پارتەکەی سەرۆک پێش ئۆپۆزسیۆن هەڕەشەی لێچینەوە دەکات 

Draw Media

2020-02-13 19:41:10



درەو:
"گەل مافی خۆیەتی بزانێت کێ پارەی گەشتە شاهانەکانی سەرۆک وەزیرانەکەی داوە، من اين لك هذا" ئەمانەو چەندین پرسیاری تر بەڕووی "بۆریس جۆنسۆن" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیادا بەرزکراوەتەوە. ئەو ئێستا کەوتۆتە ناو چاوی گەردولولەوە، لەچەندین لاوە فشاریان بۆ هێناوەو داوای لێدەکەن ناوی ئەوکەسە ئاشکرابکات پارەی گەشتە شاهانەکەی بۆ خەرجکردووە.
"جۆنسۆن" بۆ بەسەربردنی پشویەکی تایبەت دوای سەرکەوتنی پارتی پارێزگاران لەهەڵبژاردنەکانی بەریتانیادا، ڕۆژی 26 کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو تا 5 کانوونی دووەمی ئەمساڵ کە ماوەکەی 11 ڕۆژە، لەگەڵ "کاری سیمۆندز"ی هاوڕێی گەشتی دورگەی "مۆتیسک" یەکێک لەدوورگەکانی دەریای کاریبی کردووە، خەرجی گەشتەکەی 15 هەزار جونەهیی ئیستەرلینی بووە، کە دەکاتە نزیکەی 20 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
حزبەکەی هەڕەشەی لێدەکات
پارتی پارێزگاران، پارتەکەی سەرۆک وەزیران ڕەتیکردۆتەوە پارەی گەشتەکەی بۆ "جۆنسۆن" خەرجکردبێت‌و، دوای لێدەکات ناوی ئەو کەسە ئاشکرابکات پارەکەی بۆ داوە، هۆشداریشی داوەتێ، ئەگەر ئاشکرای نەکات ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەبێتەوە. 
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە تۆماری بەرژوەندییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی بەریتانیدا ڕایگەیاندووە،  گەشتەکەی لەلایەن "داڤید ڕۆس" هاوبەشی دامەزرێنەری دامەزراوەی "کارفۆن وایەر هاوس"وە خەرجکراوە، بەڵام ناوبراو کە خاوەنکارێکی ملیۆنێرە بە ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی وتووە، ئەو هاوکاری "بۆریس جۆنسۆن"ی کردووە بۆ ڕێکخستنی گەشتەکەی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کاری گەشتەکردن‌و مانەوە ڕێکدەخەن، ڕەتیشیکردۆتەوە هیچ پارەیەکی پێشکەش کردبێت.

لەکاتێکی هەستیاردا نەگەڕاوەتەوە
پارتی کرێکارانی بەریتانیاش داوای لەسەرۆک وەزیران کردووە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە لەبارەی گەشتەکەیەوە ئاراستەی دەکرێت ئەگینا ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی دەکەنەوە. "جۆن تریکیت" جێگری سەرۆک وەزیران لە حکومەتی سێبەر دەڵێت: پێویستە بۆریس جۆنسون ڕاشکاوانە ڕایبگەیەنێت کێ پارەی ئەو گەشتە شاهانەیەی بۆ خەرجکردووە.
وتوشیەتی: ئەگەر ئەوە نەکات، پێویستە لەسەر ڕێگەپێدراوی پەرلەمانیی بۆ پێوەرەکان بێتە سەرخەت و هانی بدات ئەو کارە بکات، چونکە گەل مافی خۆیەتی بزانێت کێ پارەی گەشتی ڕابواردنی سەرۆک وەزیرانەکەی خەرجدەکات. 
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەو کاتەشدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوەوە، بەهۆی ئەوەی کۆتایی بەگەشتەکەی نەهێنا، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی بەهۆی کوژرانی جەنەڕاڵ "قاسم سولەیمانی" لە ڕۆژی 3ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لەگورزێکی ئاسمانی سوپای ئەمریکادا.
"ئیمیلی سۆرنبیری" وەزیری دەرەوەی حکومەتی سێبەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای تۆمەتبارکردو وتی:جۆنسۆن سەرقاڵی حەوانەوە بووە لەکەشێکی هەتاویداو "مارک سیدویل"ی ڕاوێژکاری حکومەتی بەجێهێشتووە سەرۆکایەتی سێ کۆبونەوەی بەپەلە بکات لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران لەبارەی کوژرانی "سولەیمانی".  
لەڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە،"جۆنسۆن" لە تۆماری ئەنجومەنی گشتی بەریتانیادا وتویەتی:"مانەوەکەم بۆ پشویەکی تایبەت بووە بۆ خۆم‌و هاوڕێکەم بە بەهای 15 هەزار جونەهی ئیستەرلینی".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand