندێك دیمەن بۆ شكاندنی كەسایەتیی سیاسییەكان هەر تایبەت نییە بە كوردستان، بگرە لە زۆر وڵاتی دنیا، وەكو چەكێكی كاریگەری موخابەراتی بۆ لێدانی نەیارەكان بەكاردێت. ئەو كارانە لە توانای شەخسێك و كەسێك بەدەرە و، بگرە كارێكی پلان بۆ داڕێژراوی موخابەراتییە و ئەو تەكنۆلۆژیایەی ئێستا وایكردووە، بوختانێك یان درووستكردنی ڤیدیۆیەك جا ساختەبێت یان راست، لە چەند سەعاتێكدا، ئەو كەسە لەبەردەم ملیۆنان كەسدا شەرمەزار بكات.
 
ئەوەی جێگای داخە، ئەوەیە كە لە كوردستان ساڵانە ملیۆنان دۆلار لەو سێكتەرەدا خەرج دەكرێت، هەر لەو ئافرەتانەوە بگرە كە بۆ ئەو كارە پارە وەردەگرن، تا ئەو هەموو ستاف و كارمەندەی كە ئەركی وێنەگرتنی عەورەتی سیاسی و بەرپرسەكانیان پێ سپێردراوە. جارێ مەعلوم نییە لە كوردستان دەزگاكانی موخابەرات تا چ ئەندازەیەك چوونەتە ناو ژیانی كەسیی خەڵكەوە و كێ فیلمی لێ گیراوە؟ بەڵام ئەگەر بەشێكی ئەم كارە بریتی بێت لە داوێنپیسیی هەندێك كەس، ئەوا بەشەكەی دیكەی بەرنامەیەكی چڕە بۆ بەبارمتەگرتنی خەڵك و كۆیلەكردنیان، لە رێگەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو گرتانەوە.
 
خەڵكی كوردستان لە كاتێكدا بە تامەزرۆییەوە كرتە لەسەر ئەو لینكانە دەكەن، كە لەو سەرمایەدا، بێ نەوت، كارەبا، ئاو و غاز بە دیار شاشەی كۆمپیوتەرەكانیانەوە دانیشتوون، بەڵام ئەوانە ئەسڵەن موهیم نین، چونكە تا چەند دەقیقەیەكی دیكە بەرپرسەكە بە رووتی دەبینن و هەناویان گەرم دەبێتەوە! 

rudaw

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand