كابینەكەی عەلاوی لە 22 وەزیر پێكهاتووە 3 وەزیریان كوردە

Draw Media

2020-02-13 18:28:25



درەو:
محەمەد عەلاوی كابینەكەی ئامادەكردووە كە لە 22 وەزیر پێكهاتووەو 3 وەزیریان كوردە، چاوەڕەوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو بیخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری.
كاوە محەمەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند" چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان بكرێت بۆ دەنگدان لەسەر كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەولاوی كە لە 22 وەزارەت پێكهاتووەو 3 وەزیریان كوردن و 5 وەزیریان ژنە"
كاوە محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەیە وەزیرەكانی ئێستای وەك خۆی بمێننەوە لە كابینەكەیدا، یاخود خۆی بە كادری حزبی پڕی بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا محەمەد عەلاوی ئەو پێشنیازانەی رەتكردۆتەوەو سورە لەسەر ئەوەی بە كاندیدی سەربەخۆ پڕیان بكاتەوە.
سەبارەت بە گروپی (15)ی لایەنە كوردیەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، كاوە محەمەد دەڵێت" گروپی (15) لەگەڵ پشتیوانی لە كاندیدی سەربەخۆ دەكەن و داوا دەكەن پشكی كورد 4 وەزیر بێت". 
لایەنە شیعەكانی عێراقیش پشتیوانی لە محەمەد عەلاوی دەكەن كابینەكەی بە كاندیدی سەربەخۆ پڕ بكاتەوە ئەگەر پەیوەست نەبێت بە بەڵێنەكانی بە كاندیدی سەربەخۆ ئەوا ئەوانیش پشتیوانی ناكەن و دەنگ بە كابینەكەی نادەن. 
ئەو پەرلەمانتارەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستە روو كە پێدەچێت عەلاوی دوو وەزارەتیان بە بەتاڵی بهێڵێتەوە یەكیان لە پێكهاتەی شیعەو ئەوەی تریشیان هی كوردە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand