دوو هاوسەرۆك‌و دوو پێشنیاز بۆ جێگرەكان

Draw Media

2020-02-13 16:21:54



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
هەموو ماددەكانی رەشنوسی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی پەسەندكرا، جگە لەو مادانەی كە لەنێوان جەمسەرەكان كێشەیان لەسەرە، دوو هاوسەرۆك لەلایەن سەركردایەتییەوە پەسەندكراوە، بەڵام هێشتا نەبووەتە بڕیاری كۆتایی، بۆ جێگرانی هاوسەرۆكیش دوو پێشنیاز هەیە، رۆژی شەممە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكلادەكرێتەوە، دەسەڵاتی دارایی درا بە هاوسەرۆكەكان، ئێستا تەنیا دەسەڵاتی سەربازی ماوەتەوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.

كۆبونەوەیەكی تر
بەبێ گوێدانە نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە داوای هەڵپەساردنی كۆبونەوەكانی كرد، ئەمڕۆ جارێكی تر ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە بۆ پەسەندكردنی ماددەكانی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ، پێدەچێت جۆرە لێكتێگەیشتنێك لەنێوان ماڵباتی تاڵەبا    نی‌و كۆسرەت رەسوڵ هاتبێتە ئاراوە، بۆیە ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبووەوە.
كۆبونەوەی ئەمڕۆی درێژكراوەی دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی بوو، كە بە كراوەیی ماوەتەوە.
یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی تایبەت كراوە بە هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە، ئەمە بۆ دیاریكردنی پەیكەری نوێی حزبە بەپێی رێككەوتنێك كە بەر لە كۆنگرە لەنێوان باڵ‌و جەمسەرەكانی حزبدا كراون.

پرۆسەی هەمواری پەیڕەو
لەناو رەشنوسی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا چەند ماددە‌و بڕگەیەك هەن كە لەنێوان جەمسەرەكانی حزبەكەدا كێشەیان لەسەرە، ئەمە ئاستەنگی بۆ كارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە هەمواری پەیڕەودا دروستكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا تەواوی ئەو ماددەو بڕگانەی رەشنوسی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسەندكراون كە لە كۆبونەوەكانی پێشتردا یەكلانەكرانەوە.
واتە هەموو ماددەكانی رەشنوسی پەیڕەو پەسەندكراون كە (77) ماددەیە جگە لەو ماددە‌و بڕگانەی كە لەنێوان جەمسەرەكاندا كێشەیان لەسەرە كە بریتین لە:
•    پرسی بەڕێوەبردنی یەكێتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی‌و ژمارەی هاوسەرۆكەكان
•    پرسی جێگرانی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی
•    دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی

كێشەی هاوسەرۆكایەتی
یەكێك لە ماددە كێشەلەسەرەكانی ناو هەمواری پەیڕەو، پرسی هاوسەرۆكایەتییە لە بەڕێوەبردنی حزبەكەدا، لەسەر ژمارەی هاوسەرۆكەكان ناكۆكی هەیە، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە دوێنێ بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، سەردانی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبەكەیان كرد لە سلێمانی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێ ماڵی كۆسرەت رەسوڵدا جارێكی تر پرسی زیادكردنی ژمارەی هاوسەرۆكەكان بۆ (3) كەس‌و تەنانەت بۆ (5) كەس خراوەتەڕوو، ئەمەش بەمەبەستی چارەسەری ناكۆكی نێوان باڵەكان، بەڵام كۆبونەوەكە لەوبارەیەوە نەگەیشتووەتە هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی.
ئەنجومەنی سەركردایەتی لە هەمواری پەیڕەودا (دوو) هاوسەرۆكی پەسەندكردووە، بەڵام ئەمە هێشتا كۆدەنگی لەسەر دروستنەبووە‌و باڵەكانی تر بەدیاریكراویش ماڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح بەمە رازی نین، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەگەر هەردوو هاوسەرۆكەكە لە ماڵباتی تاڵەبانی بن‌و بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی پۆستەكان وەربگرن.

كێشەی جێگرەكانی سەرۆك
جێگرانی هاوسەرۆكی یەكێتی، یەكێكی ترە لەو بڕگانەی ناو هەمواری دەستور، كە هێشتا یەكلانەكراوەتەوە‌و كێشەی لەسەرە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەبارەی جێگرەكانی هاوسەرۆكەوە دوو پێشنیاز هەیە: 
پێشنیازی یەكەم: هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دوو جێگریان هەبێت
پێشنیازی دووەم: هاوسەرۆكەكانی یەكێتی پێنج كارگێڕیان هەبێت
پێشتر گروپی كەركوكییەكان‌و ماڵباتی كۆسرەت رەسوڵ چاویان لەوە بوو، پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتی وەربگرن، كەركوكییەكان (رەفعەت عەبدوڵا)‌و ماڵی كۆسرەت رەسوڵیش (شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ)یان كاندیدكردبوو بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگرانی سەرۆكی یەكێتی، سەرباری ئەمە، (عیماد ئەحمەد) لەلایەن دلێری سەید مەجید‌و ئەوانەی ناویان لێنراوە گروپی "ئیدارەی گشتی"، كاندیدكرابوو بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك.
پەسەندكردنی هاوسەرۆكایەتی بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە، سەرەنجەكانی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی حزب كاڵكردەوە.

كێشەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا
ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە دامەزراوەیەكی نوێیە‌و لە كۆنگرەی چوارەمدا بڕیار لەسەر دروستكردنی درا، یەكێكی تر لەو بابەتانەی كە لە هەمواری پەیڕەودا كێشەی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دروستكردووە.
ئەنجومەنی باڵا كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات‌و ئەندامەكانی بریتین لە هەریەكە لە (مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید، عەدنان موفتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)، ئەمانە كە زۆربەیان مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتین، داوا دەكەن ئەنجومەنەكەیان هاوشێوەی ناوەكەی كە دەستەواژەی "باڵا"ی پێوەیە، باڵاترین دەسەڵاتی حزب بێت، بەڵام ئەمە لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە كە لاهور شێخ جەنگی‌و ماڵباتی تاڵەبانی زۆرینەن تێیدا، رەتدەكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەسەردانەكەی دوێنێی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیدا بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، ماڵباتی تاڵەبانی رەزامەندییان نیشانداوە هەندێك دەسەڵات بۆ كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا زیادبكرێت، ئەمەش بەمەبەستی رەواندنەوەی نیگەرانی كۆسرەت رەسوڵ لەبارەی پرسی هاوسەرۆكەكانەوە.
دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێكە لەو بابەتانەی كە لە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆدا یەكلانەكراوەتەوە‌و بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە رۆژی شەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی جارێكی تر كۆببێتەوە‌و ئەم بابەتە یەكلابكاتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەوەی لە رەشنوسی هەمواری پەیڕەودا سەركردایەتی پەسەندیكردووە، ئەنجومەنی سەركردایەتی وەكو باڵاترین دەسەڵات لەناو یەكێتی دیاریكراوە.
دەسەڵاتی دارایی-ش كە یەكێكە ترە لە دەسەڵاتە گەورەكانی ناو حزب، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بەسترایەوە بە هاوسەرۆكەكانی حزبەوە، ئەوەی تائێستا ماوەتەوە دەسەڵاتی سەربازی‌و فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتییە، پێدەچێت ئەم دەسەڵاتە بدرێت بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەپێی نوسراوێكیش كە ئەنجومەنەكە ئاڕاستەی سەركردایەتی كردووە‌و پێشتر (درەو) ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردەوە، ئەنجومەنی باڵا داوای دەسەڵاتی بەرپرسیارێتی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand