چارەنوسی ئەنجومەنی ئاسایش بەكوێ دەگات ؟

Draw Media

2020-02-09 14:57:43



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
هەماهەنگی ئەمنیی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی بەردەوام لە پاشەكشێدایە، رێگریكردن لە تانكەرەكانی گواستنەوەی غازی شڵ دواین كێشەی ئەمنیی بوو كە روبەڕووی هەردوولا بووەوە، بەڵام بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە لە بنەڕەتەوە بۆ یەكخستنی هێزە ئەمنییەكان‌و هەماهەنگی دروستكرا، بەڵام لە (8) ساڵی رابردوودا هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە، بەهۆی ناكۆكی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنیی، ئەنجومەنی ئاسایش نوێ نەكراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت (رەوان بارزانی) برای بكات بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، مەسرور بارزانیش دەیەوێت (وەیسی بارزانی) برای دابنێت.

دۆخی ئەمنیی لە بۆشایی ئەمنیدا
چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستان قسەوباس لەبارەی دۆخی ئەمنی چڕبووەتەوە، رێگریكردن لە تانكەرەكانی گواستنەوەی غازی شل‌و تەقەكردن بابەتی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، هەماهەنگیی ئەمنی نێوان زۆنی سەوز‌و زەرد لەڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بوو، بەڵام ئەو ئەنجومەنە ئێستا خۆی لە كێشەدایە، لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانییەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەت‌و پێشتریش ئەنجومەنەكە هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە‌و هەماهەنگی بەتەواوەتی راوەستاوە، ئەم راوەستانە جۆرێك لە بۆشایی ئەمنیی دروستكردووە.

لەبارەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە
ئەنجومەنی ئاسایش، بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق دروستكراوە، مەسرور بارزانی یەكەم راوێژكاری ئەم ئەنجومەنە بووە‌و لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هێشتا هیچ كەسێك لە شوێنەكەی دەستبەكارنەبووە.
بارەگای ئەنجومەنی ئاسایش لە سەری رەشە لە نزیك بارەگای بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنەكە بەپێی یاسا پلەكەی وەزیرە، دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە هەر لە سەرەتاوە وەكو دۆزینەوەی پۆستێكی حكومی بۆ مەسرور بارزانی لێكدرایەوە، چونكە ئەوە یەكەمجار بوو مەسرور بارزانی پۆستێكی حكومی وەرگرێت، بەهۆی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنەوە مەسرور بارزانی دەزگای "پاراستن" كرد بە دەزگایەكی حكومی‌و لە بودجەی هەرێمی كوردستان پشكی بۆ بڕییەوە، ئەمە بۆ دەزگای زانیاریی یەكێتی نیشتمانیش بەهەمان شێوە بوو.
بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنی ئاسایش‌و پەسەندكردنی یاساكەی لە پەرلەمان لەكاتی خۆیدا هەڵای زۆری دروستكرد، بە یاسا ئەنجومەنەكە بەسترایەوە بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە، نەك سەرۆكایەتی حكومەت، ئەوكات مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوون، مەسرور بارزانی نەیدەویست ئەنجومەنەكەی لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكومەت واتە نێچیرڤان بارزانیدا بێت، بۆیە ئەنجومەنەكە بەسترایەوە بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە واتە بە مەسعود بارزانی باوكییەوە.

پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایش
بەپێی بڕگەی یەكەم لە مادەی دووەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنەكە پێكدێت لە:
* دەزگای ئاسایشی هەرێم
* بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیی 
* ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری
ئەنجومەنی ئاسایش لە (6) پۆست پێكهاتووە، ئەم پۆستانە بەشێوەی 50+50 لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانیدا دابەشكراوە بەمشێوەیە: 
* راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان/ مەسرور بارزانی
* سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان‌و جێگری راوێژكاری ئەنجومەن/ د. خەسرەو گوڵ محەمەد
* سەرۆكی دەزگای پاراستن‌و زانیاری- زانیاری / لاهور شێخ جەنگی 
* سەرۆكی دەزگای پاراستن‌و زانیاری- پاراستن/ نەزهەت حالی 
* سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 70ی یەكێتی 
* سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 80ی پارتی 
لەماوەی (8)ی رابردوودا‌و لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا ئەم ئەنجومەنە بەهۆی ناكۆكی نێوان ئەندامەكانییەوە، كۆنەبوەتەوەو هەماهەنگی تەواوەتی لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا نیە، بۆیە زۆرجار كە كێشەیەكی ئەمنی لە یەكێك لە زۆنەكان روودەدات، بەرپرسانی ئەمنی ناو ئەنجومەنەكە لەڕێگەی بەیاننامەوە قسە لەگەڵ یەكتر دەكەن‌و وەڵامی یەكتر دەدەنەوە.

بودجەی ئەنجومەنی ئاسایش
لە ساڵی 2013وە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نەبووە، بەڵام بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، ژمارەی كارمەندانی ئەنجومەنی ئاسایش (6 هەزارو 476) كارمەندەو بودجەكەشی (344 ملیارو 630 ملیۆن) دینارە، رێژەی (2.9%)ی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا بۆ ئەم ئەنجومەنە تەرخانكراوە.
ئەمە سەرباری ئەوەی، هەربە بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، دەزگای ئاسایش كە ژمارەی كارمەندانی بە (31 هەزارو 421) كەس دیاریكراوە، بڕی (487 ملیارو 443 ملیۆن) دیناری بۆ تەرخانكراوە كە دەكاتە (4.2%)ی كۆی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا.
لەدوای ساڵی 2013ەوە تائێستا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە نازانرێت بودجەی ئەو دەزگایانە چەندەو چۆن خەرجدەكرێت، سەرباری ئەمە بودجەی ئەنجومەنی ئاسایش‌و وردەكاری خەرجییەكانی ناكەوێتە ژێر چاودێری پەرلەمانەوە. 

چارەنوسی ئەنجومەنی ئاسایش
ماوەی شەش مانگە كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، بەڵام پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش پڕنەكراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا (ویسی مەسعود بارزانی) برای مەسرور بارزانی كاروبارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەدەبات، مەسرور بارزانی كە پۆستی سەرۆكی حكومەت وەرگرتووە، هێشتا دەستبەرداری دۆسیەی ئەمنی نەبووە‌و ئامادە نییە سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە رادەستی كەسێك بكات كە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا نەبێت.
(درەو) زانیویەتی، بەمدواییە هەوڵێك هەبووە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوەی (رەوان بارزانی) برای پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش وەرگرێت، بەوپێیەی ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی یاسا سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتوو نەبووە.
بەهۆی ناكۆكی بنەماڵەی بارزانی لەسەر دانانی كەسی جێگرەوەی مەسرور بارزانی لە پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، تائێستا ئەو پۆستە بەبەتاڵی ماوەتەوە‌و سەرباری ئەوەش پۆستەكانی تری ناو ئەنجومەنەكەش نوێ نەكراونەتەوە.
بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی بەڵێنی بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە، دوو پۆستی باڵا لەناو ئەنجومەنەكە بە بزوتنەوەی گۆڕان بدات، بەڵام ئەو پۆستانە تائێستا یەكلانەبونەتەوە.
بە كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، جموجوڵی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویدا، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرت‌و مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، لەم ئاڵوگۆڕەدا پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چۆڵ بوو، ئێستا پڕكردنەوەی ئەم پۆستە لەپاڵ پۆستی وەزارەتی نەوتدا، كێشەیەكی تری بۆ پارتی دروستكردووە.
ئەگەر یاسای ئەنجومەنی ئاسایش هەموارنەكرێتەوە‌و دامەزراوەكە سەربە سەرۆكایەتی هەرێم بێت، دەبێت نێچیرڤان بارزانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكە كاندید بكات، بەڵام پێناچێت هەرگیز ئەمە روبدات، چونكە مەسرور بارزانی بەهیچ جۆرێك ئامادە نییە دۆسیەی ئەمنیی رادەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بكات.
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن، دواجار (وەیسی مەسعود بارزانی) پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش وەربگرێت، ئەمە وادەكات دۆسیەی ئەمنی هەر لەدەستی مەسرور بارزانیدا بمێنێتەوە، مەسرور بارزانی كە ئێستا سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەوەیە جڵەوی دۆسیەی ئەمنی لای خۆی بهێڵێتەوە.
بەڵام بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی گورزێكی بەهێزی لە دەزگای ئەنجومەنی ئاسایش‌و تەنانەت دەزگای پاراستن-یشدا، بەپێی زانیارییەكان مەسرور بارزانی رێژەی 90%ی ستافی ئەنجومەنی ئاسایش‌و پاراستنی لەگەڵ خۆیدا راپێچی حكومەت كردووە، لەدیارترینی ئەوانەی لە ئەنجومەنی ئاسایش‌و پاراستنەوە چونەتە ناو حكومەت بریتین لە هەریەكە لە (شەعبان شەعبان چالی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران)‌و (هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان)، (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ)‌و (جوتیار عادل وتەبێژی حكومەت)‌و (ساسان عەونی وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزار)، سەرباری ئەمانە زۆربەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە خەڵكانی سەربە ئەنجومەنی ئاسایش پڕكراونەتەوە.
نازانرێت پارتی چۆن پرسی ئەنجومەنی ئاسایش یەكلادەكاتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەكاندا ئەو كەسەی كە پۆستەكە وەردەگرێت لەژێر فەرمانی مەسرور بارزانیدا دەبێت نەك نێچیرڤان بارزانی.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand