عەلاوی کێتان رازی بکات؟

Draw Media

2020-02-15 09:21:14



 هیوا سەید سەلیم
  راسپاردنی موحەمەد توفیق عەلاوی، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی عەبدولمەهدی بۆ پیکهێنانی کابینەی وەزاری تازە،  ئەرکێکی ئاسان نابێت، چونکە لە رابردوودا کەسانی راسپێردراو بەو ئەرکە ئەگەر لەسەریان بوو کوتلە سیاسیەکان و پێکهاتەکانی عیراق رازی بکەن، ئەوا عەلاوی لەسەریەتی کە هاوتەریب لەگەڵ کوتلە سیاسەکان شەقامیش رازی بکات،  کە ئەمەشیان ئەرکێکی یەکجار قورس دەبێت بۆی.
  بە پێی دەستوری عێراقی کەسی راسپێردراو بۆ پێکهینانی کابینەی تازە(٣٠)ی رۆژی دەرفەت پێدەدرێت تا کابینەکەی و بەرنامە وەزاریەکەی پێشکەشی ئەنجومەنی نوینەران بکات، عەلاوی رۆژی یەکی شوبات لەلایەن سەرۆک کۆمار بۆ ئەو ئەرکە راسپێردراوە،بۆ ئەوەی ئەویش بەدەردی ئەوانی دیکە نەچێت، وە کارتی سووری شەقامی بەڕوودا بەرزنەکرێتەوە، عەلاوی یەکەمین پەیامی ئاڕاستەی شەقام کرد،   داوای لێکردن لە ناڕەزایەکانیان بەردەوام بن تا داخوازیەکانیان دێتەدی.
  ئێستا کە موحەمەد عەلاوی خەریکی هەنگاوە کردەیەکانە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، دیسان بۆ خۆپیشاندەرانی شەقام جەغت لەوە دەکاتەوە کە ( شایەنی ئەو پۆستە نابێت ئەگەر داوای خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکات)
  جا ئەگەر هەنگاوی یەکەم لە راگرتنی باڵانس لە نێوان کوتلە سیاسیەکان و خواستی شەقام هێندە قوڕس بێت، ئەوا ئەرکە قوڕسەکەی دیکەی عەلاوی لە ئێستاوە دەستپیدەکات،  ئەویش رازیکردنی کوتلە سیاسەکان و پێکهاتەکانە کە پڕۆسەی سیاسی عێراق پیکدینن، لە زۆرینەی شیعە و دوای ئەوانیش کورد و سونە و پیکهاتەکانی دیکە، چونکە سەرەنجام بۆ وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان عەلاوی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی بە دەنگ و پشتیوانی ئەوان دەبێت.
  وەک دەزانرێت قەیرانی سیاسی عیراق پێدەنێتە مانگی چوارەمی، سەرۆک وەزیرانی تازە لەسەریەتی کابینەکەی کار بکات بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردنی پێشوەختە بە ئالیەتی کۆمسیۆنی نوێ و یاسای تازەی هەڵبژاردن، بۆیە کوتلە سیاسیەکان تا بۆیان بچێتە سەر فشار دەخەنە سەر عەلاوی تا جێ پێی خۆیان لەو کابینەیەش قایم بکەن، کە ئەمەشیان پێچەوانەی کارنامەی تۆفیق عەلاوی دەبێت، کە خوازیارە کابینەکەی بریتی بێت لە کەسانی سەربەخۆ و پاک و تێوەنەگڵاو لە گەندەڵی.
دەوترێت هادی عامڕی سەرۆکی کوتلەی بینا، کە یەکێک لە کوتلە بەهێزەکانی ناو کوتلە شیعەکانە داوای زۆرترین وەزارەت دەکات.
 بەڵام زانیاریەکان باس لەوە دەکەن تا ئێستا عەلاوی نەچۆتە ژێرباری داخوازیەکانی، چونکە پێی وایە ئەگەر داوکانی عامڕی قەبوول بکات، واتای ئەوە دێت حکومەتەکەی رادەست کردبێت.
 لە لەلایەکی دیکە موقتەدا سەدر فشار دەخاتە سەر عەلاوی تا کارنامەی حکومەتەکەی لە دیدگای کوتلەی سائیرون نزیک بێت، ئەگەرنا شکست بە هەوڵەکانی بۆ پیکهینانی کابینەکەی دێنێت.
کوتلە سونەکان بە هەمان شێوەی شیعەکان بەسەر دوو بەری پشتیوانی و دژایەتی لە عەلاوی دابەش دەبن، ئوسامە نجێفی وەک هادی عامڕی لە دژی موحەمەد الحلبوسی سەرۆکی ئێستای پەرلەمان داوی پۆستی وەزاری لە سەرۆک وەزیرانی راسپێردرا دەکات. 
کوریش لە هەریەک لە شیعە و سونە باشتر نیە، بگرە خرابتریشە، بۆیە عەلاوی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دواخست، کە بڕیاربوو هەفتەی رابردوو بێتە هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی هەڕێم هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی هەرێم ئەنجامداوە، بەڵام زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە پارتی پێداگیری دەکات لە هێشتنەوەی فواد حوسێن، ئەمەشیانی کردۆتە مەرجی پشتیوانی خۆی لە موحەمەد تۆفیق عەلاوی.
مەرجی بارزانی  بۆ پشتیوانی لە عەلاوی بۆ دووەمیان  قورس دەکەوێتەوە، چونکە ئەو مەبەستیەتی هیچ یەک لە وەزیرە کۆنەکان کاندید نەکاتەوە و داواکاریشە کە هەموو لایەک کەسانی بێلایەن کاندین بکەن، کە پێناچێت پارتی بە کەسی بێلایەن رازی بێت‌.
 بۆیە نزیکە کابینەکەی عەلاوی بەم نزیکانە بەبێ کاندیدانی کورد پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، وە لە قۆناغی یەکەم پۆستەکانی کورد بە بەتاڵێ بمێنەوە،  تا ئەو کاتەی عەلاوی لەگەڵ هەرێم کۆ دەبێتەوە، چونکە بۆ عەلاوی ئاسان نابێت لە ئێستادا ئەو هەمووانە رازی بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand