پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ كارەكتەرێكی یەكێتی نیە 

Draw Media

2020-02-11 20:46:50



راپۆرتی: درەو

نوێنەری فەیلەقی قودسی ئێرانی لە سلێمانی پەیوەندی بە كۆسرەت رەسوڵ عەلییەوە دەكات و پشتیوانی لە دوو هاوسەرۆكایەتی دەكات بۆ یەكێتی، قوباد تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی رای فەرمیان سەردانی مەسعود بارزانی دەكات، مەسعود بارزانی رایدەگەیەنێت ڤیتۆی لەسەر هیچ كارەكتەرێكی ناو یەكێتی نیە بۆ هاوسەرۆكایەتی و بەپێی ئەمری واقیع (دیفاكتۆ) مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكەن. 

چی دەگوزەرێت لەناو یەكێتی؟ 
پەسەندكردنی بڕیاری دوو هاوسەرۆك بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی گشتی یەكێتیدا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەسەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی توڕە دەكات و لە نوسراوێكیشدا داوای راگرتنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی دەكەن.

ئەمڕۆ لە دانیشتنی كراوەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیدا ژمارەیەكی مادەی تری پەیرەوەكە پەسەندكران و تا ئێستاش (66) مادەی پەیڕوی ناوخۆ پەسەندكرون لەكۆی (77) مادەی پەیرەوەكە، لە كۆبونەوەكەدا لە كۆی (99) ئەندامی ئامادەبوو بە دەنگی (70) ئەندام  دوو هاوسەرۆكی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەسەندكرا، كە بۆ هەریەك لە ( لاهور شێخ جەنگی) و ( بافڵ تاڵەبانی ) دەبێت و پێشنیازی دوو جێگری كراوە بۆ هەریەك لە ( شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ) و ( رەفعەت عەبدوڵا).
ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی، نیگەرانی زۆری لای ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بەسەرۆكایەتی ( كۆسرەت رەسوڵ عەلی) درووستكرد و بۆ ئەو مەبەستەش  ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسی لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ كۆبونەتەوە.

كۆبونەوەكەی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی ماڵی كۆسرەت رەسوڵدا هەریەك لە ( مەلا بەختیار ، دلێر سەید مەجید، جەعفەر شێخ مستەفا، ئەرسەلان باییز) لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ( رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ مامەند، مەحمود سەنگاوی، عەدنان حەمەی مینا)لە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی ئامادەی كۆبونەوەكە بوون، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش  قسەی لەگەڵ كراوەو بۆچونی هەبووە لە كۆبونەوەكە. 
لەو كۆبونەوەیەدا پێشنیازیانكردووە، پێویستە هاوسەرۆكایەتی لە ( 5) كەس پێكبێت و هەریەك لە ( بەرهەم ساڵح، بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، رەفعەت عەبدوڵا، شاڵاو كۆسرەت رەسول) هاوسەرۆكی یەكێتی بن و بەتەواوی دوو هاوسەرۆكیانە رەتكردۆتەوە.
لە بەیاننامەیەكیشدا كە ئاراستەی ئەنجومەنی گشتی یەكێتیان كردووەو ئیمزای كۆسرەت رەسوڵ عەلی بەسەرەوەیە وەك سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و داوادەكەن:
- كۆبوونەوەكانتان بۆ ماوەیەك هەڵپەسێرن
- تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانە بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەكان مەترسی لەسەر هاوسەنگیی ریزەكانمان هەیە، بۆیە پێش بە كاڵاكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانیكی وەرناگرێت.
- پێویستە كۆبوونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ گفتوگۆی چارەسەركردنی گرفت و كێشەكان و بۆچوونە جیاوازەكان بكەین، پاش ئەم كۆبوونەوەیە و لێكتێگەیشتن، بڕیاربدرێ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەردەوام بێت.  

فەیلەقی قودس دەستوەردان دەكات
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتووە، ئەمڕۆ نوێنەری فەیلەقی قودسی ئێرانی لە شاری سلێمانی پەیوەندییان بە كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتیەوە كردووەو پێیان راگەیاندووە " پێشنیازی دوو هاوسەرۆكایەتی، پێشنیازی ئێمەیەو پشتیوانی دەكەین، بۆیە داواتان لێدەكەین ئێوەش پشتیوانی بكەن" 
ئەم داواكارییەی ئێرانییەكان بەتەواوی كۆسرەت رەسوڵ و ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی توڕە دەكات و پێیان وایە ئەوە دەستوەردانی راستەوخۆیە لە كاروباری یەكێتی، بۆیە لەدوای ئەو داوایەی ئێرانیەكان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی نامەیەكی ئاراستەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی دەكات و  داوای هەڵپەساردنی كۆبونەوەكانی دەكات.

بارزانی ڤێتۆی نیە
سەرچاویەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (درەو)ی راگەیاند" رۆژی دووشەممەی رابردوو ( قوباد تاڵەبانی) ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سیاسی یەكێتی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووە لە پیرمام.
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكەی قوباد تاڵەبانی، سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی ئەوەی بۆ (درەو) ئاشكراكرد، كە قوباد تاڵەبانی ویستویەتی رای رەسمی مەسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بزانێت لەسەر هاوسەرۆكایەتی یەكێتی و دانانی ( بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەو داوای كردووە كە مەسعود بارزانی روداوەكانی رابردوو بەتایبەتیش ( 16 ئۆكتۆبەر) لەبیر بباتەوەو مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی یەكێتی بكات، لەدوای كۆنگرەش پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی ئاسایی ببێتەوە.
لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی پێی راگەیاندووە كە ئەوان وەك پارتی ( ڤیتۆ)یان لەسەر كەس نیەو لەگەڵ ئەمری واقیع(دیفاكتۆ)دا مامەڵە دەكەن، ئەویش لە پێناو سەقامگیری بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق كە لە ئێستادا بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەردەكات.

لە ئێستادا بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی بە دۆخێكی تەواو هەستیاردا تێپەر دەبێت و بەپێی زانیارییەكانی (درەو) هێزی یەكێتی ئەمشەو لە ئینزاردایە، بەشێكی زۆری مەكتەب سیاسیەكانی پێشوی یەكێتی و سەركردە سەربازییەكان دژی ئەو جۆرە لە هاوسەرۆكایەتیەن ( دوو هاوسەرۆكایەتی) و پێیان وایە ئەو هەنگاوە بەتەواوی یەكێتی بە بنەماڵەیی دەكات، لەبەرامبەردا ماڵباتی تاڵەبانی كە زۆرینەی رەهای ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتیان لەگەڵە، پێیان وایە سەركردایەتیە بەتەمەنەكانی پێشوو نایانەوێت دەسەڵات رادەست بكەن و دەیانەوێت بڕیاری یەكێتی هەر لە دەستی خۆیاندا بمێنێتەوە.
  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand